ماسی گرتن لە دەریای مردوو

لەلایەن ستاندار Posted on 458 جار بینراوە

ئارام ڕەفعەت

چەند سەرنجێک لەسەر پرۆژەی “شامی نوێ”
دوێنێ، ٢٥ی ئاب، هەر یەک لە سیسی و شا عەوبدوڵا و کازمی لە عومانی پایتەختی ئوردن کۆبونەوە. کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆ کردن بوو لەسەر رێککەوتنێک لە نێوان هەر سێ وڵاتی ئوردن، میسر و عێڕاق لەسەر پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری. پرۆژەکە بە “شامی نوێ” ناسراوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم پرۆژەیە چییە؟ ئەگەری سەرکەوتنی چەندە؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر کورد هەیە؟
🔸پرۆژەکە هی سەردەمی عەبادییە
ئەم پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی عەبادی سەرەک وەزیران بوو. سەرەتا پرۆژەکە تەنها لە نێوان میسر و عێڕاقدا بووئەمە سێیەمین کۆبونەوەی نێوان ئەم سێ وڵاتەیە.
◀کۆبونەوەی یەکەم لە مانگی ئاداری ٢٠١٩دا لە قاهیرە لەنێوان عەبدولمەهدی و سیسی و شا عەبدوڵا بەسترا
◀ کۆبونەوەی دووەم لە ئەیلولی ٢٠١٩ لە نییۆرک بەسترا.
◀ تا ئێستا هەر لەبواری گفتوگۆ دان و پرۆژەکە واژۆ نەکراوە.
🔸 پرۆژەکە لە بنەڕەتدا هی کێیە؟
پرۆژەی شامی نوێ لە بنەڕەتدا هی بانکی نێودەوڵەتییە و دەگەڕیتەوە بۆ پێش بەهاری عەرەبی. بەگوێرەی پرۆژە ئەسڵییەکە:
◀ پرۆژەی شامی نوێی بانگی نێودەوڵەتی، زۆر لەم پرۆژەیە فراوانترە و هەر یەک لە میسر، ئوردون، عێڕاق، تورکیا، سوریا، فەلەستین و لوبنان دەگرێتەوە.
◀ رووبەری پرژەکەی بانگی نێودەوڵەتی دوو ملیۆن و نیو کیلۆمەتر دوجا و چارەگە ملیۆنێک دانیشتوان دەگرێتەوە
◀ پرۆژەکە هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا دەبێت و بوارەکانی وزە و بازرگانی و ئابوری و کارگوزاری و گەشتیاری دەگرێتەوە.
🔸پایەکانی پرۆژەی شامی نوێی عێڕاق و میسر و ئوردن چین؟
◀ بەیەکەوە گرێدانەوەی ئەم سێ وڵاتە لەرووی بازرگانی و ئابوری و وزە و ئاساییشەوە.
◀ عێڕاق وەک کوتلەیەکی نەوتی و میسریش وەک کوتلەیەکی مرۆیی و ئوردونیش وەک هەڵقەی پێکەوە گرێدان.
◀ بۆڕییەکی نەوتی لە بەسراوە لەرێگای مینای عەقەبەوە بە میسر دەبەسرێتەوە.
◀ میسر و ئوردن نەوتی عێڕاقییان دەستدەکەوێت و ئەوانیش کارەبا دەدەن بە عێڕاق.
◀ عێڕاق نەوت بە داشکانی ١٦ دۆلار بەهەر یەک لە میسر و ئوردن دەفرۆشێت.
◀ ئەم وڵاتانە سەرمایەی خۆیان لە عێڕاقدا وگەڕ دەخەن.
◀ لیژنەیەکی سەرپەرشتیار دادەمەزرێت و هەر ساڵەی لەپایتەختێک دەبێت.
🔸 ئامانجی پرۆژەکە چییە؟
جگە لە پایە ئابوری و هاریکاری لەبواری وزە، کۆمەڵێک ئامانج هەن لەوانەش؛
🔘 ئامانجە راگەیانراوەکان.
بەیاننامەی دوای کۆبونەوە سێ قۆڵییەکەی سیسی و کازمی و شا عەبدوڵلا، هەندێک ئامانجی راگەیەنراوی پرۆژەکە دەخەنە روو، بۆ نموونە:
◀ بەهێزکردن و هاریکاریکردن بۆ تەرجومەکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەسەر ئەرزی واقیع.
◀ پشتیوانی میسر لە کێشەی ئاوی لەگەڵ ئەسیوبیا.
◀ پشتیوانی عێڕاق بۆ پاراستنی سەروەری و ئاساییشەکەی.
🔘 ئامانجە رانەگەیەنراوەکان
◀ دەرهێنانی عێڕاق لەژێر هەژموونی ئێران
◀ بۆ هەریەک لە میسر و ئوردن: دەستگەییشتن بە نەوتی هەرزان (١٦) دۆلار هەرزانتر لە نرخی بازاڕ، کە ئەمە لەسەر ئاستی بازاڕی وزەدا کەم وێنەیە
◀ بۆ کازمی: پەیداکردنی پشتیوانی سیاسی لەناو جیهانی عەرەبیدا بەمەبەستی مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
◀ هەر یەک لە ئوردن و میسر پێوەندی ئاساییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، رەنگە لەدوور مەودادا کازمی ئامادە بێت پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە بەمەرجی بەدەستهێنانی پشتیوانی رەهای ئەمریکا لە مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
🔸ئایا پرۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت؟
سەرکەوتن یان شکستی پرۆژەکە بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە، لەوانەش:
🔘 رەزامەندی ئەمریکا: پێدەچێت ئەمریکا رەزامەندی لەسەر هەبێت، چونکە؛
◀ راستەوخۆ دوای دیداری کازمی لەگەڵ ترەمپدا کۆبونەوەی سێیەمی پرۆژەی شامی نوێ ئەنجام درا
◀ کۆبونەوەی دووەمی ئەم پرۆژەیە لە ئەیلولی ٢٠١٩ لە نییویۆرک بەسترا، کە ئاماژەیە بۆ رەزامەندی ئەمریکا.
◀ هەر یەک لە ئوردن و میسر پەیوەندی بەهێزییان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە.
◀ لەئەساسدا ستراتیژی ئەمریکا لاوازکردنی رۆڵی ئێرانە لە عێڕاق، ئەم پرۆژەیەش ئەگەر سەرکەوێت ئەم کارە دەکات.
🔘 رەزامەندی ئێران و شیعەکان
ئەم پرۆژەیە ئەگەر رەزامەندی ئێران و شیعەکانی لەسەر نەبێت زەحمەتە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئایا ئەوان رەزامەندن؟
◀ ئێران ئەم پرۆژەیە بە پلانێکی ئەمریکی و لەدژی خۆی دەبینێت.
◀ ئێران بانگهێشتی کازمی کردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم پرۆژەیە.
◀ ناو ماڵی شیعی بەسەر خۆیاندا دابەش بوون و پێشبینی کردن ئاسان نییە. ئەو لایەنانەی لەسەر ئێران هەژمار دەکرێن هەڵوێستیان هەمان هەڵوێستی ئێران دەبێت.
🔘 تێچووی پرۆژەکە و دەسکەوتی ئابووری پرۆژەکە بە راکێشانی بۆڕییەکی نەوتی لە بەسراوە بۆ میسر لەرێی مینای عەقەبەی ئوردنەوە دەست پێدەکات.
◀ تێچوی پرۆژەکەش لەسەر عێڕاق دەبێت. کە ئەمەش پێناچێت لە توانای عێڕاقدا بێت.
◀ بۆ دەربازبوون لە تێچوی ئەم پرۆژەیە، کازمی داوای کردووە سەعودییەش بێتە ناو پرۆژەکە. لێرەدا رەزامەندی سەعودییە هۆکارێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی لایەنە وزەییەکەی پرۆژەکە.
◀ دابەزینی نرخی نەوت و داشکانی ١٦ دۆلار لەهەر بەرمیلێک نەوتدا، لە کورتماوەدا هیچ داهاتێکی وا بۆ عێڕاقی لێ بەرهەم نایەت.
◀ میسر وەک هێزی کار بەشداری پرۆژەکەیە. عێراق خۆی بەدەست کێشەی بێ کاری دەناڵێنێت.
🔸مێژوو چیمان پێدەڵێت
ئەمە یەکەم پرۆژەی عێڕاق نییە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. بەڵام هەموو پرۆژەکانی تا ئێستای لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەشکست و کارەسات کۆتایی هاتوون. لەوانەش؛
◀ پرۆژەی مەملەکەتی یەکگرتووی هاشمی لەنێوان عێڕاق و ئوردن لە ساڵی ١٩٥٦. ئەم پرۆژەیە بەهۆی کودەتای/شۆرشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ بە کۆتایی رژێمی پادشایەتی لە عێڕاق کۆتایی هات.
◀ پرۆژەی یەکێتی عەرەبی نێوان میسر و سوریا و عێڕاق لە ساڵی ١٩٥٩. ئەم پرۆژەیە بە کودەتای بەعسییەکان لە سوریا و عێراق و مردنی لەناکاوی عەبدولناسر کۆتایی هات.
◀ پرۆژەی یەکگرتنی هەردوو رژێمی بەعسی سوری و عێڕاقی لە ١٩٧٨ لەنێوان ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و حافز ئەسەددا. ئەم پرۆژەیە بە لابردنی ئەلبەکر لەلایەن سەدام و دوژمنایەتی ئەزەلی نێوان هەردوو بەعسی سوری و عێڕاقی کۆتایی هات.
◀ ئەنجومەنی هاریکاری عەرەبی لە نێوان عێڕاق و میسر و ئوردن و یەمەن لە ساڵی ١٩٨٩. ئەم رێککەوتننامە چووە بواری جێبەجێکردنیشەوە، بەڵام بەداگیرکردنی کوێت و شەڕی هاوپەیمانان لەگەڵ عێڕاقدا کۆتایی هات.
پێدەچێت، چارەنووسی ئەم پرۆژەیەش بەهەمان شێوەی پرۆژەکانی پێشوو شکست بێنێت.
🔸ئەم پرۆژەیە چی بۆ کورد تێدایە؟
ئەم پرۆژەیە راستەوخۆ دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی و بەهێزبوونی بەغدا و لاوازبوونی رۆڵ و پێگەی هەرێم، لەبەر ئەم هۆکارانە؛
🔘ئەزموونی مێژوویی
بەشێوەیەکی گشتی، هەموو پرۆژەیەکی یەکگرتنی عێڕاقی لەگەڵ ولاتانی عەرەبیدا، بەمەترسی ستراتیژی بۆ کورد هەژمار دەکرێت.
◀ جگە لە پرسی ئایدیۆلۆژیای عەروبە و پان عەرەبیزم، بۆ دوو مەبەست بووە. دەرچوونی رژێمە سوننیەکان لە مۆتەکەی زۆرینەی شیعی. هەر پرۆژەیەکی یەکگرتن لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان سوننەکان دەکاتە زۆرینە، لەگەڵ لێدان لە دۆزی کورد لەرێگای بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی.
◀ هەموو جۆرە یەکگرتنێک لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکاندا، تەنانەت ئەگەر مەغزای ئابووری سەرفیشی هەبێت، دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی نێوان عێڕاق و کوردستان.
◀ بەگشتی نوخبەی کوردی بەگومان و نیگەرانییەوە مامەڵەی لەگەڵ هەموو
یەکگرتنێکی عێڕاق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا کردووە و پێیان وابووە کورد زیاتر بەرەو کەمینەبوون و سرینەوە دەچن.
🔘 پەیامەکانی ناو بەیاننامەکە.
بەگشتی عەروبە و ناسیونالیزمی عەرەبی لە بەیاننامەی کۆبونەوەکەی عوماندا دەردەکەوێت. بۆ نموونە،
◀ لەباسی کێشەی ئاوی نێوان میسر و ئەسیوبیادا بەیاننامەکە دەڵێت “ئاساییشی ئاوی میسر بەشێکی نەپچڕاوە لە ئاساییشی نەتەوەیی عەرەبی” ئەم تێزە هەمان تێزی عەبدولناسر و بەعسییەکانە.
◀ پرۆژەکە هاوشێوەی پرۆژەکانی پێشوتر، لە باسی عێڕاقدا، بەیاننامەکە تەئکید لە سەر هەر سێ پرسی “پاراستنی سەروەری و ئاساییش و سەقامگیری” عێڕاق دەکاتەوە. سێ پرس کە بۆ دەیان ساڵ رژێمە یەک لەدوای یەکەکان وەک پاساوێک بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستانی بەکار هێناوە.
◀ پرۆژەکە هاوشێوەی پرۆژەکانی پێشوتر هەمو پرسە و کێشە سەردەمییەکانی وڵاتانی عەرەبی بە پرس و کێشەی سێ وڵاتەکە و پرۆژەکە دەزانێت، کە ئەمەش رەهەندێکی تری پان عەرەبیزم و عەروبەیە.
◀ پرۆژەکە هاوشێوەی پرۆژەکانی پێشوتر پاراستنی ئاساییشی نەتەوەی عەرەب بە ئەولەویەتی خۆی دەزانێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.