پرۆژە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى یان پرۆژە یاساى دەمکوتى خەڵکى نا ڕازى!

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

چەند سەرنجێکى یاسایى
جمال حمەڕشید
پارێزەرى ڕاوێژکار و ماستەر لە یاساى گشتى

پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى 27/7/2020 خوێندنەوەى یەکەمى کرد بۆ ( پرۆژە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى )، ئەگەر سەیرى ناوى پرۆژە یاساکە بکەین دەڵێت پرۆژە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى ، واتە دەبێت یاساکە باس لە ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى بکات، میدیاى ئەلکترۆنیش بە واتاى دەزگاى ڕاگەیاندن و دامەزراوەى میدیایى دێت ، بەڵام لە ناوەڕۆکى یاساکەدا سەرجەم خاوەن ئەکاونت و لاپەڕەیەکى تۆڕى کۆمەڵایەتى هەر هاوڵاتیەکى ئاسایى کە نە ڕۆژنامە نوس بێت یان بە بێ ئەوەى هیچ لە کارى میدیا بزانێت تێکەڵ کراوە بە کارى میدیا و هەمان بەرپرسیارى میدیاکارى خستۆتە ئەستۆ، هەر لێرەوە ناوى پرۆژە یاساکە هەڵەیەو تەنها رێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى نیە و بەڵکو بەم ناوەڕۆکەوە دەتوانرێت پێى بوترێت پرۆژە یاساى کۆنترۆڵ و بێ دەنگ کردنى هاوڵاتیان!

کاتێک سەیرى ماددەى یەکەمى پرۆژە یاساکە دەکەیت دەبینیت کە پێناسەى “بڵاو کردنەوەى ئەلکترۆنى” دەکات و دەڵێت : ( گواستنەوە یان پەخش یان ناردن و یاخود وەرگرتنى چالاکى میدیایى ئەلکترۆنى و ئەو بابەتانەى کە لە ڕێگەى لاپەڕەو ئەکاونتەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و گروپەکانى ناو ئامرازەکانى پەیوەندیکردن بەهۆى بەکارهێنانى ئامێر و جێبەجێ کارى (ئاپ APP )ى ئەلکترۆنى سروشتەکەى هەر جۆرێک بێت یان هەر ئامرازێکى دیکەى تەکنیکى مۆدێرن بەو ئامانجەى لە لایەن خەڵکەوە دەستاودەستى پێ بکرێت)

ئاشکرایە لاى هەموان لە ئەمڕۆدا ئەوە تەنها دامەزراوەى میدیا نیە بتوانێت خاوەنى ” بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنى” بێت بەڵکو سەرجەم هاوڵاتیان دەتوانن خاوەنى بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنى بن یان دەتوانن بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنیان هەبێت لە ڕێگەى بوونى ئەکاونت یان لاپەڕەى کەسى خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى ئێنتەرنێت، یان هەر ئەکاونت و گروپى وەک ڤایبەر و واتسئەپ و ئینستگرام و تەلەگرام و چەندینى تر .

باس کردنى بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنى و جێکردنەوەى لەم یاسایەدا بەم شێوەیە، ئامانجى مەترسیدارى لە پشتەوەیە چونکە دەتوانرێت بەم یاسایە هەر کەسێک دادگایى بکرێت کە خاوەن بڵاوکردنەوەیەکى ئەلکترۆنى بێت، ئیتر با میدیاکاریش نەبێت و شارەزاى کارى میدیاش نەبێت! ئەمە لە لایەک لە لایەکى ترەوە لە بڕگەى 7 ى ماددەى چوارى یاساکەدا دەڵێت : ( ئەم یاسایە بەسەر ئەم وێبسایت و میدیا ئەلکترۆنیانەى خوارەوە جێبەجێ دەکرێت ( – وێبسایتە کەسیەکان و لاپەڕەو ئەکاونتەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و گروپەکانى ناو ئامرازەکانى پەیوەندیکردن ) ، لێرەدا بە ڕوون و ئاشکرایى سەرجەم بەکارهێنەرانى تۆڕى ئەنتەرنێتى دیارى کردوە کە حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە و دەتوانرێت هەر خاوەن پۆستێکى تۆڕى کۆمەڵایەتى یان خاوەن کۆمێنتێک بەم یاسایە دادگایى بکرێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەم یاسایە تەنها مەبەست لێى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى نیە بەڵکو بە دیارى کراوى مەبەستى جڵەوگیر کردنى هەر بڵاوکردنەوەیەکى ئەلکترۆنیە لە هەر کەسێکەوە بێت. ئەمەش واتە تەسککردنەوەى ئازادیەکان و زەوتکردنى مافى دەربڕینى ڕاى ئازاد کە لە ماددەى 38 ى دەستورى عێراق ئەم مافە چەسپێنراوە، هەروەها پێچەوانەى دەقى چەندین ڕێککەوتنامەو بەڵێننامەى نێودەوڵتیە وەک جاڕى گەردونى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتوەکان.

لە ماددەى 11 ى یاساکەدا سەرنوسەرى وێبسایت و میدیایەکى ئەلکترۆنى هاوتا و یەکسان کردوە بە خاوەن ئەکاونت و لاپەڕەیەکى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەوەى کە هەردوکیانى وەک یەک بەرپرس کردوە لە ناوەڕۆکى ئەو بابەتانەى بڵاو دەکرێتەوە، لە کاتێکدا هەموو دەزانین بڵاوکراوەیەکى ئەلەکترۆنى لە دەزگایەکى میدیایى زۆر جیاواز ترو کاریگەر ترە وەک لە بڵاوکراوەیەکى ئەلەکترۆنى کە لە ئەکاونتێک یان لاپەڕەى ئەلکترۆنى کەسێکى ئاسایى یان هاوڵاتیەکى ئاسایى بڵاو دەکرێتەوە . نازانین بە چ پێوەرێک ئەم دوو حاڵەتە هاوتا و یەکسان کراوە!

لە لایەکى ترەوە ئێمە یاساى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى کردنمان هەیە کە ساڵى 2008 دەرچوەو بەرکارە کە دەکرا خاوەنى ئەکاونت یان لاپەڕەى تۆڕى کۆمەڵایەتى کە هاوڵاتى ئاسایى یەو ڕۆژنامەنوس یان میدیاکار نیە بەو یاسایە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت وەک ئێستا کە بەو شێوە دەکرێت، نەک تێکەڵ بە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى بکرێت. ئەگەر مەبەست رێگرتن لە ڕاى جیاواز و ئازاد نەبێت بەهۆى سزا سەخت و مەترسیدارەکانى ئەم یاسایەوە.

ماددەى (12) ى پرۆژە یاساکە مەترسى گەورە دروست دەکات لە سەر هەر کەسێک کە دەنگى نا ڕەزایى هەبێت بەرامبەر سیستمى حوکمڕانى و دەسەڵاتى هەرێم چونکە ئەم ماددەیەى یاساکە دەڵێت: ( هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیایى یە ئەلەکترۆنیانەى کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاو بکەنەوە کە بە پێى بڕگەکانى (2) و(4) ى مادەى چوارەمى یاساى ژمارە 3 ى ساڵى 2006 تایبەت بە بەرەنگار بونەوەى تۆقاندن (تیرۆر) دا بە تاوانى تۆقاندن هاتوون).

بەم ماددەیە دەتوانرێت هەر خاوەن بڵاوکراوەیەکى ئەلەکترۆنى ڕەخنە ئامێز سپاردەى دادگایى کردن بکات بە یاساى تیرۆر کە دەقى بڕگەى (4) ماددەى چوارى یاساى تیرۆر دەڵێت: ( 4. بە ئەنقەست، هەواڵ، ڕوونکردنەوە یان پرَوپاگەندەیەکى تۆقێنەر بڵاو بکاتەوە هۆیەکانى ڕاگەیاندنى بینراو بیستراو خوێندراو، یان ئەلەکترۆنى بە هەل وەربگرێت ، یان بە کاریان بێنێت ، لە ئەنتەرنێت بەیاناتى ئەوتۆ بڵاو بکاتەوە کە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەى هاندان بۆ ئەنجامدانى تاوانى تیرۆرکارى وەها کە ئاسایشى گشتى بخاتە مەترسیەوەو ترس بخاتە نێو هاوڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەى سیاسى هەرێم بکات)

سەرنج بدەنە سەر گوزارشتى (بگاتە ڕادەى هاندان بۆ ئەنجامدانى تاوانى تیرۆرکارى وەها کە ئاسایشى گشتى بخاتە مەترسیەوەو ……………….و هەڕەشە لە قەوارەى سیاسى هەرێم بکات)

ئەم گوزارشتە زۆر لاستیکیەو لێکدانەوەى جۆراوجۆر هەڵدەگرێت ، زۆر ئاسان بیانوو دەدات بە دەست دەسەڵاتەوە کە هەر کەسێک بڵاوکراوەیەک یان پۆستێکى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى وەک فەیس بوک یان تویتەر یان تلیگرام یان ڤایبەر یان واتسئەپ یان ئینستگرام یان….. تاد.بەکار بهێنێت دەتوانرێت بەم یاسایە دادگایى بکرێت کە سزاکەى تا 15 ساڵ دەڕوات ، ئەمەش بە ئاشکرا هەوڵدانە بۆ ڕێگرى کردن لەو دەنگە نا ڕازى و ڕەخنانەى کە هەیە لە ئەداى دەسەڵات و حکومەت و حیزب ، لە کاتێکدا ئەم مافى ئازادى ڕا دەربڕین و نا ڕەزایى و ڕەخنەیە بە دەستور پارێزراوە.

یەکێکى تر لە کاریگەریەکانى سزادان بە یاساى تیرۆر ئەوەیە کە لە ماددەى (11) ى ئەو یاسایەدا هاتوە کە دەست بەسەر سامانى گوازراوە و نەگوازراوەى ئەو کەسانەدا دەگیرێت کە بەم یاسایە تۆمەتبار دەکرێت و سزا دەدرێت.
هەروەها بە پێى ماددەى (12) ى یاساى تیرۆر تاوانى تیرۆر بە یەکێک لە تاوانە ئابروبەرەکان دەژمێردرێت. کە تۆمەتبار بوون بە تاوانى تیرۆر کاریگەرى مەترسیدارى هەیە بۆ سەر پێگەى ئابورى و مەعنەوى کەسى تۆمەتبار، چۆن دەکرێت لەسەر بڵاوکراوەیەک، کەسێک بە سزاى مەترسیدارى تیرۆر سزا بدرێت؟! ئەمە هەوڵدانى ئاشکراى دەسەڵاتە بۆ دەمکوتکردن و بێ دەنگ کردنى هەر دەنگێکى نا ڕازى و سەرەتاى سەپاندنى حوکمى پۆلیسى و دکتاتۆریە.

لە ماددەى (13) ى پرۆژە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى هاتوە کە دەڵێت : ( جگە لەو سزایەى لە ماددەى (12) هاتوە ، دادگاکان بە پێى بڕگەى (دووەم) ى ماددەى شەشەمى یاساى ژمارە (35) ى 2007 یاساى ڕۆژنامەگەرى کوردستان سزاى سەرپێچیکەران دەدات)
جگە لە سزاى هاتوو لە مادەى (12) دا ماددەى (13) ى یاساکە دەستى دادوەرى واڵا کردوە کە تۆمەتبار بە یاساى ڕۆژنامەگەرى کوردستان سزا بدات کە بڕى سزاکە لە یەک ملیۆن دینار دەست پێدەکات تا بڕى دوو ملیۆن دینار.
کە ئەمەش ناکرێت هاوڵاتى ئاسایى بەم یاسایە سزا بدرێت چونکە هاوڵاتى ئاسایى جیاوازە لەگەڵ ڕۆژنامەنوس و میدیاکار، دەقى ئەو یاسایەش (یاساى ڕۆژنامەگەرى) بۆ ڕۆژنامەنوسە کە ئەمەش تێکەڵاو کردنێکى نا دادپەروەرانەو ستەمکارانەیە بەرامبەر هاوڵاتى ئاسایى .

لە ماددەى (16) ى ئەم پرۆژە یاسایەدا کە باس لە سزاکان دەکات لە بڕگەى دووەمى ئەم ماددەیەدا دیسان تێکەڵاویەک کراوە لە نێوان سەرنوسەرى وێبسایتى دەزگایەکى میدیایى لەگەڵ خاوەن ئەکاونت و لاپەڕە فەرمیەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە سزایەک کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

لە کاتێکدا لە ماددەى (13) ى پرۆژە یاساکەدا سزاى بۆ ڕۆژنامە نوس داناوە بە پێى یاساى ڕۆژنامەگەرى کوردستانى ساڵى 2007 ، بەڵام لە ماددەى (16) ى پرۆژە یاساکەدا دیسان جۆرێکى تر لە سزا بۆ هەمان تۆمەتبار دیارى کراوە کە ئەمەش ناگونجێت لە ڕووى یاسایى یەوە و دەستى دادوەر واڵا دەکات بە ویست و میزاجى خۆى چۆن بیەوێت بەو شێوە سزاى تۆمەتبار بدات یان بە پێى ماددەى 13 یان بە پێى ماددەى 16 بە بێ ئەوەى جیاوازى ئەوتۆ لە تەکییفى قانونى ئەو دوو ماددەیەدا کرا بێت!

یان ئەگەر ماددەى 13 باس لە ڕۆژنامەنوسە بۆ لە ماددەى 16 دا دووبارە کراوەتەوە بە سزایەکى جیاواز ؟ خۆ ئەگەر دەوترێت سزاى ماددەى 16 بۆ خاوەن ئەکاونت و لاپەڕەى فەرمیەکانە، ئایا دەکرێت سزاى خاوەن ئەکاونت و لاپەڕەى فەرمى کەسێکى ئاسایى زیاتر بێت لە سزاى ڕۆژنامەنوسى دەزگایەکى میدیایى ؟! ئەمەش ناگونجێت چونکە کاریگەرى بڵاوکراوەیەکى دەزگایەکى میدیایى زۆر جیاواز و زیاترە لە کاریگەرى بڵاو کراوەى خاوەن ئەکاونتێک یان لاپەڕەى کەسێکى ئاسایى.

لە بڕگەى 3 ى ماددەى 16 ى ئەم پرۆژە یاسایەدا هاتوە کە دەڵێت : ( لە کاتى بڵاوکردنەوەى ماددەیەکى میدیایى دا، کە بە پێى خاڵەکانى (2) و(4) ى “مادەى چوارەم” ى “یاساى ژمارە 3 ى ساڵى 2006 یاساى بەرەنگار بونەوەى تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمى کوردستان – عێراق” بە تاوانى تۆقاندن هاتوون و قەدەغە کراون، سەرنوسەرى “وێبسایت” و خاوەنى ئەکاونت و لاپەڕەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، سزاکانى هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە)

واتە ئەوانەى بە بڕگەى (2) و(4) ى ماددەى (4) ى یاساى تیرۆر تۆمەتبار دەکرێت هەمان سزاى ئەو تاوانە دەیانگرێتەوە کە پانزە ساڵ زیندانى و دەست گرتن بەسەر سامانى گواستراوەو نەگواستراوەیە و ئەمە جگە لەوەى تاوانى تیرۆر بە تاوانێکى ئابروبەر ئەژمار کراوە بە پێى یاساى تیرۆر کە ئەمەش جێکەوتەو کاریگەرى خراپى هەیە بۆ سەر لایەنى مەعنەوى کەسێتى کەسى تۆمەتبار و لە چەندین مافى سروشتى خۆى بێ بەش دەکرێت لە داهاتوودا.

لەبەر هەموو ئەوانەى کە باس کرا داواکارین لە سەرجەم فراکسیۆنەکانى پەرلەمان هەموارى تەواوى ناوەڕۆکى ئەم پرۆژە یاسایە بکەنەوەو بە تەواوى بیکەنە پرۆژە یاساى ڕێکخستنى میدیاى ئەلکترۆنى نەک بەم ناوەوە بیانەوێت خەڵکى نا ڕازى بێ دەنگ بکەن. لە هەمانکاتدا داوا لەسەرجەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و پارێزەران و یاسا ناسان و خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان دەکەین دەنگیان یەک بخەن و فشار دروست بکەن و نەهێڵن ئەم پرۆژە یاسایە بەم ناوەڕۆکەى ئێستایەوە دەربچێت، چونکە دەبێتە خاڵێکى ڕەش بە ڕووى پەرلەمان و کەشى ئازادى لە هەرێمى کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.