سەرەنجامی ململانێی فراكسیۆنەكانی گۆڕان و خانەی راپەراندن چی دەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 375 جار بینراوە

ستاندەر

بڕیاری بڕینی 21%ی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی دووەم لەسەریەك شەپۆلێكی نارەزایی بەرامبەر حكومەت هێنایە پێش و بە پلەی یەكەم هێرشەكانیش ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێن لەناوخۆی ئەو حیزبە و دەرەوەش، ئەوەش وای كرد لەسەر ئاستی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە هەرێم و بەغدا كاردانەوەی جیابەدوای خۆیدا بهێنێت، هەریەك لە د.شایان عەسكەری و شیرین ئەمین پەرلەمانتارانی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رەخنەیان لە بێ هەڵوێستی حیزبەكەیان گرت و بەجۆرێك داوای كشانەوەیان لە حكومەت كرد، دواتریش بەهەمان شێوە فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا رەخنەی توندیان لە سەركردایەتی حیزبەكەیان كرد و داوایان كرد لە  حكومەت بكشێنەوە، لەدواین پێشهاتیش دوێنێ هەینی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەستی لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكە و ئەندامیەتی جڤاتی نیشتیمانی كێشایەوە، هەموو ئەوانە پرسیاری ئەوەی هێنایە كایەوە كە سەرەنجامی ئەو ململانێیە چۆن یەكلا دەبێتەوە.

هەڵوێستی خانەی راپەراندن

خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا پەیوەست بونی خۆی بە رێكەوتنی لەگەل پارتی دەربریوە، بۆیە پێیان وایە نابێ هیچ هەڵوێستێكی پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكانی گۆڕان بە ئاراستەی پێچاوانە بنرێت، هەر لەو چوارچێوەیەش لێپرسینەوەیان لەگەل عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كردوە كە واژوی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتی بۆ پەرلەمان كردووە، عەلی حەمەساڵح نزیكەی مانگێكە بەردەوام داوای هەڵوێست تا ئاستی كشانەوە لە حكومەت لە گۆڕان دەكات، بە ڕوونی پێی وتون كە پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە رێكەوتن بەهیچ شێوەیەك چاكسازی بنەڕەتی لە مەلەفی نەوت و قاچاخچیەتی سنورەكان نەكەن كە دوو كۆڵەگەی سەرەكی گەندەڵییە لە كوردستان.

فراكسیۆنی گۆڕانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا بە خراپترین دۆخی تێدەپەرێت لە پەیوەندی بە خانە و گردی زەرگەتە، خانەی راپەراندن پێی وایە ئەوان مافی هەڵوێستی تاك لایەنەیان نیە، لەبەرامبەردا فراكسیۆنی گۆڕانیش رایگەیاندووە كە ئەگەر بەو سیاسەتەی ئێستا بەردەوام بن ئەوان دەگەنە بن بەست و بەتەواوی سەربەخۆ بونی خۆیان لە ئۆرگانە رەسمیەكانی گۆڕان رادەگەیەنن.

سەرەنجام چی دەبێت؟

هێشتا گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش بەردەوامە، بەڵام پێداگری خانەی راپەراندن بۆ مانەوە لە حكومەت و بەردەوامی هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكە، لەبەرامبەردا پێداگیری بەشێك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە كوردستان و تەواوی فراكسیۆنەكە لە بەغدا بۆ كشانەوە لە حكومەت وا پیشان دەدات دۆخەكە بگاتە بن بەست، بەجۆرێك فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەربەخۆییانە سیاسەت بكات و نەگەرێتەوە بۆ خانە و جڤاتی نیشتیمانی، ئەوەش ئەگەری ئەوە دەهێنێتە پێش بە فەرمی گۆڕان بێ بەری بوونی خۆی لە فراكسیۆنەكەی بەغدا رابگەیەنێت، هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەشی كە دژی مانەوەی گۆڕان لە حكومەت لە پەرلەمانی كوردستان كە بە پلەی یەكەم عەلی حەمەساڵح، د.شایان كاكە ساڵح و شیرین ئەمینن، لە چوارچێوەی فراكسیۆنەكە بمێننەوە بەڵام پابەندی رێنماییەكانی حیزب بۆ فراكسیۆنەكە نەبن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.