کازمی و بەردە گەورەکە

لەلایەن ستاندار Posted on 281 جار بینراوە

ئازاد جۆڵا

هەر لەدوای سوێند خواردنی یاسایی و هاتنە سەرکاری مستەفا کازمی کۆمەڵێک بڕیاری گرینگ و پێویستی دەرکرد کەوا تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و هەفتانە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدات و بڕیاری تازە و پێویست دەردەکات و چاودێری و بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی پێشووی دەکات ،
گرینگە دەسەڵات بەتایبەت کەسی یەکەم پابەندی بەڵێن و بڕیارەکان بێت و بەدواداچوون بکاتەوە لە بڕیارەکانی پێشوتری ، هەر ئەمەش دەبێتە بەردی بناغەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و سەرکەوتنی پلانەکان و بەدەست هێنانی متمانەی خەڵک و گۆڕانکاری ڕاستەقینە ،
گرینگی بڕیارەکانی کازمی و جیاوازی لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەوا ئەو دەستی بردووە بۆ هەندێک بابەت و مەلەف ڕەنگە بەلای هەندێک کەس و لایەن و گرووپ و تەنانەت وڵاتانیش هێڵی سووربێ و لە کابینەکانی پێشوو نەیان توانیوە یان نەیان ویستووە یان ئازایەتی ئەم جۆرە بڕیارانەیان نەبووە ، کەواتە ئێستا بەکردار کازمی هەڵگری بەردە گەورەکە دەبێندرێ ،
ئێستا دەتوانین بڵێین کازمی لەشەڕێکی نیمچە ڕاگەیەندراو دایە لەگەڵ کۆمەڵێک لە گروپی میلیشیا و لایەنی سیاسی و کەسایەتی دیاری عێراق و تا ئێستێکیش ئێران ،
ئەگەر سەیری ئێستای دۆخی عێراق بکەین بە بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا گۆڕانێکی گەورەو بەرچاو بەدی دەکرێ لە شەقامی عێراقی و هەژموونی وڵاتانی ناوچەکەو هەنگاونان بەرەو چاکسازی و خۆڕێکخستنەوە بەهێزبونەوەی عێڕاق و بڕینی دەستی گەندەڵکاران و گەڕانەوەی داهات و موڵکی گشتی بۆ دەوڵەت و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بەرنامەو ستراتیژی سیاسی و دیبلۆماسی عێراق لە سەر بنەمای گەڕانەوەی شکۆمەندی و سیادەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو جیهان ،
بێ گومان هەموو ئەم گۆڕانکاری و دەستبردن بۆ هێڵە سوورەکان بێ گرفت و کێشەو هەڕەشەو ئاژاوە نابێت ، بەڵام کۆڵنەدان و سووربونی کازمی لەسەر بەرنامەکەی و بەڵێنەکانی و خواستی شەقام دڵنیایی سەرکەوتن مسۆگەرتر دەکات ،
ڕەنگە پرسیاری ئەوە بکرێ و بگوترێ کازمی چۆن و بەکام هێز و بەپشتیوانی کوێ دەتوانێ ئەم هەنگاوانە بنێ و ڕووبەڕووی ئەم هەموو ئاڵنکاری و هەڕەشە جۆراو جۆری میلشیا و ئێران و هەندێک لایەنی سیاسیش بێتەوە ؟
ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە ، بەڵام ئەوەی ڕاستیەو پێویستە بگوترێ ئەوەیە کەوا کازمی بە پشتیوانی ئەمریکا و هەندێک لایەنی سیاسی و لە هەمووشیان گرینگتر بە پشتیوانی شەقامی عێراقی کەوا دڵخۆش و بەئومێدن بەکارەکانی کازمی ئەم کارانە ئەنجام دەدات ،
دەبێ ئەم ڕاستیە بگوترێ کەوا ئەمەریکا بۆ دوو بابەتی سەرەکی پشتیوانی لە کازمی دەکات کەوا لەماوەی حوکمی خۆی پێویستە و دەبێ بەجێیان بکات ئەوانیش ،
یەکەم / داماڵینی چەک لە دەستی میلیشاکان و ڕێکخستنەوەو بەهێزکردنەوەی سوپای عێراق و کەمکردنەوە و یان بڕینی دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە عێراق و تا ئاستێکی باش بنەبڕکردنی گەندەڵی و گەڕانەوەی داهات لە تەوای عێراق بۆ دەوڵەت و زیادکردنی داهات و کەکردنەوەی خەرجیەکان ،بێگومان ئەم هەنگاوانەش بەشێکیان هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە ،
دووەم / کارکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاک و بێگەرد دوای هەمووارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و میکایزمی ئەنجامدانی ،
بێ گومان ئەم دوو ەرکە سەرەکیە بێ کێشەو گرفت نابێ و بۆ خاڵی یەکەم لە ئێستاوە ڕێگریەکان و ناکۆکی و هەڕەشەو ناڕەزەییەکان دەرکەوتوون و دیارن ،
بۆ خاڵی دووەمیش بەبڕوای من هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەنگە ئەنجام نەدرێ بەڵام کار دەکرێ بۆ هەڵبژارنێکی پاکتر و باشتر لە ڕابردوو ، ڕەنگە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش بەشێکی پەیوەست بێ بە خۆقایمکردی زیاتری کازمی و کۆکرنەوەو خۆ ئامادەکرن بۆ پێکهێنانی کوتلەیەکی پەرلەمانی لە ئێستای ئەنجومەنی نوێنەراندا کەوا ژمارەیەکی باش لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە شیعەو سوننە ئێستا پشتیوانی کزمی دەکەن و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زیاترن و دیارە ئەمەش بێ پشتیوانی ئەمەریکا نەهاتۆتە بەرهەم ، تا ئێستا نەزانراوە هیچ ئەندامێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران چوبێتە ناو ئەم کتلە ڕانەگەینراوە ،
بێ گومان دروستکردنی ئەم کتلەو وەک خۆ ئامادەکردن دەبینرێ بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان کەوا کازمی وەک لیستێکی بەهێز بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات ….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.