هەرێمی کوردستان و پەرلەمانێکی وێران !

لەلایەن ستاندار Posted on 533 جار بینراوە

د. رێبین سۆفی

پەرلەمان،  دەسەڵاتی یاسادانان پێكدێنێ و نوێنەرایەتی گەل دەکات بۆیە  بەیەکێك لە گرنگترین دامەزراوە دەستووریەکانی ئەو هەرێمانە، یان ئەو وڵاتانە دادەنرێ کە هەنگاو بەرەو دێموکراتی دەنێن. بەڵام،  لە سایەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی لە هەرێمی کوردستان، ئێستا گەل خاوەنی پەرلەمانێکی وێرانە. پارتی و یەکێتی وایانلێکرد، چونکە هاوسەنگی نێوان هەردوو ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکردنیان لە ناوبرد.
لەڕاستیدا، دێموکراتی لەکاتێکدا لە دایك دەبێ، کە گەل، لە دەوڵەتەکەیدا خاوەنی سەروەری ودەسەڵاتی راستەقینەی خۆی بێت. بۆ روونکردنەوەی ئەم مەسەلەیە، کە تەماشای پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکەین چەندین جۆرە سیستەمی حوکمڕانی دەبینین. جۆری یەکەم: سیستەمی سەرۆکایەتیە، بەوە جیادەکرێتەوە، کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە لایەن گەلەوە  بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێدرێت، ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و زۆربەی دەوڵەتەکانی ئەمریکای باشوور لەمجۆرەن. عێراقی سەردەمی سەدامیش وابوو. جۆری دووەم: ئەگەر دانانی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە بێت کە ( لە سیاسەت بەرپرسیارنیە)،  ئەوا سیستەمی پەرلەمانیە. زۆربەی دەوڵەتانی ئەوڕوپا لەو جۆرەن. عێراقی ئێستاش بە پێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ لەو شێوەیە. هەروەها، هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور دەبێ هەر وابێ. سیستەمی تێکەڵاویش لە تێکەڵ کردنی هەردوو جۆری یەکەم ودووەم پێكدێت. دەوڵەتی فەڕەنسا و میسر لەو جۆرەن. جۆری چوارەم: سیستەمی کۆمەڵە (جمعیە)یە،کەسەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە لایەن پەرلەمانەوە دادەنرێت، دەوڵەتی سوێسرا لەو جۆرەیە. بەهەرحاڵ، پەرلەمان لە هەموو جۆرەکانیدا، چونکە نوێنەری هەڵبژێردراوی گەلە، لەڕێزبەندیدا لەپلەی یەکەمدایە و لە تواناشدا یان یەکسانە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یان لەو بەرزترە.
دیارە، یەکێك لە تایبەتمەندیە هەرە سەرەکیەکانی سیستەمی پەرلەمانی ئەوەیە، دەبێ هەردوو ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکردن هاوکارو هاوسەنگی یەکتربن. هاوکاری بەومانایە دێ، ئەگەرچی یاسادانان لەتایبەتمەندیەکانی پەرلەمانە، بەڵام حکومەت دەتوانێ پرۆژە یاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات. بەهەمانشێوە، دەتوانێ مەراسیم ورێنمایی دەربکات. هەروەها، لە هەندێ وڵات وەزیر، دەتوانێ ئەندام پەرلەمانیش بێت.  پەرلەمانیش هاوکاری حکومەت دەکات لە پێدانی متمانە بەبەرنامەسیاسیەکەی و پەسند کردنی بودجە و پڕۆژە یاساکان و … هتد. لەلاکەی تر، هاوسەنگی بەومانایەدێ کە هەر دووکیان دەتوانن یەکتری بوەستێنن. بۆ نمونە، پەرلەمان ئەو مافەی هەیە، لە کاتی پێویست متمانە لە حکومەت وەرگرێتەوە. هەروەها، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دەتوانی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام، ئەو هاوسەنگیە لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان نەماوە. چونکە، بەزۆری حکومەت باڵا دەست بوە، بۆ نمونە، لە خولی پێشوو،  پارتی وحکومەتەکەی، پەرلەمانی بۆ دوو ساڵ وەستاند نەیهێشت سەرۆکەکەی نەك بچێتەوە پەرلەمان، بەڵکو نەیهێشت بێتەوە هەولێر! بەپێچەوانە، قەد پەرلەمان نەیتوانیوە متمانە لە حکومەت وەرگرێتەوە.   لەم خولەی ئێستاشدا، کە پارتی بە هۆی تەواوی دەنگی پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکانەوە  زۆرینەی رەهای لەپەرلەمان هەیە، هەر بڕیارو یاسایەك بیەوێ دەتوانێ تێیپەڕێنێ، تەنانەت دەتوانێ پەرلەمان راگرێ یان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە خۆی لە پەرلەمان و حکومەت زۆرینەیە.  کەواتە، هەموو حزبەکان، جگە لەپارتی و پێهاتەکان نەبێ، هەبون ونەبونیان لەپەرلەمان گرنگ نیە. هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن زۆر توندێش بێ تەنانەت شەڕیش بکات هیچی پێناکرێت! ئەوەش هەڕەشەیە لەسەر دێموکراسی، چونکە کاتێك حزبێك بەسەر پەرلەمان و حکومەت زاڵ دەبێت، سیستەمی پەرلەمانی بەئاسانی بەرەو دکتاتۆیەت مل دەنێ. بەتایبەتی، ئەگەر دێموکراتیەت لەسەر بنەمایەکی دروست (وەك هەرێمی کوردستان) دانەمەزرابێ. بۆ نمونە، سیستەمی پەرلەمانی بوو، هیتلەری لە ئەڵمانیا بەرهەم هێنا.  بەکورتی، هەر پەرلەمانێك، لە سیستەمی پەرلەمانی، کە هاوسەنگی لە دەستدا چاوەڕێی هیچی لێناکرێت.
بێگومان، وەزیفەی سەرەکی پەرلەمان لەهەموو دەوڵەتێکدا، بریتیە لەیاسادانان و چاودێری کارەکانی حکومەت. کە هەردوو وەزیفەکە لە رووی مێژوویی و سیاسیەوە،  بە گرنگترین وکۆنترین وەزیفەکانی پەرلەمان دادەنرێن. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وا لە دوو ساڵی تەمەنی نزیك دەبێتەوە، تا ئێستا جگە لەیاسای چاکسازی لە موچەی فەرمانبەران وخانەنشینان و تەملیك کردنی خانوە تەجاوزەکان، یاسای تری وای دەرنەکردوە شایانی باسکردن بن. لە مەسەلەی چاودێری کردنی حکومەت، کە بە مەبەستی دیراسە و هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەتە، لە پێناوی پاراستنی بەرژەوندییەکانی گەلە، لە هەمانکاتدا پێوەرێکی گرنگیشە بۆ لێوەشاوەیی پەرلەمان و ئاماژەیەکیشە لە پلەی گەشە کردنی دێموکراتی کۆمەڵگا. ئەویش،  بریتیە  لە مافی پرسیار کردن لە حکومەت ومافی ئیستجواب و مافی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی. ئەوەندەی ئاگاداربین، پەرلەمانی هەرێم، تەنها مافی پرسیارکردنی جێبەجێ کردوە، کەچەند وەزیرێکیان بانگی پەرلەمان کردوەو پرسیاریان لێکردون، ئەویش تەنها بۆ روونکردنەوە بوە.  پەرلەمانی هەرێم ، لە  زۆربەی خولەکان، هیچیان بایی ئەوە کارا نەبوون، کە هەموو مافەکانی چاودێری کردن بەکار بهێنن بە تایبەتی لە ئیستجوابی حکومەت، ئەگەر بەراوردی پەرلەمانی فیدرالی عێراقی بکەین ئەوا ئەو زۆر کارا تر بوە، چونکە وەزیرەکانی بەرگری و دارایی و چەندین وەزیری تری لابرد. هەروەها، پەرلەمانی هەرێم لە مافی لێکۆڵینەوشدا هیچ لێوەشاوەیی پێشان نەداوە. هەروەك، لە خولی پێشوودا چەندین کێشەی گەورە  هەبوون وەك: پشت کردنە یەزیدیەکان کە داعش پەلاماریدان و زۆری لەناوبردن، بازرگانی کردن لە گەڵ داعش، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، گەلێکی تریش، کەچی پەرلەمان لەسەر هیچیان لێکۆڵینەوەی نەکرد. بەهەمانشێوە، لەم خولەشدا ناتوانێ لێکۆڵینەوە لەم هەموو دزی و گەندەڵیانە بکات.  هەمووی لەسەر یەك، پەرلەمان نە لە ئاستی یاسا داناندا کارایە، نە دەتوانێ چاودێری کارەکانی حکومەت بکات.
لە کۆتاییدا، لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەی ئاماژەیان پێدرا،  دەبینین لە ئاکامی گەندەڵی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئاستی پەرلەمان لە بەرامبەر حکومەت زۆر دابەزیوە، تواناو هەیبەتی نەماوە. چیتر ناتوانێ وەزیفە بنەڕەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بۆیە هەڵوەشانەوەی لە مانەوەی گەلێك باشترە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.