(جۆ بایدن) چی بۆ کورد دەکات ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 342 جار بینراوە

م.ڕاستی ڕەسوڵ

(جۆ بایدن) کاندیدی بەهێزی دیموکراتەکانی ئەمریکایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە کۆتایەکانی ساڵی (٢٠٢٠ ) ئەنجام دەدرێت، بەمەش دەبێتە یەکێک لە کەسایەتیە هەرە دیارەکانی ئەمریکا بۆ جێگرتنەوەی (تڕەمپ)، لەهەمان کاتدا (بایدن)کەسێکی نزیکی کوردە، هەروەها پێشتر نەخشە داڕێژەری بیرۆکەی دابەشکردنی عێڕاق بوو بۆ سێ هەرێم لە سەرەتای ڕوخاندنی حیزبی بەعس ساڵی( ٢٠٠٣)، ئەم پیاوە بەهێزەی ئەمریکا جێگری سەرۆک بوو لە سەردەمی (ئۆباما)ی سەرۆکی پشووتری ئەمریکا.
(بایدن) بەوە ناسراوە کە نەخشە و پلانەکانی هەمیشە درێژخایەن و دوور مەودان، هەروەکو باسمان کرد پێشتر دوای ڕوخانی ڕژێمی (سەدام حوسێن) لە عێڕاق ساڵی (٢٠٠٣) پێشنیاری سێ هەرێمی کرد بۆ (کورد) و (عەرەبی سوننە) و (عەرەبی شیعە)، بەڵام بەداخەوە ئەو کات ڕووبەڕووی دژایەتیەکی زۆر بووە وە، بێگومان ئەگەر ئەو کاتە پێشنیارەکەی (بایدن) بەهەند وەرگیرابا، نەدەگیشتینە ئەم وێرانکاریەی ئەمڕۆ، و لەوانەیە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی تربا، بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد لە باشور.
دەربارەی ڕۆژئاوای کوردستانیش (بایدن) پێی وایە کە نابێت ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک دەسبەرداری کوردەکان بێت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە هەمان کاتدا پێی باشە گرنگی بەو هاوپەیمانە کوردانە بدرێت کە لە باکوری سوریا هەن، کە لەگەڵ (داعش) دا جەنگاون بە هاوکاری ئەمریکا، و پێویستە چەکیان پێبدرێت و لە هێرشەکانی (ئەردۆغان) بپارێزرێن.
هەرچی باکوری کوردستانیشە، (بایدن) لە چاوپێکەوتنێکی ڤدیۆیدا کە بەر لەچەند مانگێک تۆمار کراوە، باس لەوە دەکات کە پێویستە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و کوردەکان بکرێت، بۆ ئەوەی شکست بە (ئەردۆغان) بهێنن، و دوربخرێتەوە لە دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی دیموکراسی، بێگومان ئەم لێدوانە مانای وایە ئەو دەسەڵاتی داهاتووی تورکیا سنودار دەکات، ئەگەر ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە لاوازی ئیدارەی ئەمریکا وایکردووە کە سەرۆکی تورکیا هەنگاوی مەترسیدار بنێت، و هەڕەشە لە کوردەکان لە سوریا و عێڕاق بکات، ئەم لێدوانەشی بۆتە هۆی ناڕەزایەتی (ئاکەپە) و لایەنگرانی لە تورکیا.
بەمەش تێدەگەین ئەگەر (بایدن) سەرۆکی ئەمریکا بوایە لە جیاتی (تڕەمپ) لەوانە بوو کورد هەم لە ڕیفراندۆم، و هەم لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتیش سەرکەووتوو بووایە، و ووڵاتە هەرێمیەکانی وەکو تورکیا و ئێرانیش نەیانتوانیایە دژایەتی کورد بکەن بۆ دەرکردنی لە (کەرکوک) و ناوچە کوردستانیەکانی تر، و لە ڕۆژئاواش کەس نەیدەتوانی هێرش بکاتە سەر کورد، و باکوری کوردستانیش بەم دەردە نەدەبرا.
هەڵبژاردنی (بایدن) بەسەرۆکی ئەمریکا لەو دوو سێ مانگەی داهاتوو، واتە داکوتینی توندترین بزمارە لە تابوتی دەسەڵاتی (ئەردۆغان) و دارودەستەکەی.
ئەمەش ڕێک مانای گێڕانەوەی کوردە بۆ ناو چەقی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ڕاستەوخۆ ڕۆڵ پێدانیەتی لە ڕووداوەکانی ناوچەکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.