وون بوونی ستراتیژیەت لای سەرکردایەتی یەکێتی

لەلایەن ستاندار Posted on 322 جار بینراوە

Image may contain: 1 person

رامان مجید فقی

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتای دروست بوونی خاوەن دونیا بینی خۆی و جیاواز لە پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبەکانی تر بووە. هەم بۆ ستراتیجە نەتەوەییەکان و هەم بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵانی خەلکی کوردستان. روون بووە یەکێتی سیاسەتی کاتی و سیاسەتی دوور مەودای چیە. لەم پێناوەدا بەشێک لە خەلکی کوردستان بوون بە پشت و پەنای ئەم هێزە لە پێناو هاتنە دی بەرنامەکەی.

یەکێتیش راستگۆیانە و روون و راشکاو لەگەل گۆرانکاری و هەلومەرجە نوێکان گۆرانکاری دەکرد لە چوار چێوەی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و خزمەتگوزاریە کۆمەلایەتیەکان. بۆیە خەلک دەیبینی کە یەکێتی لە ئاست پەیامە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکان بە پێی گۆرانکاریەکان خاوەنداریەتی لە بەڵێنەکانی دەکات. هەر لە(مافی چارەی خۆنووسین و فیدراڵی و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە تعریب کراوەکان و چەسپاندنی مافەکانی کوردستان لە دەستوری نوێی عێراق و پشتیوانی خەباتی پارچەکانی تری کوردستان و.. هتد). بۆ بەرێوەبردنی خەلک و حوکم کردن لە کوردستانیش( باوەڕی بە هێزی گەل و پشت تێ نەکردنیان و ئازادی رادەربرین و رەخە و رەخنە لە خۆ گرتن و دژی بە بنەماڵە کردنی سیستەمی حوکم رانی و دەست وەرنەدانی حزب و کۆمپانیاکانیان بوو لە حوکمرانی کوردستان و گەرانەوەی بوو بۆ چینە هەژار و کەم دەرامەتەکانی وەک کرێکاران و جوتیاران.. جاش و خائین و خۆفرۆش و رەفیق حزبی لە خۆی نەدەگرت.. شەفافیەت لە ئیدارە دان و سیاسەت.

پێشبرکێی خزمەتی باشتر و جوانتر. رێگری کردن لە باوک و کوڕ و کورەزا و برا و برازاکان لە هاتنە پێش بە بێ پێشینە و لێهاتوویی. بە جۆرێک نەچونە ژێر باری منسوبیەت و محسوبیەت. وە دوور کەوتنەوە لە هەموو رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندی حیزب و پشت کردنە خواستەکانی خەڵک بێت. بیری سوسیال دیموکرات و عەلمانیەت کۆڵەگەی بیری بوو) ئەوەش وای کردبوو کە ببێت بە دوانەیەکی تەواو جیاواز و لەیەک نەچوو لەگەل پارتی و حزبەکانی تری کوردستان جێگای هیوا و ئومێدی خەلکی کوردستان بێت، ببێت بە رکابەر و هێزی سەرەکی بەوەی کە لەیەک کات دا کرێکار و جوتیار و خوێندەوار و رۆشنبیر بە حیزبی خۆیان بزانن.

بەلام ئێستا ئەم حیزبە بە جۆرێکە خەریکە ناسینەوەی بە رابرووی ئەستەم بێت بەهۆی ئەوەی رۆژانە لە پرەنسیپە گشتیەکانی لا دەدات و دەیەوێت رێک لە دژەکانی بچێت لە هەموو شت و بگرە جاری وا هەیە ئەوەندە تەقلیدێکی ناشرین کردنی دژەکانی جوانتر نمایشی سیاسەتی دژەکانی دەکات. بۆیە دۆست و لایەنگرانی دەستیان لەسەر دڵیانە لە هەر پێش هات و گۆران کاریەک کە دێتە پێش چونکە نازانن حیزب لەسەر چ بنەما و بیرکردنەوەیەکی پێش وەختە بریار دەدات و هەر رۆژێک بریارێک دەدات دژ بە بریارێکی پێشووتریەتی. سیاسەتی رۆژ و ئەم پۆپۆلیستیە لە سیاسەتی وای کردوە کە خاوەن دونیا بینی وەک حیزبێکی سیاسی مۆدێرن لە دەست بدات. هەموو بنکە جەماوەریەکەی لەودا کۆ بکاتەوە کە لەگەل پارتی دژین و بیرکرنەوەی کادیرەکانی بەو ئاراستەیە بێت کە لەگەل پارتی نەک دانانشین بەلکو ئەستەمە بەیەکەوە کار بکەین.

وای لێهاتووە دژەکان بکەین بەو دێوەزمەی کە عەیبەیکی گەورەیە دانشتن و رێکەوتن لەگەلیان. ئەوەش ببێت بە بنەمای زۆری و کەمی دەنگی حیزب لە هەلبژاردن هەر کات دوور بکەویتەوە دەنگت زیاد بکات نزیکیش کەم بکات.. لە کاتێکدا پێویستە لە مەیدانی کار کردن حیزبی سیاسی لە رووی نێودەوڵەتی و ناوچەی و عیراقی و کوردستانی خاوەنی ئایدیا و ستراتیج و پەیوەندی و بەرژەوەنی و بنەمای تایبەت بە خۆی بێت و کە نەک بنکە جەماوەریەکەی خۆی بەڵکو هەموو لایەک بزانن ئەوە هێلە گشتیەکانی کار کردنی ئەم حیزبەیە و پێی بناسرێتەوە.

دەکرێت لەسەر ئەم خاڵانە لەگەل زۆر لایەنی دژ و دۆست،هەم دژ بێت و هەم گفتو گۆ و دانیشتن. بە پێی خواست و بەرژەوندیە باڵاکانی کە حیزب و ئەندامان باوەڕیان پێیەتی.. نابێت هەموو سیاسەتی حیزب لەودا کۆبکرێتەوە کەی و چۆن و کێ لە حیزب و حیزبی بەرامبەر لە مەکتەبی سیاسیەکان بەیەکەوە دابنیشن. چونکە نابێت سەرکردەی حیزب هێز و ئیلهام و گەورەیی خۆی لە دانشتن و موبارەک بایی لە سەرۆکی حیزبێکی تر و هیچ هیزێک تر ببینێتەوە. بەڵکو باوەر بە خۆ بوون و بە بەرنامە و هێزی جەماوەریەکەی ئەو هێز و گەورەییە دروست دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.