وردەكاری خۆپیشاندانەكەی هەولێر لە زاری یەكێك لەدەستگیركراوەكان ئاشكرادەكرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 389 جار بینراوە

ستاندەر

بەهزاد موحسین، مامۆستا و یەكێك لە بەشدارانی خۆپیشاندانەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی هەولێر رایگەیاند ئێمە ئەوانەی دەستگیركراین ژمارەمان 72 كەس بوە، وتیشی بۆ داوای مافی خۆم بەشداری خۆپیشانادانەکەی هەولێرم کرد، کە لەلایەن پیاوانی ئەمنی هەولێر بە هەمو جۆرێک و بە توندترین شێوە ڕێگریان لێ کردین و نەیانهێشت بگەینە شوێنی دیاریکراو “بەردەم پارکی شانەدەر”

وتیشی:” لە ناو ئاسایش دوای وێنەگرتن بە هەر سێ ڕو “پێشەوە و هەردو لا تەنیشت” و ئازارێکی زۆری دەرونی و جەستەیی و مانەوەمان زیاتر لە ٤ سەعات بەو سوکایەتیەوە، ئیتر براینە مکافەحە “بنکەی نەهێشتنی تاوان”ی هەولێر، کە ئەو بنکەیە سەردەمێکە بۆ زیندانیان بەکار ناهێنرێ، هەر بۆیە هەستمان کرد، بۆ شوێنێک دەبرێین، تا سۆراغمام نەکرێ و شونبزر بین. ئیتر ئەوە بو زیاتر لە شەو و ڕۆژێک ماینەوە و پاشان ئازاد کراین.”

دەقی نوسینەكەی بەهزاد موحسین بخوێنەوە:

ئەوپەڕی سوپاس و ڕێزم!

لە خۆپیشاندانەکەی ١٢/٨ی ڕۆژی چوارشەممەی هەولێر، وەک چالاکوانێکی مەدەنی و فەرمانبەرێکی موچەبڕاو و هاووڵاتیەکی مافخوراو لە دەیان ڕوەوە، بۆ داوای مافی خۆم بەشداری خۆپیشانادانەکەی هەولێرم کرد، کە لەلایەن پیاوانی ئەمنی هەولێر بە هەمو جۆرێک و بە توندترین شێوە ڕێگریان لێ کردین و نەیانهێشت بگەینە شوێنی دیاریکراو “بەردەم پارکی شانەدەر”، تا لە گردبونەوەیەکی نەرم و ئاسایی داوای مافەکانی خۆمان بکەین.

لە نزیک فلکەی “مامز”ەکە یەک دو جار لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ئاساییش و موعتەمیدەکانیان پێکهەڵپژاین و بەزۆر و هێزی بازو دو لە خۆپیشاندەرەکانمان لە دەستیان ڕزگار کرد، بۆ جاری سێیەم کە کەشەکە لەلایەن ئاساییشەکانەوە زۆر توندتر بو، ژمارەیاکی زۆرتریان لە ئاساییشەکانیان بۆ هێناین و چواردەورمانیان گرت و لە مینیپاسێک دابەزین و دەمانچەیان لێ سوار کردین و یەکێکیان ڕێک دەمانچکەی خستە سەر نێوچەوانم و ئیتر بە لێدانێکی زۆرەوە سواریان کردین و یەکسەر بۆ ئاساییشی هەولێر.

لە ناو ئاساییشیش دوای وێنەگرتن بە هەر سێ ڕو “پێشەوە و هەردو لا تەنیشت” و ئازارێکی زۆری دەرونی و جەستەیی و مانەوەمان زیاتر لە ٤ سەعات بەو سوکایەتیەوە، ئیتر براینە مکافەحە “بنکەی نەهێشتنی تاوان”ی هەولێر، کە ئەو بنکەیە سەردەمێکە بۆ زیندانیان بەکار ناهێنرێ، هەر بۆیە هەستمان کرد، بۆ شوێنێک دەبرێین، تا سۆراغمام نەکرێ و شونبزر بین. ئیتر ئەوە بو زیاتر لە شەو و ڕۆژێک ماینەوە و پاشان ئازاد کراین.

ئەگەرچی خودی ڕوداوەکە شەو و ڕۆژێکە، بەڵام چیرۆکەکەی زۆر لەو ماوەیە درێژتر بو و تەنانەت ئەوەی من دیم، چیرۆکەکە لەتەک خەمئاوەری و بەرزەفت کردن زیاتر گەشبینی پێوە بو. ئەو گەنجە خوێنگەرمانەی زیندان نەسلێکی زۆر تازە و چاوەڕواننەکراو بون، ئای من کە قەرزاریانم! من بە تەجروبەی خۆمەوە دڵم دەدانەوە و دەمگوت هیج نیە و ئێوە هەموتان ئازاد دەبن، ئەوانیش دەیانگوت ئێوەش بڕۆن، ئێمە دێینە جێی ئێوە و جێی ئازادی. سوپاسی من بۆ ئەو جیلە تازە لەوێوە بو، بە هەڵوێست و گفتە ئازادیخوازەکانیان هەر لە زیندان، هێندە جێبرینە جەستەیی و دەرونیەکانیان بۆ هەتوان کردم، کاتێک ئازاد کرام، پێم وابو هیچ کەس هێندەی من دەرونساغ و لەشساغ نەبووە و نیە!

دیار بو هەر لە سەرەتای دەسگیرکردنەکامان کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆز و خۆشەویست، سەرەتا لە هەوڵی سۆراغ و دەواتریش لە هەوڵی ئازادکردنی ئێمە زۆر ماندو بون و فشاری باشیان دروست کرد. ئاگادارم لە کەس و هاوڕێ و چالاکان و ڕۆژنەمانوسانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم فشاری جددیان لە ڕێی ڕکخراوە نێودەوڵەتی و کونسڵخانەکانی هەولێر دروست کردوە و بە دڵنیاییەوە جێی خۆی گرتوە، بە لێبوردنەوە ژمارەیان هێندە زۆرە ناتوانم یەک یەک ناویان بێنم. سوپاسێکی زۆریش بۆ کۆمەڵێک دۆستی پارتی و خەڵکانێکی پارتی، کە لە سۆراغ و داوای ئازادکردنی ئێمە درێغییان نەکرد و تەکلیفی قورسیان خستە سەر خۆیان.

پێم باشە، بە پێی دەرفەت چیرۆکی ئەم خۆپیشاندان و دەستگیکردنە شەو و ڕۆژیە بگێڕمەوە، بۆ ئەوە نا تا باسی خۆم بکەم، کە حاڵی من لە بەشێکیان زۆر باشتر بو، بەڵکو دەمەوێ باسی ورە و جوامێری ئەو گەنج و مێردمنداڵانە بکەم، کە بە ڕاستی جێی ئومێدن و ئەو تێڕوانینە هەڵەیە ڕاست بکەمەوە، کە پێمان وایە ئەو جیلە نوێیە هەمویان دیلی پەپجی و تیکتۆک و ئیمۆن.

ئەگەرچی ئەم پۆستە تایبەت بو بە سوپاس و پێزانینم بۆ هەمو ئەوانەی هەوڵی ئاداکردنی ئێمەیان دا، بەڵام بە ئاگاداری و بە مەبەستەوە بە پێویستم زانی، زۆر بە کورتی بەشێکی بۆ باسکردنی هێڵە گشتیەکانی دەستگیرکردنەکەمان تەرخان بکەم.

تێبینی: ئێمە کە ژمارەمان (٧٣) کەس بو، چوار دانەیان لەگەڵ ئێمە ئازاد نەکرد، ئەوانیان بۆ لایەکی تر برد، جا چونکە پێشتر نەمدەناسین و ئێستاش هیچ لینکێکی ئەوانم لانیە، نازانم ئازاد کراون یان نا. گەر هەر کەسێک ئەم پۆستە دەبینێ و هەواڵێکی لەوان هەیە، زۆر سوپاسی دەکەم، گەر ئاگادارم بکاتەوە.
ناوەکانیان:
١-عیسا – مامۆستای زانکۆ لە بەشی عەرەبی کۆلێژی پەروەدەی مەخمور.
٢-نیزام – پێشمەرگە بو.
٣-کارزان ئەنوەر – لە ئاساییش پشکنینیان بۆ کرد، گوایە کۆڕۆنای هەبو.
٤-ئەنەس ئەنوەر- برای بچوکی کارزان بو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.