زمان..، ئێستا کچێ نیشتمانمە

لەلایەن ستاندار Posted on 295 جار بینراوە

لوقمان محەمەد شلانی

زمان، بە شێکی جیانەکراوە و گرێدراوی خەڵک و کۆمەڵگایە. زمان، تەنیا و یەکەم شتە کە ئاشنا دەبین لەگەڵی لە کاتی هاتنە سەر دونیامان، هەر لە ڕێگەی زمانەوە هەمو شتەکان دەناسین. بەبێ زمان ناتوانین ببینە ئەندامێکی کۆمەڵگا. زمان یارمەتیمان دەدا کە پەیوەندی بگرین لەگەڵ کۆمەڵگا و کەسانی دیکە، کە کاروباری خۆمانی پێ جێبەجێ بکەین. هەر لە ڕێگەی زمانەوە دەبین بە مرۆڤ. هەر لە ڕێگەی زمانەوەیە، کە پەیوەندی ڕابردو و ئێستا و داهاتو گرێ دەدرێ و پەیوەندی دەگرین و دەزانین چیبوە و دەبێ، بەبێ زمان ئەم پەیوەندییە نامێنێ و لەناو دەچێ. زمان نەوەک هەر لە ناسنامە و هەست و سۆز گرنگە، بەڵکو لە سیاسەت و ئیدارە و بازرگانی و جیهانبینی و مرۆڤبون گرنگتر بەدیار دەکەوێ.
زمان، ئەگەر بۆ کەسەکان ئامرازی تێگەیشتن بێ، بۆ نەتەوە زۆر لەمە زیاترە، دەبێتە ناسنامە و ڕۆحی نەتەوە.
خۆ ئەگەر پێناسەی هەر گەل و نەتەوەیەک بکەین دەبێ بۆ زمان بگەڕێینەوە و داوای کۆمەکی لێبکەین. هەمو قوتابخانەکانیش زمان بە کۆڵەگەی نەتەوە و کۆمەڵگا دادەنێن. ئەگەر بۆ نەتەوەکانی تر زمان کۆڵەگە بێ ئەوا بۆ کورد مانای مانەوە و هێشتنەوەیەتی. من پێموایە بەر لە شاخەکان، زمانە وایکردوە کە کورد وەک نەتەوە بمێنێتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین زمان بۆ کورد لە ناسنامە گرنگتربوە کە مانەوەیە. هەر کاتێک و بەش و پارچەیەک زمانی لێ نەمابێ و بە زمانی کوردی نەدوابن ئەوا بە ئاسانی لە کورد و کوردستان داشۆراوە. کەواتە، زمان بۆ کورد ناسنامەیە و بۆ خاک سنوری نەخشەکەیەتی. کەواتە، لە هەر شوێنێک زمان نەما دەبێ کورد دەستی لێ بشوات. بۆیە پێویستە دەسەڵاتی کورد لە باشور بەتایبەت و ڕۆژئاواش تاڕادەیەک لۆبی پەیوەندییەکانی خۆیان بخەنە کار بۆ پرسی زمان و گرنگی پێبدەن، چونکە بەبێ دەسەڵاتی سیاسی زمان بە ڕەشاوێژی دەمێنێتەوە و نابێتە زمانێکی ستاندارد لە قسەکردن و یەکگرتو لە نوسین. هەرچی ئەمێنێتەوە ئەرکی تاکی کوردە بە تایبەت ڕۆشنبیرەکەی، کە زمان پەرەپێبدا بەتایبەت لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و بیپارێز و داکۆکی لێبکا بەر لە هەر بوار و تەوەرەیەکی تر.
بەبێ زمان هیچ زانست و زانیاری و مەعریفەت و مرۆڤیش بەهایەکی نابێ، کۆی هەمو زانست و ئایین و ژیان و نەتەوە بەندە بە زمان.
کەواتە، ئەبێ کورد وەک نەتەوە تێبگات، کە دوژمن ئەوەندەی بە زمانەکەی قەڵس و نیگەرانە بە هیچ شتێکیتری ئەوەندە دڵتەنگ نابێ. باشترین نمونەش مامۆستایی زمانی کوردیی زارا محەممەدییە لە ڕۆژهەڵات، کە ئێستا ڕژێمی ئێران بڕیاری دە ساڵی زیندانیی بەسەر داسەپاندوە، تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی دایکی وانەکانی داونەتەوە مناڵانی فێری کوردی کردون. خوێندن بە زمانی خۆت(دایک) مافێکی هەرە سەرەتایی مرۆڤ و تاکە، کەچی دوژمن چۆنی پێ نیگەران بوە، بۆیە ئەبێ هەمو تاکێک بە زمانی کوردی قسە بکا، بە تایبەت پارچەکانی تر، کە دەبێ مناڵەکانیانیشیان فێری زمانی دایکیان بکەن، بۆ مانەوەی خۆیان چ وەک نەتەوە چ وەک خاکییان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.