هەرێم حسن احمد
بە بەراوردکردنی خوێندنەوەی یاداشت و بیرەوەری سیاسی و کەسایەتی یە جیهانی یەکان بە بیرەوەری سەرکردەو سیاسەتمەدارانی کورد،دەگەیتە ئەو ئەنجامەی،کە کەسایەتی وڵاتانی تر،زۆرجار باسی هەڵەکانی خۆیان دەکەن و هاوسەنگن لەگێڕانەوەو شیکارکردنی ڕوداوەکان،بەڵام ئەوانەی کوردستان،تاکلایەنە مێژوو دەنوسنەوە.ئەوان بۆبزر نەبونی ڕاستیەکان و وانەپێدان بەنەوەکانی داهاتوو خزمەتکردنی مێژوو سیاسەتی وڵاتەکەیان نوسینەکان ئەنجام دەدەن،کەبەهیچ جۆرێک ناهێڵن زیان بە کۆمەڵگەو ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بگات،بەڵام نوسینی یاداشتەکان زیاتر کۆنەقین و لێدان لەنەیاران و بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و هەڵپەی بەناوبانگ بون و بونە ژمارە ئەم کارانە دەکەن.
هەرچی پەیوەندی بە ڕاستێتی و متمانەپێدان بەزانیاریەکانی ناو یاداشتی کەسایەتیەکانەوە هەیە،ڕاستە سەرۆک وسیاسیەکان مافی خۆیانە،یاداشت و ژیاننامەکانیان بنوسنەوەو ئەوەی لەناخیاندایە بیخەنە سەر کاغەز،بەڵام نابێت کەسانی خوێندەوارو ڕۆشنبیرو تێگەیشتوو بەڕەهایی هیچ زانیاریەک لەهیچ سەرکردەیەک وەربگرێت و دەستبەجێ بڕوای پێبکات،چونکە پێش هەموو شتێک هەر کارێک مرۆڤ بیکات شایەنی رەخنەیەو مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک غەریزەیە بەتایبەتی غەریزەی خۆ پێ راستبون و دورخستنەوەی عەیب و عاری خۆی و خۆسەپاندن و بەکەمدانان و تاوانبارکردنی ئەوانیتر.
بۆیە نابێت لەخوێندنەوەی یاداشت و ژیاننامەی کەسایەتیەکان فاکتەری ئاینی، حیزبایەتی،ناسیۆنالیستی،ناوچەگەرایەتی،هۆزایەتی و بەرژەوەندی ماددی زاڵبێت بۆوەرگرتن و بڕواهێنان بەوەی سەرکردەکان نوسیویانە..بەڵکو دەبێت لەکاتی خوێندنەوەی پەرتوکی یاداشتی سیاسیەکان،مرۆڤ مێشکی خالیبکاتەوە لەم خاڵانە،ئینجا لەڕێگەی بەراوردکاری،شیکاری،بەدواداچون،دۆزینەوەی فاکتەرە ناوەکی و دەرەکیەکان و بەهەندوەرگرتنی فاکتەری کۆمەڵایەتی و دەرونی کارەکتەرەکان و کات و شوێنی روداوەکان،ئینجا زانیاریەکان قبوڵبکات،بەمجۆرە دەگات بە ڕاستیەکان.