ستاندەر
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسێكی عێراقی لەگەل پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشوی حكومەت و ئێستای هەرێم داوای كردووە ئاشتی هەورامی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە كە ئەو داوایە لەلایەن مەسرور بارزانی رەت كراوەتەوە، بەو پێیەی ویستیویەتی مەلەفی نەوت لەلای خۆی بێت، لە شوێنی ئەوەی لای ئاشتی هەورامی و نێچیرڤان بارزانی بمێنێتەوە.
ئاژانسی (عیراق الیوم) لە راپۆرتێكدا لەبارەی كێشەی مەلەفی نەوت لە كوردستان ئەوەشی ئاشكرا كردووە دانانی ئاشتی هەورامی وەك راوێژكاری وزە بۆ سەرۆك وەزیران ناوبراوی نیگەران كردووە و رەتی كردۆتەوە لەو بوارە هیچ راوێژێك بە سەرۆك وەزیران بدات.
راشیگەیاندووە ئەوەش وای كردوە ئاشتی هەورامی هەرێمی كوردستان بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا جێبهێلێت ئەویش لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە.