ستاندەر
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی رەسمی پارتی رایگەیاند”دەستپێخەرییەكمان كردوە، كە ھەردو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان دەستپێبكەنەوە، چونكە چەند گفتوگۆ دوابكەوێت، زیانی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت”.
حەداد وتیشی”داوامان كردوە بەپیر داوەكەمان بێن و دەست بە گفتوگۆ بكەن، چاوەڕێش دەكەین بەمزوانە گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە، چونكە بەربەستێكی قورس نییە كە نەگەنە رێككەوتن، بۆیە گفتوگۆكان دەستپێدەكەنەوە بۆ ئەوەی ھەردولا بگەنە رێككەوتن”.
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی”بەهۆی پشوی پەرلەمان و توشبونی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا 1/9 ناتوانین دەست بە كۆبونەوەكان بكەینەوە، بە تایبەت لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا.”