هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر

لەلایەن ستاندار Posted on 614 جار بینراوە 0 سەرنج
2242016173911KOMALBB.jpg

ستاندەر

فراكسیۆنی كۆمەلی ئیسلامی لە راگەیەنراوێك بە بۆنەی دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنەكەی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، لە بەشێكی هاتووە تەئكید دەكەینەوە كە پەڕلەمان پێویستە شوێنی داكۆكیكردن بێت لە مافی خەڵك و چاودێر بەسەر حكوومەتەوەو، لێناگەڕێین ئەم دەزگا نیشتمانییە وەك بارەگای حزب مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە…
سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی پەڕلەمانتار كاك سۆران عومەر
ڕاگەیەندراوێك بۆ ڕای گشتی

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی تەموزی ٢٠٢٠ پەڕلەمانتاری فراكسیۆنمان بەڕێز (سۆران عومەر) نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان كرد .
بەم بۆنەیەوە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ دەمانەوێت چەند ڕاستییەك بۆ ڕای گشتی خەڵكی كوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بخەینەڕوو:
1.دەستلەكاركێشانەوەی هەر پەڕلەمانتارێك مافێكی سەرەتایی و ئاسایی خۆیەتی و بڕیارەكەی كاك سۆران عومەریش (ئەگەرچی دڵخوازی ئێمە نەبوو) ڕێزلێگیراوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین بەڕێزیان دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی بەو بڕیارە گەیشتووە.
2.كاك سۆران پەڕلەمانتارێكی چالاك بووەو لە ڕابردووشدا و لەپێناو دڵسۆزی بۆ كارەكەی و خەمخۆری بۆ خەڵك، كاری زۆری كردو ئێمە سوپاسی دەكەین و پێزانینی تەواومان بۆ كارو ماندوبوونی بەڕێزیان هەیەو بۆ داهاتووش سەركەوتنی بۆ دەخوازین .
3.بەداخەوە لەسەرەتاوە ئەم كەیسەی كاك سۆران بۆ مەرامی حزبیی و شەخسیی هەم بەلاڕێدا برا هەم زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەكرا، كە ئەمە سەرەتایەكی ترسناك و خراپە لەكاری پەڕلەمانیی و پرۆسەی سیاسیی و دەرەنجامی خراپی دەبێت .
4.ئێمەو خەڵكی كوردستان تەمەننامان دەكرد لەبری سەركوتكاری و بێدەنگكردنی خەڵك و نوێنەرەكانیان، لێپرسینەوە لەو لەشكرو تۆڕە ڕێكخراوانەی گەندەڵیی بكرایە كە ٢٩ ساڵە سامانی گشتیی هەرێم و ماڵی خەڵك تاڵان دەكەن و لە پاڵ دەسەڵاتدا هەریەك لەوانە بوونەتە كارەسات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵك .
5.تەئكید دەكەینەوە كە پەڕلەمان پێویستە شوێنی داكۆكیكردن بێت لە مافی خەڵك و چاودێر بەسەر حكوومەتەوەو، لێناگەڕێین ئەم دەزگا نیشتمانییە وەك بارەگای حزب مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دڵنیاشبن بەردەوام دەبین لە بەرگری كردن لەمافی خەڵك و بەگژداچوونەوەی ستەم و گەندەڵیی تا ئەم سەردەمە تاریكە كۆتایی پێدێت!

لە كۆتاییدا ئەو ڕاستییە دووپاتدەكەینەوە، نابێ بەگرێی دەرونیی و ڕقی شەخسیی و حزبیی مامەڵە و حوكمڕانیی بكرێ، ئەگەرنا دەرەنجام زیانی گەورەی بۆ خەڵك و كۆمەڵگاو حوكمڕانان لێدەكەوێتەوە.
فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان
١٥ ی تەموزی ٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *