ڕابوون مەعروف هێرشێكی توند دەكاتە سەر شاسوار عەبدولواحید

لەلایەن ستاندار Posted on 358 جار بینراوە

ستاندەر

رابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی ئاییندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابوونەوە لە راگەیەنراوێك هێرشێكی توند دەكاتە سەر شاسوار عەبدولواحید و رایدەگەیەنێت لە رێگای پەیجی ساختە هێرشمان دەكاتە سەر، لە بەشێكی راگەیەنراوەكەیدا لە ژێرناونیشانی ئایا وەڵامی بوختان و تۆمەتی درۆ بدەینەوە، ناوبراو نوسیویەتی “سەرۆکی نەوەی نوێ، بۆ بوختان و درۆ کردن لە دژی ئێمە و ھاوڕێكانمان، دەیان پەیجی ساختەی دروستکردوە و ھەزاران دۆلار لە پێناوی ناشرینکردنی ناوی درەخشاوەی ئێمە لە سپۆنسەری بوختان و درۆ سەرف دەکات.”

دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەوە:

ئایا وەڵامی بوختان و تۆمەتی درۆ بدەینەوە؟

ڕابون مەعروف
*دەزگا جاسوسیەکەی پارتی و باندەکەی شاسوار، سەدان پەیجی ساختەیان دروست کردوە تەنھا بۆ بوختان و درۆ لە دژی ئێمە.

*باندەکەی شاسوار بوەتە کارتێکی باڵە ئەمنیەکەی یەکێتی.
*** ***
ئەم چەند رۆژە، سەدان پشتیوان و ھاوسۆزی ئێمە، لە رێگەی جیا جیاوە داوایان کردوە کە بۆچی من وەڵامی ئەو ھەمو درۆ و بوختانە نادەمەوە کە دەزگا جاسوسیەکەی پارتی و باندەکەی شاسوار لە دژی من و ھاوڕێکانی ئێمە دروستی دەکەن؟

وەڵامی ئەو ھاوڕێ و ھاوسۆزانە دەکەم بە دەرفەتێك بۆ رونکردنەوەی دیدی من سەبارەت بە ململانێی سیاسی و بەرخورد لەگەڵ جەنگی دەرونی و شاڵاوی بوختان و درۆی ناحەزان.
**
دەیھێنمەوە یادی ھەموان کە من دوای گەڕانەوەم لە بەریتانیا لە (٢٠١١) ەوە کە وەك چالاکێکی گۆڕانی سەردەمی کاك نەوشیروان لە ھەولێر، روبەڕوی ستەم و زوڵمی دەسەڵاتە ئەمنیەکەی پارتی وەستاین، تا ئێستا، ھەزاران دۆلاری ئەم میللەتە لە بوختان و درۆ و تۆمەتی ناڕەوا لە دژی من و ھاوڕێکانی ئێمە سەرف کراوە. کاتێك خەڵك بە ئەزمون ئێمەیان ناسیوە و بڕوایان بە شاڵاوی درۆ و بوختانەکانیان نەکردوە، رێك و رەوان و بە رۆژی روناك ھەوڵی تیرۆری جەسەدیان داوین. بەڵام ئێمە نەبەزیوین و بەردەوام بوین و خوای گەورە پشتیوان بێت، تا کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی رەشی میلیشیاکان بەردەوام دەبین.

ئایا رەوایە، خەڵك متمانە و ئومێدی بە ئێمە ھەبێت لەم دەسەڵاتە رەش و ستەمکارە رزگاری بکەین، بەڵام ئێمە بچین رۆژانە تەنھا خەریکی وەڵامدانەوەی تۆمەت و بوختان و درۆ بین؟
***
تا لەگەڵ گۆڕان، بە سەردکردایەتی کاك نەوشیروان، لە ھەولێرەوە، سەرکردایەتی بوێرترین فراکسیۆنی مێژوی پەڕلەمانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنمان دەکرد، مێژویەکمان بۆ خۆمان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی دروست کرد، کە ھەمیشە و بۆ دەیان ساڵیتر جێگەی شانازی بێت. کاتێکیش دوای کۆچی دوایی کاك نەوشیروان، گۆڕان رێگەی نەھات و باوەشی پارتی و دەسەڵاتی میلیشیاکانی گرتەبەر، ئێمە بە شانازییەوە بەگژ ئەو تەسلیمبونەدا چوینەوە و رێگەی بەرگری و مانەوە لە سەنگەری خەڵکی زوڵملێکراومان گرتەبەر.

کاتێك ئێمە و گۆڕان دو ئاڕاستەی جیاوازمان گرتەبەر، کە ئێستا ھەموان بە رۆژی روناك و بێ پەردە رێگە و ھەڵوێستی ئێمە و ئەوان دەبینن، لەبری ھەڵوێستی سەنگین و دیموکراتیانە، گۆڕان ھەمو توانای ئیعلامی خۆی بۆ بوختان و درۆ و تۆمەتی بێبنەما لە دژی من و ھاوڕێکانی ئێمە خستە گەڕ. بەڵام، بە شانازییەوە، رۆژێك و جارێك، ئێمە نەچوین ھەڵوێستی ناسەنگین بگرینە بەر و کاردانەوەی نامەدەنی بنوێنین. دوای سێ ساڵ، ئێستا ھەموان دەبینن ھەمو بوختان و درۆ و تۆمەتەکانی گۆڕان لە دژی من درۆ بون و بەڵام دید و پێشبینی من لەسەر گۆڕان رێك و راست بون.

ئایا ئەو رۆژانە، کە دەیان ھەزار کەس ئومێدیان لەسەر من و ھاوڕێکانم ھەڵچنیبو، رێ لە خنکاندنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بگرین، روا بو بچم رۆژانە وەڵامی بوختان و درۆکانی گۆڕان بدەمەوە، یان ھەمو توانای خۆم و ھاوڕێکانم بەکار بھێنین بۆ راستکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی ناڕازی بە دەسەڵاتی ستەمکاری کوردی؟
***
جارێکیتر تەئکید دەکەمەوە، ئێمە نەوەی نوێمان بۆ ئەوە دروست نەکرد کە حیزبێکیتری بنەماڵە و کەڵت و کۆمپانیایەکیتری سیاسی بکەینە بەڵا بەسەر ئەم میلەتەوە. بۆیە زۆربەی ھەرە زۆری دامەزرێنەران و سەرکردایەتی نەوەی نوێ ئاراستە بازرگانییەکەی سەرۆکی نەوەی نوێیان رەتکردەوە و سەنگەری خەڵکیان ھەڵبژارد نەك بنەماڵە و کۆمپانیا و بازرگانی.

دیسان، رێك وەك نەریتی نەگۆڕی حیزبە تەقلیدیە کوردیەکان، سەرۆکی نەوەی نوێ و باندەکەی، لەبری بیناکردنی کەلتورێکی سیاسی ھاوچەرخ و جیاواز، پەنای بردەوە بۆ بوختان و درۆ و تۆمەتی ناڕەوا، کە ھەمو حیزبە کوردیەکان لە پارتی یەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە. لە کاتێکدا ئێمە و ھاوڕێکانمان شەو دەخەینە سەر رۆژ، بۆ بیناکردنی گوتارێکی سیاسی ھاوچەرخ و جیاواز لە ھەمو بزوتنەوەی کوردایەتی و راستکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن و دوا جار کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتە رەشەکەی پارتی و یەکێتی و ھەڵوەشاندنەوەی ھەمو سیستەمی سیاسی ئێستا، سەرۆکی نەوەی نوێ، بۆ بوختان و درۆ کردن لە دژی ئێمە و ھاوڕێكانمان، دەیان پەیجی ساختەی دروستکردوە و ھەزاران دۆلار لە پێناوی ناشرینکردنی ناوی درەخشاوەی ئێمە لە سپۆنسەری بوختان و درۆ سەرف دەکات.

حەز دەکەم بە رون و راشکاوی، ھەموان ئاگادار بکەمەوە، کە لە ئێستادا سەرۆکی نەوەی نوێ و باندەکەی کەوتونەتە ناو یارییەکی پیسی ئەمنیی ترسناکەوە. دوای جوڵاندنی مەلەفەکانی دادگا و ھەستیاری ئەو بابەتە، سەرۆکی نەوەی نوێ، کە پیاوێکی ترسنۆکە و بەرگەی چواردە رۆژ زیندانی نەگرت، لە بەرامبەر پاراستنی خۆی و کۆمپانیاکانی، تەسلیمی باڵە ئەمنیە جاسوسیەکەی سلێمانی بوە و لە ئێستادا سەرۆکی نەوەی نوێ و باندەکەی کارتێکی ناو ململانێ سیاسیەکانی باڵە ئەمنیەکەی سلێمانین. سەرۆکی نەوەی نوێ، کە جگە لە بازرگانی ھیچ ئامانجێکیتری نیە و کوردستان و نیشتیمانەکەمان وەك کێڵگەیەکی گەورە بۆ پارە پەیدا کردن سەیر دەکات، ناسڵەمێتەوە لە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دەزگای ئەمنیی و جاسوسی و چەواشە کردن و تەشویھکردنی رایگشتی.

کەواتە، لە ئێستادا، کە میلەتەکەمان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئایا ئەرکی ئێمە ئەوەیە خەریکی وەڵامی درۆ و بوختانی ناحەزەکانمان بین یان سەرکردایەتی ئەم میلەتە بکەین بۆ رزگار بون لە نیری زوڵم و ستەمی میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی؟
***
جێگەی خۆیەتی لێرەوە سەرنجی ھەموان بۆ ئەوە راکێشم، کە شەرم و شورەییە بۆ یەکێتی نیشتیمانی، لە کاتێکدا سلێمانیی، شاری ھەڵمەت و قوربانی و پێشەنگی راپەڕین و فیداکاری، لە ژێر غەدر و زوڵمـی دەسەڵاتی کوردی بە سەرکردایەتی پارتی، خەریکە وێران دەبێت، بەڵام باڵە ئەمنیەکەی یەکێتی، لەبری پشتیوانی دامەزراوەکان بۆ گێڕانەوەی ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی لای چەند بازرگانێکی قۆڵبڕ و ساختەچیە، تا لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بەکار بھێندرێت، ئەو بازرگان و ساختەچیانەی خستوەتە ژێر باڵی خۆی و ئەیانپارێزێت.
***
ئێستا کە ئەوە راستیی ھاوکێشەی سیاسیی و سروشتی دەسەڵاتی میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی و بەشێك لە حیزبە فرۆشراوەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنە، ئایا ئەرکی ئێمە ئەوەیە دانیشین رۆژانە وەڵامی درۆ و بوختان بدەینەوە یان ئازایانە و بێسڵەمینەوە سەرکردایەتی ئەم گەلە بکەین بۆ رزگار بون لە ستەمی داگیرکەرانی دەرەکی و ستەمکاری کوردی بۆ ئایندەیەکی باشتر و کەنارێکی ئارام؟

خوا یار و پشتیوان بێت، ئێمە رێگەی بەرگری و روبەروبونەوەی ستەم و بێدادی و بنیاتنانی ئایندەیەکی باشترمان گرتوەتە بەر و بەردەوام دەبین!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.