بۆ کوردستان وا دابەشکرا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 3527 جار بینراوە

      کازم عەباس زەندی

ئێمەی کورد لەزۆر بۆنەدا باس لەشەڕی چالدێران و گلەیی لەڕێککەوتنی سایکس بیکۆو لۆزان دەکەین و سیڤەر بەبیر خۆمان دەهێنینەوە، چونکە کە زلهێزەکان نەخشەیان پێکێشاو سنورەکانیان دیاریکرد، تێیدا خاکەکەمان دابەشکراو گوێ بەمافی کوردان نەدرا، لەئێستاشدا ئەم ولاتانە بەیەکەوە پاراستنی ئەم سنورانە بەئەرکی خۆیان دەزانن، چونکە مانەوەی سنورەکان بۆ نەتەوەکانی عارەب و تورک و فارس بەقازانجی خۆیان لێک دەدەنەوە، بونی کوردیش لەولاتەکانیاندا، بەپلانی درێژ خایەن، وەک پڕۆژەیەکی سڕینەوەو تواندنەوە مامەلەی لەگەلدا دەکەن، لەمەشدا پالپشتی یەکتر دەکەن، چونکە بەرژەوەندی ڕەگەزپەرستی نەتەوەیییان لەمەدا یەک دەگرێتەوە .

لەئێستادا کورد لەخەوی بێ ئاگایی ڕاپەڕیوه‌، به‌لام زۆر درەنگه‌و بەجێ ماوه‌، چونکە هەمو مافەکی نەتەوەیی لەدەستداوه‌، بەسەر چوار ولاتدا دابەشکراوه‌، هەر ولاتەکیش خاکەکەی بەمولکی خۆی و کورد بەمێوان دەزانی، هەردەم تەرازوی شەڕو دانوستانیش بەقازانجی داگیرکەران تەواو دەبێت، چونکە ئەوان خاوەن پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشن، پڕ چەکترن و هێزی زیاتریان هەیه‌ ، وەک کورد دابەش و دابڕ دابڕ نين، لەئێستاشدا کار گەیشتۆتە ڕاددەیەک کە داگیرکەران نەتەوەی کورد بەخاوەن ماف نەزانن و بەیەکەوە هەول بدەن کورد بکەنە کۆمەلە خەلکەک کە تەنیا ئەگەر لەڕاهی خودا مافی ژیانی پێ بدەن نەک وەکو نەتەوەیەک کە مافیان زەوتکردبێت، بۆیە کە بەئاشتی داوای مافی خۆی دەکات گوێی لێ ناگرن، کە بەناچاری چەک هەل دەگرێت و شەڕ دەکات، بەگەلەکۆمەیی دەرئەنجامی هەولەکانی بەشکانی تەواو دەکەن .

لەڕاستیدا ئەو ولاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ولاتی دروستکراون، چونکە لەبنەڕەتدا بەپالپشتی زلهێزەکان قەبارەو سنوریان بۆ کێشراوە، بەلام لەئێستادا ئەو ولاتانە سنورەکانیان بەپیرۆز دەزانن، چونکە لەدوای تێپەڕینی چەندین سال و نەمانی هۆکارەکانی دروستبونیان، کە دامەزراندنی کۆلەگەو پایەکانی بون بەولاتیان تەواوبو، هەریەکە هێزو لەشکری بۆ پاراستنی خۆی دروستکرد ئینجا بەرەبەرە لەدروستکەرەکانیان بێ منەت بون، بەردەوام شۆڤینی و دەسەلاتدارەکانیان ئەم ڕاستییانە لەبیر خەلک و خۆیان دەبەنەوە کە بۆی دروستکراون، ئەو مێژووە دەشارنەوە  کە بەقازانجی خۆیانی نازانن، وایان لێهاتووە ئەو ڕوبەرەش بەبچوک بزانن کە وەک ولات بۆیان دیاریکراوە، بۆ نمونە عیراق و سوریای بەعس خۆیان بەشایستەی گەورەیی بەسەر هەمو ولاتە عارەبییەکان دەزانی، ئێرانی فارس لەڕێی مەزهەبی شیعەوە هەمو ئەو ولاتانە بەپاوان و باخچەی خۆی دەزانێت کە شیعەی تێدابێت، تورکیاش خۆی زۆر لەوە بەشایستەتر دەزانێت کە هەیەتی، بۆیە تا بۆی بلوێت بەهەمو لایەکدا پەل دەهاوێت .

لەدەستپێکدا دابەشکردنی خاکی کوردان بەسەر ئەم ولاتانەدا لەئەنجامی دو هۆکارو دو ڕوداودا بووە، هۆکاری یەکەم کە بەگرنگترین هۆکار دەزانرێت ،پەیوەندی بەخودی خۆمانەوە هەیە، چونکە ئەو کات وەک نەتەوە یەکگرتو نەبوین و ئامادەی خۆ بەڕێوەبردنمان نەبو لەهەمان کاتدا سەرکردەیەکی سەردەمیمان لێ هەل نەکەوتووەو ئەو هەستە نەتەوەیییەشمان نەبووە کە دژ بەدوژمنان و داگیرکەران بمانجولێنی و خۆمانی پێ بپارێزین، بۆیە بەئاسانی دەستەمۆی ژێر دەستی بوینە بەبێ ئەوەی گرفت و مەترسی بۆ بەرژەوەندی هیچ لایەک دروست بکەین، لەمەشدا هۆکاری دووەم دروستبووە کە کاریگەری لەسەر داڕشتنی بڕیاری زلهێزەکاندا هەبووە، کە ئەویش هەرگیز بەقازانجی کوردان نەبووە ئینجا لەهەمانکات و سەردەمدا دو ڕوداوی گرنگ ڕویانداوە کە ڕۆلەکی یەکلاکەرەوەیان لەدروستکردنی ئەو چارەنوسەدا بینیوە کەوا ئێمەی کورد لەسەدەی بیستدا پێیدا تێپەڕیوین، ئەم دو ڕوداوەش بونە یاریدەدەر بۆ زەقکردنەوەی هەمو ئەو کەموکووڕییانەی کە ئێمەی کورد وەک نەتەوە هەمانبو، وایانکرد بەرژەوەندی زلهێزان و داگیرکەرانی کوردستان یەک بگرێتەوە، بڕیاری زلهێزان جێبەجێ ببێت و بەرژەوەندی داگیرکەران پارێزراو بێت، ئەویش لەناوچونی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و  دروستبونی یەکێتی سۆڤیەت بو لەو سەردەمەدا کە دەسەلاتی قەیسەری ڕوس ڕوخا و شۆڕشی ئۆکتۆبەری(١٩١٧ز) سەرکەوتنی بەدەستهێنا، چونکە لەمەدا سیستەمی جیهانی بەپێی دو جەمسەرو دو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک ڕێکخرایەوە، کە یەکێتی سۆڤیەت وەک جەمسەرەکی هاوتا بەئایدۆلۆژیای سۆشیالیستی، دژ بەولاتە ڕۆژئاوایییەکان و سیستەمی سەرمایەداری دەرکەوت ئینجا لەم کاتەدا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هەر ئایدۆلۆژیایەک، هەر جەمسەرەک هەولی ئەوەی دەدا ولاتی لایەنگر بۆ خۆی دروست بکات، بۆ ئەم کارەش ولاتە ڕۆژئاوایی و سەرمایەدارەکان پێش دەستە بون، چونکە هەر لەدوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم بناغەیان بۆ ئەم کارە داڕشت و زوتر نەخشەی خۆیان کێشا ئینجا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم یەکێتی سۆڤیەتیش هەمان نەخشەو بەرنامەی بۆ خۆی دانا، ئەوەبو ولاتە ڕۆژئاوایییەکان بۆ ڕاکێشانی ڕەگەزی تورک و فارس بەلای خۆیاندا، ئیران و تورکیایەکیان بەخاکی کوردانەوە، بەبێ رەچاوکردنی مافی کورد، لەبن پالی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چاودێری و ململانێ دروستکرد ئینجا لەدواتردا وەک دابەستی خۆیان مامەلەیان لەگەل ئەم دو ولاتەدا دەکردو خزمەتیان دەکردن، بۆ تەواوکردنی هەمان مەبەست دو ولاتی سوریاو عیراقیشیان بەلکانی نەتەوەی کوردو عارەب و مەزهەبی جیاواز بەپێوانەی عارەب دروستکرد،  هەر لەبەر ئەمەش بو بەردەوام چاو پۆشییان لەهەمو کارو کردەوە دزێوەکانی ئەم ولاتانە دەکرد کە بەرامبەر بەکوردانیان ئەنجام دەدا .

بەباوەڕی ئێمە لەم سەردەمەی ئێستادا ڕێکخستنی هاوکێشەو پەیوەندییەکان لەنێوان ولاتاندا گۆڕانی بەسەرداهاتووە، چونکە  پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی و ساغکردنەوەی کالاکان جێگەی لایەنگری ئایدۆلۆژیای گرتۆتەوە، ئەمەش لەڕودانی ڕوداوەکان و ئەو پێشهاتانەی کە ڕودەدەن  دەردەکەوێت، کە وا بیرکردنەوەو بڕیاردان و ململانێی زلهێزەکان وەکو ئەو کات بەپێی ئایدۆلۆژیاو بەشێوە کۆنەکەی ئەو ڕۆلەی نەمابێت، چونکە هۆکارەکەی نەماوە کە هەبونی یەکێتی سۆڤیەت بو، بۆیە دەبینین ولاتە دروستکراوە داگیرکەرەکانی  کوردستانیش گوێڕایەلییان بۆ ولاتە دروستکەرەکانیان نەماوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم ولاتانە زیاتر پەل بهاوێن و بەرژەوەندیان لەگەل زلهێزەکان دژ بەیەک ببێتەوە، لەمەشدا کێشانی نەخشەی سەد سالی ڕابوردوی ناوچەکە  بۆ زلهێزەکان بێ کاریگەرو بێ سود ماوەتەوە، بۆیە بەپێی لێکدانەوەو شیکردنەوەی شارەزایان وا پێ دەچێت بیر لەگۆڕینی جوگرافیای ناوچەکە بکرێتەوە تاوەکو سەرلەنوێ نەخشەو جوگرافیاو بەرژەوەندی  زلهێزەکان بەشێوەیەکی تر دابڕێژرێتەوە، لەم کاتەشدا عیراق و سوریا وەک دو کالای ماوە بەسەرچو جوگرافیاکەیان ئامادەی لەبەر یەک هەلوەشاندنەوەیە، بەلام تورک و ئێران نایانەوێت هیچ گۆڕانەک بەسەر جوگرافیای ناوچەکەدا بهێت، بۆیە پالپشتی یەکتر دەکەن لەم مەسەلەیەدا ئەگەر هەر چەند جیاوازی و ناکۆکیشیان لەنێواندابێت،  ئەوەی بۆ ئێمەی کوردیش گرنگ بێت لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە بزانین ئەمجارەیان بڕیاری زلهێزان بەکامە لادا دەکەوینەوە … ئایا دیسان ئەو ولاتانە دەتوانن ماف و چارەنوسی کورد لەچوارچیوەی ولاتەکانی خۆیاندا بهێلنەوەو بەرژەوەندی زلهێزەکان بە قازانج و خواستی خۆیانەوە ببەستنەوە ؟ یان ئەمجارەیان کورد عیبرەت لەهەلەکانی ڕابوردو وەردەگرێت و بەمافە زەوتکراوەکانی خۆی شاد دەبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئێمەی کورد لەهەر هەنگاوەکدا ئەو ڕاستییە نەگۆڕە لەبەرچاو بگرین کە هەر زلهێزەکان دەتوانن لەدەست داگیرکەرەکانمان ڕزگارمان بکەن، ئەمەش ئەو قەدەرە تالەیە کە دەبێت بەناچاری دانی پێدا بنێین، چونکە هەر ئەوان ئەو توانایەیان هەیە میللەتەکی بێ پشت و پەنای وەکو ئێمە لەبەرامبەر چوار ولاتی دڕندەی خاوەن یەک بەرژەوەندی، کە لەشکری بەهێزو چەک و جبەخانەی زۆریان هەیە سەرمان بخەن یان  بمانپارێزن، ئاشکراشە کە ولاتە زلهێزەکان بەرژەوەند پەرستن، بۆیە لەوانەیە ولاتەکی زلهێز لەپێناو بەرژەوەندی ئابوری یان قازانجی بیرە نەوتەکدا پشتگیریمان بکات لەکاتەکدا ولاتە داگیرکەرەکان خۆیان بەخاوەنی ئەو بیرە نەوتە دەزانن و  خۆشمان بەبێگانە، بۆیە پێویستە هەولەکانمان بەو ئاڕاستەیە بێت کە ولاتەکی زلهێز سودمان لێ ببینێت و پشتگیریمان بکات نەوەکو پشت بەولاتەکی داگیرکەر ببەستین، بەلام لەگەل ئەمانەشدا دەبێت ئێمەی کورد :

– وەک نەتەوە دەربکەوین نەک وەکو چەند خێل و عەشیرەتەکی پەرتەوازە تاوەکو داگیرکەران ئەو پاساوەیان لەدەستدا نەبێت کە زلهێزەکانی پێ چاوبەست بکەن .

– بەکارو بەکردەوە بیسەلمێنین کە بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانمان کەس لەناوچەکەدا ناحەسێتەوەو بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو نابێت .

– یەکگرتو بین و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەروی هەمو بەرژەوەندییەکانی تردا دابنێین .

– شۆڕشگێرو خەباتگێڕو سەرکردەکانمان بەرژەوەندی زلهێزان و ڕوداوەکانی چوار دەورمان بەشێوەیەکی ڕاست بخوێننەوە .

– دادپەروەری دروشمی حوکمگێڕان بێت لەجێبەجێکردنی ئەرک و بڕیارو بەرپرسیاریەتیدا .

– ئەو دەرفەتە بۆ خۆفرۆش و خاکفرۆشان نەهێلینەوە کە چیتر خزمەتی داگیرکەران بکەن، چونکە ئەگەر  ئەمانە نەبن، هیچ داگیرکەرەک ناتوانێت لەکوردستان خۆی بپارێزرێت، بۆ هەمو لایەکیش ڕونبۆتەوە ئەگەر کورد لەسەرەتاوە لەبێ ئاگایی و نەزانی خاکەکەی داگیرکرابێت و بۆ ژێر دەستی بێ دەنگ بوبێت، بەلام لەئێستادا هیچ کوردەک بەژێر دەستی ڕازی نییە ئەگەر سەرپشک بکرێت، بۆیە پێویستە بەر لەداگیرکەران لێپیچینەوە لەگەل ئەمانەدا بکرێت، چاوترسا بکرێن ئینجا سزا بدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.