شەهرام قادر، فیلمساز: ڕێزگرتن لە ڕای جیاواز لە کوردستان لە قۆناغی زۆر سەرەتایی دایە بینیمان دەستیان لە مامۆستا و هونەرمەندیش نەپاراست

لەلایەن ستاندار Posted on 1197 جار بینراوە

ستاندەر

فلیمساز شەهرام قادر، ناوێكی ئاشنا بەو كەسانەی گرنگی بە فیلمی سینەمایی كوردی دەدەن، ماوەی 17 ساڵە لە بواری فیلمسازی كاردەكات، 28 ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە، ئەو بە رەچەڵەك خەڵكی ڕانیەیە بەڵام لە ئێران لە دایك بوە و تا تەمەنی مێردمنداڵی هەر لەوێ ماوەتەوە. ماوەی سێ ساڵە مامۆستایە لە زانكۆی سەڵاحەدین، چەندین كورتە فیلم و دیكۆمێنتاری دروستكردووە، خاوەنی سێ فیلمی درێژە، كە دوانیان بە فارسین بە ناوەكانی “پرندەهای مهاجر” و “آفرین نامیدمت”. سێهەم فیلمی سینەمایی بە ناوی “هەنسکی ئاسمان” لە کوردستان درووست کرد کە ساڵی ۲۰۱٨ پێشاندانی تایبەتی بۆ کرا. كە گێرانەوەیەكی خێرایی شۆڕشی ئەیلول و بەستنەوەیەتی بە شەڕی داعش، بەشێوەیەك چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و سیاسی لەو فیلمە خستۆتە ڕوو، هەنسكی ئاسمان خاوەنی چەندین خەڵات و رێز لێنانی جیهانیەو لە چەندین وڵات نمایش كراوە.

لەو دیدارە هەردوو پرسی دۆخی سینەمای كوردی و پرسەكانی ئازادی بیروڕا و كاریگەری لەسەر دۆخی كوردستان و رۆڵی سینەماكاران لە پیشاندانی ناتەواوییەكان و دۆخی سیاسی تاوتوێ دەكەین.

ستاندەر: وەك سینەماكارێك كە ئێستا لە ئەوروپا دەژیت و دێیەوە كوردستانیش، چاودێری دۆخەكە دەكەی، دۆخی ئازادی بیروڕا و خەباتی مەدەنی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

شەهرام قادر:  ئازادی بیروڕا مافی سروشتی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەیەکیش دەتوانێت خۆی بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو بزانێت، کاتێک جیاوازی بیروڕای خەڵک لەو کۆمەڵگەیەدا پارێزراو بێت. کۆمەڵگەی کوردیش کاتێک دەتوانێت شانازی بە ئەزموونی خۆی بکات، کە ئازادی بە واتا ڕەهاکەی ڕەچاو بکرێت. بە دڵنیاییەوە کوردستان لە زۆر بوارەوە پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کەموکورتی هەیە. تا ئێستاش ڕێزگرتن لە ڕای جیاواز لە کوردستان لە قۆناغی زۆر سەرەتایی دایە. تا ئێستاش بەداخەوە سیستەمێکی سیاسی تۆکمە کە پشتبەستراو بێت بە ڕێزگرتنی موتلەق لە بیروڕای ئازاد دروست نەبووە و لە گۆشەو کەناری کوردستان دەبیسترێت کە بە هۆی بیروڕای جیاواز خەڵکێک لێپرسنەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئازار دەدرێت، هەروەک چۆن بەودواییە بینیمان دەستیان لە مامۆستا و هونەرمەندیش نەپاراست. ئێمە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ڕێز گرتن لە جیاوازی بیروبۆچوون لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی پرسیاری لەسەرە و نکۆڵی لێناکرێت کە ئازادی خراوەتە ژێر گووشاری دەسەڵاتە سیاسییەکان. ئەگەر بڵێین کوردستان دوورە لەو کێشەیە، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ڕووی سۆزەوە سەیری بابەتەکە دەکەین و خۆمان دوور دەخەینەوە لە ڕاستییەکان.

تاکی کورد خۆی ئازاری زۆری بینیوە بە دەست دەسەڵاتدارانی غەیری کورد، کەواتە ڕەوا نییە هەمان ئازار بە دەست دەسەڵاتی خۆماڵیشدا بکێشێت

ستاندەر: ئەو پێشێلكاریە بەردەوامانەی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی بیر و ڕا پێت وایە كوردستان بەرەو كوێ دەبات؟

شەهرام قادر:  پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی ئەو دونیایە ڕووبدات جێگای داخەو دەبێت ڕێگری لێبکرێت. زۆر گرینگە لە کوردستانیش ڕێگا لەو کارەساتە بگیرێت. لێرەدا دەبێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کاتێک بەڵگەی سەلمێنەریان لە دەست بێت و بەڵگەکان پشتبەستراو بن بە سەرچاوەی زۆر باوەڕپێکراو، ئەوکات ڕای گشتی چ لە ناوەوەی کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان ئاگادار بکەنەوە. تاکی کورد خۆی ئازاری زۆری بینیوە بە دەست دەسەڵاتدارانی غەیری کورد، کەواتە ڕەوا نییە هەمان ئازار بە دەست دەسەڵاتی خۆماڵیشدا بکێشێت. هیوادارم لە کوردستان ئەو بابەتە بە جددی وەربگیرێت و دەسەڵاتدارانی کوردیش خۆیان بە دوور بگرن لە پێشێلکاری مافی خەڵک، چونکە مێژوو پێشانی داوە کۆتایی ئەو پێشێلکارییە بە کوێ دەگات.

پێش هەر شتێک من وەک شەهرام هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسیم نییە و لە ڕاستیشدا بە ئیش و ئەرکی خۆمی نازانم. بەڵام لەوەش دڵنیام کە هونەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە پڕۆسەی سیاسی. سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە. هونەر ناتوانێت خۆی دور بگرێت لە ڕووداوە سیاسییەکان و هونەرمەندیش ناتوانێت تەنیا و تەنیا لە دونیای خەیاڵدا سەفەر بکات و هیچ پەیوەندی بە واقیعی ووڵاتەکەی نەبێت، بەڵام زۆر گرینگە هونەرمەند ئەگەر پشتیوانی ڕەوتێکی سیاسیش بکات، ئاگادار بێت تێکەڵ بە بەرهەمی هونەری نەکات و وەک کەرەستەی پڕۆپاگەندە بە کاری نەهێنێت. مێژووش بۆمان دەگێڕێتەوە کە زۆر جار پێشەنگی گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ووڵاتانی دونیا بەشێک لە سینەماکاران و بە گشتی هونەرمەندان بوونە. لە ڕاستیدا مۆدێلی حوکمڕانی لە کوردستان پێدەچێت مۆدێلێکی تایبەت بێت. پارچەیەکی کوردستان، لێرەدا مەبەستم لە باشووری کوردستانە، لە ئەساسدا بریتییە تەنیا لە چەند شارێک، بەڵام بە ڕوونی دوو ئیدارە و دوو جۆر حوکمڕانی بەدی دەکرێت. لە هەمانکاتیش جیاوازی چینایەتی زۆر بەرچاوە. چینێک وەک شازادە دەژین و چینێکیش کێشەی پەیداکردنی نانیان هەیە. چینێک کراون بە بەرگریکاری سیستەم و چینێکیش کراون بە بەرهەڵستکار و دێوەزمە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان کێشەی زۆر قووڵی هەیە.

سینەمای حیزبی یان سینەماکارێک کە بۆ بەرژەوەندی حیزبێکی سیاسی سینەما وەک کەرەستەی چاوپۆشین بە کار دێنێت، هەرگیز ناگات بە ئامانج

ستاندەر: لە دۆخێكی لەو شێوەیە كە ئازادی بیروڕا تەواو فەراهەم نەكراتبێت سینەمای راستەقینە و سەربەخۆ لە كاریگەری حیزب و دەسەڵات دەتوانێ گوزارشتی راستەقینە لە واقیع بكات؟

شەهرام قادر:  جارێ پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە قەبووڵ بکەین کە ئازادی لە ناو چوارچێوەیەکی دیاریکراودا تایبەتە بە مرۆڤ. کەواتە ووشەی ئازادی دوابەدوای دروستبوونی پڕۆسەی بیرکردنەوەی مەعریفی لە لایەن مرۆڤەکانەوە و بۆ مرۆڤەکان خووڵقاوە. لە پەراوێزی واتا بەخشین بە ووشەی ئازادی بۆ مرۆڤ، هەر لە لایەن مرۆڤیشەوە ئازادی بۆ گیانلەبەرانی دیکە قەبارەی بۆ داڕێژراوە. هونەر بە گشتی و سینەما بە تایبەت کاتێک ڕێچکەی سروشتی خۆی دەگرێتە بەر، کاتێک ئازادی لە کۆمەڵگەدا وەک مافێکی سروشتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی پێناسە کرابێت. سینەما کەرەستەی گواستنەوەی ڕاستییەکانە، ئەو ڕاستییانەی کە زۆر جار بە نووسین و لە چوارچێوەی ووشە ناکرێت بگوازرێنەوە. کەواتە سینەمای ڕاستەقینە لەگەڵ بوونی ئازادی پێدەگرێت و گەورە دەبێت. سینەما کاتێک دەتوانێت نوێنەرایەتی فەرهەنگی نەتەوەیەک بکات، کاتێک خۆی لە ڕاستییێەکان نەشارێتەوە و پردی نێوان جیهانی ڕاستی و جیهانی ڕەشی گومان بێت. سینەما لە ژێر گوشاری بیروبۆچوونێکی سیاسی یا خود بۆ بەرژەوەندی حیزبێکی سیاسی، وەک منداڵێک وایە کە بە ئیفلیجی لە دایک بێت. ئەو منداڵەی هەزار هیوا و ئاواتی هەیە کە بەشداری کێبەرکێی ڕاکردن بکات، بەڵام ئیفلیجە و ناتوانێت. کەواتە سینەمای حیزبی یان سینەماکارێک کە بۆ بەرژەوەندی حیزبێکی سیاسی سینەما وەک کەرەستەی چاوپۆشین بە کار دێنێت، هەرگیز ناگات بە ئامانج، ئەو ئامانجەش گەیشتنە بە سینەمایەکی ڕەسەن و ڕاستەقینە.

 هیوادارم  فیلمسازانی سەربەخۆ گرفتە سیاسییەکانی ئەو ووڵاتە وێنە بکەن، ئەوکات بۆمان دەردەکەێت پانتای ڕەخنە قەبووڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان چەند فراوانە.

ستاندەر: ئەو مۆدێلە حكومرانیەی كوردستان چ زیانێكی لە خەونی دەوڵەتی كوردیی و حكومرانی خۆماڵی داوە ؟ تۆ لە فیلمی هەنسكی ئاسمان دەتەوێ ئازارەكانی كورد بەدەست بەغداوە پیشانی نەوەی ئێستا بدەی. كەچی خەڵك ئێستا جارێكی تر داوای هاتنەوەی دەسەڵاتی بەغدا دەكات، چیت هەیە بۆ ئەوە؟

شەهرام قادر: زۆر ڕاسته، مەبەستی من لە دروستکردنی فیلمی هەنسکی ئاسمان گێڕانەوەی ئەو تراژدیە بوو کە بەسەر گەلی کورد هاتووە لە لایەن بەغداوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە هۆکاری ئەوەی ئێستا بەشێک لە خەڵکی کوردستان پەنا بۆ هەمان بەغدا دەبەن چییە؟ هۆکارەکە زۆر ڕوونە، غیابی حکومەتێکی یەکگرتوو، غیابی سیاسەتمەداری لێزان، غیابی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی ووڵات. کەواتە چاوەڕوانکراوە کە باوکێک و دایکێکی نەدار و هەژار بۆ بژێوی ژیان پەنا بۆ بێگانە بەرن. ئەوەی برسییەتی نەدیتبێت، ئازاری برسی بوون تێناگات. ئەو کەسەی سەرگەردانی نەچێشتبێت، ئازاری سەرگەردان بوونی ڕووح و جەسته تێناگات.

تا ئێستاش بودجەی فیلم زۆربەی هەرە زۆری لە لایەن ئەحزابی سیاسییەوە دابین دەکرێت

ستاندەر: بۆچی سینەمای كوردی تا ئێستا كەمتر لا لە ئازادی بیر و ڕا و سیاسی كردۆتەوە؟ لەكاتێكدا ئەو بوارە لە سینەمای جیهانی زۆر گرنگی پێدەدرێت، كەمتەرخەمییە یان نەبونی دەرفەتە؟

شەهرام قادر:  لە ڕاستیدا “سینەمای کوردی” وەک تێرمێک لە ناو چوارچێوەی تێرمینۆلۆژی سینەماییدا، پێدەچێت تا ئێستاش بوونی نەبێت. ئێمە فیلمی کوردیمان هەیە، بەڵام سینەمای کوردی باسێکی ترە. سینەماکارانی کورد پێدەچێت بە دوو هۆکار خۆیان لەو بابەتە نەدابێت. یەکەم هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئابووری. بە داخەوە تا ئێستاش بودجەی فیلم زۆربەی هەرە زۆری لە لایەن ئەحزابی سیاسییەوە دابین دەکرێت، یان ئەوەی کە کەسایەتییەکی سیاسی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکات. هۆکاری دووەم دەکرێت ئەوە بێت کە خودی فیلمساز لایەنگری ڕەوتێکی سیاسییە و ناتوانێت خۆی لە قەرەی گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکان و گواستنەوەی ڕاستییەکان بدات. هەردووک حاڵەت جێگای داخن. پێویست بوو حکومەتی هەرێم تا ئێستا توانیبای ئۆرگانێک دابمەزرێنێت کە بە ڕەسمی پاڵپشتی بەرهەمهێنانی فیلمی کردبا، وەک سایری ووڵاتانی دونیا. بەڵام بە داخەوە ئەو بابەتە یەکێک لەو کێشانەیە کە هیچ بایەخی پێنەدراوە. دەرئەنجامی ئەو بۆشاییەش، دورکەوتنەوەی فیلمسازان لە ڕووداوە سیاسییەکانی لێدەکەوێتەوە و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکاری بەرهەمی لاواز و هەژار. هیوادارم لە داهاتوو فیلمسازانی سەربەخۆ گرفتە سیاسییەکانی ئەو ووڵاتە وێنە بکەن، ئەوکات بۆمان دەردەکەێت پانتای ڕەخنە قەبووڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان چەند فراوانە.

ستاندەر: لە بواری گەندەڵی وقۆرخكاری كۆمپانیای دەسەڵاتداران و دەرخستنی بازرگانیە نایاساییەكانی چەك و تلیاك و جۆرەكانی تر كە زۆرجار دەوترێ خەڵكی دەسترۆیشتوی دەسەڵات تێدا گلاون تا چەند پێویستە سینەما هاوشێوەی میدیا خەڵكی لەبارە هۆشیار بكاتەوە، یان بۆچی زیاتر روداوە مێژووییەكان و بابەتی دڵداری زیاتر باڵكی كێشاوە بەسەر ناوەرۆكی فیلمە كوردییەكان؟

شەهرام قادر:  ئەو ڕووداوانەی کە جەنابت باسی دەکەیت بە دڵنیاییەوە زۆر ڕاستن و ڕۆژانە لە کوردستان دەبیستین کە ڕوو دەدەن. سینەما بەس بریتی نییە لە فیلمێک و گێڕانەوەیەکی سادە. سینەما، فەرهەنگ و داب نەرێتی خەڵک لە خۆ دەگرێت. سینەما پێناسەی کۆمەڵگەیەکی زیندووە. گێڕانەوەی هۆکارەکانە. ئەو دیاردانەی جەنابت باسی دەکەیت پێش هەر شتێک دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارە. سینەماکار کاتێک دەتوانێت پەرە بە گواستنەوەی ڕووداوەکان بدات، کاتێک سیستەمی سیاسی خۆی ڕەچاوی یاسا بکات، ئەگەر هەڵەی کرد، هەڵەکەی ئاشکرا بکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. بەڵام کاتێک بەشێک لە سیستەم چاوپۆشی لەو دیاردانە دەکات و فیلمسازیش بێدەسەڵات دەکرێت و وای لێدێت بۆ بژێوی ژیانی بێدەنگ بێت، ڕێک لێرەدا کۆمەڵگەیەکی نەخۆش شکڵ دەگرێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت گوناە بەس لە فیلمساز نییە و کێشەکە پێویستی بە رێفۆرمێکی دروست و هێمنانە هەیە.

ستاندەر: چۆن دەكرێت سینەما و سینەماكاران لە رێگای فیلمەوە، لەو قۆناغە ببنە بەشێك لە خەباتی خەڵكی ئازادیخواز بۆ فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی رادەربرین؟

شەهرام قادر: هەروەک پێشتریش باسمان کرد، سینەما مانا و واتایەکی بەرفراوانی هەیە. بە داخەوە لە کوردستان تا ئێستاش گرینگی و کاریگەرییەکانی سینەما بۆ زۆربەی خەڵک ڕوون نییە. سینەما دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر بووژانەوەی فەرهەنگی. فیلمساز دەتوانێت کاریگەری هەبێت بەسەر گۆڕانکارییەکان، بەسەر کەم کردنەوەی ئازاری تاکی کۆمەڵگە، بەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی بە گشتی و بە تایبەت توندوتیژی دژ بە ژن. سینەماکار زۆر جار بووە بە پێشەنگ بۆ گۆڕانکاری بە شێوەی مرۆڤدۆستانە و هێمنانە. هونەر دیالۆگی نێوان بیرکردنەوەکانە و لەو بەینەشدا سینەما ستوونێکی بەهێزی بەرقەرار بوونی ئەو دیالۆگەیە. سینەما بەس فیلم نییە، بەڵکوو جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەیەک کە لە چوارچێوەی زمانی ڕۆژانە دەردەچێت و زمانی ناخی مرۆڤ کارا دەکات و واتایەکی تر بە فۆرمی پەیوەندییەکان دەدات.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.