پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە بەغدا لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ ڕەخنەی توند لە بریكاری وەزیری پەروەردەی سەر بەحیزبەكەی دەگرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 261 جار بینراوە

ستاندەر

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەخنەی توند لە سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە دەگرێت كە لەلایەن حیزبەكەوە دانراوە  و پێی دەلێت ئەوە چاكسازیەكەتان بو لە وەزارەتی پەروەردە؟.

لە وتارێكی رۆژنامەوانی لە پەراوێزی دیدارێكی بریكاری وەزارەتی پەروەردە كە رایگەیاندبوو ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژ نارازین دەتوانین نەیكەن، دەلێت:”دەزانین ئەم بیرکردنەوەیەی کە بریکاری وەزارتی پەروەردە لە پشکی گۆڕان هەیەتی بێبەرییە لەو ئامانجە سەرەتاییانەی کە گۆڕانی بۆ دامەزرا.ئەم بێمنەتی و تەنەمورە بەسەر وانەبێژێکا کەهەمو ژیانیی بە دەردەسەری و تەنانەت نەبونی کرێی هاتوچۆوە خەریکی وانەگوتنەوەیە و چاوەروانی ئەوەیە بەچەند رۆژ جارێک مانگانەکەی وەرگرێ یا لە دەرفەتێکا دابمەزرێ، لە هیچ کوێی دونیادا بێرێزی لەمشێوەیە بونی نیە و نەبوە”.

ئەوەشی وتوە ئەم قسەیە ئەگەر لە سوید بیکردایە کۆتایی بە ژیانیی سیاسیی و پیشەیی هاتبوو و نێردرابۆوە ماڵەوە.

دەقی وتارەكە بخوێنەوە:

دەتوانێ نەیکا!

(چاکسازییەکەتان لە وەزارەتی پەروەردە ئەمە بو؟!)

نازانین تاچەند ئەم نەفەس و بێمنەتیە لە مامۆستا لە وانەبێژ لە پەروەردەکارانی نەوەکانی داهاتوو بەشێکە لەو پرۆژەی چاکسازییەی وتەبێژە حزبیی و حکومییەکانی ئەم کابینەیە وەک مژدە ئەیدەن بە گوێی خەڵکا؟!بەراستیی دڵنیانین و نازانین دەشێ هەر ئەوەبێ !

بەڵام دەزانین ئەم بیرکردنەوەیەی کە بریکاری وەزارتی پەروەردە لە پشکی گۆڕان هەیەتی بێبەرییە لەو ئامانجە سەرەتاییانەی کە گۆڕانی بۆ دامەزرا.ئەم بێمنەتی و تەنەمورە بەسەر وانەبێژێکا کەهەمو ژیانیی بە دەردەسەری و تەنانەت نەبونی کرێی هاتوچۆوە خەریکی وانەگوتنەوەیە و چاوەروانی ئەوەیە بەچەند رۆژ جارێک مانگانەکەی وەرگرێ یا لە دەرفەتێکا دابمەزرێ، لە هیچ کوێی دونیادا بێرێزی لەمشێوەیە بونی نیە و نەبوە.

مامۆستا تەنانەت لە سیستمە دیکتاتۆریەکانیشدا ئەگەر بۆ روکەشیش بێت لانیکەم لە میدیاوە بە بەرچاوی خەڵک و رایگشتیەوە بەمجۆرە بێرێزی پێناکرێت؟!

ئێستا دەبێ بپرسین ئەوانەی لەناو گۆڕاندا بۆ هەر رەخنەیەکی ئێمە لەم حکومەتە رونکرنەوە و داکۆکیان حازرە!ئایا هیچ قسە و سەرجێکیان لەسەر ئەم قسانە هەیە؟!

جوابێکیی ئێمە و خەلک نادەنەوە بەوەی ئایا ئەم قسانە بەشێکن لەو چاکسازییەی بۆی ماونەتەوە لە حکومەتدا؟!

هەر بۆ زانیاری هەمو لایەک ئەم کاکەیە هەتا پۆستی حزبیی هەبو وە لە جڤات ئەندام بو وەک خۆ شیرینکردن لای بەشێک لە سەرکردایەتی گۆڕان و پارتی و تا پۆستەکەی پێبدرێ دەیان جار لە باسنیوزەوە لەسەر رەخنەگرتنمان لە حکومەت پەلاماری شەخصی ئێمەی داوە تاکە یەکجار جوابمان نەداوەتەوە بەڵام ئێستا کە لە پۆستێکی فەرمیدا بەمجۆرە بێرێزی بەرامبەر مامۆستایان دەکا ، دەبوو قسەیەک بکەین .

قسەی جدییش دەبێ ئەوانە بیکەن کە ئەم کەسانەیان خستە پۆستیی هەستیارەوە ، کەمترین شتێکیش کە بیڵین ئەوەیە کە داوای لێبوردن بکەن لە تێکرای مامۆستا و مامۆستایانی وانەبێژ.

دەتوانێ نەیکا ؟!

ئەم قسەیە ئەگەر لە سوید بیکردایە کۆتایی بە ژیانیی سیاسیی و پیشەیی هاتبوو و نێردرابۆوە ماڵەوە.

هۆشیار عەبدوڵا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.