لە نێوان سەرکردەی نەتەوەیی و سەرۆکی خێل و حزب…

لەلایەن ستاندار Posted on 247 جار بینراوە

فەخرەدین محەمەد

ئایدیا و کاری سەرکردەی نەتەوەیی،  کاڵکردنەوە و تێکەڵکردنی، لەتە بچوکەکانی کۆمەڵگەی پێش نەتەوەیە لە بۆتەی نەتەوەیەکی یەکگرتوو، کە تاکی ئازاو و ئازاد و بە ئاگا یەکەی پێکهێنەریەتی…
سەرۆکی خێلێش،  خۆی هۆکاری تۆخ کرنەوەی نەریتە جیاوازەکانی هۆزو بنەماڵەو ناوچەچییەتییە، کە ئەمەش بۆ خۆی ناکۆک و دژبەرە لەگەڵ پڕۆسەی بونیادی نەتەوە.
لە دوونیای مۆدێرن و زێدەگای هاوڵاتی بە ئاگا دا،  تەنها یەک ” سەر ” هەیە کە لە خەمی گشتیدا بێت، ئەویش سەرۆکی دەوڵەتە.
لە سایەی سیستمی دەوڵەتی هاوڵاتیدا، سەرۆک نوێنەرایەتی و مشور خۆری تەواوی هاوڵاتیانی وڵاتە، بەبێ جیاوازی ناوچەو ئیتن و ئاین…
هەر کەس لەم هێڵە دەرچوو ئیتر سەرۆک نیە.
دەکرێ کەسانێ هەبن، نوێنەر و مەرجەعی گروپێکی ئاینی یان ئیتنی و مەزهەبی و… هتد. بن. بەڵام دواجار ئەوانە سەرۆک و سەرکردەی وڵات نین…
لە وڵات و نێو گەلانی بێ دەوڵەتیش، دەکرێ سەرکردەی بزاڤی رزگاریخوازی، وەک نوێنەری نەتەوە هێمای بۆ بکرێت.
بەڵام کەی؟ چۆن؟
مەرج و بنەمای ڕێبەری نەتەوە، ئەوەیە لە ئاستی ناوخۆدا یەکێتی خواز و بۆ دەرەوە جیاخوازبێ.
واتا خەون و ئایدیاو هەوڵی (سەرۆک) لە ئاستی ناوخۆدا، دەبێ یەک خستنی تەواوی ئینتیما جیاوازەکان بێ لە بۆتەی ئینتیمایەکی هاوبەشی نیشتمانیدا، کە خەون و خۆزگەو ئارەزووی هەمووانی تێدا ڕەنگ بداتەوە.
بەبێ زۆرکردن و زاڵکردنی بەش و خێل و ئاین و مەزهەبێک بەسەر ئەوانی تر دا. بەم جۆرە پایەکانی بونیادی نەوتەوە سازی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و خواست و ئیرادەی هاوبەش دێتە دامەزراندن.
واتا سەرۆک ئەوەیە هۆکاری پێکەوەگرێدانی تەواوی توانا جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی بێت، بە ئاراستەی سەرخستنی خواستەکانی.
بۆیە ئەگەر هەر کەس و لەهەر پلەو پۆست و کاتێک دا، لە بەر هەر هۆکارێک ئەوەی نەکرد ئەوا هەرگیز شایستەی وشەی سەرۆک نییە…
جا چ جای ئەوەی کەسێک، کە بە هەر هۆکارێک بۆی ڕەخساوە ببێتە سەرۆکی حزبێک، حزبەکەشی بە هەر هۆکارێک بێ، گەیشتوە بە ناوەندی دەسەڵات.
ئەگەر لە سەردەم و سایەی ئەودا.
لیک ترازانی ناوخۆیی نەتەوەکەی زیاتر بێ.!!!
بڕوا و متمانەی خەڵک بە (شۆڕش) یان سیستمەکە لەق بێ (یان هەر بەتەواوی  پردی متمانە بڕوخێ ) .!!!
خەون و خۆزگە لە ناخی تاکی ئەو گەلە لە بەین بچێ.!!!
جیاوازی ئاین و مەزهەب و خێل و ناوچە لە سەردەم و سایەی ( دەسەڵاتدارێکەوە) تۆخ تر بێتەوە. بێگومان هێشتنەوە و تۆخ کردنەوەی ئەم جیاوازییانە، بە تەواوی دژبەرە لەگەڵ چەمکی یەکێتی نەتەوەیی، کە سەرچاوەی دەوڵەتی هاوڵاتییە…
بەگشتی کەسێک شایستەی سەرۆکە، کە لە توانا بەشییەکانی خۆی دەبەخشی بۆ بەهێزبوونی توانا گشتیەکان.
واتا توانای ماددی و مەعنەوی و مەعریفی خۆی و بنەماڵەو حزبەکەی، بەکاردێنێ بۆ کۆ کردنەوەی کۆی توانا جۆراوجۆرەکانی وڵات. بە ئاراستەی بەدیهێنانی خواستە نیشتمانییەکان…
بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی، کە لایەنداری بۆ کەسێک دەکەن، گوایە سەرۆکە. پێویستە ئەم پرسیارانە لە خۆیان بکەن،
ئایا ئەوەی ئەوان بەسەرۆکی دەزانن. لە سایەو سەردەمی ئەودا
وڵات چەندە گەشەی کردووە.؟
لە ئاستی ناوخۆدا یەکێتی نەتەوەیی  تاچ ئاستێک جێگیر بوە.؟
جیاوازیە خێلەکی و حزبی و ناوچەییەکان تاچ ئاستێک کاڵ بونەتەوە و لە جێگەیدا هێڵی هاوبەشی نیشتمانی چەسپیوە.؟
هەستی خۆبەکەم زانی و سایکۆلۆژیای تێکشکاوی سایەی ترس و تۆقینی سەردەمی بندەستی تا چ ئاستێک بە ئیرادەی بڕوابەخۆبوون گۆڕاوە.؟
بە کورتی و بە کوردی
ئەوە ڕوونە کە بنەماو پێکهێنەری دەوڵەت، نەتەوەیە،  یەکەی پێکهێنەری نەتەوەش تاکە.
بۆیە هەر( سەرۆک) و حزب و دەسەڵاتێک،  ئەگەر لە سایەو سەردەمی ئەودا.  نەتوانێ تاکێکی ئازا و ئازاد و خاوەن ئینتیما بۆ نیشتمان بنیات بنێ،  هەرگیز ئەو ( سەرۆک) و حزب و دەسەڵاتە خەونی دروست کردنی وڵاتێکی بۆ هەمووان نەبووەو نییە…
هەر دەسەڵاتدارو سەرۆک حزب و سەرۆک، خێلێک لەواقیعدا کارەکانی لە خزمەتی ” حزب یان خێل و ناوچەو بنەماڵەیەک ” بێت. ئەوا ئەم بابا و هاوکارەکانی دەبنە گەورەترین لەمپەر لە بەردەم پڕۆسەی نەتەوە سازی و بونیاد نانی دەوڵەتی هاوڵاتی.
بۆیە حەقی خۆیەتی هەمووان ئەم پرسیارانەبکەین و بە دوای ئەلتەرناتیڤی پێویستدا بگەڕێین بۆ دەربازکردنی وڵات و خەڵکەکەمان لەم دۆخی پەڕاگەندەیی و لێکترازان و داڕوخانە ناوخۆییە.
چونکە دواجار ئێمە مرۆڤ و نەتەوەیەکی بە جیاهەڵکەوتووین، کە بەرەنجامی خواست و دروستکراوی ” خوداین”
بۆیە بەبڕوای من  ڕێگەی دروست و ئەرکی ئێمە ئەوەیە، وەک ئەوەی هەین، بکەر و بەشداربین لە ڕەوتی گەشەو پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی. نەک تەسلیم بە ئەمری واقیع ببین…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.