پەیامێكی توند لە پەكەكەوە بۆ پارتی “بەشێكن لە پیلانی توركیا و ئەو سیاسەتەتان شەڕی ناوخۆ بەدوای خۆیدا دەهێنێت”

لەلایەن ستاندار Posted on 318 جار بینراوە

ستاندەر

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕەخنە لە سیاسەتی پارتی دەگرێـت و رایدەگەیەنێت ئەو سیاسەتەی پارتی بەرێوەی دەبات زۆر هەڵەیە و شەڕی ناوخۆ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

موراد قەرەیلان لە چوارچێوەی دیدارێك لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات ڕایگەیاند: “لەماوەی ڕابردوودا کەجەکە پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد دەربارەی پرسی داگیرکارییەکانی تورکیا، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە و ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکەین نەك ئەو وەڵامانەی لە ئاستی خواروە لە میدیاكان بلاوكراونەتەوە.”

راشیگەیاندوە “ئەو سیاسەتەی پارتی هەڵەیە وەک سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە، واتا زەمینە و بوار بۆ شەڕی ناوخۆ دەرەخسێنێت، ئەوە زۆر مەترسیدارە کە نە ئێمە و نە گەلەکەمان نایەوێت بڵاو ببێتەوە و ڕووبدات.”

موراد قەرەیلان هۆشدیاری داوە لەبارەی كێشەكان ودەلێت: “کێشەکان گرنگ و جدین و لەسەر جوگرافیای کوردستان گەمەی قووڵ بەڕێوەدەچێت، واتا ئەو بابەتە شتێکی وا سادە و ئاسایی نییە، دەبیت بەرفراوانتر لێکبدرێتەوە و نزیکایەتیی تاکتیکی نەکرێت، پێویستی بە نزیکایەتیی ستراتیژییانە هەیە،”

ئەو سەركردەیەی پەكەكە دەشلێت: “گرنگە سەرۆکایەتی پارتی بیر لەو بابەتانە بکاتەوە، لەم کاتە مێژوویییە گرنگەدا کە کورد بە بانگەشەیەکی گەورە چووەتە سەر تەختە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە،  دۆخێکی زۆر جدییە، کە پارتی ببێتە بەشێک لە پیلانەکانی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە و هاوکاریی دەوڵەتی تورک بکات.”

قەرەیلان لە درێژەی پەیامەكەی ئەوەشی وتوە: “ئەو سیاسەتەی ئیستای پارتی دەبێتە هۆی ئەوەی گەلەکەمان سەدەی 21یشی لە دەست بچێت و لە ئاستێکی ستراتیژیدا بدۆڕێت، بۆیە دەبێت هەموو کەس لەو بابەتەدا بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە، ئەگەر لە هەڵەدا بەردەوام بن بێگومان کەس ناتوانێت لەژێر باری گوناهەکەی دەربچێت، بۆیە پێویستە بە دڵنیاییەوە ڕێگری لەوە بکرێت، چونکە ئەو دۆخە هەم ئەنجامی خراپ لەگەڵ خۆی دەهێنێت و هەمیش هەموو کورد دەدۆڕێت، واتا تەنها کێشەی نێوان دوو پارت نییە، بەڵکو کێشەیەکە پەیوەندیی بە هەموو کوردستانەوە هەیە و پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە.”

دواجار موراد قەرەیلان دەلێـت: ” ئەگەر کوردێک، کوردێک بکوژێت ئەوە زۆر هەڵەیە و شتیکی زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر کوردێک سیخوڕی بۆ دوژمنی کوردێکی دیکە بکات و بە دەستی ئەو بکوژرێت، ئەوە زۆر خراپترە و ئەوە ڕێبازێکی مەردانە نییە، بۆیە دەبێت پێشی لێ بگیردرێت و ڕابوەستێنرێت.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.