سیستەمى خۆماڵى بۆ پەروەردەو فێرکردن

لەلایەن ستاندار Posted on 1347 جار بینراوە

مامۆستا / کازم عەباس زەندى

 

پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن

سیستەمی پەروەردەو فێرکردن

پڕۆگرام و قۆناغەکانى خوێندن                              

چەند ڕێنمایییەکی گشتی

قۆناقی یەکەم/ سەرەتایی

قۆناقی دووەم / بنەڕەتی

قۆناغی سێیەم/ گشتی

قۆناغی چوارەم / ئامادەیی

قۆناغی پێنجەم / زانکۆیی

میکانیزمەکانى پەڕینەوەی خوێنکاران لەنێوان قۆناغەکاندا

پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن

گومان لەوەدا نییە کە هەبونى  تواناى ئەقڵى و بەهرەى خۆڕسک و حەزو ئارەزوى مرۆڤ بەیەکەوە کەسەکى زیرەک و بلیمەت دروست دەکات لەو بوارەى کە هەوڵى بۆ دەدات, لەهەمو کاتەکیشدا پلانى لەبارو دڵسۆزى لەکارو ویژدان و دادپەروەرى لەبڕیاردا دوا ڕۆژەکى پڕشنگدارو نەوەیەکى بەرپرسیار بەرهەم دەهێنیت, کە دواڕۆژی گەل و نەتەوە دەگۆڕێت،  بەڵام لەبەرئەوەی مەرج نییە هەمو ئەمانە لەیەککاتدا بۆ کەس و نەتەوەیەک بەشێوەیەکی خۆڕسک  دەستەبەر ببێت یان بۆی مابێتەوە, بۆیە دەکرێت لەڕێى پەروەردەوە بەرهەمەکانی ئەم بوارانەمان دەست بکەوێت, چونکە پڕۆسەى پەروەردەو فێرکردن بوارەکى فرەوانە, جێگەى بەرهەمهێنان و دەرکەوتنى تواناى مرۆڤەکانە, جیگەى  خزمەتکردن و چارەسەرى گرفتەکانە, دەتوانرێت بنەماکانى پێشکەوتنى وڵاتى تێدا دابڕێژرێت و ڕۆشنبیرى تاک و کۆمەڵگاى پێ بگۆڕدرێت, لەمەشدا وا پێویست دەکات لەهەمو بوارەکان زیاتر گرنگى پێ بدرێت و بەبەرنامەو پڕۆگرامەک ڕێک بخرێت کە لەبەرژەوەندى ئێستاو داهاتوى گەلەکەماندا بێت, لەخزمەتى پێگەیاندنى تاکەکى تەندروست و بنیاتنانى کۆمەلگایەکی هۆشیارو یەکگرتودابێت تاوەکو داهاتویەکى پڕشنگدار بۆ نەتەوەکەمان دابین دەبێت, بەڵام گرنگترین خال بۆ سەرکەوتنى ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە کە دەبێت بەسیستەمەکی خۆمالی ڕێک بخرێت بەواتای ئەوەی لەدانانی بڕگەو بنەماو بەرنامەو پڕۆگرام و یاساکاندا ئەو تایبەتمەندییانە ڕەچاو  بکرێت کە لەگەل ژینگەی کۆمەڵگاو وڵات و نەتەوەکەمان دەگونجێت نەک بەپێی سیستەمەک بێت کە بۆ ژینگەو کۆمەلگایەکی تری جیاواز دانرابێت ئینجا ئێمە لاسایی بکەینەوە .

پڕۆسەی پەروەردەبون وەک سوڕانەوەیە لەچواردەورى بازنەیەکدا, چونکە لە چ خاڵەکدا دەست پێ دەکەیت هەر لەو خاڵەدا کۆتایى دێت و هەر لەوێش دەست پێ دەکەیتەوە، ئەمەش لەشێوەی سوڕو تەمەنی مرۆڤەکاندایە، چونکە کە مرۆڤ لەمندالییەوە بە چ زانیاری و بە چ ژینگەیەک پەروەردە دەبێت, کە گەورە دەبێ و خێزان دروست دەکات، بەردەوام پەروەردەبونى خۆی تێدا دەردەخاتەوەو هەمان ژینگە بۆ نەوەکانی دەڕەخسێنێتەوە .

کەرتى پەروەردەو فێرکردن بەگرنگترین پڕۆسەی نەتەوەیی دەزانرێت، چونکە کاریگەری لەسەر گۆڕانی کۆمەلگادا دەبێت, بۆیە پێویستە وەک زانستەک مامەلەى لەگەڵدا بکرێت و بەفەلسەفەیەک بەڕێوە ببردرێت کەهەمو بنەماکانى لەپێناو خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و بەرژەوەندى نەتەوەیى و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى و زانستى و پێگەیاندنى تاکەکى سودبەخش و نیشتمان پەروەردا بێت, بەمەبەستى پێگەیاندنى نەوەیەک بێت کە باوەڕیان بەخۆیان هەبێت و خۆیان بەلاواز نەزانن لەهەمانکاتدا قێریش ببن کە چۆن مافى خۆیان داوابکەن و چۆن ئەرکى خۆیان جێبەجێ بکەن هەروەها پێویستە لەم پڕۆسەیەدا سێ کۆلەگە بۆ خۆ پاراستن دروست بکرێت، ئەویش بەبایەخی زیاتر بەخزمەتکردنى زمان و ڕۆشنبیرکردنى تاک بەزانست و زانیارى و دروستکردنى بیروباوەڕى نەتەوەیى بێت, چونکە بەم سێ کۆڵەگەیە قەلغان و چوارچێوەیەکى خۆپاراستن بۆ هەر کۆمەڵگاو نەتەوەیەک دروست دەبێت کە دوژمنان نەتوانن بەسەریاندا زاڵببن و کاریگەرییان لەسەریاندا هەبێت, ئەمانەش بەسیستەمەکی خۆمالی دەکرێت کە بەپلان و بەیاسای تایبەتمەند ڕێکخرابێت و بەپاڵپشتى دەسەڵات میکانیزمەکانى جێبەجێ بکرێت .

ئاشکرایە کە لەسەردەمە کۆنەکاندا زۆربەى میللەتان بەئەقل و لێهاتویى سەرکردەیەک یان بەناوى بنەماڵەیەک دەرکەوتونە, بەیەکگرتویى و بەهێزى لەشکرو سوپاش خۆیان پاراستووە ئینجا لەگەڵ ئەمانەدا دەسەڵات و ئیمپراتۆریەتیان دروستکردووە, بەڵام هەردەم پەروەردەى خەڵک و کۆمەڵگاو ژێردەستەکانیان بەپێى ئەو بنەمایانە بووە کە لەئایینەکاندا هەبووە, چونکە ئەو کات بنەما ئایینییەکان هەڵسوکەوتى مرۆڤەکانیان ڕێکخستووە لەهەمانکاتدا سنورو قەڵەمڕەوى دەسەڵاتەکانیشیان دیارکردووە, زمانى دەقە ئایینییەکانیش سەرچاوەى فێربونى خوێندن و نوسینى خوێندەواران و بەڕیوەبردنى کاروبارى وڵات و دەسەڵاتەکان بووە، وەک زمانى لاتینى ئینجیل بۆ مەسیحییەکان و عارەبى قورئان بۆ موسڵمانەکان, بەڵام  هەروەک لەئێستادا دەرکەوتووە تاسەر ئەم سەرچاوانە کاریان پێ نەکراوە, بەڵکو لەپاشاندا سود لەسەرچاوەى تریش وەرگیراوە یان بەسەرچاوەى تر گۆڕاون, کە لەگەڵیدا بنەماى نوێ بۆ سیستەمى پەروەردەو فێرکردن داهێنراوە, بەدیاریکراویش  لەدواى سەرکەوتنى شۆڕشى فەڕەنسا (١٧٨٩ز)گۆڕانکارییەکان ڕوویانداوە , کە ئایین لەدەسەڵات جیاکرایەوەو بەهەستى نەتەوەیى کۆمەڵگاکان ڕێکخرانەوە, وڵاتەکان دروستکران و سنورەکان بەناوى نەتەوەکان جیاکرانەوە، لەم حالەتەشدا زمانى زگماک لەخوێندن و نوسیندا لەجیاتى زمانە ئایینییەکان بەکارهێنرایەوە تا کارگەیشتە ئەو ڕادەیەى هەر نەتەوەیەک بەتایبەتمەندییە کەلتورییەکانى خۆیانەوە بناسرێنەوە, ئەمەش وایکرد زمانەکانى لاتینى و عارەبى لەبەرامبەر زمانە نەتەوەییەکان پاشەکشە بکەن و ئەو سیستەمە نوێیە بهێتەکایەوە, کە هەر وڵاتەک بەپێى بەرژەوەندى نەتەوەیى و بەزمانى تایبەتى خۆیانەوە سیستەمى پەروەردەو فێرکردنیان ڕێک بخەنەوە, هەر وڵات و هەر میللەتەک بەتایبەتمەندیییەکانى خۆیان و بەپێى بیرو بۆچونى بیرمەندەکانیان پلان و میکانیزمى جێبەجێکردنیان بۆ ئەو سیستەم و پڕۆسەیە دانا کە پەیڕەویان دەکرد ئینجا لەدواتردا بەتێپەڕینى کات و دەرکەوتنى دەرئەنجامەکان گۆڕانکارییان لەمیکانیزمەکاندا کرد, ئەوەى  گونجاوبو دەیانهێشتەوەو لەسەرى بەردەوام دەبون , ئەوەى نەگونجاویش بو دەیانگۆڕی یان هەمواریان تێدادەکرد .

هەروەک دەزانین ئێمەى کورد لەدواى بەئیسلامکردنمان وەک هەمو نەتەوە موسڵمانەکانى تر بەبنەماکانى ئیسلام پەروەردەبوین و بەزمانى قورئان کە عارەبى بو فێرە خوێندن و نوسین  دەکراین, بەڵام لەبەر ئەوەى لەدواتردا نەمانتوانى وڵاتى سەربەخۆ دروست بکەین, کراینە چەند پارچەیەک و بەسەر چەند وڵاتەکى داگیرکراویشدا دابەشکراین, بۆیە هەردەم بەسیستەمى وڵاتە داگیرکارەکان پەروەردە دەبوین و بەزمانى ئەوان فێرى خوێندەوارى دەکراین, ئەمەش وایکرد پڕۆگرام و میکانیزمى پەیڕەوکراوى ئێمە بۆ سیستەم و پڕۆسەى پەروەردەو فێرکردن هیچ کاتەک خۆماڵى و بەتایبەتمەندى خۆمان نەبێت, بەڵکو سەرەڕاى ئەوەى کە زمانى ئایینى عارەبى زالبو لەهەمانکاتدا کەلتوری فارس و ڕوس و تورکیشمان بەسەردا دەسەپێنراو بەڕۆشنبیرى ئەم نەتەوانە ئاشنا دەکراین, چونکە هەر پارچەیەکمان لەژێر دەسەڵاتى یەکەک لەو نەتەوانەبو, بەڵام لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى(١٩٩١ز) لەکوردستانى باشوردا دەرفەتەکى زێڕینمان بۆ هاتەپێش, چونکە نەتەوەى داگیرکەرى عارەب لەبنکەى بڕیار دورکەوتەوە, لەو کاتەوەشڕا چەندین پلانى پەروەردەیى و پڕۆگرامى خوێندنى جیاواز تاقیکرایەوە, بەدیاریکراویش لە دواى (٢٠٠٧ز)ەوە کە پڕۆگرام و سیستەمى پەروەردە گۆڕدراو بەتەواوى لەعیراق جیاکرایەوە, بەڵام بەداخەوە ئەم گۆڕانەش ئەو ئەنجامەى لێ بەرهەم نەهات کە مەبەستمان بو, ئەو ئامانجەشى نەپێکا کە بۆى دانرابو, چونکە گۆڕانى سیستەمەکە تەنیا لەپێناو گۆڕاندابو, لەجێى سیستەمى سەپێنراوى داگیرکەرەک کە هى عیراق بو بەکوێرانە لاسایی سیستەمەکى بیانى تر دەکرایەوە کە سویدى و بەئینگلیزى کردن بو, بەپێی بەراوردکردنی ئەو دەرئەنجامانەی کە لەپەیڕەوکردنی ئەم سیستەمانەش دەرکەوتووە ئەگەرچى ئەم سیستەمانە بۆ وڵات و نەتەوەکانى خۆیان بەکارو سودبەخش بوینە, بەڵام بۆ ئێمە ئەو بەرهەمەی نەبووە کە دەمانویست, چونکە خۆماڵى نەبون, هەر سیستەمەکیش ئەگەر خۆماڵى نەبێت دەرئەنجامەکەى ئەو بەرهەمەى نابێت کە هەوڵى بۆ دەدرێت, بەڵکو لەوانەیە لەجیاتى سودو قازانج  بەلاڕێدابردنى کۆمەڵگاشى لێ پەیداببێت, چونکە لەگەڵ  ئاستى ڕۆشنبیرى و تایبەتمەندییەکانى ئەو کۆمەڵگایە ناکۆک دەبێت, کە بۆی بەکار دەهێنرێت، بۆیە پێویستە ئێمەى کوردیش سیستەمەکى خۆماڵى و شیاو بۆ ئەم پڕۆسەیە دابنێین کە لەگەڵماندا دەگونجێت, سیستەمەک پەیڕەوبکەین کە بەپێوەرى خۆمان دانرابێت، کە ئاستى ڕۆشنبیرى و بەرژەوەندى نەتەوەیى و تایبەتمەندییەکانى خۆمانى تێدا ڕەچاو کرابێت، چونکە دانانی سیستەم بۆ پەروەردەبونی هەر کۆمەلگایەک وەک دورینی ئەو پارچە قوماشە وایە کە بەپێوانەى خۆت دورابێت, کە لەبەرکردنی لەبارو گونجاوە، بەڵام ئەگەر سیستەمەک بەتایبەتمەندییەکانى خۆت دانەنرابێت, وەک ئەو پارچە قوماشەى لێ دێت کە بەپێوانەى خۆت نەدورابێت، کە نەشیاوو نەگونجاو دەردەچێت، لەمەشدا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت, کە پەیڕەوکردنى هەر سیستەمەک ئەگەر بۆ کۆمەڵگایەک لەبارو گونجاو بێت, مەرج نییە بەلاساییکردنەوەى هەمان دەرکەوتەى بۆ ئێمەش هەبێت، چونکە بەتایبەتمەندی ئێمە دانەنراوەو وەک پارچە قوماشەکە بەپێوانەی ئێمە نەدوراوە، بۆیە پێویستە سیستەمی پەیڕەوکراو هەردەم خۆمالی بێت .

سیستەمی پەروەردەو فێرکردن

دەوڵەتى عیراق لەبیستەکانى سەدەى بیستەمەوە دامەزراوە ئینجا کوردستانى باشورى پێوە لکێنراوە, لەو کاتەوەشڕا سیستەمەکى پەروەردەو فێرکردنمان بەسەردا سەپێنراوە کە  بەبیرى عارەب دانراوەو پڕۆگرامەکانى لەبەرژەوەندى ئەواندا ڕێکخراوە، لەدوای ڕاپەڕینیش کە بەسیستەمە لاسایییەکانیش گۆڕدراوە بەهەمان شێوە ئەو سودەی نەبووە کە ویستراوە، چونکە  تایبەتمەندییەکانمان ڕەچاو نەکراوە، ئەمەشمان لەڕوانگەى ئەو دەرئەنجامانەوە بۆ دەرکەوتووە کە لەئێستادا هەستی پێ دەکرێت، چونکە بەسەرنجگرتن لەپەیڕەوکردنى سیستەمەکاندا چەند دەرئەنجامەکى نەخوازراومان بۆ دەرکەوتووە, کە واپێویست دەکات لەئێستادا هەڵوێستەى لەسەر بکەین, چونکە بەردەوامبون لەسەرى لەڕێگەچارەى گرفتەکان دورمان دەخاتەوەو بەلاڕێماندا دەباتەوە, ئەمانەش هەندەک لەو دەرئەنجامانەن کە کەسانى پەیوەندیدارو شارەزا لەپڕۆسەکە بەڕونى هەستى پێ دەکەن :

یەک / دانانی بابەت و ڕێکخستنی پڕۆگرامەکان بۆتە هۆی ئەوەی مێژوى داگیرکەران لەمێژوى خۆمان ئاشناتر ببێت, ئەمەش وایکردووە تاکی کورد سود لەهەڵەکانى ڕابوردو وەرنەگرێت و بەردەوام دوبارەیان بکاتەوە .

دو / تاک و خوێندەوارەکى لاوازو بێ باوەڕى بەرهەمهێناوە, ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى تواناى بڕیاردانمان لەهیچ بوارەکدا نەبێت و هەردەم ئامادەى ژێردەستى بین لەهەمانکاتدا لاساییکردنەوە لەڕەچاوکردنى تایبەتمەندییەکانى خۆمان بەپەسندتر بزانین  .

سێ / زمانى دوەمی گرنگتر کردووە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زمانى دایک کە کوردییە بێ بایەخ ببێت .

چوار /  ئاستى ڕۆشنبیرى فێرخوازانى دابەزاندووە, ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى خوێندەواران و قەڵەم بەدەستان لەپێشەنگى کۆمەڵگادا پاشەکشەبکەن و سەرمایەدارو چەک بەدەستان جێگەیان بگرنەوە .

پێنج /  بەدەستهێنانى شەهادەى موچەى لەفێربونى زانست و زانیارى گرنگترکردووە, ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکى گشتى نەوەکو دەگمەن, خاوەن شەهادەکان باوەڕیان بەخۆیان نەبێت و لەبوارى خۆیاندا توانادار نەبن, چونکە بەکەمترین ماندوبون دەتوانن پلەو شەهادەى زانستى بەرز وەربگرن .

شەش /  کەمترین ڕێژەى ڕێزو شکۆى بۆ فێرکاران هێشتۆتەوە, ئەمەش وایکرد سەنگ و سامى فێرکاران لەبەر چاوى  فێرخوازان و بەخێوکەراندا نەمێنێتەوە .

حەفت /  دەرفەتى زیاترى بۆ دەرچونى فێرخوازە لاوازەکان دابینکردووە, ئەمەش وایکردووە هەوڵ و هاوبڕکێی  فێرخوازە ناوەنجى و زیرەکەکان کەم ببێتەوە .

هەشت /  ڕاددەى زیرەکى فێرخوازانى کردووە بەبەهرەیەکى خۆڕسک نەوەکو لەڕێى فێربونەوە, ئەمەش وایکردووە فێرخوازەکان بێ ئومێد ببن لەڕوى هەوڵدان و خۆماندوکردنەوە ….تاد

بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پەیڕەوکردنی سیستەمە کۆنەکان و پڕۆگرامەکان چەند سودەکیشی بۆمان بەدێهێناوە کە دەبیت لێرەدا ئاماژەى پێ بکەین, ئەویش ئەوەیە کە لەئێستادا بەئەزمونى کردەیى، ڕاست و هەلە, گونجان و نەگونجان، سود و زیان لەپەیڕەوکردنى سیستەمەکدا بەپڕاکتیک لەیەکتر جیادەکەینەوە لەهەمانکاتدا بیرکردنەوەى بیرمەندەکانیشى فرەوانتر کردووە, چونکە جیاوازى نێوان سیستەمەکانیان بۆ بووە بەهەوێن و بەردى بناغە تاوەکو بیرۆکەى تری لەسەر دابڕێژن و هەنگاوى ترى لەدوادا بهاوێژن .

بەباوەڕی ئێمە لەئێستادا کاتی ئەوە هاتووە کە گۆڕانکارى لەپڕۆگرامەکانی خوێندندا بکرێت و سیستەمەک پەیڕەو بکرێت کە لەدور مەودادا بەرهەمەکەى بەقازانجی نەتەوەییمان بێت،  چونکە پڕۆگرامەکان و سیستەمەکانی ڕابوردو بۆ نەتەوەیەک گونجاوە کە ئازادو سەربەخۆ بێت, بۆ وڵاتەکە پارێزراو بێت, بۆ گەل و بۆ زمانەکە هەڕەشەى تواندنەوەى لەسەر نەبێت, بۆ کۆمەڵگایەکە ئاستى ڕۆشنبیرى و خوێندەوارانى لەپلەیەکى بەرزدابێت نەک بۆ گەلەکى وەکو ئێمەی ژێردەستەو خاکەکەى دابەشکراو بێت, بۆ کۆمەڵگایەک کە لەقۆناغى خۆناسین و خۆ دروستکردندابێت, بۆ نەتەوەیەک  لەشەڕى خۆ پاراستندابێت, کە لەچەندین لاوە هەڕەشەى لەناوبردن و پلانى تواندنەوەو بێ بایەخکردنى زمانى لەسەر بێت, ڕێژەى نەخوێندەواری بەرزبێت و گرفتى نەبونى پێداویستییەکانى خوێندنى هەبێت, بەلکو دەبێت بەرنامەو پڕۆگرامەکانى لەپێناو پەروەردەکردنى تاکەکدا بێت کە ژێردەستەیى قبوڵ نەکات و هەستى نەتەوەیى تێدا گەشە بکات, بایەخ و شکۆ بۆ زمانى کوردى  بگەڕێنێتەوە, بیرو باوەڕو ئاستى ڕۆشنبیرى بەرز بکاتەوە…تاد تاوەکو  هەڕەشەى داگیرکەران خاڵى ببنەوەو پلانەکانیان پوچەڵ ببێتەوە, بۆ ئەم مەبەستەش وا پێویست دەکات لەم قۆناغەدا کە میللەتەکەمانی پێ تێپەڕ دەبێت سیستەمەکی خۆمالی پەیڕەو بکرێت کە بەرنامەو پڕۆگرامەکانى لەگەڵ تایبەتمەندی و پێداویستییەکانماندا بگونجێت، لەخزمەتی زمان و هۆشیاربونەوەی نەتەوەییدا بێت .

پڕۆگرام و قۆناغەکانى خوێندن

لەئێستادا قۆناغەکانى خوێندنى کوردى لەکوردستانى باشوردا، لەدواى قۆناغى یەکەمى خێزان و باخچەى منداڵانەوە, بەسێ قۆناغى تر تەواو دەکرێت, قۆناغى یەکەمی بنەڕەتى لەشەش ساڵییەوە دەست پێ دەکات ,لە پۆلەکانى (١) تا (٩) پێک دێت, دواتر قۆناغى دوەمی ئامادەیى ( ١٠- ١١ – ١٢)ى بەدوادا دێت ئینجا بەقۆناغى سێیەمی زانکۆیى کۆتایى دێت, بەڵام ئێمە لێرەدا بەشێوەیەکى تر قۆناغەکان دابەش دەکەین کە جیاوازی هەبێت و لەگەڵ ژینگەو تایبەتمەندى خۆماندا بگونجێت, بەڵام لەهەمانکاتدا لەوانەیە لەهەندێ حالەتدا لێکچونیشی لەگەل هەندێ لەپەیڕەوو پڕۆگرام و بڕگەو بنەماکان و وردەکارى ئەو سیستەمانەدا هەبێت کە لەئێستادا بەکاردێت, چونکە دابەشکردنەکە تێکەڵەیەکە لەڕێنمایییە کۆنەکان و ئەزمون وەرگرتن لەسیستەمى پەیڕەوکراوى وڵاتان بەڕەچاوکردنى تایبەتمەندیییەکانى خۆمان, بۆیە لەهەندێ ڕودا جیاوازن و لەهەندەکى تردا هاوشێوەنە, ئەم شێوە دابەشکردنەش لەپێنج قۆناغى پەیوەست بەیەکتر دروست دەبێت کە بریتین لەقۆناغەکانى  :

– قۆناغى یەکەم (سەرەتایى) /  لەیەک ساڵیەوە دەست پێ دەکات تا تەمەنى شەش ساڵى بەردەوام دەبێت .

– قۆناغى دوەم (بنەڕەتى) /  لەتەمەنى شەش ساڵیەوە دەست پێ دەکات, پۆلەکانى (١ تا ٦) دەگرێتەوە .

– قۆناغى سێیەم (گشتى) /  پۆلەکانى (٧, ٨, ٩) دەگرێتەوە .

– قۆناغى چوارەم (ئامادەیى) / پۆلەکانى ( ١٠,١١, ١٢)دەگرێتەوە .

– قۆناغى پێنجەم (زانکۆیى) / بەشەکانى کۆلیژو پەیمانگاکان دەگرێتەوە .

 

 

چەند ڕێنمایییەکی گشتی

١- ڕێکخستنی بابەتەکان لەهەمو قۆناغەکاندا پەیوەندییان بەیەکترەوە هەبێت و تەواوکەرى یەکتر بن, لەگەڵ ژینگەو ئاستى ڕۆشنبیرى کۆمەڵگادا بگونجێت, ئەو خاڵانەى تێدا ڕەچاو بکرێت کە بەرژەوەندى گەل و نیشتمان و دواڕۆژى نەوەکانى داهاتوى تێدا دەستەبەر دەبێت .

٢- لەهەر چەند سالەکدا پێداچونەوە بۆ بابەت و پڕۆگرامەکان بکرێت ئینجا ئەوەى بەکەلک و گونجاو بێت بهێلرێتەوە, ئەوەى نەگونجاویش بێت بگۆڕدرێت یان هەموار بکرێت, چونکە لەدواى ئەزمون وەرگرتن و دەرکەوتنى دەرئەنجامەکان, ئەو ڕاستییانە ڕون دەبێتەوە کە چ پڕۆگرام و چ بابەتەک بەسود و قازانجى پڕۆسەکە تەواو دەبێت و پێویست بەوە دەکات لەسەرى بەردەوام ببین, کامەشیان نەشیاوەو پێویستى بەگۆڕان و بەهەموارکردنە .

٣ – پڕۆگرامەکانى خوێندنى ساڵ بۆ دو وەرز دابەش بکرێت (وەرزى یەکەم – وەرزى دوەم) بەڵام لەقۆناغى گشتییەوە دەکرێت پڕۆگرامەکانى هەر وەرزەک بابەتەکى سەربەخۆى تێدا بخوێنرێت .

٤– ساڵانە بەهرەو حەزو ئارەزوى فێرخوازان دیاربکرێت کە لە چ  بوارەکدا توانادارو سەرکەوتوترە, بۆ ئەم مەبەستەش  تۆمارەکى تایبەت دروست بکرێت کە ئاستى بەهرەمەندى فێرخوازان دیار بکات ئینجا ئەم تۆمارە بکرێتە پاڵپشت و یاریدە بۆ بایەخ پێدان و وەرگرتنى فێرخوازان لەقۆناغەکانى خوێندندا .

٥- بابەتە بەهرەیییەکانى (وەرزش و هونەرو میوزیک) بەئاستەکان دیاربخرێن, نمرەکانیان لەگەڵ نمرەى بابەتە زانستى و وێژەیى و زمانەکان کۆ نەکرێتەوە تاوەکو ڕیزبەندى فێرخوازە دەرچووەکانى پێ دیار نەکرێت, چونکە ئەم بابەتانە تواناو بەهرەى خۆڕسکى فێرخوازان پیشان دەدەن نەوەکو ئاستى زیرەکى و هەوڵدان و خۆماندوکردن و ڕاددەى فێربون .

٦ – سزاو پاداشت بۆ فێرکارو فێرخوازان بەپێى بەرنامەیەک ڕێک بخرێت, کە ببێتە پاڵنەر بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ڕۆشنبیرى و ڕێکخستنى پڕۆسەى خوێندن .

٧  -بێجگە لەپۆلە کۆتاکانى (٦, ٩ , ١٢) فێرخوازان مافى وەرگرتنى پێنج نمرەی بڕیاریان  هەبێت بۆ دەرچون لەپۆلە ناکۆتاکاندا .

٨- لەدانانى بابەتەکاندا بایەخ بە(هەستى نەتەوەیى و دڵسۆزى و خۆشەویستى و ڕاستگۆیى و دەستپاکى و دەستنیشانکردنى ئەرک و ماف و زانستى فەلسەفەو دەرونزانى) بدرێت, چونکە پێدانى زانیارى لەم بوارانەدا :

 ا – کاریگەرى لەسەر ژیانى ڕۆژانەو داهاتوى فێرخوازاندا دەبێت .

ب – ئاسۆى بیرکردنەوەو ڕۆشنبیرى فێرخوازان فراوانتر دەکات .

پ – فێرخوازان فێرە هەڵسوکەوتى گونجاو دەکات لەبەرامبەر یەکتردا  .

ت – کۆمەڵگایەکى بەئاگاو شارەزاو مەدەنى و دادپەروەرو بەرپرس بەرهەم دەهێنیت .

هـ – ڕەنگدانەوەى لەسەر خۆشەویستى خاک و نیشتماندا دەبێت .

و – لەکاتى کارو هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتیدا فێرخوازان فێرە دڵسۆزى دەکات……تاد

٩- بابەت و پڕۆگرامەکان لەخوێندنگاو قوتابخانە حکومى و ناحکومى و تایبەتییەکان وەکو یەکتربێت و هیچ جیاوازییەکیان لەنێواندا نەبێت .

١٠- بۆ قۆناغى سەرەتایى و بنەڕەتى : پێویستە قوتابخانە لەنزیک ماڵى قوتابیان بێت, چونکە قوتابى لەم قۆناغەدا بچوکەو تواناى هاتوچۆى دورى نییە, بەڵام بۆ قۆناغى گشتى و ئامادەیى : دەکرێت  لەچەند گەڕەکەکى نێو شارەکاندا  خوێندنگایەک هەبێت, بۆ گوندەکانیش لەنێوان چەند گوندەکدا یان لەقەزاو ناحیەکاندا خوێندنگایەک هەبێت, ئەمەش سودى بۆ دابەشکردنى میلاکى فێرکارو کەمى خوێندنگاکان دەبێت لەکاتەکدا هۆکارو پێداویستى فێرکردن و گواستنەوە و نیشتەجێبون بۆ فێرکارو خوێنکاران ئاسانکارى بۆ بکرێت .

١١- کتێبەکانى مەنهەج لەچاپخانەکانى ناوخۆ چاپ بکرێن و لەپەڕاوگەو کتێبخانەکان بەکەمترین نرخ و قازانج بەقوتابى و خوێنکاران بفرۆشرێت, چونکە لەم حالەتەدا بایەخ بۆ کتێبى مەنهەج زیاتر دەبێت و لەلایەن فێرخوازانەوە پارێزراوتر دەبێت لەهەمانکاتدا چەند سودەکى تریشى بۆ حکومەت و هاو وڵاتییان دەبێت, لەلایەکەوە دەرفەتى کار لەچاپخانەو کتێبخانەکان زیاتر دەبێت, لەلایەکى ترەوە بارو خەرجى تێچوى کتێب لەسەر حکومەت کەم دەبێتەوە, بەمەش دەرفەتى دروستکردنى قوتابخانەو خزمەتکردنى پڕۆسەکە زیاتر دەبێت .

١٢- ساڵانە لە مانگى(٥)دا, لەموچەى مامۆستایانى هەمو قۆناغەکاندا, بڕەک پارەى کەم و دیاریکراو بگێڕدرێتەوەو لەسندوقێکدا دابنرێت, ئەم پارەیەش بەسەر خوێنکارە دەرچووە یەکەم و توانادارو پێشەنگەکانى قۆناغى ئامادەیى دابەش بکرێت, تاوەکو فێرکارانیش بەشداربن لەدانانى بەها بۆ فێرخوازەکانیان .

١٣- پرسیارە نوسینەکییەکان بەشێوەى  هەڵبژاردن و پێناسەو ڕاستکردنەوەى هەڵەکان و بۆشایى و شەرح  دابنرێت .

١٤- لەتەک یارییە وەرزشییە جەستەییەکاندا بایەخ بەیارى بیرکردنەوەى شەترەنج بدرێت .

١٥-کتێبى مامۆستا بۆ هەمو بابەتەکان هەبێت و لەوەزارەتەوە دابەش بکرێت, لەم کتێبەشدا شلۆڤەى بابەتەکان و پلانى نمونەیى ساڵانەو مانگانەو ڕۆژانە دیاربخرێت .

١٦- بابەتى داڕشتن لەناو پۆلدا بنوسرێت تاوەکو قوتابى و خوێنکار سود لەبەهرەى کەسى تر وەرنەگرێت .

١٧- بەشە وانەکان لە (٣٠) وانەى هەفتانە زیاتر نەبێت .

١٨- ژمارەى مامۆستایان لەفێرگەکاندا لەهێندەو نیوى ژمارەى پۆلەکان کەمتر نەبێت, بەواتاى ئەوەى ئەگەر قوتابخانەیەک شەش پۆلى هەبێت, لەنۆ مامۆستاى کەمتر نەبێت یان ئەگەر خوێندنگایەک دە پۆل بێت, لەپازدە مامۆستاى کەمتر نەبێت….تاد

١٩- لەپۆلە ناکۆتاکاندا بێجگە لەزمانی دایک دەربازبون لەیەک بابەتدا هەبێت بەمەرجەک دو سال لەدوای یەکتر هەمان بابەت نەبێت .

٢٠– گرنگی زیاتر بەزمانى دایک (کوردى) بدرێت :

ا- لەکتێبە مەنهەجییەکاندا بەپێى توانا دەستەواژەى هەمو شێوەزارەکان بەکاربهێنرێت و هەوڵ بدرێت ئەو دەستەواژەو  سەرەناوانە بەکاربهێنرێت کە لەنێوان شێوەزارەکاندا کەمترین جیاوازییان لێ دەردەکەوێت .

ب – کتێبە مەنهەجییەکان وەک فەرهەنگەکى گشتى, پەیڤ و ڕامانى شێوەزارە جیاوازەکانى تێدا بنوسرێت تاوەکو ببێتە سەرچاوە بۆ قوتابى و خوێنکاران لەشارەزابونیان لەدەستەواژەى شێوەزارى جیا لەخۆیان .

ت –  خوێنکاران شارەزاى ڕێنوسى کوردى بکرێن بەهەردو ئەلفبێى عارەبى و لاتینى .

پ-  لەپۆلى(٤)ى بنەڕەتییەوە ژیاننامەى ناوداران و چیرۆکى کورتى فۆلکلۆرى و بەرئاگردانى کوردى سەرنج ڕاکێشەوە مەبەستەکانى خوێندن و فێرکردن دەربخرێت ئینجا لەقۆناغەکانى دواتردا لەهەر پۆلەکدا چیرۆکى درێژو داستان و ڕۆمان وەک بەشەک لەزمانى کوردى بەدرێژایى ساڵ بخوێنرێت .

هـ – لەهیچ قۆناغەکدا دەربازبون لەزمانى دایک کە کوردییە نەبێت .

و-  بۆ بایەخدانى زیاتر بەزمانى دایک و دیاریکردنى تێکڕاى گشتى کۆتا پۆلى قۆناغەکان , دەتوانرێت لەکۆکردنەوەى نمرەى زمانەکانى عارەبى و ئینگلیزى تێکڕایەکى دابەش دو دەربهێنرێت ئینجا بەرامبەر بەنمرەى زمانى کوردى بکرێت ,

ز- خوێنکاری کورد لەهەردو شێوەزاری بابانی و بۆتانی شارەزا بکرێت، چونکە هەریەکە لەم دو شێوەزارە زیندوترین شێوەیە لەنێو شێوە گفتوگۆی خۆیدا .

٢١- ئەگەر قوتابی و خوێنکار لەئەنجامی کۆتایی وەرزدا، لەچوار بابەت زیاتر کەوت، بەدەرنەچو هەژمار بکرێت و مافی خولی دوەمی نەمێنێت .

 

 

 

قۆناغى یەکەم : سەرەتایى

ئاشکرایە کە خێزان بەگرنگترین و بەسەرەتاییترین قوتابخانەى پەروەردەیى دەزانرێت, چونکە هەمو کەسەک لەسەرەتادا لەخێزانەکەیەوە وانەى پەروەردەیى وەردەگرێت ئینجا لەگەڵیدا ژینگەى دەوروبەر بەسەرچاوەیەکى ترى پەروەردەبون هەژمار دەکرێت .

ئەم قۆناغە لەباخچەى منداڵانەوە دەست پێ دەکات, چونکە منداڵ لەم قۆناغەوەڕا فێرە زمان و کردە سەرەتاییەکان دەبێت, بۆیە پێویستە پڕۆگرامەکانى ئەم قۆناغە بەشێوەیەکى سادەو سەرەتایى ڕێک بخرێت, کە لەگەڵ تەمەن و بیرکردنەوەى منداڵاندا بگونجێت ئینجا لەدواى ئەم قۆناغە چەند قۆناغەکى ترى تەواوکەرى یەکتردێت بۆ کەسەک کە ڕێچکەى خوێندن هەڵ دەبژێرێت, ئەم ڕێچکەیەش لەئێستادا بەگرنگترین ڕێچکەى پەروەردەبونى میللەتان دەزانرێت , بۆیە پێویستە زۆرترین بایەخى پێ بدرێت .

قۆناغى دووەم : بنەڕەتى

١- ئەم قۆناغە لەتەمەنى شەش ساڵییەو دەست پێ دەکات, پۆلەکانى (١, ٢ , ٣ , ٤ , ٥ ,٦)دەگرێتەوە .

٢- خوێندن لەم قۆناغەدا بەسەپاندن بێت .

٣- دەستەواژەى (مامۆستا) بۆ فێرکەرى ئەم قۆناغە بەکاربهێنرێت .

٤- فێرخوازانى ئەم قۆناغە بەدەستەواژەى (قوتابى) ناوبنرێن .

٥- فێرگەکانى ئەم قۆناغە بە(قوتابخانە) بناسرێن .

٦- بەشێوەیەکى بنەڕەتى ئامانج لەم قۆناغەدا فێربونى خوێندنەوەو نوسین و پێدانى زانیارى بابەتەکان بێت .

٧ -لەم قۆناغەدا مامۆستا پسپۆڕى دو بابەت بێت, یەکەمیان سەرەکى بێت ئەوى تریان لاوەکى, ئەمەش سودى بۆ ڕێکخستنى میلاک و پسپؤرى لەقوتابخانەکان دەبێت .

٨- کاتى وانە (٤٠) خولەک بێت و پێنج خولەک دەرفەتى نێوان وانەکان بێت .

٩- ئەم قۆناغە بۆ دو بازنە دابەش بکرێت  :

(((بازنەى یەکەم)))

پۆلەکانى (١ – ٢ – ٣)  

١ – لەم بازنەیەدا خوێندنى هەمو بابەتەکان بەزمانى دایک (کوردى) بێت و هیچ زمانەکى ترى تێدا نەخوێنرێت .

٢- سەرە ناوى بابەتەکان زیاتر ناوى خواردن و بالندەو ئاژەڵەکان بێت, چونکە منداڵ بەم بابەتانە سەرسام و ئاشنایە .

٣ – قوتابى دەفتەرى ڕاهێنانى هەبێت بۆ ئەوەى بەنوسینى دەست ڕابهێت .

٤ – پێوەرى سەرەکى بۆ دەرچون و دەرنەچونى قوتابى لەم بازنەیەدا هەردو بابەتى (کوردى و بیرکارى)بێت .

٥ – ئەنجامى هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانى وەرزو کۆتایى هەمو بابەتەکان بەدەستەواژەى ئاستەکان بنوسرێت :

– لاواز …..   بۆ لە (سفر تا ٥٠)

– پەسند …   بۆ لە (٥٠ تا ٦٠ )

– ناوەند …   بۆ لە (٦٠ تا ٧٠ )

– باش …..   بۆ لە (٧٠ تا ٨٠  )

– زۆرباش…  بۆ لە (٨٠ تا ٩٠ )

– نایاب …   بۆ لە (٩٠ تا ١٠٠)

٦- هەڵسەنگاندنى ڕۆژانەى وەرزى کە لەلایەن مامۆستاى بابەتەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر (٦٠) نمرە بێت, ئەم نمرەیەش بەسەر جێبەجێکردنى ئەرکى ماڵ و خەتخۆشى و نوسینەوەو خوێندنەوەو ڕێنوس و هەڵسوکەوتى ڕۆژانەى ناو پۆلى قوتابی و بەپێى پابەندبونى بەدەوام و پاک و خاوێنى خۆی و پەڕاوەکانی دابەش بکرێت .

٧ – نمرەى تاقیکردنەوەى کۆتایی وەرز لەسەر(٤٠)نمرە بێت, ئەم نمرەیەش  بەپێى هەڵسەنگاندنى قوتابى بەپرسیارى زارەکى و خوێندنەوەو نوسین و ڕێنوسى سەر تەختە دابنرێت .

٨ – بەکۆکردنەوەى نمرەى هەڵسەنگاندنى ڕۆژانەو تاقیکردنەوەى کۆتایى وەرز, ئەنجامى کۆتایى وەرز دەستنیشان بکرێت (٦٠+٤٠) = ئەنجامى کۆتایى وەرز

٩ -بەکۆکردنەوەى نمرەى کۆتایى هەردو وەرز, ئەنجامى دەرچون و دەرنەچونى کۆتایى ساڵ دیاربخرێت .

١٠- ژمارەى قوتابیان لەناو پۆلدا لە(٢٥)قوتابى زیاتر نەبێت .

١١- پەڕینەوە لەکوردی و بیرکاری نەبێت .

(((پۆلى یەکەم )))

ئەگەر قوتابییەک لەهەردو بابەت یان لەیەکەک لەبابەتەکانى (کوردى و بیرکارى) لاوازبو, پێویستە بەر لەدەست پێکردنى خوێندنى ساڵى داهاتو, خولەکی بەهێزکردن لەنێوان چەند قوتابخانەیەکى نزیکى یەکتر بۆ ئەم قوتابییانە ڕێک بخرێت کە مامۆستایانی بابەت لەقوتابخانە جیاوازەکان وانە بەم قوتابییانە بڵێنەوە, ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو مامۆستاى ساڵ لەبابەتەکەدا بگۆڕێت و قوتابى لاواز بەشێوازەکى جیاواز فێربکرێت و تاقی بکرێتەوەو سود وەربگرێت ئینجا بەمامۆستایەکى تر هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت و بڕیار لەسەر دەرچون و دەرنەچونی بدرێت .

(((پۆلى دووەم و سێیەم)))

١- ئەگەر قوتابى لەکۆتایی وەرزدا، لەهەردو بابەتى کوردى و بیرکارى کەوتبو, لەخولى دوەمدا لەیەکێکیان کەوتەوە, بەدەرنەچو هەژماربکرێت  .

٢- ئەگەر قوتابى لەکۆتایی وەرزدا، لەکوردى و بیرکارى دەرچوبو, بەڵام لەچوار بابەتى تر کەوتبو, مافى خولى دوەمى بمێنێت .

٤- ئەگەر قوتابى لەکۆتایی وەرزدا، لەیەکەک لەبابەتەکانى کوردى یان بیرکارى کەوتبو, لەگەڵیدا لەسێ بابەتى تریش کەوتبو, مافى خولى دوەمى بمێنێت .

٥- ئەگەر قوتابى لەکۆتایی وەرزدا،  بێجگە لەبابەتى کوردى و بیرکارى لەیەک بابەتى تر کەوتبو بەدەربازبون دەربچێت ٦- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز- خولی دوەم  لەسەر (١٠٠)نمرە بێت, نمرەى هەڵسەنگاندنى ڕۆژانەو کۆتایى وەرزى بۆ هەژمارنەکرێت, چونکە لەم قۆناغەدا (منداڵ) قوتابى لەو پەڕى چاڵاکى و گەشەو گۆڕاندایە, بۆیە لەوانەیە جیاوازی لەکاتى خوێندن و پشوى هاویندا بۆ دروست ببێت، گۆڕانى زۆر بەسەر گەشەو پێگەیشتن و تێگەیشتنیدا هات بێت, ئەمەش وا پێویست دەکات بەشێوەیەکى سەربەخۆ و بەپێى ئەو کات و تەمەنەى کە تێیدایە هەڵ بسەنگێنرێت و نمرەى هەڵسەنگاندنى پێشترى بۆ هەژمار نەکرێت ئینجا بڕیارى لەسەر بدرێت کە ئەم قوتابییە لەپۆلەکەیدا بمێنێتەوە یان شایانى ئەوەیە دەربچێت, هەڵسەنگاندنەکەش  بەپرسیارى زارەکى و خوێندنەوەو  نوسین و ڕێنوسى سەر تەختە دابنرێت .

(((بازنەى دوەم)))

پۆلەکانى (٤ ,٥ , ٦)

١- لەم بازنەیەدا بێجگە لەزمانى دایک (کوردى) زمانەکانى (عارەبى و ئینگلیزى)یش بخوێنرێت .

٢ – تافیکردنەوەى نوسینەکى پەیڕەو بکرێت .

٣ – ئەنجامى تاقیکردنەوەکان بێجگە لەبابەتە بەهرەییەکانى (وەرزش و هونەرو میوزیک) بەژمارە بنوسرێت .

٤ – هەڵسەنگاندنى ڕۆژانەى قوتابى لەسەر(٤٠)نمرە بێت, ئەم نمرەیەش بەسەر دو (٢٠) دابەش بکرێت :

– (٢٠)نمرەى یەکەم : بەپێى جێبەجێکردنى ئەرکى ماڵ و نوسین و خوێندنەوەو ڕێنوس و پابەندبون بەدەوام و هەڵسوکەوتى ڕۆژانەى ناو پۆلى قوتابی دابنرێت .

– (٢٠)نمرەى دووەم : نوسینەکى بێت, بەتاقیکردنەوەى سەرکاغەز دابنرێت .

٥ – تاقیکردنەوەى کۆتایى وەرز نوسینەکى بێت, لەسەر (٦٠)نمرە بێت ئینجا بەکۆکردنەوەى هەر سێ نمرە (٢٠ +٢٠+٦٠) ئەنجامى کۆتایى وەرز دیاربخرێت .

٦ –بەکۆکردنەوەى نمرەی کۆتایى هەردو وەرز ئەنجامى کۆتایى ساڵ دیاربخرێت .

(((پۆلى چوارەم و پێنجەم)))

بەکۆکردنەوەى نمرەى کۆتایى هەردو وەرز :

١- ئەگەر قوتابییەک لەچوار وانەو کەمترکەوت, مافى تاقیکردنەوەى خولى دوەمى هەبێت، بەلام ئەگەر زیاتر بو مافى خولى دوەمى نەمێنێت .

٢- ئەگەر قوتابییەک لەخولى دوەمدا لەبابەتەک کەوتەوە، بەپەڕینەوە لەم ساڵەدا دەربچوێنرێت بەمەرجەک بابەتى زمانى دایک نەبێت .

(((پۆلى شەشەم))) کۆتا پۆلی قۆناغ

١ – تاقیکردنەوەى کۆتایى لەسەر (١٠٠) نمرەبێت و لەسەر  ئاستى پەروەردەى قەزاو لقەکانى ناوشار ڕێک بخرێت و بەتاقیکردنەوەى فێربون ناو ببرێت .

٢ – ئەگەر قوتابییەک لەئەنجامى کۆتایى ساڵدا(هەردو وەرز) لەچوار بابەت زیاتر کەوت, لەم ساڵەدا بەدەرنەچو هەژماربکرێت و مافى ئەم تاقیکردنەوەى نەمێنێت .

قۆناغى سێیەم : گشتى

١- ئەم قۆناغە لەیەک بازنە پێک دێت و پۆلەکانى ( ٧ , ٨ , ٩) دەگرێتەوە .

٢- فێرخوازانى ئەم قۆناغە بە (خوێنکار) بناسرێن .

٣- دەستەواژەى (فێرکار) بۆ فێرکەرانى ئەم قۆناغە بەکار بهێنرێت .

٤- فێرگەى ئەم قۆناغە بە(خوێندنگا) ناوبنرێن .

٥- پڕۆگرامەکانى خوێندن لەم قۆناغەدا لەپاڵ بابەتەکانى زمانى (کوردى و عارەبى و ئینگلیزى) و بەهرەییەکانى(هونەرو وەرزش و میوزیک) دو بابەتى (زانستى تەندروستى گشتى – ماتماتیک – وێژەیى) لەخۆ بگرێت ئینجا بابەتەکان بەپێى بڕینى پۆلەکان فرەوان بکرێن و ڕێک بخرێن و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت  .

٦- خوێنکار لەم قۆناغەدا بێجگە لەزمانى دایک و هەردو زمانى ئیجبارى عارەبى و ئینگلیزى زمانەکى ترى ئیختیارى بخوێنیت, ئەمەش بەپێى بەرنامەیەک ڕێک بخرێت کە ئارەزوى خوێنکارى تێدا ڕەچاوبکرێت و کاریگەرى لەسەر بابەتەکانى تردا نەبێت .

٧- لەم قۆناغەوەڕا خوێنکاران بەهەردو ئەلفبێى عارەبى و لاتینى فێرە نوسینى کوردى بکرێن .

٨- لەم قۆناغەوەڕا خوێندنەوەى چیرۆکى درێژ پەیوەستى ئەدەب و ڕێزمانى کوردى بکرێت .

٩- لەم قۆناغەوەڕا بابەتى ئایین پەیوەستى زمانى عارەبى بکرێت .

١٠- لەم قۆناغەوەڕا دەتوانرێت لەوەرزەکدا بابەتەک بخوێنرێت و لەوەرزەکەى تردا بابەتەکى تر, هەر وەرزەکیش بەجیا تاقیکردنەوەی بۆ بکرێت .

١١- لەم قۆناغەوەڕا وانەیەکى پڕاکتیکى هەبێت, کە دەستکارى ئەو کەلوپەلانەى تێدا بکرێت کە خوێنکار لەژیانى ڕۆژانەیدا دەیانبینێت یان کارى پێیان دەبێت تاوەکو ڕاهاتن و زانیارى سەرەتایى لەبوارە پیشەییەکانى وەک کارەباو چاککردنەوەى ئامێرو چێشت لێنان و ……تاد وەربگرێت .

١٢-لەم قۆناغەوەڕا دەتوانرێت کات و ماوەى وانە بۆ (٥٠) خولەک زیاد بکرێت و دەرفەتى نێوان وانەکان(١٠) خولەک بێت .

١٣-لەم قۆناغەوەڕا خوێنکار ئامادە دەکرێت کە لە قۆناغی داهاتودا لە چ بەشەک درێژە بەخوێندن بدات .

 

(((پۆلى حەفتەم و هەشتەم)))

١- تاقیکردنەوەو هەڵسەنگاندنى ڕۆژانە لەسەر (٤٠)نمرە بێت, (٢٠)نمرە زارەکى(٢٠)نمرە نوسینەکى, نمرەى کۆتایى وەرز (٦٠)نمرە بێت (٢٠ + ٢٠ +٦٠ = ئەنجامى کۆتایى وەرز

٢- کۆکردنەوەى ئەنجامى کۆتایى هەردو وەرز ببێتە ئەنجامى دەرچون و دەرنەچون لەساڵەکەدا .

(ئەنجامى کۆتایى وەرزى یەکەم + ئەنجامى کۆتایى وەرزى دوەم = ئەنجامى کۆتایى ساڵ)

٣- ئەگەر خوێنکار لەچوار بابەت  زیاترکەوت بەدەرنەچو هەژماربکرێت و مافى خولى دوەمى نەمێنێت .

٤- لەخولى دوەمدا بێجگە لەزمانى کوردى  دەربازبون و پەڕینەوە لەیەک بابەتى تردا هەبێت بەمەرجەک سالی پێشو هەمان بابەت نەبێت .

(((پۆلى نۆیەم))) کۆتا پۆلی قۆناغ

١- تاقیکردنەوەى کۆتایى لەسەر(١٠٠)نمرە بێت، ئەم تاقیکردنەوەیەش لەسەر ئاستى پەروەردەى گشتى پارێزگاکان ڕێک بخرێت , بەتاقیکردنەوەى پەروەردەى پارێزگاکان بناسرێت .

٢- ئەگەر خوێنکارەک لەئەنجامى کۆتایى ساڵدا لەچوار بابەت زیاتر کەوتبو، بەدەرنەچو لەم ساڵەدا هەژماربکرێت و مافى ئەم تاقیکردنەوەیەى نەبێت .

٣- تاقیکردنەوەى کۆتایى لە (٩) بابەت بکرێت, بابەتەکانیش دو بابەتى زانستى – دو بابەتى ماتماتیکى – دو بابەتى وێژەیى و هەرسێ زمانى کوردى و عارەبى و ئینگلیزى بێت .

قۆناغى چوارەم : ئامادەیى

١- لەم قۆناغەدا خوێنکار ئامادە دەکرێت کە لە چ بوارەکى زانکۆییدا دەخوێنیت

٢- فێرخوازانى ئەم قۆناغە بە (خوێنکار) بناسرێن .

٣- دەستەواژەى (فێرکار) بۆ فێرکەرانى ئەم قۆناغە بەکار بهێنرێت .

٤- فێرگەى ئەم قۆناغە بە (خوێندنگا) ناوبنرێن .

٥ – ئەم قۆناغە یەک بازنەیە, پۆلەکانى ( ١٠, ١١ , ١٢) دەگرێتەوە, بەڵام دابەش دەبێت بۆ چوار بەشى سەرەکى، لەهەر بەشەکیدا (٨) بابەتی سەرەکی دەخوێنرێت کە تاقیکردنەوەی کۆتایی لەسەر دەکرێت  :

ا- بەشى زانستى تەندروستى

لەم بەشەدا سێ بابەتى زانستى تەندروستى تایبەت بەبونەوەرو زیندەوەرو مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەک و بەشەکانى کیمیا….تاد بخوێنرێت ئینجا لەگەڵیاندا یەک بابەتى بیرکارى و وێژەیى و هەرسێ زمانەکە  .

ب- بەشى زانستى ماتماتیکى

لەم بەشەدا سێ بابەتى زانستى ماتماتیکى تایبەت بەژمێریارى و ئەندازەیى و بیرکارى و جەبرو جیاکارى و  بەشەکانى فیزیا……تاد  بخوێنرێت ئینجا لەگەڵیاندا یەک بابەتى زانستى تەندروستى و وێژەیى و هەرسێ زمانەکە  .

ج- بەشى وێژەیى

لەم بەشەدا سێ بابەتى وێژەیی تایبەت بەمێژو و جوگرافیا و کۆمەڵناسى و ئابورى و یاسا گشتییەکان….تاد بخوێنرێت ئینجا لەگەڵیاندا یەک بابەتى زانستى تەندروستى و ماتماتیک و هەرسێ زمانەکە .

د- بەشى پیشەیى

١- ئەم بەشە بۆ دو بەشى سەرەکى (کشتوکاڵ و پیشەسازى)دابەش بکرێت ئینجا پڕۆگرامەکان بۆ هەر بەشەک  بەشێوەیەک ڕێک بخرێت کە لەخزمەتى پێداویستییەکانى ناوخۆدا بێت .

٢ – لەم بەشەدا لەپاڵ بابەتە پیشەییەکان, هەرسێ زمان و یەک بابەتى زانست (تەندروستى و ماتماتیک) و وێژەیی بخوێنرێت .

٣ – پڕۆگرامەکانى ئەم بەشە زیاتر پراکتیکى بێت، بۆ ئەوەی لەدواڕۆژدا خوێنکارەکى پیشەوەری شارەزاو کارامە لەبوارەکى پیشەیى بەشێوەیەکی زانستی بەرهەم بهێنێت .

٤- دانانى نمرەو هەڵسەنگاندنى ئەم بەشە بەپێى تاقیکردنەوەى پڕاکتیکی و نوسینەکى ڕێک بخرێت  .

٥- ڕێژەیەکى دیاریکراو لەیەکەمەکانى ئەم بەشەدا لەپەیمانگاو کۆلیژەکان وەربگیرێن و بەردەوامى بەخوێندن بدەن .

(((پۆلى دەیەم و یازدەیەم)))

١ – هەڵسەنگاندنى ڕۆژانە لەسەر (٤٠)نمرە بێت, (٢٠)نمرە زارەکى,(٢٠)نمرە نوسینەکى, کۆتایى وەرزیش(٦٠)نمرە بێت.

٢ – کۆکردنەوەى نمرەى کۆتایى هەردو وەرز ئەنجامى کۆتایى ساڵى پێ دیاربکرێت .

٣- ئەگەر خوێنکارەک لەچوار بابەت زیاتر کەوت بەدەرنەچو هەژماربکرێت و مافى خولى دوەمى نەمێنێت .

 (((پۆلى دوازدەیەم))) کۆتا پۆلی قۆناغ

١- تاقیکردنەوەى کۆتایى لەسەر(١٠٠) نمرە بێت، ئەم تاقیکردنەوەیەش لەسەر ئاستى وەزارى ڕێک بخرێت و بەتاقیکردنەوەى وەزارى بناسرێت .

٢- ئەنجامى کۆتایى ساڵ ببێتە پێوەرى داخیلبون بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى وەزارى : ئەگەر خوێنکار لەچوار وانە زیاتر کەوت, مافى بەشداریکردنى ئەم تاقیکردنەوەیەى نەمێنیت و لەم سالەدا بەدەرنەچو هەژمار بکرێت .

٣- لەهەر چوار بەشدا، تاقیکردنەوەی کۆتایی  لە (٨) بابەت بکرێت، کە بەم شێوەیە بێت :

(سێ بابەتى بەش + دو بابەتى بەشەکانى تر + سێ بابەتى زمان)

(بەشى زانستى تەندروستى) (٣)بابەتى زانستى تەندروستى + [(١) بابەتى ماتماتیک + (١)بابەتى وێژەیى] + (٣)زمانەکە .

(بەشى زانستى ماتماتیکى) (٣) بابەتى زانستى ماتماتیکى + [(١)بابەتى تەندروستى + (١)بابەتى وێژەیى] + (٣)زمانەکە .

(بەشى وێژەیى) (٣)بابەتى وێژەیى + [(١)بابەتى تەندروستى + (١)بابەتى ماتماتیکى] + (٣) زمانەکە .

(بەشى پیشەیى) (٣)بابەتى پیشەیى+[(١)بابەتى زانستى(تەندروستى– ماتماتیک)+(١)بابەتى وێژەیى] + (٣)زمانەکە.

قۆناغى پێنجەم : زانکۆیى

١- ئەم قۆناغە بەشەکانى پەیمانگاو کۆلیژەکان دەگرێتەوە .

٢- کارى ڕێکخستن و پڕۆگرامەکانى ئەم قۆناغە بەوەزارەتى خوێندنى باڵا بسپێردرێت .

٣- ئەم قۆناغە بەرهەمهێنەرى تاکەکى کارامەو شارەزاو پسپۆڕ بێت لەبوارەکى تایبەتدا  .

٤- خوێنکاران لەم قۆناغەدا بە(فێرخواز) بناسرێن

٥- فێرگەی ئەم قۆناغە بەزانکۆ(کۆلیژو پەیمانگە) ناوبنرێن .

٦- دەستەواژەى (مامۆستاى زانکۆ) بۆ فێرکەران بەکار بهێنرێت .

میکانیزمەکانى پەڕینەوەی خوێنکاران لەنێوان قۆناغەکاندا

لەو کاتەی کە خوێنکارەک لەتاقیکردنەوەکانى کۆتا پۆلى قۆناغی گشتی دەر دەچێت, پێویستى بەوە دەبێت میکانیزمەکى بۆ دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەى لەیەکەک لەبەشەکانی قۆناغی ئامادەیی درێژە بەخوێندن بدات بەهەمان شێوە کە لەکۆتا پۆلی قۆناغی ئامادەییش دەردەچێت پێویستی بەمیکانیزمەک دەبێت تا لەیەکەک لەبەشەکانی زانکۆ وەربگیرێت، بێ گومان ئەم میکانیزمەش بەدەرهێنانى تێکڕا دەبێت کە لەنمرەکان دەردەهێنرێت, بەلام هەروەک دەزانین لەبەرئەوەی دەتوانرێت دەرهێنانی تێکڕا بەچەند شێوەیەک بکرێت, بۆیە پێویستە لەدەستپێکدا ڕێککەوتن لەسەر هەلبژاردنی میکانیزمەک بکرێت ئینجا بەپێی بەرزو نزمى ئەم  تێکڕایە خوێنکاران لەم بەشە وەربگیرێن کە لەئامادەیى و زانکۆکاندا بۆیان دەگونجێت، ئەمەش وا ڕێک بخرێت کە بەشى زانستى تەندروستى بەبەراورد بەبەشەکانى تر لەقۆناغەکان پێشبەندى هەبێت و بەبەرزترین تێکڕا بێت پاشان ماتماتیکى ئینجا بەوێژەیى و دواتر بەبەشى پیشەیى ڕیزبەند بکرێت، بەباوەڕی ئێمەش پەسندترین میکانیزم بۆ دەرهێنانی تێکڕا ئەوەیە کە لەنمرەى تاقیکردنەوەی کۆتا پۆلی قۆناغدا دیاربکرێت .

١- پەڕینەوەی خوێنکاران لەقۆناغی گشتی بۆ ئامادەیی

لەدوای دەرچونی خوێنکاران لەقۆناغی گشتی، بۆ هاوبڕکێکردنیان لەوەرگرتنیان لەبەشەکانی ئامادەیی پێویستیان بەدەرهێنانی دو تێکڕا دەبێت، تێکڕای یەکەم لەکۆکردنەوەی دو نمرەی هەر بابەتەکی (زانستی)- (ماتماتیکی)- (وێژەیی)بەجیاو دابەشکردنی بەسەر (٢)دا  لەگەل کۆکردنەوەی نمرەی زمانەکانی کوردی و عارەبی و ئینگلیزی و دابەشکردنی بەسەر(٣)دا، بۆ هەر بابەتەک تێکڕایەک دەربهێنرێت ئینجا بەپێی بەرزی و نزمی ئەم تێکڕایە خوێنکار لەو بەشە وەربگیرێت کە لەقۆناغی ئامادەیی بۆی دەگونجێت، بەلام بۆ جیاکردنەوەی ئاستی خوێنکاران و شایستەیی لەدرێژەدان بەخوێندن لەو بەشەی کە خوێنکارەک بۆی دەشێت پێویستە تێکڕایەکی تری گشتی لەکۆکردنەوەی تێکڕای هەر چوار بابەتەکەو دابەشکردنی بەسەر چواردا دەر بهێنرێت ئینجا بەپێی دیاریکردنی ئەم تێکڕایە خوێنکار هاوبڕکێ لەسەر ئەو دەرفەتە بکات کە ئایا ئەو مافەی هەیە لەبەشە زانستییەکان بخوێنێت یان لە وێژەیی یان پیشەیی درێژە بەخوێندن بدات، ئەم تێکڕایەش لەسەرەتای هەمو سالەکی خوێندنەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەستنیشان بکرێت، بەلام مەرج نەبێت لەهەمو سالەکدا ئەم تێکڕایە وەکو یەک بێت، بەلکو وا چاکترە بەپێى ئامارەک دیار بکرێت کە پەیوەندى بەپێداویستى کارگێڕى و بەڕێوەبردن و کارو پیشەى ناوخۆو ئامادەگى و هەبونى کورسى زانکۆکانەوە هەبێت تاوەکو پڕۆسەى خوێندن لەنێوان قۆناغەکاندا وەک هاوکێشەیەکى هاوسەنگ پێداویستییەکان دابین بکات و زیادو کەمی لەپسپۆڕی بەشەکاندا دروست نەبێت .

نمونەی حالەتەکان

(ئەگەر لەسالەکدا تێکڕای (٦٥) لەلایەن وەزارەتەوە بۆ هاوبڕکێ دیاریکرابێت)

حالەتی یەکەم / ئەگەر خوێنکارەکی پۆلی نۆ، لەتاقیکردنەوەی کۆتایی ئەم نمرانەی خوارەوەی بەدەست هێنابێت :

– نمرەی دو بابەتی زانستی     ( ٨٥ + ٩١ ) ÷ ٢ = ٨٨

– نمرەی دو بابەتی ماتماتیکی ( ٨٧ + ٧٥ ) ÷ ٢ = ٨١

– نمرەی دو بابەتی وێژەیی     ( ٧١ + ٦٧ ) ÷ ٢ = ٦٩

– نمرەی سێ زمان       ( ٧٥ +  ٨٥ + ٩٥ ) ÷ ٣ = ٨٥

لەم حالەتەدا لەبەر ئەوەی ئەو تێکڕایەی کە لەکۆکردنەوەی هەر چوار تێکڕاو دابەشکردنی بەسەر (٤)دا لە (٦٥) زیاترە، بۆیە دەتوانێ هاوبڕکێ لەسەر بەشەکان بکات ئینجا ئەگەر لەهەر بەشەکدا تێکڕاکەی بەرزتر بێت لەو بەشە وەربگیرێت، بەپێی دەرچونی تێکڕاکانیش ئەم خوێنکارە لەبەشی زانستی تەندروستی وەر دەگیرێت، چونکە تێکڕاکەی لەدو بەشەکەی تر بەرزترە .

حالەتی دوەم / ئەگەر خوێنکارەکی پۆلی نۆ، لەتاقیکردنەوەی کۆتایی ئەم نمرانەی خوارەوەی بەدەست هێنابێت :

– نمرەی دو بابەتی زانستی     (٥٤ + ٥٨)   ÷ ٢   = ٥٦

– نمرەی دو بابەتی ماتماتیکی (٥٥ + ٦١)   ÷ ٢   = ٥٨

– نمرەی دو بابەتی وێژەیی     ( ٦٠ + ٥٨)  ÷ ٢  = ٥٩

– نمرەی سێ زمان         (٥٣ + ٦٣ + ٦٤)  ÷ ٣  = ٦٠

لەم حالەتەدا لەبەر ئەوەی ئەو تێکڕایەی کە لەکۆکردنەوەی هەر چوار تێکڕاو دابەشکردنی بەسەر (٤)دا لە (٦٥)کەمترە، بۆیە ناتوانێ هاوبڕکێ لەسەر بەشە زانستییەکان و وێژەیی بکات، بەلکو دەبێت لەبەشی پیشەیی درێژە بەخوێندن بدات .

حالەتی سێیەم / ئەگەر خوێنکارەکی پۆلی نۆ، لەتاقیکردنەوەی کۆتایی ئەم نمرانەی خوارەوەی بەدەست هێنابێت :

– نمرەی دو بابەتی زانستی    ( ٥٣  + ٦١)  ÷ ٢  = ٥٧

-نمرەی دو بابەتی ماتماتیکی ( ٥٢ + ٥٦)   ÷ ٢   = ٥٤

– نمرەی دو بابەتی وێژەیی    ( ٥٧  + ٥٩)  ÷ ٢   = ٥٨

– نمرەی سێ زمان       ( ٩٤ + ٩٢ + ٩٠ )  ÷ ٣   = ٩٢

لەم حالەتەدا لەبەر ئەوەی بەرزی نمرەکانی لەزمانەکان بۆتە هۆی ئەوەی لەکۆکردنەوەی هەر چوار تێکڕاو دابەشکردنی بەسەر (٤)دا لە (٦٥) زیاتر بێت، بۆیە ئەو مافەی لەهەردو بەشی زانستی و ماتماتیکی نابێت، بەلکو بۆ درێژەدان بەخوێندن لەهەلبژاردنی بەشی وێژەیی یان پیشەیی سەرپشک دەبێت .

حالەتی چوارەم / ئەگەر خوێنکارەک هەمو مەرجەکانی هاوبڕکێی تێدابێت و تێکڕای بابەتەکانی لە(٦٥) زیاتر بێت، بەلام جیاوازی تێکڕاکانی لەبەشەکاندا پێنج نمرەو کەمتر بێت، لەم حالەتەدا خوێنکار سەرپشک بکرێت و بەئارەزومەندانە ئەو بەشە هەلبژێرێت کە دەیەوێت, چونکە ئەم خوێنکارانە ئاستی زیرەکی و فێربونیان لەبابەتەکان لەیەکتر نزیکە لەهەمان کاتدا خوێنکار لەو تەمەنەدا تواناى هەوڵدان و فێربونى زیاتری هەیەو دەتوانێت قەرەبوى دواکەوتنی لەبابەتەکدا بکاتەوە لەو کاتەى ئەگەر تێکڕای لەوبەشەدا کەمتریش بێت

٢- پەڕینەوەی خوێنکاران لەقۆناغی ئامادەیی بۆ زانکۆکان

لەبەرئەوەی هەر لەقۆناغی ئامادەیییەوە ئەو بەشە بۆ خوێنکار دیاریکراوە کە تاقیکردنەوەی لێ دەکات، بۆیە بەرزی و نزمی ئەو تێکڕایەی کە لەکۆکردنەوەی نمرەکان و دابەشکردنی بەسەر ژمارەی بابەتەکان کە (٨) بابەتە دەبێتە پێوەر بۆ ئەو بەشەی کە لەکۆلیژو پەیمانگاکان پێی وەردەگیرێت .

لەکۆتاییدا دەلێین هەمو کەسەک ئەو مافەی هەیە کە خوێندەوار بێت، بەلام مەرج نییە هەمو خوێندەوارەک شەهادەدار بێت هەروەها بەپێی ئەزمون و دەرئەنجامەکانیش ئەو ڕاستییە بۆ هەمو لایەک ڕونبۆتەوە کە مەرج نییە هەمو شەهادەدارەکیش خاوەن پەروەردەبونەکی تەندروست بێت کە لەخزمەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەکەیدا بێ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.