لێبوکی بە ناو سیاسی کوردی!

لەلایەن ستاندار Posted on 267 جار بینراوە

نەبەز جەلال:

ئەو ژیانە سەپاوو سروشتە خراپەی ئێستای ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەرھەمی کۆی شکستی ئەو ئاوەزە چەپەک و خۆ بەزلزانە، لەخۆبایی و کاڵفامەیە، کە بەردەوام تواناکانی لە دروستکردن و بەدەستھێنانی دەستکەوتی تایبەتی و کەسی خۆی و پێلێنانی مافە گشتییەکانی خەڵکی کوردستاندا بووە وەک سەرانی دەروون ئاڵۆزی بێ ئاگا لە دەسەڵات و ئەزموونی بەڕێوەبردندا.

ئەوانەی خەڵکیان بە بچوک و کەم دەبینی و بە خواست و چێژی ئارەزوومەندانەی کەسی و بەرژەوەندییە نە بڕاوەکانی خۆیان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردو پێیان بە میللەتەکەی خۆیاندا دەناو بێ شەرمانە ھەڵسوکەوتیان دەکرد و گوێیان بۆ ھیچ دەنگێکی ڕەواو داخوازی ڕاستەقینەی گەل نەدەگرت.

ئێستا دەبینین بەم شەرم و شکست وشەرمەزاریە ھەمە چەشنەو بچوکییەوە ،چاو لە دەست و دەمی خەڵکەکەیەتی بۆ لێخۆشبوونێکی میللەت کە قەت بە خەیاڵیدانەدەھات بکەونە ڕۆژێکی ئەوھاوە!

ئایا کورد تا کەی ناتوانێ دەسەڵاتی کارتۆنی و لێبوکە خۆ بەزلزان و مایەپوچە سیاسی و بەدفەڕەکەی خۆی تێپەڕێنێ و ناخی خۆی ئارامکاتەوەو بێتەوە ناو دۆخی مرۆڤ بوون و، لە سواربونی ملی سیاسەت و دەسەڵاتی پیاکەوتە دابەزێ و خۆی لێبێتەوە بە خۆی!
بێگومان ئەمە تاکە دەستپێکی پەشیمانبوونەوە لێبوردەیی و ڕاستکردنەوەی کارەکانی دەسەڵاتە کە بتوانێ خۆی پێ پاک و ئاشتبکاتەوە .
خۆی لەو لە خۆ بایبون و فووتێکردنە ڕزگاربکات و بچێتەوە سەر دۆخی ئاسایی نیشتیمانبوون و پێکەوە ژیان و کارکردن قبوڵبکا!
بە تایبەت کە لە ئێستادا سروشتی ناوچەکە لە لێواری دەستکاریکردندایەو زۆری نەماوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەو دروستکردنەوەیەکی نوێتر، بەدڵنیایی ھەرێمەکەشمان بەو گۆڕانکاریە گەورەیەدا تێپەڕ دەبێ.

تا ئێستاش تروسکاییەک ماوە گەر بەتەمای کوژاندنەوەن و ناتانەوێ خاپور نەبێ!
بە دڵنیایی ئەم ھێورکردنەوەو ئارامییە لای خەڵک نییە و لە ناو لەپی دەستی دەسەڵاتداراندایە وەک چارەسەرێکی سەرەتای بە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوون، بە ھیوای سەرانی بەسەر گێژخواردوی بەرژەوەندیە کەسییەکان بەئاگابێنەوەو برایەتیەکی ڕاستەقینەو حکومەتێکی ھاوڵاتی بوون گەشە پێبدەن.

خەڵکی کوردستان ڕێز لە سنوری ھێڵی سووری مێژوو خەباتی خۆی دەگرێ، ئێوەش ئەو ڕێزو سنورە مەشکێنن و مەیکەنەوە بەچەکی بڕەروو مانەوەو دژە گەل و وەک بارمتەیەکی ڕاموسان بەکاری مەھێنن، تا پەیوەندییەکەمان لەوە زیاتر نەپسێ!

پێش پسانیش؛ سەری بەرزی میللەتەکە ماچ بکەن و کەوشەکانیان بخەنە سەر و بڵێن ئێمە بچوکتانین

کاتێکیش پسا:
« ڕەش و سپی ، بەھێز و بێھێز »پێکەوە دەپسێ و کەمەری شلی شەوەش بە مێژووی کوردایەتیدا شتێکی زیاتر و جوانتر لەوەی جارانتان پێ ڕەوا نابینێ و سەر شۆڕ دەبن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.