عومەر عەلی
ئەم حکومەتە بەهۆی ئەوەی کە هەستی بە ئەو بەرپرسیارێتیە نەکرد کە لە ئەستۆی دا بوو .لەلایەکی تریش پشتی کردە ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ حکومەتەکەی خستبوویە ڕوو .بەم هۆیەوە حکومەت ڕوی لە سەرەو لێژبوونەوە کردوەو نازانرێت بەرەو چ ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات.
لە ئێستادا دەتوانین سەرۆک و ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم حکومەتە بە گروپێکی خۆکوژ وەسف بکەین ،چونکە لە لایەک هەست بە ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە ناکەن کە لەسەر شانیانە .لەلایەکی تریش بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ حوکمڕانیدا، نازانن کە چ ئایندەیەکی مەترسیدار ڕوبەڕوی حکومەتەکەیان و ئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە .
ئەو گروپەی ئێستا لە حکومەتدان بەو مامەڵەو هەڵسوکەوتەی کە ئەنجامیان داوە وێنەیەکیان لەبەر چاوی هاوڵاتیان دروست کردووە ،کە ئەوان گروپێکی بەرژەوەندیخوازی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکە کەسین.لای ئەوان شتێک نیە بەناوی خەمی خەڵک و نیشتیمان و ڕۆژبەڕۆژیش ئەو دو فەزایە لە وێرانتر دەکەن ،چونکە لەڕێگەی ئەم حوکمڕانیەوە هاوڵاتی کوردوستانیان بەتەواوی ڕیسواکردو کوردوستانیان کردۆتە مانگایەکی شیردەر تەنها خۆشەویستیان بۆی لەبەر شیرەکەیەتی نەک شتی تر و بەم هەڵوێستەشیان ڕۆژێک دێت منداری دەکەنەوە .
ئەم گروپە حوکمڕانە کاتێک کە پڕۆژەیەکی چاکسازیی دەخەنەڕوو لە سەر گیرفانی موچەخۆرانەو نایانەوێت دەست بەرن بۆ نەهێشتنی ئەو هەمو گەندەڵیەی کە هەیە لە کەرتی نەوت و گازو خاڵە سنورەکانی و داهاتی ناوخۆ یان ئەو هەموو بندیوارەی کە دایان مەزراندوە .
لێرەوە دەتوانین ئەم گروپە حکومڕانە بە گروپێکی خۆکوژوەسف وەسف بکەین،کەحکومەت و گەل و ئایندەی سیاسی هەرێمەکە بەرەو تونێڵێکی تاریک و داخراو دەبەن و دور نیە دوچاری تەقینەوەیەکی بکەن کە دواجار هەموی تیابچێت.
ئەو ئاراستە خۆکوژیەی کە حوکمڕانانی هەرێم گرتویانەتەبەر، بەر بەرئەنجامی هێشتنەوەی کۆمەڵێک قەیرانە بەکراوەیی بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکیان هەبێت بۆ چاکسازی لەوانەش:
یەکەم..ئەو دابەشبوونەی کە ئێستا لە هەرێمداهەیە بۆزۆنی سەوزو زەرد، ڕۆژ بەڕۆژ قوڵتر دەکرێتەوە . یەکێتی و پارتی ئاستی ململانێکانیان گەیاندۆتە ئەوەندە ئاستێکی نزم ،بەمەش هاوڵاتیانیان تەواو بێ هیواکردوە کە ئەمانە توانای بنیاتنانی نیشتیمانێکی یەکگرتو خاوەن سەروەری و گەشەسەندویان هەبێت.
دوەم..هەژاری ئەم حکومەتەو کابینەی وزاریەکەی لە چارەسەری قەیرانەکان و بەدەمەوە چونی کێشەکانی خەڵک .ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی و ناپسپۆڕ ی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کابینەکە کە پێشتر کەسانی ناسراوو خاوەن ئەزموون نەبوون ،لەلایەکیتر زاڵبوونی فەزایەکی حیزبی بەسەر حکومەتەکەوە ئەندامانی تەواو دەستە پاچەکردوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.
سێهەم..زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناڕازین لەم حکومەتە بە سەرۆک و ئەندامانی کابینەکە.چونکە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی هیواو لە ئاست خواست و داواکانیاندا بنو کەسانێک بن کە هەندێک لە کورسیەکانیان دابەزن و بزانن خەڵک لە چ دۆخ ێکدا دەژین .
چوارەم..بوونی حکومەتێکی بەسیاسیکراو،کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە و ئەوانیش کردوویانە بە فەزایەک بۆ دەستخستنی بەرژەوەندی بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان .چونکە لەخەیاڵدانی ئەم دوو حیزبەدا شتێک نیە بەناوی حکومەتی هاوڵاتیان یان حکوومەتی چاک.
پێنجەم..لە ئێستادا گەندەڵی زۆر بە خێرایی گەشەدەکات و تەواوی جومگەکانی حکومەتی گرتۆتەوە .ئەم حکومەتەش پەل و پۆش شکاوە لە چارەسەری دا لە ڕاستیدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حکومەتێکی سێبەر کە ڕابەرایەتی پلانی گەندەڵی دەکات.ئەمانە گروپێکی بەھێزن خاوەنی هێزو میلیشیاو دەسەڵاتی تایبەتن لەناو حکومەت و پەڕلەمان و دادگاکان و میدیاشدا .لەبەر ئەوە ئەو حکومەتەی لە واجیهەدا دەیبینی هیچ دەسەڵاتێکی نیەو تەنها ئەجیندای حکومەتە سێبەرەکە جێبەجێ دەکات .
لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتە توانای دەستبردنی نیە بۆ دۆسیە هەستیاریە کان لە چارەسەری گەندەڵیدا،کەواتە لە ئێستادا ئاڕاستەیەکی خۆکوژی وەرگرتووە و دواجار هەموان بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار دەبات.