ژیانی کەمدەرامەتان بە خێر و سەدەقە چارەسەر ناکرێت..

لەلایەن ستاندار Posted on 344 جار بینراوە

ستارە عارف

خراپی حوکمڕانی و قۆرخکاری و تاڵانی دو بنەماڵە، چۆن ژیانی خەڵکی کوردستانی لەڕوی ڕامیارییەوە بەرەو ھەڵدێر بردوە، باری ئابوری و گوزەران و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشی داڕوخاندوە و ڕێژەیی ھەژاریی و نەداری بەرەو سەرەوە ھەڵکشاوە، لەبەرامبەریدا چینێکی دەوڵەمەندی ھەڵتۆقیوی بێ کلتوربی مەسرەفگەرایی بە ناو سیاسی دز و تاڵانچی دروست بوە، کە ناشیرینترین نمونەیان پیشانی کۆمەڵگە و تاک داوە، ئەمە وایکردوە کەسانێکی ھەلپەرست و خۆژین لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و شیرازەی کۆمەڵگەکە لەھەمو ڕویەکەوە تێکبدەن و لەیەکیھەڵبوەشێنن، چەند ڕێژەی ھەژاریان بەرزکردۆتەوە ھێندەیش کلتوری مشەخۆری و چاوچنۆکیان لەکۆمەڵگەدا زیاد کردوە.

لەخۆپیشاندان یان ڕاستر لە(کەڕنەڤاڵەکەی)ڕۆژی شەممە بەرواری٢٢/٨/٢٠٢٠ی پارکی ئازادی، کوێستان ئەو ژنە گەرمیانیەی بە گریانەوە لەبەردەم کەناڵی(NRT)باسی مەرگەساتی خۆی کرد و ھەر ئەو شەوە ھاریکاری باشکرا و کۆمەڵێک بۆچونی جیاوازیشی بە دوای خۆیدا ھێنا، من قسەم لەسەر ڕااستی یان ناڕاستی ژیانی ئەو ژنە نیە و بابەتەکەیشم تایبەت نیە بە ئەو، بەڵکو بە بۆچونی من کێشەی کەمدەرامەتی بە گشتی لەکۆمەڵگەدا بە خێر و سەدەقەی کاتی خێرخواز و چەند کەسێک لەڕوی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە ناکرێت و چارەسەرییەکی دور مەودای پێویستە، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لەکەموکوڕییەکانی کەسی ھەژار بەو جۆرە پڕ بکرێتەوە، بەڵام دوبارە سەرھەڵدەداتەوە، ئەگەر جارێکیتر چەند کەسێک بچن و خێر بەو کەس و خێزانە بکەن، لەوانەیە نەک کێشەکەی چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، بەڵکو کاریگەری نەرێنی و خراپ لەڕوی دەرونی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەر ئەو خێزانە و منداڵەکانی دروست بکات.

بۆیە دەبێت چارەسەرکردنی ڕەوشی خراپ و ھەژاری کۆمەڵگە لەئاستی حکومەت و پارێزگار و حکومەتی خۆجێی و وەبەرھێنەرانەوە بە کردنەوەی کارگە و ناوەندی کار و بە گەڕخستنی پڕۆژەیی ستراتیژیی بێت، کە ھەلی کار بۆ کەسانی ھەژار بڕەخسێنێت و ھەژاران بە گەڕ بخرێن، بۆ ئەوەی ئەو تاکە ماوەیەکی درێژ داھاتێکی گونجاوی دەست بکەوێت و بەشی خۆژێنی بکات.

ھەرچەندە لەم ڕەوشەی ئێستای ھەرێمی کوردستاندا، کە بەرزبونەوەی ھەژاری دەرەنجامی کردەی تاڵانچێتی بنەماڵە ستەمکارەکانە، کردنەوەی کارگە و شوێنی کار لەلایەن خێرخوازان و وەبەرھێنەرانی دڵسۆزی دەرەوەی ستەمکارانەوە کارێکی قورسە، چونکە بێ پشکداری ڕێگەیان پێنادەن، بەڵام ھەر بەو جۆرە پڕۆژانە دەتوانن یارمەتیدەری ھەژاران بن، نەک بە خێر و سەدەقەی کاتی، دەتوانین کۆمەڵێک بچینە لای وەبەرھێنەرێک و فشاری لێبکەین پڕۆژەکانیان بۆ ھاوکاری ھەژاران بەگەڕ بخەن، نەک بەو شێوە کۆنەی خێر و سەدەقەی کاتی.

گریان و کوڕوزاندنەوەی بەردەم کامێرادا یەکەم جار نیە و لەوانەیە دواجاریش نەبێت و خەریکە دەبێتە نەریت و سۆزی خەڵک بۆ خۆیان ڕادەکێشن، بۆیە میدیای کوردی کارێکی باش ناکەن و دەبێت دەست لەو نەریتە سۆزدارانە بۆ مەرامی حزبەکەیان ھەڵبگرن، ستەمکاران ڕەوشێکی پڕ لەفرت و فێڵ و ساختەکاریان لەم کۆمەڵگەیەدا ئافراندوە، کە زۆرجار ناتوانیت بە ئاسانی بڕوا بە ھەمو کەس ولایەنێک بکەیت، ئەگەر بەو جۆرە شینی خراپی ژیانیشی بکات، بازاڕ پڕە لەسواڵکەر و منداڵی عەلاگەفرۆش، بەڵام زۆرجار دەرکەوتوە ڕەوشی ئابوریان باشە و شایانی ئەوە نین سواڵ بکەن و دەست پان بکەنەوە، لەخۆپیشاندانەکاندا زۆربەی کات گەواھیدەری ئەوە بوین، کەسانێک بە ناوی ھەژاریەوە ھاتونەتە بەردەم کامێرا و کوڕوزاونەتەوە و دوای دەرکەوتوە دەستەڵات بە زانابون ناردویەتی و مەرامی ھەبوە،

ستەمکارانی ھەردو بنەماڵە بۆ چاوشۆڕکردنی کۆمەڵگەی کوردی و بە مەبەست کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و میدیایش کارەکەی دەستەڵات تەواو دەکەن، لەکوردستان ئەم حاڵەتەی ھاوکاریکردنی کەسانی ھەژار چاولێکەری کەسانی ساختەیشی دروستکردوە، بۆ نمونە ئەو کاتەی ھاوکاریەکی خێرا و زۆری کەسانێکی ھەژار دەکرێت، کەسانیتریش ھەبون و ڕویداوە بە ناوی ھەژارییەوە ھاتونەتە شەقام یان کۆڵانێک و خێمەیەکی بچوکیان ھەڵداوە و ھەر خۆیشیان پەیوەندیان بە کەناڵێکەوە کردوە، بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی بڵێن بچن بە ھانایانەوە و یارمەتیان بدەن، واتە ئەم حاڵەتە خراپەی دەستەڵات و میدیا دروستیانکردوە، جۆرێک لەساختەکاری بەدوای خۆیدا ھێناوە و دەھێنێت و زۆرینەی کات ھەژاری ڕاستت لەساختە بۆ جیا ناکرێتەوە، ھەرچەندە لەکۆمەڵگەدا دەوترێت:(کەسی ھەژار نەفسیەتی بەرزە و دەست پان ناکاتەوە و سەرەڕای ھەژارییەکەیشی سەربەرزانە دەژی و باسی ناکات)، جگە لەوەی بەو شێوە تاکەکەسیە ھاوکاریکردنی کەسانی ھەژار یان بە ناو ھەژار دەبێتە نەریت و چاولێکەری و تەمەڵی و کار نەکردن و نەگەڕان بە شوێن کاردا دەکاتە دیاردە و ساختەکاری زیاد دەکات، بۆیە باشترین چارەسەری ھەژاری ڕاستەقینە دۆزینەوەی کار و کارگە و پڕۆژەیە بۆ کارکردن و بوژاندنەوەی گوزەرانیان، لەھەمانکاتیشدا میدیای کوردی دەبێت ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کار و کەسانە نەدەن، کە بە تایبەتی بە شوێن کامێرادا دەگەڕێن تا حاڵی خۆیان بەو جۆرە بەیان بکەن، کەسانێکیش ھەبون لەدێکەی یان قەزاکەی شارەکەی یان پارچەکەی خۆی ماڵ و موڵکی فرۆشتوە و ھاتۆتە سلێمانی و بەو جۆرە ھاوکاری کەسانی خێرخوازی وەرگرتوە، لەکاتێکدا لەشوێنی خۆی ماڵ و کاری ھەبوە، ڕێزم بۆ ئەو ژنە گەرمیانیە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئەوەوە نیە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.