پڕۆژەی شامی تازە وەک دووەم ھێڵی سوری بەردەم تورکیا

لەلایەن ستاندار Posted on 485 جار بینراوە

لوقمان حاجی قادر

دوای ئەوەی میسر بۆ بەرگرتن لە چاوتێبڕینەکانی تورکیا لە دەرامەتە نەوتییەکانی لیبیا، بە پشتیوانی ژێر بە ژێری ئەمریکا و پشتیوانی ئاشکرای زۆرینەی دەوڵەتانی یەکیەتی ئەوروپا، (سرت- جفرە) ی وەک ھێڵی سور بۆ تورکیا دیاریکرد، ئەنقەرە دەستەوەستان بوو لەوەی دەستی بگات بە ناوچەی ھیلالی نەوتی لیبیا، کە مەبەستی بوو لەو ڕێگەیەوە ھەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆی لە لیبیا و دەریای ناوەڕاستدا بسەپێنێت، ئینجا لەوێشەوە بەرە بەرە چەتە و ڕێگرە توندڕەووەکانی سوریای و جیھان ھەناردەی دەوڵەتانی دراوسێی لیبیای بکات.
قاھیرە ھەر بەوەش نەوەستا، بەڵکو بۆ بەتاڵکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی تورکیا- و حکومەتی سازانکاری لیبیا، ڕێککەوتننامەی دیاریکردنی سنوری ئاوی لەگەڵ یۆناندا واژۆ کرد، بەمەش جادو و کاریگەری ڕێککەوتننامەکەی سەڕاج – ئەردۆغانی بەتاڵکردەوە کە ھەر لە بنەچەدا ناشەرعییە و پێچەوانی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریایی ساڵی ١٩٨٢ ی نەتەوە یەکگرتووەکانە و جگە لە تورکیا ھەموو دەوڵەتانی دیکە واژۆیان کردووە.
میسر لە جوڵەی سێیەمیدا بە ھاوبەشی ھەریەک لە عێراق و ئوردون و بۆ لێدان لە ھەژموونی تورکیا لە ناوچەکە، کەوتە ئامادەسازی بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی (شامی تازە) کە مۆرکێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی و بازرگانی ھەیە بۆ ھەرسێک وڵاتی بەشدار بوو؛ کرۆکی پڕۆژەکە ھیڵێکی بازرگانی تازەیە لە عێراقەوە بەرەو ئوردن و دواتریش میسر، ڕاکیشانی ھێڵێکی نەوت و گازە لە بەسڕای عێراقەوە بەرەو کەنداوی عەقەبەی ئوردون و لەوێشەوە بەرەو میسر و دواتریش ھەناردەکردنیان بۆ دەوڵەتانی جیھان.
میسر پڕۆژەی شامی تازەی کردە دووەم ھێڵی سور بۆ تورکیا، چونکە لە عێراقیش ھێڵێکی سور بۆ چاوتێبڕینەکانی تورکیا دەکێشێت. لە ئەگەری تەواوبوونیشیدا، تا ڕادەیەکی زۆر بەغدا لەژێر ڕەحمەتی ھەژموونی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئەنقەر و ئێرانیش دەرباز دەکات و بژاردەکانیشی جۆراوجۆر دەکات.
عێراق بە دەرمەتە نەوت و گازییەکانی و میسریش بە توانا سیاسی و سەربازیییەکانی و ئوردونیش وەک ھێڵێکی بەیەکگەیاندنی ھەردوو وڵات، لەمەشەوە میسر و ئوردون نەوت و گازیان بە ھەرزانتر لە جاران دەست دەکەوێت و عێراقیش بە پشتیوانی ئەو دوو دەوڵەتە، بەھێزە دەگەڕێتەوە ناو ئامێزە عەرەبییەکەی، بگرە لە ئایندەدا دەتوانێت لە پرسی ناکۆکییە ئاوییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێرانیشدا قسە و ھەڵوێستی دلێرانەتر بێت و جادووی و فشاری ئەو چەکە ئاوییەیان سنوردار بکات.
لە ئەگەری تەواوبوونی پڕۆژەی شامی تازەدا، عێراق دەتوانی ڕێڕەووی ھەناردەکردنی نەوت و گازەکەی بگۆڕێت کە جاران بە ئێران و تورکیادا ھەناردەی دەکرد، بەمەش ئەنقەر و تاران زیانێکی گەورەی ئابووری دەکەن و کارتێکی گرنگی فشاریشیان لە کیس دەچێت کە وەک چەکێک دژ بە بەغدا بەکاریدێنن. نەک ھەر ئەوەندە، بگرە پلانی پڕۆژەکە ئەوەشی تێدایە کە نەوتی ڕۆژئاوای کوردستانی ( ڕۆژھەڵاتی فوڕات) بن دەستی ھێزە کوردییەکان لەو ھێڵەوە ھەناردەی دەرەوە بکرێت کە جاران بە تورکیادا دەڕۆیشت و سوود و قازانجێکی زۆریشی بۆ ئەنقەرە ھەبوو. بەمەش میسر سەرکەوتوو دەبێت کە لە ھەموو لایەکەوە دەوری تورکیا بدات و فشاری بۆ بێنێت.
پڕۆژەی شامی تازە بەرامبەر پڕۆژەی عوسمانییەتی تازەی تورکیایە، ئیماڕات و سعودیەش پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیەن و دەستباری بۆ دەگرن و ھاریکاری سەرکەوتنی دەکەن، بازاڕەکانی عێراق بە ڕووی کۆمپانیا میسریەکاندا دەکرێنەوە و جێگەی کۆمپانیاکانی تورکیا و ئێران دەگرنەوە. بەمەش تەواوکارییەکی ئابووری دەکەوێتە نێوان ئەو سێ وڵاتەوە، ئەمە جگە لەوەی میسر یارمەتی ڕێکخستنەوە و بەھێزکردنەوەی سوپای عێراق دەدات.
پوختەی قسە ئەوەی کە پڕۆژەی شامی تازە نەک تەنھا دووەم ھێڵی سورە لە بەردەم تورکیادا، بگرە لە ئایندەدا چەندەھا ھێڵی سوری دیکەی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بۆ ئەنقەرە و ئێران لێدەکەوێتەوە، بگرە دەتوانێت ببێتە میحوەرێکی ئابوروی و سیاسی و ئەمنی و بازرگانی و پێگەی ھەریەک لە عێراق و میسر و ئوردون لە ناوچەکەدا بەھێزتر بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.