شۆڕش حاجی پێشنیارێكی نوێ لەبارەی لیستێكی یەكگرتوو ئاراستەی لایەنە ناڕازیەكان دەكات

لەلایەن ستاندار Posted on 287 جار بینراوە

ستاندەر

شۆرش حاجی  سیاسەتمەداری كورد و ئەندامی خانەراپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە لەهەمو ڕوویەك دەسەلاتی كورد شكستی هێناوە بۆ دەربازبوون پێویستی بە لیسـێكی یەكگرتوە،

ناوبراو لە وتارێكی رۆژنامەوانی كە بۆ ستاندەر ناردویەتی لە ژێر ناونیشانی (چی بكرێت) دەڵێت:ـ” باشترین رێگاچارە بۆ کۆتاییهێنان بەم شێوازی حوکمڕانییە لەباشوری کوردستان دروستکردنی پلاتفۆرمێک یان بەرەیەکی بەدیلی ئەم دەسەڵاتەیە، پێویستە هەمو ئەو تاک‌و گروپ‌و حیزب‌و رێکخراوانەی، کە لە شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان ناڕازین‌و دەیانەوێ چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام بدرێ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی تەندروست، هەمو کێشەو ناکۆکییەکانی نێوانیان بەلاوە بنێن‌و کار بۆ دروستکردنی ئەو بەدیلە بکەن”.

شۆرش حاجی دەشلێـت:” وا چاکە هەمو ئەوانەی لەخەمی ئێستاو دوارۆژی گەلەکەمانن لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنەکان بۆ دروستکردنی ئەو بەدیلە دەگاتە ئەنجام‌و لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە بە لیستێکی یەکگرتو بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن‌‌و متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەستبێنن.”

دەقی وتارەكە بخوێنەوە:

چی بکرێت؟
د. شۆڕش حاجی
ماوەیەکە ژمارەیەکی زۆر لە دڵسۆزانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنی، گفتوگۆی دوقۆڵی، سیمینار، کۆڕوکۆبونەوە، وتارو چاوپێکەوتندا بەدوای وەڵامی پرسیارێکدا دەگەڕێن، کە ئەویش بریتیە لەوەی لەم هەلومەرجەی ئێستادا چی بکرێت؟ چی بکرێ بۆ دەرچون لەو قەیرانە سیاسی‌و ئابوری‌و فیکری‌و کارگێڕی‌و کۆمەڵایەتییەی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان تێیکەوتوە؟ چونکە هەمو ئەو دڵسۆزانە پێشبینی ئەوە دەکەن، کە سەرەڕای خراپی بژێوی‌ خەڵک‌و خزمەتگوزارییەکان‌و بێکاری‌، ئەو بارودۆخەی ئێستا کارەساتی گەورەتری بەدوادا دێ‌و دور نیە ئەو دەسکەوتانەی بەدەیان ساڵ بەدەست هاتون لەدەستمان بچن.
لەچەند ساڵی رابردو ئەوەندە لەسەر کارو رەفتاری دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان نوسراوەو ئەوەندە گوتراوە، کە ئیتر پێویست ناکات چیتر باسی خیانەت‌و گەندەڵی‌و تاڵانکردنی سامانی نیشتمانی‌و قۆرخکردنی دەسەڵات‌و چەوتوچێڵی لەحوکمڕانی‌و سیمای دو ئیدارەیی بکرێ. بەڵکو ئەوەی ئێستا پێویستە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان باس بکرێ ئەوەیە کە چی بکرێ بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەم تەنگژەیەی تێیکەوتوەو لەو مەترسییەی لەئاییندە چاوەڕێی دەکا رزگاری بێت. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتو بدرێ دەبێ خەسڵەتی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان‌و سروشتی خەڵکەکەی دیراسە بکرێ‌و دەرس لە ئەزمونی رابردو وەربگرین.
ئاسان نیە سیستمێکی حوکمڕانی لە دنیای ئەمڕۆدا بدۆزرێتەوە کە هاوشێوەی شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بێ. هەر بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شێوازە سەقەتەی حوکمڕانی لەباشوری کوردستان‌و گەیشتن بە کەناری ئارام ناتوانین کۆپی ئەزمونی هیچ گەلێکی تر بکەین. بەڵکو دەبێ تایبەتمەندی کوردستان‌و خەسڵەتی خەڵک‌و دەسەڵاتەکەی لەبەرچاو بگیرێ تاکو گونجاوترین نەخشەرێگا بۆ ئەو مەبەستە بگیرێتە بەر.
بێباکی ئێستای دەسەڵات لە کوردستان بەئەندازەیەکە، کە سەرەڕای ئەو کێشە گەورانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بۆتەوە، ئەوان نە گوێ لە هاوڵاتیان دەگرن‌و نەکێشەکان چارەسەر دەکەن‌و نە واز لەدەسەڵات دەهێنن. بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنیا لەخەمی مانەوەی خۆیان دان. دامەزراندنی ژێرخانی ئابوری‌‌و هێزی نیشتمانی‌و سیستمی دادوەریی سەربەخۆو سیستمی پەروەردەو خوێندنی نیشتمانی‌‌ لەبیرو بەرنامەی کاری دەسەڵاتدارانی کوردستاندا نیە؛ دەستەبەرکردنی ئەمنی نیشتمانی‌و ئەمنی خۆراک‌‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌ لەفەرهەنگی ئەرکی سەرشانی بەرپرسانی کوردستاندا نیە.
زۆربەی زۆری هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە ئەدای دەسەڵات ناڕازین‌و بە ئاشکرا دەنگی ناڕەزایی بەرز دەکەنەوە. تەنانەت ناڕەزایی گەیشتۆتە ئۆرگان‌و دامەزراوە باڵاکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش. خەڵک بەپەرۆشە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکرێ بەڵام لەئێستادا لە قسەو دروشم‌و کاری حیزبایەتی‌‌ بێزار بون. ئەم حاڵەتەش لەخۆوە دروست نەبوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە حیزب‌و هێزە سیاسییەکان لەرابردو زۆر بەڵێنیان بەهاوڵاتیان داو ئەوانیش متمانەیان پێکردن، بەڵام حیزبەکان بەڵێنەکانیان نەبردە سەرو خەڵکیان نائومێد کرد. هەر بۆیە ئەوەی ئێستا خەڵکی کوردستان گەرەکیەتی جوڵەی عەمەلی‌و راستگۆیانەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم حوکمڕانییە شکستخواردوەو رزگاربونی هاوڵاتیان لەم بارودۆخە ناجورەی تێیکەوتون.
هیچ کەسێکی هوشیارو دڵسۆز لە باشوری کوردستان ناتوانێ نکوڵی لەم راستییانەی خوارەوە بکات‌:

١. دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، کە نزیکەی سی ساڵە حوکمڕانی دەکەن، لەهەمو بوارێکدا شکستیان هێناوە.

٢. هیچ تاک‌و حیزب‌و رێکخراوێک ناتوانێ بەتەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لەشێوازی حوکمڕانی ئەمڕۆی باشوری کوردستاندا بکات.

٣. گەلەکەمان شایستەی ژیان‌و گوزەرانێکی زۆر لەوەی ئێستا باشترەو زۆربەی گەلانی دنیا قوربانی کەمتریان داوەو ژیانیان لەئێمە باشترو خۆشترە. هەر بۆیە ئەرکی هەمو تاکێکی دڵسۆزی ئەم گەل‌و نیشتمانەیە هەوڵی گۆڕینی ئەم بارودۆخە بداو کار بۆ هێنانە کایەی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان بکات.
بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای کوردستان‌، پێم وایە باشترین رێگاچارە بۆ کۆتاییهێنان بەم شێوازی حوکمڕانییە لەباشوری کوردستان دروستکردنی پلاتفۆرمێک یان بەرەیەکی بەدیلی ئەم دەسەڵاتەیە. پێویستە هەمو ئەو تاک‌و گروپ‌و حیزب‌و رێکخراوانەی، کە لە شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان ناڕازین‌و دەیانەوێ چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام بدرێ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی تەندروست، هەمو کێشەو ناکۆکییەکانی نێوانیان بەلاوە بنێن‌و کار بۆ دروستکردنی ئەو بەدیلە بکەن.
دەکرێ ئەو تاک‌و گروپانەی ناو ئەو بەرەیە لەسەر ئامانج‌و بەرنامەیەکی کورت‌و پوخت رێککەون، کە چەند خاڵێکی وا لەخۆ بگرێ ببێتە کلیلی چارەسەری کێشەو ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان. هەروەها پێویستە میکانیزمێکی گونجاوی کارکردن بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوانیان‌‌و ئەرکەکانیان دابڕێژن.
رەنگە ئەم سێ خاڵەی خوارەوە سەرەتایەکی باش بێ بۆ ئەوەی بکرێتە بەرنامەی کاری هەموان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەی ئێستا:
یەکەم/ سەروەری یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.
دووەم/ نەهێشتنی هێزی چەکداری حیزبی لەژێر هەر ناوو پەردەو پاساوێک.
سێیەم/ شەفافییەت لەداهات‌و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵکاران.
وا چاکە هەمو ئەوانەی لەخەمی ئێستاو دوارۆژی گەلەکەمانن لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنەکان بۆ دروستکردنی ئەو بەدیلە دەگاتە ئەنجام‌و لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە بە لیستێکی یەکگرتو بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن‌‌و متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەستبێنن.
تا ئەو کاتەی ئەو بەدیلە دروست دەکرێ پێویستە هەمو ئەو تاک‌و گروپ‌و رێکخراوو حیزبە ناڕازییانەی هەوڵی دروستکردنی ئەو بەدیلە دەدەن بایکۆتی هەر هەڵبژاردنێک بکەن کە دەسەڵات بیەوێ ئەنجامی بدات. چونکە هەر هەڵبژاردنێک لەم هەلومەرجەی ئێستادا بەیاسای هەڵبژاردنی کارپێکراوو بە وجودی هێزی چەکداریی حیزبی‌ لەغیابی موعارەزەیەکی رێکخراوو تۆکمەدا، جارێکی تریش شەرعییەت دەداتەوە بەو دەسەڵاتەی کە دۆزی گەلەکەمانی بەم رۆژە گەیاندوە. بۆیە دەبێ شەرعییەتی هەر هەڵبژاردنێکی لەم جۆرە رەتبکرێتەوە.
لەکۆتاییدا دەبێ بگوترێ ئەگەر کاری جیدی بۆ پەیڕەوکردنی نەخشەرێگایەکی لەم شێوەیە نەکرێ‌و دواڕۆژی نیشتمان‌و گەلەکەمان بە قەدەر بسپێردرێ، ئەوا بارودۆخەکە خراپترو خەڵکیش نائومێدتر دەبێ‌. ئەوساش گەلەکەمان بەیەکجاری لەکاروانی پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکەو جیهان بەجێدەمێنێ‌و رەنج‌و خەبات‌و تێکۆشانی دەیان ساڵەمان بەفیڕۆ دەچێ‌‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.