پێگەی لامەرکەزیەت لە دەستوری عیراقدا

لەلایەن ستاندار Posted on 2006 جار بینراوە

نوسینی: بەیان رەشید ـ یاساناس

ئەگەر بە خێرایی تەماشایەکی ئەم دوو چەمکە بکەین (مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت)، پێمانوایە دژ بەیەکن و تەواو لەگەڵ یەکدا ناکۆکن، لێ حاڵەتەکە بەو رەھاییە نییە، ئەوەی دووەمیان لە ئامێزی ئەوەی یەکەمیاندایەو دەبێتە تەواوکەری ئەوەی یەکەم. لە راستیدا مەرکەزی و لا مەرکەزی دوو شێوازی کارکردنن کە رەنگدانەوەی سروشتی سیستمە سیاسی و ئابورییەکە دەگەیەنێت. ھەندێک لە شارەزایان پێیانوایە پرسی مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت، زیاتر پرسێکی سیاسییە تا پرسێکی ئیداری و کارگێڕی، زیاتر پەیوەستە بە جۆرو شێوەی ئەو دەسەڵاتەی حکومڕانی دەکات، ئایا دەسەڵاتداران ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بڕێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان، شۆڕکەنەوە بۆ خوارەوە؟ ئاخۆ لە ئەساسدا بڕوایان بە دابەشکردنی دەسەڵاتە گشتییەکان ھەیە یان نا؟ ئایا سیاسییەکانی وڵات، دەیانەوێت و پێیان باشە دەسەڵات ورد بکرێتەوە بۆ یەکە بچوک بچوکەکانی و ھەر وەزارەت و فەرمانگەیەک، دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی خۆی ھەبێت؟ یان نەخێر پێیان باش نییە و دەیانەوێت کۆی دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆیاندابێت و بە ھیچ جۆرێک شۆڕنەبێتەوە بۆ خوارەوە.
لێرەوە بۆ پیادەکردنی مەسەلەی لامەرکەزیەت، ناتوانین باس لە بوونی ئەرزییەتێکی گونجاو و لەبار بکەین، ئەگەر بێت و مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات لای دەسەڵاتداران، نەبووبێت بە کەلتورو بە پێداویستییەکی حەتمی، نەبووبێت بە قەناعەت و لە دیدو تێڕوانینیاندا جێگیرنەبووبێت. ئەگەر بیرکردنەوەو زھنیەتی سیاسی دەسەڵاتداران، بە ئاراستەی چڕکردنەوەی دەسەڵات بێت لە ناوەندێکی بەھێزدا، ئەوا ھەموو دەقە دەستوری و یاساییەکانیش ناتوانن لامەرکەزیەت لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەو راستییەی سەرەوەدا، واقیعی حاڵی بەڕێوەبردنی بەشی زۆری کۆمەڵگاکان، ئەوە دەردەخەن ھیچ مەرکەزیەتێکی رەھا یان لا مەرکەزیەتێکی رەھا نییە. ئەوەی ھەیە گونجاندنێکی نێوان ئەو دوو شێوازەی ئیدارەدانە کە یەکتر تەواو دەکەن و پێکەوە دەزگا ئیدارییەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. لە خواروە ھەوڵدەدەین بە کورتی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەردوو چەمکەکە دەستنیشان بکەین.

لامەرکەزی ( نا ناوەندێتی)چییە؟

سیستەمی لامەرکەزی واتا دابەشکردنی دەسەلاتەکان.نەک تەنھا چربونەوەیان لە بەرلەمان و حکومەت و دادوەری بەلکو شۆردەبیتەوە بۆ ناو یەکە کارگیریەکانن.
پێناسە ئەکادیمییەکان لە زانست و ھونەری بەڕێوەبردندا بۆ لامەرکەزی زۆرن، بەڵام ھەمووان لە خاڵێکدا کۆدەبنەوە کە لامەرکەزی ئەوەیە دەسەڵات تەنھا لە یەک ئاستدا قەتیس نەکرێت، بەڵکو بەسەر ئاستە جیاوازەکاندا دابەشبکرێت لە ھەر دامەزراوە یان حکومەت و دەوڵەتێکدا.

زانای کارگێڕی وایت بۆچوونی وایە کە لامەرکەزی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن  ‌و یاسادانان و ئابورییە، لە بەرزترین ئاستی کاڕگێڕییەوە وە بۆ نزمترین ئاست، بەڵام زانای کارگێڕی مادیک تا رادەیەک تێڕوانینی بۆ لامەرکەزی پێچەوانەیوایتە و بیردۆزەکەی بەسەر دوو دەروازەدا دابەشدەکات، بە بۆچوونیمادیک دەروازەی یەکەم بریتییە لە شیکردنەوەی دەسەڵاتە و دەسەڵاتی ناوەندی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی دەدات بە دەسەڵاتێکی بچوکتر بەتایبەت کە پانتایی جوگرافی لەنێوانیاندا بێت بۆ بەجێھێنانی ئەرکێکی دیاریکراو و دەروازەی دووەمیش پێدانی رێگەپێدانە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بۆ دەسەڵاتێکی بچوکتر تەنانەت لە دەسەڵاتە دەستورییەکانیشدا بۆ ھەندێک ئەرکی دیاریکراو.
بە لەبەرچاوگرتنی ھەردوو تێڕوانینەکە ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەک سنوری نێوان پایتەخت و پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیانی لەیەکتر دوورخستەوە، بەڵکو لەناو خودی پارێزگا و شار و قەزا و ناحیە و گوند و تەنانەت گەڕەک و ناو ماڵەکانیشدا سنوورەکانی لێکدابڕی، بە دڵخوازی یان بە ناچاری سیستمی لامەرکەزی لەبەر رۆشنایی بیـــردۆزەکەی مــــادیک بەشێوەی خودکارانە کەوتەکار و ھەر پارێزگایە بووە زۆنی دەسـەڵاتێکی تەندروستی، ئیداری، ئەمنی بۆ ئەرکێکی دیاریکراو کە ئەویش شەڕی ژیان و مردن بوو لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڤید کۆرۆنای نوێ.

لەپاڵ ئەوەی لە دونای ئەمڕۆدا و لە ناونیشانی کارگێڕی زۆرینەی ھەرەزۆری دەوڵەتانی جیھاندا باس لە لامەرکەزی کارگێڕی دەکرێت و تەنانەت لە زۆرینەی دەستوری وڵاتاندا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە بەپێی پێوەرە زانستی و ئەکادیمییەکان ئەزمونی بکات جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئـــەمـــریـکا و ئیمـــاراتـــی عەرەبی، تەنانەت ئەو وڵاتانەشی بەردەوام لە ھەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی مەرکەزیدان لە دروشم و دەستوردا باسی لامەرکەزی دەکەن بۆ نمونە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا لە ھەموو عێراقدا بە سێ یاسا پارێزگان دەبرێت بەڕێوە، یاسای یەکەمیان یاسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە کە دەسەڵاتی زۆرتری داوەتە ئەنجومەمەن و پارێزگاکان، دووم یاساییش بلیمەری پێدەگوترێت کە کەرکوک تەنھا بەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت، کە دەسەلاتی زۆرتری داوەتە پارێزگاکان دواتــریش یــاسای ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، ئــەم یاسایەش کەموکورتییەکی زۆری تێدایە و پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە.

جۆرەکانی لا مەرکەزیەت
شارەزایانی ئەم بوارە،لامەرکەزیەت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوەدابەشدەکەن:
یەکەم/ لا مەرکەزیەتی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر ھەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت. بەو مەرجەی ھەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسیەتێکی مەعنەویبن، کە لەلایەن کۆمەڵگای خۆجێیەتی یان دانیشتوانی لۆکاڵی ھەرێمەکە یا پارێزگاکە ھەڵبژێردرابێت. واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی ھەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت کە تێیدا دانیشتوانی پارێزگاکە یان ھەرێمەکە بەشداری دەکەن. ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی ھەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پرۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە ھەیە. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە ھەرێمەکە یان پارێزگاکە ھەیەو جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی ھەیە. دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزیەتە ناوبنرێت بە ئیدارەی خۆجێیەتی. نموونە بۆ پۆستەکانی لا مەرکەزیەت یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.

دووەم/ لا مەرکەزیەتی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان و سەڵاحییەتەکان، لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، ھەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ھەیە. تا ئەرکی وەزارەتێک لە وەزارەتەکان فراوانتربێت و زۆرترین چین و توێژ لەخۆبگرێت و زۆرترین یەکەی کارگێڕی ھەبێت، پێویستی بۆ لامەرکەزیەتی وەزیفی زیاتردەبێت، ئەمەش لە پێناو بەخێرایی ئیشکردن، بە مەبەستی زوو تەواوکردنی کاروبارەکان. بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت بڕێک لە سەلاحییەتەکانی ببەخشێت بەسەرۆک بەشەکان بۆ پەکنەخستنی کاروبارەکان و زوو ئەنجامدانیان.
سێیەم/ لا مەرکەزیەتی سیاسی: ئەم جۆرە لە لا مەرکەزیەت، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستوری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی. بەم جۆرە دابەشکارییە دەوترێت یەکێتی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. ھەروەھا سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیش بەرھەمی ئەم جۆرە دابەشکردنەی دەسەڵاتە، وەک لە وڵاتانی بەرازیل و ھندستان و سویسراو گەلێک شوێنی دیکە پیادەدەکرێت. سیستمی لا مەرکەزی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە کە قەبارەیەکی گەورەیان ھەیە و چەندین نەتەوەو ئاین و زمانی جیاواز جیاوازو فرە ڕەنگ لەخۆدەگرێت.
چوارەم/ لا مەرکەزی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی ھەرێمەکان یان پارێزگاکان. بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێریان بکات. لێرەدا مەرکەز سەرەکییەو لا مەرکەزی لاوەکییە. ئەگەر مەرکەزییەت بریتیبێت لە کۆکردەوەی سەرجەم سەڵاحییەتەکان لەدەستی یەک دەستەدا، ئەوا لا مەرکزی بریتییە لە گواستنەوەی ھەندێک لەو سەڵاحیەتانە بۆ دەستە و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆ، تا لەو سنورەی یاسا بۆی دیاریکرووە پیادەیان بکات. ئەمە بەبێ ئەوەی ناوەند توانای چاودێریکردنی بەسەریانەوە لەدەستبدات. ھەروەھا بەبێ ئەوەی دەوڵەت یەکێتییەکەی و پێکەوەبەستنەوەکانی لەدەستبدات.

سیستەمی لامەرکەزیەت ئەتوانێت چی بکات ؟
دەسەڵاتە کارگێری و دارایی و یاساییەکان دابەش دەکات بە پێی پێگە و بەرپرسیارێیتیە سەر لە نوێ پەریکەری کارگێری ڕێک دەخاتەوە بە نزیکترین دووری لە جەماوەر ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی سەندیکاکان، ڕۆژنامەنوسەکان، نوخنەی ڕۆشنبیرکە دەبنە بەشێکی پڕۆسەبەڕێوبردن.ئەو کات پێویستێکی تر دێتە پێشەوە کە دەسەڵاتە داراییەکانە بۆ بەھێزکردنی ئابووری لە ئێستادا حکومەتی ھەرێم دووچاری قەیرانی ئابووری یە کە ناتوانرێت بەڵێنەکانی خۆی لە پێدانی مووچە بباتە سەر.

کورت ھێنان لە بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ، نەمانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و وەفرەکانی نەوت، دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕیفۆرمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان بەھێنانە پێشەوەی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بە خۆیبوونی کار بایەخدان بە کەرتی گەشت وگوزار و دروست کردنی ڕێگا و بان و پردی بارزگانی لەلایەن کەرتی تایبەت وھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی کەدەبێتە ھۆی دەستەبەر کردنی ھەلی کار و کەم کردنەوەی بارگرانی مووچە لەسەر حکومەت و داواکردنی شایستە داراییەکانی نەوت و گازی سروشتی.دەرئەنجامی دۆخەکە جێگیربوونی سیاسی و بەرەو پێشەوەچوونی دیموکراتیەت و دروستبوونی بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لای تاکی ھاوڵاتی وژیانێکی شایستەی بژێوی.

ھەرواھا سیستەمی لامەرکەزی چەند گرنگیەکی تری ھەیە کە ئەمانەن:
١-رێگریکردنی لە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن تاکێک یان چەند تاکێک یاخود دەستەیەکی دیاریکراوەوە.
٢-بەخشینی متمانە بە یەکە ئیدارییەکان، کە خۆیان بەپێی بەرژەوەندی و سودی گشتی ناوچەکەیان، بڕیار لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەزگا حکومییەکانی خۆیان بدەن.
٣-ئاستی ھۆشیاری لای تاک و میللەت بەرزتر دەکاتەوە، بەوەی دەرفەتیان پێدەدات دوور لە مەرکەزو ناوەندی بڕیار، خۆیان چارەنووسی کارگێڕی و پێشخستنی ناوچەکەیان دیاریبکەن.
٤-کەمکردنەوەی قەبارەی بەرپرسیارەتی سەر شانی مەرکەزو بەخێرایی بڕیاردان و دوورکەوتنەوە لە ڕۆتینی زۆری وەرگرتنی بڕیارو بەخێرایی جێبەجێکردنی پلانەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان. جگە لەوە وا دەکات دەسەڵاتی مەرکەزی زۆر خۆی بە کێشە و گرفتە لاوەکییەکانی پارێزگاکان و قەزاو ناحییەکانەوە سەرقاڵ نەکات و کاتی خۆی بۆ وەرگرتنی بڕیارە چارەنوسسازەکان تەرخانبکات.
٥-بەڕێوەبردنی کارەکان سیفەتێکی دیموکراسی لەخۆدەگرێت، بەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییە جیاوازەکان، دەتوانن بڕیاری تایبەت بە خۆیان دەربکەن و لەمەشدا بەشداری بە فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکان دەکرێت و پروسڕایان پێدەکرێت و گوێ لە بیروڕاو پێشنیارەکانیان دەگیرێت.
٦-دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ناوچەیەکی کارگێڕی دیاریکراودا روودەدات، دیاریکردن و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو بە پەلە لە کۆی ئەو بڕیارانەی لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان.
٧-بەدیھێنانی ھاوسەنگی و بەرپرسیارەتی لە نێوان دەسەڵاتەکان، ھەر دەسەڵاتەو بەرپرسیارە لەو بڕیارەی کە بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکەی دەریاندەکات. لەکاتی بوونی ھەڵە و بڕیاری ناڕاست، لێپرسینەوەو موحاسەبەکردنی بەرپرس یان کەسی خەتابار ئاسانترو خێراتردەبێت. ئەمە جگە لەوەی بڕیاری ھەڵەی یەکەیەکی کارگێڕی، کار ناکاتە سەر یەکە کارگێڕییەکانی دیکە.
٨-بەرزکردنەوەی رۆحی مەعنەوی لای یەکە کارگێڕییە نزمەکان، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەرە ئاساییەکان یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرو سەرۆک بەشەکان، بەوەی ھەست دەکەن بەشدارییەکی ئەرێنییان ھەیەو گوێیان لێدەگیرێت و پێشنیارو ڕێنماییەکانیان بە ھەند وەردەگیرێن.
٩-مەترسییەکانی بڕیاردانی خراپ، لە سنورێکی تەسکدا دەمێنێتەوەو تەنھا کاریگەری لەسەر ئەو یەکە کارگێڕییە ھەیە کە بڕیارەکەی لێوەدەرچووەو سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی دیکە ناگرێتەوە.
١٠-بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، سیستمی لا مەرکەزی باشترە لە سیستمی مەرکەزی، چونکە لامەرکەزی زیاتر پارێزگاری لە شوناس و زمان و دابونەریت و کەلتوریان دەکات.
١١-لەو وڵاتانەی میللەت باج و ڕسوماتێکی زۆر دەدەن، سیستمی لامەرکەزی باشترە، بۆچی؟ چونکە ھاوڵاتیان دڵنیان لەوەی ئەو باج و ڕسوماتانەی کە لێیان وەردەگــیــرێت،دواجــار بــــۆ خــــۆیــــان دەگــــەڕێتـــەوەو لــــەپرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەیاندا خەرجدەکرێنەوەو نـــاڕوات بـــۆ پـــرۆژەی ناوچەکانی دیکە.
١٢-چاکسازی ئیداری و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتینیات، زیاتر پەیوەستە بە سیستمی لا مەرکەزیەتەوە. لەبەر ئەوە لەمڕۆدا ھەوڵدان بۆ پیادەکردنی لا مەرکەزی، ھەوڵدانێکی جیھانییە.
١٤-وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا، لە رێخستنی کاروبارەکانیدا زیاتر پشت بە لا مەرکەزی دەبەستێت.
١٥-مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە سەرمایەداری و بیرۆکراتییەوە، بەڵام لا مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە.
١٦-ئیدارەی کۆمپانیا قەبارە بچوکەکان، زیاتر مەیلیان بەلای مەرکەزیەتدا ھەیە، وەلێ کۆمپانیا قەبارە گەورەکان زیاتر کار بە سیستمی لا مەرکەزی دەکەن، ئەمەش لە پێناو جووڵەی خێراو زوو قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە خێرایی.
لامەرکەزیەت لە دەستوری عیراقدا :

عێراق لەدوای دروستبوونیەوە لە ساڵی١٩٢١ ئەوەی پێیدەوتێت عێراقی نوێ چەندجارێک سیستمی سیاسی گۆڕانی ریشەیی بەسەردا ھاتووە ھەتاکۆتایی دەسەڵاتی بەعس و پرۆسەی ئازادی،
دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق ھاوپەیمانیەتی کاتی بە سەرۆکایەتی پۆڵ ریمەر لە ٦نیسانی ٢٠٠٤ بریاری ژمارە ٧١ی تایبەت بە دەسەڵاتە حکومیە ناوخۆیەکانی عێراق دەرکرد و یاسایی ژمارە١٥٩ی ساڵی ١٩٦٩ ی پارێزگاکانی ھەڵپەسارد و ئەو فەرمانە شوێنی گرتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە  ھەنگاوێکی نوێ بوو بۆ دەرکەوتنی لامەرکەزیەت لە شێوازی نوێ ی بەرێوەبردنی عێراقدا ، چونکە ئەم بریارە کاریگەری گەورەی ھەبوو لەسەر دەستوری نوێ و یاسا تازەکانی عێراق و تەنانەت ھەرێمی کوردستانیش.

فرمانی بریمەر کە لەپێشەکیەک و ھەشت بەش پێکھاتبوو ، لەوێدا ئاماژەی بە سیستمی حوکمرانی عێراق دەکات بۆ قۆناغی گواستنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای لامەرکەزی ئیداری لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاو قەزاو ناحیەکاندا، ئەمە جگەلەوەی کە مافی داوە بە یەکە ئیداریە خۆجێیەکان ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی تایبەت بەخۆیان ھەبێت، وە ھەروەھا ھەر پارێزگایەک بودجەی سەربەخۆی ھەبێت ومامەڵەپێوەبکات.

سیستەمی حوکم لە عیراق کۆماری فیدراڵی دیموکراتی دەبێت و تێیدا دەسەڵاتەکان دابەش دەکرێت لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگاکان و شارەوانی و ئیدارە خۆجێیەکان، مافی ھەر پارێزگایەکە ئەنجومەنێک دروست بکات بەناوی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار ھەڵبژرێت، ھەروەھا ئیدارە خۆجێی و ھەرێمیێەکان پێک دێن، ئەمەش لەسەر بنەمای لامەرکەزی دەبێت ودەسەڵات بەحکومەتەخۆجێییەکاندەدرێت.

وە لەدەستوری ھەمیشەی ساڵی ٢٠٠٥ ی عێراقدا  لامەرکەزی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەوشێوەیە کە لەدەروازەی پێنجەمی دەستورەکە ھاتووە بەناوی دەسەڵاتی ھەرێمەکان تیایدا ھەرێمەکانی وەک یەکەی دەستوری ناساندووە.
بەشی یەکەمی ئەو دەروازەیە تایبەتە بە ھەرێمە فیدرالیەکان و لەمادەی ١١٦بەم شێوەیە باس لە سیستمی فیدراڵی دەکات لەکۆماری عێراقدا: “سیستمی فیدراڵ لەکۆماری عێراق پێکدێت لە پایتەخت و ھەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە خۆجێیەکان”
ھەروەھا لەمادەی ١١٧:-
یەکەم: ئەم دەستورە لەبەرواری پیادەکردنیەوە دان بەھەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەھێنێت وەک ھەرێمێکی فیدراڵی.
دووەم: دەستورە دان بەو ھەرێمە نوێیانەدا دەنێت کە بەگوێرەی برگەکانی دەستور دادەمەزرێن .

وە لەمادەی ١١٩ ھاتووە:-
پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکھێنانی ھەرێم-ێکیان ھەیە بەپشت بەستن بە داواکاریەک بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری ، داواکاریەکە بەیەکێک لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشکەش دەکرێت :
ٲ : لەسەر داواکاری سێیەکی ١/٣ ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی کەداوای پێکھێنانی ھەرێمەکە دەکەن .
ب: لەسەر داواکاری دەیەکی ١/١٠ ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکھێانی ھەرێمەکە دەکەن.

مادەی ١٢٠ دەڵێت:
ھەرێم دەستورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، ھەرەمی دەسەڵاتەکانی ھەرێم و میکانیزمی بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستورەدا .
مادەی١٢١
یەکەم: حکومەتی ھەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و راپەراندن و دادوەریان ھەیە بەگوێرەی ئەم دەستورە ، جگەلەودەساڵاتانەی کەتایبەتن بە حکومەتیفیدراڵیەوە.
لەبەشی دووەم دەروازەی پێنجەم لەمادەی ١٢٢دا کەتایبەتە بەو پارێزگایانەی لەسنوری ھەرێمێکدا رێکنەخراون بەم شێوەیەی خوارەوە پەیکەرو میکانیزمەکانی سیستمی لامەرکەزی کارگێری وە ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت.

مادەی١٢٢
دووەم: ئەو پارێزگایانەی سەر بەھیچ ھەرێمێک نین دەسەڵاتێکی بەرێوەبردن و دارایی فراوانیان پێدەدرێت بەجۆرێک کەبتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن ، بەگوێرەی بنەمای لامەرکەزیەتی کارگێری و ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت .
سێیەم: ئەو پارێزگارەی ئەنجومەنی پارێزگا ھەڵیدەبژێرێت سەرۆکی ڕاپەراندنی باڵایە لەپارێزگادا بۆ پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی کە لەلایەن ئەنجومەنەوە پێی بەخشراوە .
چوارەم: ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگار و دەسەڵاتەکانیان بەیاسا ڕێکدەخرێت .
پێنجەم:ئەنجومەنی پارێزگا ناکەوێتە ژێر رکێف و چاودێری ھیچ وەزارەت یان لایەنێکەوە کە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتێکەوەو  ئەنجومەن دارایەکی سەربەخۆی خۆی ھەیە .
مادەی١٢٣ : حکومەتی فیدراڵی دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی ببەخشێت بەحکومەتی ھەرێم و بەپێچەوانەشەوە ، بەڕەزامەندی ھەردولا ، ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت .

چارەسەری پرسی لامەرکەزیەت لە کوردستاندا
ئەم پرسە زۆر قسە و گفتوگۆ و نووسین  ھەڵدەگرێت بەڵام لە روانگەی یاسایی زۆر بە کورتی ئێمە چەند ھەنگاو و جوڵەیەکمان دەوێت لە ھەموار و دەرچواندنی چەندین یاسا و دەرکردنی چەند بڕیارێک، کە پەیوەندی راستەوخۆ و کاریگەریان ھەیە بە جۆری  سیستەمی کارگێڕیەوە بۆ شۆڕکردنەوە و پێدانی دەسەڵات و دەست کردنەوەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوەربەری ناحیە و سەرۆکی فەرمانگەکان، دیارترینیان:
۱_ھەمواری یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ژمارە ۳ سالی ۲٠٠۹.
۲_ھەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲ساڵی ۱۹۹۲ ھەموارکراو.
۳_ھەمواری یاسای وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ژمارە ٦ سالی ۲٠٠۹.
٤_ھەموارکردنی یاسای بەڕێوەربردنی شارەوانیەکان ژمارە ٦ ساڵی ۱۹۹۲ی المعدل.
٥_دەرچواندنی یاسای بودجە بە جۆرێک ھەر پارێزگایە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارەی بۆ دەستنیشان بکرێت، بەدەر لەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ بۆ گەشەپێدانی ھەرێم دەنێریت لەوەش دەستنیشانبکرێت.
٦_دەرکردنی بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پێکھێنانی  ئەنجومەنی شارەوانیەکان، چونکە بەپێی مادەی ۳٥ ی یاسای پارێزگاکان ھەڵبژاردن نەماوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی بەڵکو بە میکانزمی نوێ پێکدەھێنرین.

۷_سەربەخۆی دارایی و کارگێڕی بدرێتە سەرۆکی یەکە کارگێرییەکان لە نمونەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوبەری ناحیە و بەڕێوبەرە گشتییەکان.
۸_شۆڕکردنەوەی دەسەڵات  لەلایەن حکومەت و وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بۆ ھەندێک بواری تایبەتی رۆتینی رۆژانە  بەبێ گەڕانەوە بۆ  پایتەخت، شۆڕکردنەوی دەسەڵاتی وەزیرەکان بۆ بەڕێوبەری گشتییەکانی پارێزگاکان، بەپێیی تایبەتمەندییان.

۹_دەرچواندنی یاسا و بڕیار بۆ سودمەندبوونی راستەوخۆی ئەو پارێزگا، قەزا و ناحیانەی کە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت، غاز و پێکھاتەکانی تری تێدایە. ناکرێت  دەبن سەرچاوەی  داھاتی گشتی بەبێ رەچاوکردن و گرنگی پێدانیان ھەریەکە و بەپێی سروشتی  خۆی و ژمارەی دانیشتوانی.
۱٠_ھەموارکردنەوەی سەرجەم یاسای ئەو وەزارەتانەی کە کاری وەزارەتەکەیان مۆرکێکی خزمەتگوزاری خدمییان ھەیە،  کە لە رابردوودا بە نەفەسێکی مەرکەزی دەرچون و زۆربەی مادەکانیان پێچەوانەی یاسای ژمارە ٣ ی پارێزگاکانی ھەرێمە.
١١_ ھەمواری یاسای وەزارەتی  دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان ژمارە ٥ ساڵی ۲٠۱٠.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.