پڕۆژەیەک بۆ قۆناغێکی هەستیار و کورد لەبەردەم کازمی و عێراقی نوێدا

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز

بە درێژایی مێژوو قۆناغەکانی گۆڕانی دەستەڵات لە عێراقدا ، ئەگەر چی هێزێکی ناوخۆیی کردویەتی بەڵام کۆنتڕۆڵی ئەم هێزانە لە ناو هاوکێشەی بەریەککەوتنی وڵاتانی زلهێزدا بوە ، هەمو کودەتا و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش یەکێ لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی و هەرێمایەتی لە پشت بوە ، هەمو کودەتا و گۆڕانکارییەکان لە ۱۹۲۰ وە کورد تێدا لەسەرەتاوە وەک نەتەوەی دوەمی عێراق قورسایی سیاسی و سەربازی و ئابوری و …هتد ی هەبوە ، وڵاتانی زلهێزیش پشتیوانیان لێ کردوە وەک کارتێکی کاتی ، کاتێک گەیشوەتە بەهێز بون ، لە ناوەندەوە دژایەتی سیاسی و سەربازی کورد کراوە و وڵاتانی بڕیاردەریش بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوەند گەورەترە بوە ، بۆیە  کوردیان وەک کارتێک فرۆشتوە و کوردیش نەیتوانێوە بە پێی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی یارییە گشتیەکان بکات  ، ئەمە لە پێش دروست بونی عێراقەوە درێژەی هەیە تا ئێستا ، بە نمونە ڕێککەوتنی جەرائیر و شۆڕشی مەلامستەفا ، پاشان گفتوگۆی یەکێتی و ناوەند ، پاشان گفتوگۆی بەرەی کوردستانی دوای ڕاپەڕین ، پاشان قۆناغی دوای سەدام .
لە مێژوی عێراقی نوێدا ئەگەر چی کورد بەشداری نوسینەوەی دەستوری کردوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە پێکهاتەیەکی ئامادەی کاریگەر بوە و لە پێکهاتنی حکومەتدا پێگەی بەهێزی هەبو ، وەزارەتی گرنگی بەدەستەوە بوە و لە سوپای عێراقیشدا خاوەنی چەندین پێگەی سەربازی گرنگ بوە ، لە هەرێمیش خاوەنی هەرچوار دەستەڵاتەکە و دامەزراوەی حکومی و پێشمەرگە بوە ، بەڵام بە هۆی ململانێ و پاشکۆیەتی وڵاتان و بون بە بەشێک لە ململانێ ی هەرێمایەتی نەیتوانیوە بنەماکانی خۆڕاگری وەک هەرێمێک بونیاد بنێ ، بۆیە ئەو ئامادەگیەی نەبوە تا وەک ڕوداوەکانی پێشوتری مێژوی ئەگەر ڕوی دا بتوانێت لەسەر پێ ی خۆی بوەستێ ، خۆ ئەگەر باوەڕمان وا بێت کە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی ڕەگێکی مێژووی هەیە و ئەمەش وا دەکات پێمان وا بێت مێژو خۆی دوبارە دەکاتەوە ، ئەوا لە ئێستادا لە بەردەم ئەو دوبارەبونەیەداین و لە ئەگەری بەهێز بونی ناوەند بە فۆرمێکی تر ئەوا دەبێت هەڵەکانی پێشو دوبارە نەکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەری دوبارەبونەوەی مێژو بە بەهێزبونی ناوەند ئامادە بکەین و نەکەوینە دەرەوەی بازنەی عێراقی نوێ و بەشداریشمان بەشداریەکی کارتۆنی نەبێت ، ئەوا گرنگە تا کات ماوە کێشەکانمان دیاری بکەین وچارەسەری گونجاوی بۆ دابنێن ، بە تایبەت لە ئێستادا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە نەخشەی نوێ عێراقدا کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە عێراقدا دەخوێنرێتەوە ، نەک وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەڵکو وەک مافی نەتەوەی دوەم ، کە دەتوانرێ سودی لێوەربگیرێ ، ئێمە لەسەرەتای دروستبونی عێراقی نوێداین ئەو جوڵە و مامەڵانەی هەیە ناىێت وەک فاکتێکی سیاسی و دەستوری پشتی تەواوی پێ ببەسترێ ، دەبێت هەمو ئەگەرە سیاسیەکان شرۆڤە بکرێت و ئامادەگی هەبێت بۆ خراپترین ئەگەری گۆڕانی ئەم هەڵوێست و یاریانەی ئێستە لە ساحەی سیاسی عێراقدا ڕودەدات .
ئەگەر چی هەرێم غەرقی کۆمەڵێک کێشەی گەورەیە کە باجی نەبونی عەقڵێکی دەوڵەتداری دەدا بە هۆی ململانێ ی پارتی و یەکێتەوە ، بەڵام دەکرێت پرسیار لە خۆمان بکەین ، بە کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە کە لە پاشەکشەی زۆر قوڵداین بەرامبەر دەستەڵاتدارانی عێراقی نوێ ، چۆن بتوانین سود لە کەمترین کات وەر بگرین بۆ ئەم ئەگەرە نزیکانە ، ترسناکترین و نزیکترین هەڕەشە هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەموشمان دەزانین ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا کار لەسەر عێراقێکی نوێی ناوەندچێتی بەهێز دەکەنەوە و دەیانەوی هەڵبژاردنی ٦/٢٠٢١ کەمترین ساختەی تێدا بکرێت ، ئەوەش دەزانین کە هاوڵاتیانی خۆمان بە هۆی ئەو هەمو گەندەڵی و دزیەوە هیچ متمانەیان بە کورد نەماوە و دەنگ دەدەن بە کازمی ، کە ئەگەر لیستیشی نەبێت ئەوا لیستی سێبەر دروست دەکەن و کورد دەخاتە بەردەم مەترسی دوبارە کارتۆنی و سنتەرێکی بەهێز بە تایبەت بەهۆی موچە و ئەو ناڕەزایەتیانەی خەڵک هەیانە زەمینەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی بۆ کازمی لەبارە ، کە دەتوانرێ بە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ کازمی و کارکردن لەسەر چاکسازی و بەتایبەتیتریش دەستور کورد ببێتە شەریکە بەشی هەقیقی عێراقی نوێ ، کە ئەم نوسینە وەک پڕۆژەیەک لە پاڵ هەمو هەوڵەکانی تر و پڕۆژەکانی تردا سودی لێوەربگیرێ بۆ خۆئامادە کردن بۆ عێراقی نوێ .
پڕۆژەیەک وەک مەتبەخێکی گشتی بۆ خۆئامادەکردن بۆ عێراقی نوێ .

•لەسەر ئاستی ناوخۆ :
1.کۆنفرانسێکی نیشتمانی ببەسترێ  بە بەشداری هەمو هێزە کوردیەکان و کەسایەتی ئەکادیمی و بێلایەن ، دور لە خوێندنەوەی ململانێی کۆن ، هەر لەو کۆنفرانسەدا لێژنەیەک پێک بهێنرێت و دەستەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ کارکردن لەسەر بەرژەوەندی باڵای هەرێم .
2.پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور ڕێک بخرێت بە ئاگاداری نەتەوەیەکگرتوەکان و بە تایبەت فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا ، وە کار لەسەر مافی دەستوری فیدڕاڵیەتی هەرێمەکان بکرێت.
3.هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و بکرێتە نیشمانی.
4.دادوەری هەرێم دوبارە دروستبکرێتەوە  دەستەڵاتی تەواوی پێ بدرێت دور لە ئینتمای حیزبایەتی.
5.کار لەسەر داهاتەکانی نەوت و خاڵیە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ بکرێت ، تەنها لیژنە و کۆبونەوە نەبێت ، یەکبخرێت.
6.کار لە سەر بوژاندنەوەی بازاڕ و بەتایبەتیش موچە بکرێت ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بە پێ ی شایستە داراییەکان .
7.پەرلەمان کارا بکرێت و هەوڵی چالاککردنی بدرێت .
8.هاوکاری کردنی ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت ، کاری جدی لەسەر کەرکوک بکرێت لە چوارچێوەی بەستنی کۆنفرانسێک بۆ ناوچە جێ ناکۆکەکان.

•لەسەر ئاستی دەرەکی :
1.لەو کۆنفرانسە نیشتمانیەدا کە بۆ ئەگەرەکانی عێراقی نوێ بەسترا ، لێژنەیەک دروستبکرێت لە هەمو پێکهاتەکان و کار لەسەر پەیوەندەکانی هەرێم و کۆی وڵاتانی ناوچە و جیهانی بکرێت و بە بەڵگەی دیکۆمێنتاری جیهانیەوە بەشداری هەقیقی هەرێم لە عێراقی نوێدا بەدەست بهێنرێت .
2.پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نیشتمانی بکرێت .
3.چۆنیەتی هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ئاگاداری وڵاتان بێت.
4.پشتوانی بۆ مافەکانی کورد بە ئاگادرای وڵاتانی کاریگەر بە پێ ی دەستور.
5.داوای سەرژمێری گشتی بکرێت ، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان .
6.پشکی کورد لە عێراقی نوێدا بە ئاگادری ولاتانی کاریگەر بێت.
7.خوێندن و زمانی کوردی مافی فەرهەنگی بە ئاگاداری وڵاتانی کاریگەر لەسەر بنەمای دەستور.
•لەسەر ئاستی عێراقی :
1.کار لەسەر کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکرێت و کەسانی ئەکادیمی بێ لاین دابنرێت لە پشکی کورد.
2.کار لەسەر سەرژمێری گشتی بکرێت .
3.شایستە داراییەکان لە بەرنامەی حکومەتدا بسەپێنرێت.
4.لەسەر ئاستی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق و ناوخۆ ، کورد پێگەی بەرکەوتەی خۆتی هەبێت .
5.ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ پێش هاتنی سوپای عێراق و قەرەبوی مێژوی کورد بسەپێنرێت.
6.لەهەر چوار دەستەڵاتەکەدا کورد بتوانێ بە پێ ی بەرکەوتەی خۆی قورسایی هەقیقی هەبێت .
7.بۆ پاراستنی شکۆی هەرێم و عێراق هەوڵبدرێت لە ڕێگەی ناوەندەوە ڕێگری بکرێت لە بڕینی سنوری هەرێم و عێراق لە ڕوی وشکانی و دەریایی و ئاسمانیەوە .
هەرێم لەبەردەم عێراقی نوێدا سەرەتای ئاماژەکان وا دەردەکەون کە کورد لەبەردەم مەترسی بەکارتۆنی بونی قەوارەی سیاسی هەرێمدایە ، ئەگەر چی کورد پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە ، بەڵام لەبەردەم ئەم ئەگەرانەدا ئەگەر کورد نەتوانێ مەتبەخێکی سیاسی دروست بکات و خۆی ئامادە نەکات بۆ ئەم ئەگەرانە بەتایبەت ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیانی خۆی بە پێدانی موچە و چاکسازی گشتی ، لیستە عێراقیەکان دەنگی کورد دەبەن لە کەرکوک و موسڵ و دیالە و هەتا ناو هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمیش ، بۆیە دەبێت کورد وەک چۆن وڵاتانی دراوسێ چەند دژی یەک بن کە هاتە سەر هەرێم هاوبەرژەوەندین و دژی کوردن ، بۆ ئێستاش کورد لە نێو ماڵی خۆیدا چەند دژ بەیەک بن دەبێت لەبەردەم ئەم ئەگەرەدا یەکێتی ناوەکیان بەهێز بکەن ، گەر وا نەکەن  ، ئەوا کورد مەحکوم دەبێت بە دوبارە بونەوەی مێژو و وە دوبارە بونەوەی هەمان هەڵەی مێژویی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.