ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هۆشیداری دەداتە دەسەڵاتدارانی هەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 253 جار بینراوە

ستاندەر

سەلاحەدیین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە پەیامێك ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات و ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاری لە ئەمنی سەر و ئەمنی ماڵی هاووڵاتی ئەركی دەسەڵاتە و دەڵێت: “لەكاتی نەبوونیاندا بارودۆخ تێك ئەچێ و دەرگای هەموو ئەگەرێك كراوە ئەبێ”.

دەقی پەیامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو:

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
(إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ)
هاتنەوەی سەری ساڵی كۆچی و ساڵیادی هیجرەتی سەروەری مرۆڤایەتی محەممەد (ﷺ) لە خۆمان و گشت خەڵكی كوردستان و عێراق و ئوممەتی موسڵمان پیرۆز ئەكەم.. داواكارم لە خودای باڵا دەست گەل و وڵاتمان و سەرجەم موسڵمانان و تێكڕای مرۆڤایەتی لە بەڵای ڤایرۆسی ( كۆڕۆنا ) بپارێزێت و شیفای نەخۆشەكان بدات و ساڵی نوێشمان پری بێ لەسەركەوتن و پێشكەوتن و ئاسودەیی .
ئەبێ ئێمەی شوێنكەوتوانی ئەم پێغەمبەرە سالارە ( ﷺ) كە خاوەنی ئەم یادەیە و پێش ( 1442) ساڵ هیجرەتی كرد لە مەككەوە بۆ مەدینە عیبرەت وەرگرین و ئامادەبین كۆچ بكەین لە خۆپەرستی و غەفلەت و تەمبەڵی و لادان و لاساریەوە بۆ ژیانی پابەندی و هەستی بەرپرسیارەتی و خواناسی و مرۆڤ دۆستی و بكەینە خاڵی وەچەرخانی ژیانمان..
لەم بۆنەیەدا بەبیری خۆمان و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ئەهێنینەوە پارێزگاری لە ئەمنی سەر و ئەمنی ماڵی هاوڵاتی ئەركی دەسەڵاتە و مایەی سوپاسگوزاری خودایە و هۆكاری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری كۆمەڵگەیە، بۆیە هەردوو پێكەوە گرێ دراون و لەكاتی نەبوونیاندا بارودۆخ تێك ئەچێ و دەرگای هەموو ئەگەرێك كراوە ئەبێ.. (فَلْيَعْبُدُوا رَبَّ هَذَا الْبَيْتِ (3) الَّذِي أَطْعَمَهُمْ مِنْ جُوعٍ وَآمَنَهُمْ مِنْ خَوْفٍ ).
هیجرەت پرۆسەیەكی گەڕان بوو بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عەدالەت و رزگاری لە كۆیلایەتی .. هجرەت سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو لە پێكەوە ژیانی هۆز و ئاین و پێكهاتەكان، نوێ بوو لە چەسپاندنی حوكمڕانی عادلانە و بنیاتنانی ژیانێكی پڕ لە ئەمنیەت و ئاسودەیی .. نوێ بوو لە باڵادەستبوونی حوكمی عەقیدەی یەكتاپەرستی و ئامادەكاری بۆ ناردنی پڕشنگی ئەو نوورە بۆ هەموو جیهانی ئەو رۆژە و تا ئێستاش بەردەوامە.
داواكارین سەری ساڵی نوێ ی كۆچیمان پیرۆزبێ و ساڵی داهاتوو پڕی بێ لە هەستی بەرپرسیارەتی و ئاشتەوایی و كۆتایی قەیرانەكان ..
صلاح الدین محمد بها‌ءالدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.