ھەڵوەرین

لەلایەن ستاندار Posted on 270 جار بینراوە

کاروان حاجی

“مرۆڤایەتی لە ھەر چوار وەرز ھەڵدەوەرێت”

ھەڵوەرن، ئێوە لە گوڵەکان گەشتر نین،
…ئێوە لە لاولاوە عاشقترنین،
…ئێوە لە یاسەمین زیاترنین،
…لە گەڵای چنار جوانترنین،
…ئێوە لە دار سپیندارەکان ڕاسترنین،
…ئێوە لە دار کاژە باڵابەرزەکان لە خوا نزیکترنین،
…ئێوە لە دار تەزبیحە وێردخوێنەکان ئیماندارترنین،
…لە باخەکان سەوزترنین،
…ئێوە لە دار بەڕووی شاخەکان خۆگرترنین،
…لە مازیە تینووەکان شوکر و حەلالترنین،
ھەڵوەرن، ئێوە لە دار ھەنارە پایزیە ملکەچەکان خاکی تر و سەخی ترنین،
…لە باخی سێوە لاسورەکان بۆنخۆشترنین،
…لە ترێی ڕەزەکان شیرین ترنین.

ھەڵوەرن، سیبەرەکەتان لە سێبەری داگوێزەکان تیرتر نیە.
ھەڵوەرن، ھیچ باڵندەیەک لە سەر و قژتان ھێلانەکەی دانەناوە،
ھەڵوەرن، ھیچ بێ نەوایەک چاوی لە سایەتان نیە.
ھەڵوەڕن، ھێندەی دار ھەرمێیەک بەخشندەنین،
…ھێندەی باخی پرتەقاڵێک دڵتەڕنین،
ھەڵوەرن، ھێندەی دارخورمایەک دەمی ژیان شیرین ناکەن.

ئێوە چ بوونەوەرێکی ھەڵگەڕاوەن لە ژیان!
لە ژێر ھەورەکاندا تینوون،
لە سەر پشتی کەشتیەکان داوای لوێچێک ئاو دەکەن،
لە ناو کێڵگە گەنم برسین.

ئەو کات نزاتان بۆ دەکەم:
ئاگر تەنھا بۆ ڕووناکی بئایسێنن،
نەک بۆ سوتان،
ئەو کات پێتان بڕوادەکەم:
شتڵ تەنھا بۆ سێبەر بڕوێنن نەک بۆ شکان،
مۆم بۆ سێبوری داگیرسێنن، نەک بۆ گڕدان،

دەبوو پیاسەی ئێوە بۆ قەمیشەڵان بۆ “نەی”یەک با،
دەبوو مەراقی ئێوە لە ئاسمان بۆ فڕین با.

سنوری نێوان مەرگ و ژیانتان کاڵکردەوە:
ئەو کاتەی کارگەیەکتان دانا،
سیەکانی باخچەیکتان ژەھراوی کرد.
ئەو کاتەی چەکێکتان چێکرد پشتی شاخێکت پێ کولکرد،
غروری لوتکەیەکتان پێ شکاند.
ئەو کاتەی دوکەڵکێشێکتان ڕووە و ئاسمان دانا،
سێبەری تۆپەڵە ھەورە لۆکەیەکانتان پێ ڕاونا.
ئەو کاتەی خەفتەی چیمەنتۆتان گرتەوە،
دەم و لوتی خاکێکتان پێ سواقدا، باخچەیەکتان پێ لە گۆڕنا،
ئەو کاتەی شۆڤڵێکتان سازکرد، جەستەی ڕووبارێکتان پێ نەزیف رکرد،
زیندانێکتان بەناوی بەنداوەوە پێ گلدایەوە.

با پێتان بڵێم ئێوە چیتانە:
ئەگەر لە ژێر سێبەری درەختێکەوە خەوتن، خەونتان بە باخێکەوە نەدیت، بزانن نەخۆشن،
ئەگەر لە ناو فڕۆکە غەریبی سەر زەمینتان کرد، ئەوا شێتبوون.
ئەگەر لە دووری دۆستێکتان نەسوتان، ئەوا بوونە بە خۆڵەمێش.
ئەگەر بۆ ھەڵپچڕانی خونچەیەک نەگریان،
ئەوە بوونە بە بەرد.
ئەگەر بە مەرگی پەپوولە نە تاسان،
ئەوە بزانە کانی سۆزتان وشکی کردووە.
ئەوە بزانن زۆر لە مێژە ھەڵوەریون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.