نامەیەک بۆ هاوڕێم ستران عەبدوڵڵا

لەلایەن ستاندار Posted on 435 جار بینراوە

دکتۆر قارەمان شێخ بزێنی

ئەزیزم گوێبیستی ئۆدیۆکەت بووم، لە نیگەرانیەکانت تێدەگەم، بەرگریت لە مێژوو، سەنگەرگیریت لە کەرامەتی شەهیدان، پارێزگاری لە خوێن و فرمێسک و ڕاستەڕێ کردنی ڕوداوەکان سەختە!
هاوڕێم یەکجار سەخت!
ئاخر هاورێ ئەوە یەکێک لە کاپتنی کەشتیەکەیە کە لە نێو توڕەیی دەریادا سەرنشینەکانیان نزیک کردۆتەوە لە کەناری ئارام، کەچی بە هەڵەداوان باس لە دڕک و داڵی ڕێگا و دێو درنج و قرش دەکات. نازانم چی بڵێم خەیاڵە یان ڕاستی؟ پەرچەکردارە یان دڵسۆزی؟ دوژمنایەتیە یان دۆستی؟ وێڵی کورسیە یان خامۆشی؟ شەری کۆنە قینە یان واقیع بینە؟ لە دەست دانی تامی شیرینی کورسیە یان تازە لە ڕاستی تێگەیشتوون؟
ئەرێ کاپتن تۆ گلەیی لە سەوڵ لێدەرەکان دەکەین یان کاپتنەکانی تری هاوڕێت؟ ئەی تۆ نازانیت بەشی زۆری ڕەوڕەوەی مێژوو خاوەنی ڕاستەقینەی سەوڵ لێدەرەکانن نەک تۆ.
هاورێم گلەیی بێت تۆ پێشمەرگەی شاخ نەبوی؟ تۆ بەشداریت لەو خەباتەی کاپتنەکان کردویانە بە دێوەزمە نەکردووە؟ تۆ شەری براکوژیت نەکردووە و خوێنی براکانت نەڕشتووە؟ بۆچی کەرامەتی میلەتەکەت هەراج نەکردووە؟ من گوێت لێ ناگرم تۆ ئەوسا منداڵ بویت، تەمەن بچوک بوو یان هەرشتێکی تر، ئەمرۆ تۆ شوێنت بە خەڵکی تر چۆڵ کردووە نازانی ئەمە گەورەترین تاوانباری تۆیە، دەبێت بزانی لێرە کورسی چۆڵ ناکرێ، هەموو شتێک بۆ ئەو حەڵاڵ بۆ تۆی سەرکردایەتی تازە حەرامە.
تۆ پیرەژن و پیرەپیاوت لە خەو نەزڕاندووە، خواردنی بەردەم منداڵەکانت نەفڕاندووە، تەماشای ناموسی ژنانی گوندت نەکردووە، ساوەر و بڕوێشت نەهاڕیووە، چاوت لە گوندنشینانە سور نەکردۆتەوە، سەدی دەربەندینخانت نەتەقاندۆتەوە، تانکی ئاو و محاویلەی کارەبات کون نەکردووە، دوژمنایەتی و چینایەتیت زەق نەکردێتەوە، دیلت نەکوشتووە…
ئەرێ بەڕاست؟! ئەمە مێژووی شۆڕشەکەمانە؟! ئەمە گوڵبژێرێکە لە باغی خەڵک؟! یان دڕکردنە بە دڵی جەماوەردا، کاتێک میکاڤیلی لە دەسەڵاتە، ژیان ئاساییە و ماستی مەییوە و ماتە، هەموو شتێ هەر هاتە، ئەمیش وەک ئەو دووردەخرێتەوە لە دەسەڵات، وڵات، مێژوو، خەبات، فرمێسک و خوێن ئەنفال و ماڵوێرانی دێ ڕووخان و دەربەدەری… خۆی تراژیدیایە، تراژیدیایەکی تریش خەریکە بەرهەمدێنن، مێژوو دەژاکێنن.
هاوڕێم دەپرسم ئەگەر وابێت دەبێ تۆ مەمنون بیت کە بەشێک نیت لەو مێژووە؟!
ئەرێ بەجدی، کوردایەتی و خەباتیان بۆ هەڕاج داناوە و لە بازاڕدا مزایەدەی دەکەن، مێژووی گەلێک کە بە گشت مردندا دەچووەوە، وەکو بەفری سەر شاخەکان دەتوایەوە، سەدان کەڵەپیاو بەپێوە دەمردن، لە قرچەی گەرمادا، لە شەوانی ئەنگوستەچاودا هەڵمەتیان دەبرد و زرمەی ئار پێچیەکانیان گوێی دوژمنی کەڕ دەکرد، ئەوان دوژمن تۆقێنەربوون، ئەمن و ئیستخبارات جاش و ئەڵقە لە گوێکان شوێن نەبوو خۆیانی تێدا حەشاربدەن.
گەل خەباتی کردووە، ئەگەر ئەوان گاڵتەیان بە شۆڕش و بە گژداچوونەوە هاتبێت ئەوا ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بەڕاستییان بووە، دەڵێن منداڵەکان بە گاڵتە بەردیان لە بۆقەکان دەگرت کەچی بۆقەکان بەڕاستی دەمردن.
ئەگەر ئێوە گاڵتەتان بە خەبات هاتووە و تانە لە مێژووی یەکتری دەدەن، خەڵک قوربانی داوە، کوڕە نازدارەکەی لە دەست داوە، کچە شۆخ و شەنگەکەی بۆ زیندان براوە، هەر باوکە و جەرگی سووتاوە، دایک چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕ و کچی ئەنفالییەتی…
ویژدانتان هەبێت، ئەم مێژووە بۆ هەڕاج دەستنادات، گەل نافرۆشرێت، خاک مزایەدە ناکرێت، جوانییەکانی مێژوو مەژاکێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.