بەچۆڕە چۆڕە دەدرێت مەعاشمان !!!

لەلایەن ستاندار Posted on 494 جار بینراوە

ڕاستی ڕەسوڵ

لە هیچ شوێنێکی ئەم کوردستانەدا (شوکر بۆ خوا) پنتێک نیە باخچەیەک یان ڤێلایەک یاخود مەعشوقخانەیەکی مەسئولە بێنازەکانی خۆمانی لێ دروست نەکرابێت !! کە ئەمەش پاڵپشتیەکی باشە بۆ ئابوریە سەربەخۆکەمان و هێندەی تر ئابوریەکەمان بەهێز دەبێت، چونکە کۆنکان و دۆمینەی بەردەوامی تێدا دەکرێ !!.
لەڕووی ژینگەشەوە دەتوانین بڵێین:- ژینگەی ووڵاتەکەمان هێندە پاکە ئەوروپیەکانیش حەسوودیمان پێدەبەن !! ئۆکسجینەکەی پڕە لە بۆن و بەرامەی لوتفی بەرپرسەکانمان، جا ئەوە لە بۆن و بەرامەی شەڕاب و خواردنەوە ڕۆحیەکانیان هەر گەڕێ، سەری بەشەر کاس دەکەن، بە دەلیلی ئەوەی هەر شەوەی بەرپرسەکانمان لە باخێکی ڕاقیدا کۆدەبنەوە، و کە دەگەڕێنەوە ماڵەوە هیچیان ماڵی خۆیان نادۆزنەوە !!.
بەهـ…بەهـ جا بۆ پەندەکانمان ناڵێی، ئەمانە هەر باسیان ناکرێت، کە  پێشینانی بەهەشتیمان چەندین مەسەلیان وەکو زەنگیانە بۆ هۆنیوینەتەوە، و ڕێک وەکو زنجیر لە ملیان ئاڵاندووین، تاکو لە ژیانی ڕۆژانەماندا سوودیان لێوەرگرین، بیلامانێ ئەم پەندانەش زۆر بێ نەزیرن هەتا ئەم لەحزەیەش، جار نا جارێکیش پەند و ئامۆژگاریەکانمان چوونەتە ناو ئەدەبیات و لەگەڵ شیعرا دەستەویەخە بوون میسلی کاروانچی و ڕێگر، لەم نەوعەشیان شیعرەکانی پیرەمێردی نەمر دەبینین، کە لە یەکێکیاندا ئەفەرموێت:-

بەچۆڕە….چۆڕە دەدرێ مەعاشمان
هێشتا هەر نەزان دەگێڕێت ئاشمان

هەروەها لە بەعزەل مەسەلێکماندا مرۆڤ بۆتە چەقی بارگرانیەکانی ناو کۆمپانیاکانی نەوت و خانوبەرە و داودەرمانی بەرپرسە خەمخۆرەکانمان !! هەر بۆ نمونە کورد لە چەرخی مۆدێرنەدا دەڵێت:-

(هەر کەسێ کەسە، بەرمیلە نەوتێکی بەسە !!).

(نان ئەو نانە، ئەوڕۆ لە سەر سینی مەسئولەکانە !!).

( تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز بوو بە ملیاردێر !!).

(بەرخی نێر بۆ گەعدەی بەرپرسەکانمان !!).

( ڕێویەکی قاچاخچی داودەرمان لە شێرێکی خانەنشینکراوی بۆگەن باشترە  …. !!).

جا لەوەش عەنتیکەتر ئەوەیە ئێمەی کورد هەندێک پەندمان قڵپ کردووەتەوە، و هەڵمانگێڕاوەتەوە، و وامان گونجاندوون لەگەڵ عەسری سورعە، کە بە تەریبی هەنگاو دەنێن بەرەو ئاخر زەمان، هەر بۆ نمونە:- ( هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بانە !!)، ئێمەی کورد بەم شێوەیە گۆڕیومانە:- (هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ئەنقەرە !!)، چونکینێ بۆڕیە ژەنگاویەکەمان بیلامانێ بەوێدا تێدەپەڕێت، و پەنجا ساڵی ڕەبەقیش بووینەتە سەپانی پووشی تورکەکان، و هەرچی کەلوپەلی خۆراکی ئێکسپایەر و موسەڕتەنیشە هەر لەوێوە بۆمان دێت، ئەوە باسی ئەوە هەر ناکەین کە جیهازی مەساج و بەلوعە و حەبی سەرئێشە و شێلم بەتریشمان هەر لەوێوە بۆ هاوردە دەکرێت، شایەنی باسیشە برا تورکەکانمان زۆر میهرەبانن، ئێمەیان بەخشی بە عەزەمەتی خۆیان لە پڕۆژەی سەربەخۆیی و ڕیفــــ…..را….نـــ…..دۆم !!. تەنانەت ئامادە بوون لە پارکی خێزانی لە ڕۆژی هەینی پێشوازیمان لێ بکەن، و ئاڵاکەشمان لە سەر مێزەکە دابنێن، و دەعوەتی قاوەڵتیشمان بکەن !!.
بەعزێ لەمانە و چەندین پەند و میسالی پێشینانی کوردی تریشمان هەیە، خوا نەیانبڕێت، ئەم پەندانە هەر کە لە دەم کەوتنە خوارەوە، دەستبەجێ لە شوێنی خۆیاندا بەکارهێنران، و عەینەن بلۆک شوێنی خۆیان لە دیواری لوغەی کوردیدا گرت !!!.
لە دیوەکەی تریشدا سەرکردایەتیی سیاسیمان زۆر بلیمەتە خوا هەڵناگرێت(شوکر ووشیارە مەحوی) هەرچی ڕووبدات دە ساڵ پێش ڕوودانی دەیزانێت :-
٭ چۆن ڕوودەدات ؟؟!.
٭ لە کوێ ڕوودەدات ؟؟!.
٭ بەچ کلۆجێک ڕوودەدات ؟؟!.
هەر بۆ عەرزی جەنابتان ئیقتیسادی موستەقیل…هەتا نەمانکرد، عەیب نەبێت نەمانزانی بڤەیە !!!…..
لە جانیبی زمانەوانیشەوە شتێکی ترمان هەیە لەم کوردستانە پێی دەڵێن (پەڕ)، کە خوا خۆی دروستی کردووە و هەر خۆیشی دەیزانێ ئەم لەزگەیە لە کوێوە هاتووە، چونکینێ بەزۆر کەلیمەوە نوساوە، هەروەها بە باڵندەشەوە ڕوواوە، خوا پێم نەگرێت زمانەوانەکان پێی دەڵێن (پاشگر) یان (پێشگر)، بێئەوەی ئاگات لێ بێت لە هەردوولاوە لە کەلیمات دەئاڵێت وەکو ماری هار، نمونەشمان بۆ ئەم نەوعە(پەڕلەمانی پەڕیوو، پەڕوباڵ، پەڕمەنگەناتی پۆتاسیۆم، پەڕەمووچ، پەڕینەوە، سێپەڕە، لاپەڕە، پەڕپەڕە، پەڕاوگە، پڕگاڵ، دەمپەڕ، بەعزێ کەلیمەی تریش).
لە جیهەتی قەومیشەوە لای هەر کەسێ ئەڵێی کوردم، موباشیر ئەویش دەڵێت ئای لە ئێمە چەند(بەدبەختین، چارەڕەشین، بێبەشین، بندیوارین، بەستەزمانین، بێزمانین، دووزمانین !!).
بەعزێ عولەماش دەڵێن:- (( سنفێ شتی زۆر لوس هەن لە کەونا کە قەت تەڕ نابن، ئەگەر لافاویش هەستێت، هەر بە نموونە کۆڕۆنا و مراوی و مەسئول !!!)).
دیسان لە جیهەتی تەکنەلۆجیاشەوە بۆمان کەشف بووە لەکاتی خەوا هەر پرخە حیسابە نەک سیسەم و لێفە و بەتانی، چونکێ ئەمانە ئەشیای زینەن !! بە دیوەکەی تردا پاقلەخۆری داماو کوا جیاوازی لە نێوان پاقلە، و مێشی ناو پاقلە دەکات، خاسەتەن لە شەودا کە کارەبا دەبڕێت !! ئەرێ بیلموناسەبە پرسیارێک باسی کارەباتان کرد، ئێمە کوا کارەبامان هەیە تا بیفرۆشین ؟؟ کەناڵێکی تورکی….. عەفوم فەرموو…..کوردی ئەمەی نوسیبوو، دەترسم لەم تیجارەتەش وەکو نەوتەکەمان لێ بێت ئەگەر بیفرۆشین، و دواتر قەرزدار بینەوە، قازانج سەری مایەبخات، و بێینەوە سەر ساجی عەلی !!!.
تەبیعی بە نیسبەت پاقلاوەشەوە عەینەن تاس و حەمامە، چونکە ئەگەر شەکری کلوکۆز بخەیتە تاسەوە هەڵبەت مێش و مەگەزی لێدەئاڵێت، هەر کتومت وەکو بەرپرسەکانی لای خۆمان !!!. هەرچی حەمامیشە پەیوەندی لەگەڵ شیرینی تۆزێک ئاڵۆزترە موقاڕەنەتەن بە تاسە، بە سەبەبی ئەوەی ئەگەر کەسێک شیرینی زۆر بخوات و سکی ژان بکات، دەبێت لە تەنیشت حەمام خۆی خاڵی بکاتەوە !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.