گرنگی گرێبەستی نەوتی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاوا لەچی دایە؟؟

لەلایەن ستاندار Posted on 244 جار بینراوە

ڕاستی ڕەسوڵ

نەوت لە لایەک کاڵایەکی سیاسیە و لە لایەکی تریش کەرەسەیەکی خاوی ئابوری – پیشەسازی یە، لە ھەمان کاتیشدا پێکھاتەیەکی ستراتیژی و پڕ بەھایە لە دروست کردنی قەوارەی نەتەوەیی و ئاینی لە جیھان بەگشتی، و لە ڕۆھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی.
ئەم کاڵایە لە جیھانی ئەمڕۆدا گرنگیەکی تایبەتی ھەیە، کە لەوانەیە لە داھاتوودا کێرڤی بەھاکەی بە ئاستێک بەرز بێتەوە ھەرگیز چاوەڕوان نەکرابێت، چونکە وەکو کەرەسەیەکی خاو بەشدارە لە زۆرینەی پیشەسازیە پتڕۆکیمیایەکان و بازرگانیە گرنگەکانی سەردەمدا، و ڕۆژ بە ڕۆژیش پێگەکەی شایستەتر دەبێت لە بەکارھێنانی پیشەسازی و ھەڵسوڕاندن و جوڵاندنی کارگە و کەشتی و فڕۆکەکان و بارھەڵگرە گەورەکان و چەندین ئامێری زەبەلاحی تر، کە ئەگەر نەوت نەبوایە، نەدەتوانرا دروستیش بکرێن، ڕاستە ئێستا نرخەکەی دابەزیووە، بەھۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا و ھەندێک ھۆکاری تری وەکو زۆری خستنەڕوو و بە بازاڕکردن، و نەبوونی پلانێکی ھاوبەش لە لایەن ووڵاتانی بەرھەمھێنی نەوتەوە، بەڵام ئەم نرخ دابەزینەش کاتیە، و ڕەنگە بارودۆخەکان بە چەندین شێوەی تر بگۆڕێن لە ئایندەدا.
نەوت بۆ ئێمەی کورد زۆر جار مایەی نەگبەتی بووە لە چەندین وێستگەدا، بە تایبەت پێشتر کە کورد ھیچ پێگەیەکی سیاسی و ئابوری و سەربازی نەبووە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا ڕەنگ بێت جیاوازتر بێت سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی دوای گرێبەستی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکە، کە کورد دەباتە قۆناغێکی جیاواز ترەوە، و ڕەنگە ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ گێڕانەوەی کورد بۆ ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکان.
پێشتر ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی زۆری نەوتی سوریای لێ دەردەھێنرا، بەڵام دوای شۆڕش و دروستبوونی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی(٢٠١١) ئەم ناوچەیە ئەو گرنگیەی لەدەستدا، ھەر دوای ئەوەی تڕەمپ بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایدا لە ڕۆژئاوا، کۆمەڵێک لە بڕیاربەدەستەکانی ئیدارەکەی ھانیان دا لە ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە، بەتایبەت نزیک بیرە نەوتەکانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی ئەو بیرە نەوتانە، چونکە ئەم کاربەدەستانە دەیانزانی تڕەمپ ئەگەر بیانویەکی ئابوری نەبێت ناھێڵێت ھێزەکەی ئەمریکا بمێنێتەوە، دواتر تڕەمپ بە ئاشکرا ئەمەی ڕاگەیاند کە ئەوان لەبەر بیرە نەوتەکان لەوێ دەمێننەوە.
ھەر لە بارەی ڕێکەوتنەکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (مایک پۆمپیۆ) لە کۆتایی تەموزی ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمپانییایەکی نەوتی ئەمریکی بەڕەزامەندی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ ئیدارەی رۆژاوای کوردستاندا واژۆ کردووە، بێگومان ئەمەش سەرەتایەکی گرنگە بۆ ناساندنی ڕۆژئاڤا وەکو قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی ئیداری و سیاسی و ئابوری.

+ گرنگی ئەم ڕێکەوتنە یان گرێبەستە لە چیدایە بۆ کورد لە ڕۆژئاوا؟

– ئەم گرێبەستە یەکێکە لەو ڕێکەوتنە ستراتیژیانەی کە گرنگیەکی زۆری ھەیە بۆ کورد لە ڕۆژئاوا، و چەندین لێکەوتەی سیاسی و ئابوری و سەربازیشی ھەیە و دەبێت لە داھاتوودا، دەکرێت لەمانەدا کورتی بکەینەوە:-

یەکەمیان:- دان پێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەو قەوارە سیاسی و ئیداریەی لە ڕۆژئاوادا دروست بووە، بەمەش ئەمریکا دەستی واڵاتر دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنچینەی ھاوبەش مامەڵە لەگەڵ کورد بکات ڕاستەوخۆ لەم بەشەی کوردستان، و ھەڵبەت لە مەودایەکی درێژخایەنیشدا دەبێتە ڕێکەوتنێکی ھەمیشەیی، واتە دەبێتە بناغەی دان پێدانانی قەوارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤا لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و ووڵاتە زلھێزە بڕیار بەدەستەکانەوە.
دووەمیان:- ئەمریکا ناچار دەکات بەمانەوە، و پەیوەستیشی دەکات بە پاراستنی ئەو قەوارە ئیداری و سیاسیەی ڕۆژئاوا، چونکە بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا مانەوە و پاراستنی قەوارەکەیان لە لا گرنگترە لە لایەنە ئابوریەکەی، بە مانایەکی تر ئەو گرێبەستە زیاتر زەمانەتی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا، لەبەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا و گروپە تیرۆریستیەکانی دەسکەلای تورکیا.
سێیەمیان:- ھیچ بیانوویەک بۆ تڕەمپ ناھێڵێتەوە بۆ کشانەوە لە سوریا، بە تایبەت لە ڕووی خەرجیەوە، چونکە ئەو زۆر جار ڕایگەیاندووە ئەوان ھیچیان دەست ناکەوێت لە سوریا لە ڕووی ئابوریەوە، و ئەمریکا پێشتر ھاوکاری ھێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکرد لە ڕووی سەربازی و دابینکردنی چەک و تفاقی جەنگی دژی داعش، بەڵام ئێستا کورد نەوت دەداتە ئەمریکا لەبەرامبەر پاراستنی و پێدانی ھاوکاری سەربازی، واتە ئەمریکا خەرجی جەنگی ھێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی لەسەر شان نامێنێت.
چوارەمیان:- ڕێگە نادات گروپە تیرۆریستیەکانی وەکو داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی سەر بە تورکیا، و ھێزە سەربازیەکانی ڕوسیا و ئێران و سوریاش لەو ناوچانە نزیک ببنەوە، چونکە ھەمیشە تورکیا بە بیانووی مەترسی لە سەر سنورەکانی وویستوویەتی پەلاماری ڕۆژئاوا بدات، بۆ داگیرکردنی ئەو بیرە نەوتانە، و دەرکردنی کورد لەو ناوچانە، و جێگیرکردنی گروپە تیرۆریستیەکانی نزیک لە خۆی.
پێجەمیان:- گەشەکردن و بەھێزبوونی ئیدارەی ڕۆژئاوا لە ڕووی سیاسی و ئابوری و پیشەسازی و سەربازی یەوە، کە ئەمەش کورد لە ھەنگاوەکانی بۆ ئامانجەکانی نزیکتر دەکاتەوە، و وادەکات کورد پێگە سەربازی و ئابوری و سیاسیەکەی بەھێزتر بکات، بە مانایەکی تر کورد لەم پارچەیە لەھەموو ڕووەکانەوە گەشە دەکات، و پێش ناوچەکانی تری سوریا دەکەوێتەوە.
شەشەمیان:- ڕۆڵ پێدانەوەی کورد و گێڕانەوەی بۆ ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەتی دوای داگیرکردنی عەفرین و بەشێک لە ڕۆژئاوا و ھاتنە ناوەوەی تورکیا لە باشور، ھەروەھا داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر لە لایەن ھێزەکانی عێڕاقەوە دوای ڕیفراندۆم، بەم ڕۆڵ پێدانەش کورد لە ڕۆژئاوا و باشور بێگومان بە تەواوەتی جێگیر دەبێت لە ناو نەخشەی ووزەی جیھانی نەوت و غاز، و ووڵاتانی زلھێز و پیشەسازی ناچار دەکات کە پارێزگاری لەم ناوچانە بکەن، بۆ دابینکردنی ووزە بۆ خۆیان لە داھاتوودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.