دووگیان و یەک جەستە

لەلایەن ستاندار Posted on 239 جار بینراوە

سەرباز تاڵەبانی ـ رۆژنامەنوس

کوردی باشور بە لەدایک بونی ( پارتی دیموکراتی کوردستان) گیانێکیان لە دایک بوو، گیانێک کە بەردەوام بۆ مەسەلە نەتەوایەتییەکان دید و تێڕوانینێکی تایبەتی و عەشایەری و خێڵەکی ھەبوو، ھیچ کات ئەم گیانە نەبوو بە سوری بەر لەشکر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مەسەلانەی کە ڕەھەندی نیشتیمانیان ھەیە، دوای ئەوەی سەرکردایەتی کورد لە ساڵی ١٩٤٤دا بەرژەوەندی خۆی و خێڵەکەی کەوتە بەر ھەڕەشەی (حمدی الباجەجی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێڕاق، بە پەلە پڕوکێ خۆی گەیاندە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆماری کوردستان ، ئەوێ ڕۆژێ سەرکردایەتی کورد ( مەلا مستەفا بارزانی) لە کۆماری کوردستاندا ئەرکی سەرکردایەتی ھێزێکی پێ سپێردرا، ئەو سەردەمەش ئەم گیانە ئامادەنەبوو لە دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان لەگەڵ خەڵکی خۆی گیان بسپێرێت بەڵکو لە ئاوی ئاراس پەڕیەوە و بەرەو یەکێتی سۆڤێت ڕۆیشت و ماوەی١٢ ساڵ خۆی حەشاردا، ھەروەک چۆن (قازی محمد) خەڵکی خۆی بەجێ نەھێشت و گیانی خۆی کردە قوربانی.
سەردەم ھات و سەردەم ڕۆیی ئەم گیانە ھەروەک خۆی مایەوە ھەتا دەرکەوتنی ھەرزەکارێکی تەمەن (١٢) ساڵان لە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناوی ( جەلال حیسام الدین نوراللە)، بەدەرکەوتنی ئەم ھەرزەکارە گیانێکی تر لەدایک بوو، کە لە ھەموو ڕویەکەوە تەواو جیاوازبوو لە گیانەکەی پێشوو، لەو ڕۆژەوە دووگیان پەیدابوون کەلەناو یەک حیزبدا ئیشیان دەکرد.
ھەرچەندە ئەم دوو گیانە لە ١/٥/١٩٩٤ تاکو ڕێککەوتنی واشنتن ١٧/٩/١٩٩٨ دوو گیانبوون لە دوو جەستەدا، جەستەی (سلێمانی) و جەستەی (ھەولێر و دھۆک)، پاش ڕێککەوتنی واشنتن ئەم دوو گیانە بونەوە بە یەک جەستەو حکومەت تێکەڵ کرایەوە.
یەکێک لە کارە ھەرە ھەڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستاش شوێنەوارەکانی ھەرماوە ئەوەبوو کە حکومەتی سلێمانی خرایەسەر حکومەتی ھەولێر بەمەش پارتی قازانجێکی زۆری کرد، بۆنمونە بە ئێستاشەوە گەر لایەنێکی سیاسی پۆستی وەزیری دارایی بەربکەوێت ڕاستە وەزیر سەر بەو لایەنە دەبێت بەڵەم لەناو ئەم وەزارەتە ١٨ پۆستی بەڕێوەبەر و بەڕێوە بەری گشتی ھەیە کە سەرجەمیان سەر بە پارتین، بۆ یە گەر وەزیر بەتەمای چاکسازیەک بێت ئەوەندە بەئاسانی ناتوانێت ئەنجامی بدات.
ئەمە لە لایەک لەلایەکی ترەوە ھەڵەیەکی تری ئەم دوو جەستەیە(یەکێتیی و پارتی) ئەوەبوو کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٠وە ئەم لەڕقی ئەوی تر بەلێشاو خەڵکیان دامەزراند، ئەم کارە وای کرد خەڵکی بە لێشاو ڕووبکەنە شارەکان و لادێکان چۆڵبکرێن، چونکە خەڵکی لادێکان ئەوەی لەیەک مانگی مووچەخۆری وەریان دەگرت بەیەک ساڵی جوتیاری پەیدایان نەدەکرد، وە لەبەر ئەوەی شوێنی دەوامەکەیان لە شاردابوو بۆیە ڕویانکردە شارەکان، ئەم کارە بووە ھۆی ھەڵاوسانی شارەکان و دواکەوتن لە بەرەو پێشچونی بەرھەمی خۆماڵی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بۆتە کۆسپێکی گەورە بەسەر کابینە وەزاریەکانی ئێستا و ناتوانن موچەی ئەوھەمووە موچەخۆرە دابین بکەن.
لەدوای دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ پارسەنگی ھێز تێکچوو لە بەرژەوەندی پارتی شکایەوە، ئەوەبوو زۆنی سەوز بوو بە دوو لەتەوە خۆپیشاندان و ئاژاوە و دەنگی ناڕازی و خەیاڵی گەورە گەورە درا بە ھزری خەڵکی ئەم زۆنە.
پارتی ھیچ ھەلێکی لەدەست خۆی نەدەدا تاکو یەکێتی پێ بێھێز بکات ئیتر خۆی ببێت بە حکومڕانی موتلەق، ئاخر یەکێتیی و پارتی لە ھەموو ڕویەکەوە لێک جیاوازن، ھەربۆیەشە پارتی لەسەر حسابی یەکێتیی و بەدروست بوونی گۆڕان بەردەوام خەریکی بەرەو پێشبردنی گیانی خۆی بووە.
بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆژ بەڕۆژ پێگەی یەکێتی کەم کردەوە و لە بەرامبەردا پێگەی پارتی بەھێزتر کرد، لە ھەڵبژاردنی ٢١/٩/٢٠١٣ گۆڕان بوو بە حیزبی دووەم لەسەر ئاستی کوردستانی باشور، ھەربۆیەشە بەبێ گوێدانە یەکێتی و مێژووی ھاوبەشیان حکومەتی لە گەڵ پارتی پێکھێنا، بەم کارە گەورەترین زەرەری لە یەکێتیدا و دوای ھەشت مانگ سەرجەم وەزیرەکانی نێردرانەوە ماڵەوە و پارتی دەستی گرت بەسەر تەواوی جومگە ئەساسیەکانی حکومەتدا.
لاوازی پێگەی یەکێتییش بوو لەو سەردەمەدا وای کرد کە پارتی بتوانێت تاکڕەوانە بڕیاری ڕیفراندۆم بدات، یەکێتیی بەھیچ شێوەیەک نەیتوانی ڕێگری لەم کارەی بکات ھەرچەندە کۆی سەرکردایەتی یەکێتیی لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە لە ئێستادا ئەم ڕیفراندۆمە بەڕێوەبچێت، بەتایبەتیش دەیانزانی لەناوچە دابڕێنراوەکاندا دۆستایەتی پێکھاتەکان تێکدەدات و ئەو ناوچانە دەکەونە ژێر مەترسیەوە.
لە ھەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ دا پارتی توانی ٤٥کورسی بەھەر شێوەیەکبێت بەدەست بھێنێت، ساڵانی ڕابردووگەر ترسی ئەوەی ھەبوایە کە زۆرینەی پەرلەمانی لەبەر دەستدانیە، ئەوا لەم خولەی پەرلەمان بەتەنیا ٤٥ کورسی مسۆگەر کردووە و لەکەڵ ھاوپەیمانەکانیشی (٧١) کورسی ھەیە، ئەمە جگەلە کۆی ١١کورسی لیژنە یاساییەکانی پەرلەمان بەتەنیا ٤ کورسی ھەیە و لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیشی (٧) کورسی ھەیە، واتا (٥٠+١)ی کورسی لیژنەکانیشی بەدەستە، گەر ڕێگرێک نەبێت لەبەر دەم پارتیدا ئەوا پارتی بەتەواوی دەبێتە حاکمی موتلەق، چونکە جاران گەر چاودێرانی سیاسی گلەیی ئەوەیان بکردایە کە کارە خراپەکانی پارتی ڕەھەندی یاساییان نیە ئەوا لەم خولەدا پارتی ئەو بیانوەشیان ناھێڵت، چونکە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستە و ھەرچیەکی بیەوێت ئەنجامی دەدا، ئەوکاتە لەسەر ئاستی ئیقلیمیش حیزبەکان ناتوانن ھیچ سکاڵایەک بکەن چونکە کارەکانی پارتی ڕەھەندی یاساییان دەبێت.
لەبەر رۆشنایی ھەموو ئەوترسانەی سەرەوە باشتر وایە پارسەنگی ھێز بگەڕێتەوە و ئەو دووگیانەی کە ئێستا لەناو یەک جەستەدان ھەریەکە و بگەڕێتەوە ناو جەستەی خۆی، بۆئەوەی ئەم دوو گیانە نەگەڕێنەوە ناو جەستەی خۆیان پارتی ھەموو تەنەزولێک دەکات، لەبەر ئەوەی کە:
ھەرچی داھاتی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەیە بەشی ھەرەزۆری لە جەستەی یەکێتیدایە.
پارتی ڕێککەوتنی ٥٠ساڵەی لەگەڵ تورکیادا ھەیە، ھەربۆیە گەر ھەریەکە و بگەڕێتەوە جەستەی خۆی ئەوکات پارتی ناتوانێت درێژە بەم ڕێککەوتنەبدات لە بەرامبەردا تورکیا سزای قورسی دەدات ھەروەک لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتووە.
داھاتی پێویستی لەبەر دەستدانیە بۆ بەڕێوەبردنی خەڵکی خۆی.
پەیوەندی لەگەڵ ھیچ پارچەیەکی کوردستان باشنیە بەھۆی ئەو غروریەتەی کەلە ڕابردوودا ھەیبووە، وەلەسەر ئاستی ئیقلیمیش پەیوەندی لەگەڵ ئێران و عێڕاق و تورکیاو سوریا باش نیە بەتایبەتیش دوای ڕیفراندۆم توڕەییی ئەم وڵاتانە بەرامبەر پارتی زیاتر بووە، بەھەمان شێوە لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە.
لەبەرەمبەدا پارسەنگی ھێز دەگەڕێتەوە و خەڵکی لە جەستەی یەکێتیدا لەو پەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین.
یەکێتی زۆرترین کارتی بەدەستەوە ماوە.
گەر یەکێتیی نایەوێت دوو ئیدارەیی دروست بێت لە بەرامبەردا پێویستە سوربێت لەسەر داواکردنی (لامەرکەزی) ئیداری و دارایی وە ئەو لیژنەیەی کە پێک ھاتووە بۆ ئەو مەبەستە بەزووترین کات دەست بکەنەوە بە رێکارە یاساییەکان لە پێناوی بەدەست ھێنانی لامەرکەزی بۆ پارێزگای سلێمانی، یەکێتی گەر یەکتۆزیتر سەبری ھەبێت و سازش نەکات لەسەر کەم کردنەوەی موچە و داوا رەواکانی فەرمان بەران و مەسەلەی زینی وەرتێ و ھیتد…،پارتی و بزات خودی مەسعود بارزانی ھەموو جۆرە تەنەزولێک بۆ یەکێتی دەکات، چونکە بارزانی بەھەموو شێوەیەک دەیەوێت حکومەتی ھەرێم کە کوڕەکەی سەرۆکایەتی دەکات سەربکەوێت، چونکە خۆشی باش دەزانێت بە بێ یەکێتی بڕیارەکان لەم دیوی دێگەڵە ناچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ھیچ کات لەمێژووی یەکێتییدا دەرفەتێکی لەم شێوەیە باشی بۆنەھاتۆتە پێشەوە، چونکە تۆپەکە لە ساحەی ئەودایە و گەر سەرکردایەتی یەکێتیی بزانێت دەتوانێت تۆپەکە ببات بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی دەیەوێت.
سەر کردایەتی یەکێتیی دوای کۆنگرە لەبەردەم تەحەدی و تاقیکردنەوەی زۆردان خەڵک برسیە موچە نیە ترسی کۆرۆناش لەم لاوە بوەستێت.
پرسی لامەرکەزیەت ئەبێت لە پێشینەی کارەکانی ئەم سەرکردایەتییە تازە بێت، با گیانێک بین لە دوو جەستەدا، بەراستی من تێناگەم یەکێتیی بۆ واز لە حکومەتەکەی پارتی ناھێنێت لە کاتێکا پارتی دەمێکە وازی لە یەکێتیی ھێناوە؟؟؟.
حەق وایە بڕیار بەدەستانی یەکێتیی دوای پرس و ڕاکردن بەکەسانی شارەزاو ئەکادیمی و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو ئەگەرەکان، لەکۆتاییدا بڕیارێک بدەن کە لە ئاست چاوەڕوانی جەماوەرەکەی و بگونجێت لەگەڵ خەبات و مێژوو و قوربانیدانی ئەو حیزبە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.