مەھدی کاوانی
بە بۆچوونی خۆم ڕێکەوتنێکی نھێنی لە نێوان ئەمەریکاو رووسیادا ھەیە لە دووبارە دابەش کردنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست . دیسان بە بۆچوونی خۆم ئەوروپا بە گشتی خراوەتە دەرەوەی ئەو ڕێکەوتنە نھێنیە . ئاماژە ڕاگەیاندنە جیھانیەکان ، وەھا ھۆنینەوە دەکەن کە ئێران بە پلەی یەکەم دەناو ھاڕیندابێ . وەک خۆم بە پێچەوانەی دەبینم واتە ئەو ھاڕینە زیاتر تورکیا بگرێتەوە . کورد دەڵێ دار کرمی لە خۆی نەبێ تەمەنی سەد ساڵە . ئەو پەندە کوردیە ڕێکاو ڕێک لە گەڵ ئێستای ئێران و تورکیا جێبەجێ دەبێ . ڕاستە ئێران گەمارۆیەکی ئابووری ھەرە سەختی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی لە سەرەو دەناو خۆشیدا ڕووبەڕووی سەختترین قەیرانی ئابووری و ھاتنە خوارەوەی دراوی تمەنیەتی ، بەڵام لە بەرامبەردا ڕکەبەرەکانی تا بڵێیت لاوازن . ئەو موجاھیدە بەھێزەی سەرەتاکانی بەدەر کەوتنی خومەینی ، ئێستاکە ھەیکەلێکی زۆر بچووکیان لێ ماوەتەوە . چریکی ئەقەلیەت و ئەکسەریەت و تودەی ئێرانی کە ڕۆڵی ھەرە گرنگیان ھەبوو لە ڕووخانی شا ، ئێستاکە ھەر باسیشیان لێوە ناکرێ . دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانی کە دوای ڕووخانی شا ، عاردێکی زۆرو زەبەندیان لە خاکی کوردستانی ڕۆژھەڵات بەدەستەوە بوو ، کۆمەڵکەیان لەو ڕووەوە وەک جولەی چەکداری پایدۆزی کردووەو دیموکراتیش بۆ چەند بەش دابەش بووینەو ھەمووانیان لە کۆیەو ھەندە شوێنی تر بارەگایان کردۆتەوەو وەک ھەیکەلێکی مردوو کات بەڕێ دەکەن و بە ھەمووانیشیان بە قەدەر چارەگەکی پەژاکی سەر بە پەکەکە کارو کاردانەوەیان دەناو شۆڕشی چەکداری کوردستانی ڕۆژھەڵەتەوە نەماوە . وەک دەنگوباسەکان باسی لێوە دەکەن ، پڕۆتۆکۆلێکی دوور مەودواو ٤٠٠ ملیار دۆلاری لە نێوان ئێران و چین بەڕێوەیەو ئەمەریکاش پێیەوە تا بڵێیت تەنگە تاو بووەو ھەموو ھەول و تواناکانی ئەمەریکاش لە ڕووی چڕکردنەوەی گەمارۆکانی بە سەر ئێران لە ڕێگای نەتەوە یەک گرتووەکان بە تایبەتی لە مەڕ کڕینی چەک و تەقەمەنی ، لە لایەن رووس و چینەوە ، بێ ناوەرۆک کراوەو ئەوروپاش بە حەماسەوە سەیری ئەو داوایەی ئەمەریکی ناکات . لێدوانەکانی بەو دوایەی ترەمپیش لە حەملەی ھەلبژاردنەکانی دا دەڵێ دووبارە بچمەوە کۆشکی سپی لە گەڵ ئێران ڕێک دەکەوم و ڕکەبەرەکەشی جۆن بایدن و تەواوی دیموکراتەکان ھەر لە زووەوە لە دژی ھەڵوەشاندنەوەی یەک لایەنانەی ترەمپ بوون لە سەر ڕێکەوتنی ٥+١ لە سەرچەکی نەوەوی ئێران . دەبێ ئەوەش لە بیر خۆمان نەبەینەوە ، ھاوپەیمانێتی ئێران لە گەڵ ڕووسیاو چینیشی بخە پاڵ دوور مەودایەو زۆر زۆر جیاوازە لەو ھاوپەیمانێتیەی کە تورکیا لە گەڵ ڕووسیا ھەیەتی .
بە نسبەت تورکیا ، دیمەنەکان وەھا نابینرێن . لە ڕووی ئابووریەوە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لیرەی تورکی بەرەو نابووتی دەڕواو ئێستاکە لە سەروی ٧ لیرە بە یەک دۆلاری ئەمەریکی دەگۆڕدرێتەوە . خەرجیاتی سەربازی تورکی زۆر بەر بڵاو بووە لە سوریاوە بگرە تا دەگاتە لیبیاو دەریای سپی ناوەڕاست و باشووری کوردستان و شەڕی بەرەنگار بوونەوەی لە گەڵ پەکەکە . جەبھەی ناوخۆی واتە ڕکبەرەکانی ئەردۆگان ھەمە چەشنەو بەھێزن . جولەی چەکداری لە باکوری کوردستان بەھێزەو ھادەپی خاوەن ھەشتا کورسی پێشتری و ٥٩ کورسی ئێستای ، ڕکەبەرێکی سەختی حوکمڕانی ئەردۆگانە چ لەناو پەڕلەمانی تورکی وە چ لە جموجۆلە سیاسی و چالاکیە مەدەنیەکانی و بینیشمان لە ھەڵبژاردنە شارەوانیەکانی پێشتر ، ئەوان نەبوونایە ئاسان نەبوو جەھەپە شارەوانیەکانی ئەستەمبۆل و ئەنقەرەو ئزمیر لە بن دەستی ئەردۆگان دەربێنێ . پارتی گەلی کۆماریش کە ڕێو شوێنە مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ باوەرەکانی ئەتا تورک ، کورسیەکانی لە ناو پەڕلەمان ١٣٤ کورسیەو بینیشمان لە ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان ٣ لە ھەرە شارە گەورەکانی تورکیا ئەستەمبۆل و ئەنقەرەو ئزمیری لە بندەستی ئاکپارتی دەرھێنا و لە بەرامبەریشدا داود ئۆغلۆ و عەلی بابا جان لە ناو ئاکپارتی دەرھاتن و حیزبی وابەستە بە خۆیان پێک ھێناوەو دوور لە ئاکپارتیش بەشدار دەبن لە خولی ھەلبژاردنی دادێی تورکیادا .
تورکیا لەو پەرتبوونە سەربازیە فراوانیەی خۆی لەدەرەوەی خاکەکەیدا تا ئێستا نە لە بەرەی کوردستانی باشوورو ڕۆژئاواکەی و خاکی تری سوریا وە نە لە لیبیاو دەریای سپی ناوەڕاست ، بەرمیلێک نەوتی چەنگ نەکەوتووەو وەک دەشڵێن جەنگ بۆ وەچەنگ ھاتنی ئابووریە . ئەدی ئەو ١٦-١٧ ھەزار چەکدارەی سوری سەر بە تورکیا ، عەرەبەکان بە مورتەزەقەی سوری ناوی دەبەن کە گواستراونەتەوە بەرەی لیبی و ئەگەر گرژیەکانی وێندەریشی لە گەڵ ڕکابەرەکانی زیاد بکات ، دەبێ چاوەڕوانی ژمارەیەکی زۆرتریش بن لەو مورتەزیقانە کە بگوازرێنەوە بۆ بەرەی شەڕ لە لیبیا . ئەدی بە دوایەوە چۆنچۆنی بەرەی شەڕی خۆی لە دژ ڕکەبەرەکانی کە کوردو ڕژێمی بەشارو ڕووسەکانە ، دەپارێزی . ئەوەی لە ڕۆژنامەی جمھوریەتی تورکی داھاتووە لە سەر لێدوانەکەی جێمس جیفری نوێنەری ئەمەریکا لە سوریادا ، گەڕانەوەی ١٠ ملیۆن ئاوارەی سوری کە زۆربەیان سونە مەزھەبن و تورکیا داوای دەکات شتێکی ئەوتۆی لەشوێن شین نا بێتەوە . واتە نە ڕووسیاو ئەمەریکا وە نەڕژێمی بەشار لە سەری گەرم نینە . کەواتە تورکیا لەو لەشکرکێشیەی سوریایدا چ دەدرویتەوە .
لە باشووری کوردستانیش ھەر وەھا دەکەویتەوە . دەشبینن ئەوروپا لە دژی پەلکێشیەکانی تورکیا لە دەریای سپی ناوەتاست و یۆنان و قوبرس و لیبیا خۆیان توند کردیتەوەو ئەمەریکاش پاش ٣٣ ساڵ لە بایەکۆتی ناردنی چەک بۆ بەشە قوبرسی یۆنانی ، چۆنچۆنی ئەو بایەکۆتەی شکاندووە . کە دەشڵێم ئەوروپا خراوەتە دەرەوەی ئەو ڕێکەوتنە ، مەبەستم زیاتر لە ئاوارەکانە کە بەشێکی ھەرە زۆریان لە ئەوروپا گیرساونەتەوەو قورسایەکی دارایی ھەرە گەورەیان خستۆتە سەریان و ھیچ ئومێدێکی واش لێیان چاوەڕوان ناکرێ کە بگێردرێنەوە بۆ ناو سوریا یان دەرەوەی خاکی ئەوروپا .