ستاندەر
بەرپرسێكی باڵای پەكەكە رایدەگەیەنێت زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی لە هێرشەکەی سیدەکاندا هەیە کە تێیدا دوو ئەفسەری پلە باڵای عێراق و فەرماندەیەکی پەکەکەى تێدا کوژرا و هیواش دەخوازێت دەستی پارتی تێدا نەبێت، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی عێراق رایگەیاند لێكۆلینەوە دەكەن لەو جاسوسیەی كە بۆ سوپای توركیا كراوە كە ئەو هێرشەی لێكەوتۆتەوە.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە بە میدیاكانی حیزبەكەی راگەیاندووە، “دەوترێت سوپای تورک دێتە سیدەکان، باشە سوپای تورک چون دێتە سیدەکان؟ تا پارتی ڕێگەی پێنەدات، چۆن دەتوانێت بێتە سیدەکان، ئیمکانی نییە شتی وا ڕووبدات، ئەو ئەنجامانەی دەرکەوتوون پیشانی دەدات کە پێشمەرگە نە لەپاڵ گەریلا، بەڵکو لەگەڵ سوپای تورک وەستاوە، واتە لەگەڵ سوپای داگیرکەرە.”
ئەوەشی وتوە”هێرشەکانی ئەمڕۆی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە، دژی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانە، کەس پشتیوانییان ناکات، کێ بەناوی کوردایەتی پشتیوانییان بکات خیانەتکارە، لە تورکیاش کێ پشتیوانی ئەو فاشیستە قڕکەرانە بکات، دوژمنی کوردە، پارتی ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە فاشیستە بەهێزکردووە و پشتیوانیی دەکات کە عەفرین، سەرێکانی و هەفتانینی داگیرکردووە، هاوڵاتیی مەدەنی باشور دەکاتە ئامانج، گوندەکان چوڵدەکات و ژنراڵەکانی عێراق دەکاتە ئامانج، ئەو دەسەڵاتەی وەک هاوپەیمان هەڵبژاردووە.”