عێراق و ئەگەرەکانی

لەلایەن ستاندار Posted on 286 جار بینراوە

موحەمەد ئەحمەد

چۆڵکردنی سەفارەت
چۆڵکردنی سەفارەتی ئەمریکا لە بەغداد ئاماژەی ئەگەری ڕووداوێکە، بەمەش ئەمریکا نایەوێ ڕووداوی بە بارمتەگرتنی دبلۆماتکارەکانی جارێکیتر دووبارە ببێتەوە وەک ساڵی ١٩٧٩ لە شۆرشی ئیسلامی ئێران. ڕەنگە ھێزە شیعیە پڕۆ -ئێرانیەکان نیازی ئەنجامدانی کودەتایان ھەبێت بەسەر کازمی یاخود لە ڕێگای جولاندنی شەقام و خۆپێشاندان ئاژاوە و توندوتیژی بنێنەوە تاوەکو کازمی ناچاربکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەمریکاش پێشوەختە خۆی بۆ ئەم ئەگەرانە ئامادە دەکات ڕەنگە لەبەرامبەردا گورزێکی سەربازی کوشندە لە میلیشیا شیعەکان بدات بۆ ئەمەش دبلۆماتکارەکانی سەرەتا دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو دوور لە دەستی میلیشیا شیعەکان.

ڕێککەوتننامەکەی چین
دوای توندبوونی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئابووری ئێران و گەماڕۆدانی، بە فشار و پاڵپشتی ئێران و ھێزە شیعیە پڕۆ ئێرانیەکان عادل عەبدولمەھدی چووە چین ڕێککەوتننامەیەکی ناڕوونی لەگەڵ بەستن. زۆرێک پێیانوابوو ئەو ڕێکەوتننامەیە دەرچەیەکیش دەبێت بۆ ئەوەی ئێران بتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت لەم ڕێگایەوە، جگە لەمە ھاتنی چین و کۆمپانیاکانی بۆ عێراق بە مانای ھەژموونی چین دێت بەسەر عێراقدا ئەمەش ھەنگاوێکی پڕ مەترسیە بۆ پێگەی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
ئێران و میلیشیا شیعەکان و ھێزە پڕۆ- ئێرانیەکانی عێراق ئەو ڕێکەوتننامەیان بە کۆتایی ھەژموونی ئەمریکا دادەنا بۆیە زۆر جەختیان لەسەر دەکردەوە، بەجۆرێک مەرجیان دانابوو کە ھەر کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران دەبێ پێشوەختە بەم ڕێکەوتننامەیە ڕازی بێت، تەنانەت ئەمەیان بە بەرھەم سالحیش ڕاگەیاندبوو کە نابێت کەسێک دەستنیشانبکات ئەگەر بەم ڕێکەوتننامەیە ڕازی نەبێت.

بۆچی کازمی؟
بەڵام بۆچی ھێزە شیعە پڕۆ- ئێرانیەکان دەیانەوێ کازمی دووربخەنەوە؟ دەتوانین بڵێین دوای ٢٠٠٥ ئەوە بۆ یەکەمجارە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانێک بێنە سەر دەسەڵات کە بە تەواوی خۆیان بۆ ئەمریکا یەکلایکردبێتەوە و دژی سیاسەتەکانی ئێران بن لە عێراق. ھەموو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانەکانی ڕابردوو بەڵانسیان ڕادەگرت لە نێوان ئێران و ئەمریکا دژایەتی ھیچ کامێکیان نەدەکرد بەڵام کازمی تەواو نوێنەرایەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکات دژی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراقدا. بۆ ئەمەش چەندن سەرکردەی حەشدی شەعبی لە پۆستەکانیانی لابردووە و نوسینگەیانی لە فرۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان لابردووە، لە ھەمووش گرینگتر بودجەیەکی پێویستی بۆ دیارینەکردوون ئەمەش سەرەتایەکە بۆ لاوازکردنی حەشد و دواتر ھەڵوەشاندنەوەی.
لەھەمووشی گرینگتر و ھەستیارتر لەبەرامبەر ئەو ڕێکەوتننامەیەی عادل عەبدولمەھدی لەگەڵ چیندا کردبووی لە پەکین بە پێچەوانەوە کازمی چووە واشنتۆن نۆ ڕێکەوتننامەی لەگەڵ کۆمپانیاکانیا ئەمریکیەکان کرد کە پێنجیان لە بواری ووزە بوون بایی ملیارات دۆلار بوو، سەرەڕای ئەوەش دوای ئەوەی کە لە واشنتۆن ھاتەوە ڕێکەوتننامەکەی چینی ھەڵپەسارد ئەمەش ھێزە شیعیە پڕۆ- ئێرانیەکان تەواو توڕە کردووە و ئەوان ئێستا کازمی بە پیاوی ئەمریکا لەقەلەم دەدەن بۆیە ھەوڵی دوورخستنەوەی دەدەن.
جگە لەوەش کازمی ئەو داوایەی ئەمریکای قبوڵکردووە کە چیتر غاز لە ئێران نەکرێت بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ئەمەش خەریکی دۆزینەوەی جێگرەوەیە بەڵام دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی کە ئەمریکا بۆی دانابوو نەیتوانی جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە ئەوا دوو مانگیتری بۆ عێراق درێژکردەوە کە چیتر دەبێ جێگرەوەیەک بۆ غازی ئێران بدۆزێتەوە. بە کورتی ئەمریکا دەیەوێت دەستی ئێران لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی بە تەواوی دووربخاتەوە لە عێراق بۆ ئەمەش کازمی تەواو ئامادەیە.

ڕێککەوتننامەی سەدە
ئەمەی ڕوودەدات لە عێراق یاخود ئەو عێراقەی کە ئەمریکا دەیەوێت بنیادی بنێتەوە پەیوەندی تەواوی بە ڕێککەوتنی سەدە وە ھەیە. ڕێککەوتنی سەدە تەنھا پەیوەست نیە بە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستین و چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەڵکو ڕێککەوتنێکە بۆ دروستکردنی ئاشتی نێوان عەڕەب و ئیسرائیل بە مانایەکیتر ئەمریکا دەیەوێت بەرەیەکی سیاسی و ئابووری فراوان دروست بکات وەک کوتلەیەک دژی ئەو ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتیانەی کە دەیانەوێت خۆیان بخزێننە ئەو ناوچەیە واتە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوتلەیەک دەبێ دژی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران دەبێت لەسەر ئاستی جیھانیش دژی چین و ڕووسیا دەبێت وەک ئەوەی ئێستا چین دزەی کردۆتە ئەفریقیا و کاریگەری زۆری بەسەردا ھەیە.
بۆیە بۆ ئەوەی عێراقیش لە داھاتوودا بێتە نێو ئەو بەرەیە لە ئێستاوە ئەمریکا کار بۆ بەھێزکردنی دام و دەزگاکانی عێراق دەکات و ڕۆڵی میلیشیا و ئێران و ھێزە پڕۆ- ئێرانیەکان لاواز دەکات.

ھەڵبژاردنی داھاتوو
ھەڵبژاردنی داھاتوو بۆ عێراق ئێجگار چارەنوسساز دەبێت، چیتر ئەمریکا و ئێران دوای ھەڵبژاردن گفتوگۆی ئەوە ناکەن کە لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون کە جێگای ڕەزامەندی ھەر دوو لابێت چونکە چیتر ئەمریکا بە بوونی ئێران لە عێراق ڕازی نیە. بۆ ئەمەش ئەمریکا لە ئێستاوە کاندیدی خۆی ھەیە کە کازمیە، ئەمریکا وەک پیشەی ھەمیشەیشی بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکات تا دەریبچوێنێت چ لە ڕێگای تەرخانکردنی ملیۆنان دۆلار لە ڕاگەیاند و کڕینی خەلک و بڵاوکراوەکان تا بیکاتە پاڵەوان و فریادڕەس چ لە ڕێگای دروستکردنی ھاوپەیمانیەک بۆی لە ھێز و لایەنە سیاسیەکان. کوردیش بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە پاڵپشتی کازمی لە ھەڵبژاردنی دادێ لەگەڵ چەند لایەنێکی شیعی و سونی. بێگومان ھێزە شیعە پڕۆ- ئێرانیەکانیش خۆیان کۆدەکەنەوە و ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا سەرۆک وەزیرانی داھاتوو لە ئەوان بێت.
ئینجا پرسیار لێرەدا ئەوەیە لە ئەگەری دەرچوونی یەکێکیان چی ڕوودەدات و ئەویتر کاردانەوەی چی دەبێت؟ ئایا ئەمریکا بەوە ڕازی دەبێت کاندیدێکی شیعەی پڕۆ- ئێرانی دەربچێت ؟ ئایا پلانی B بەکاردێنێ کە بریتیە لە دروستکردنی خۆپێشاندان و شۆرش و کودەتا و ئاژاوە نانەوە تا لە دەسەڵاتی بخات و یەکێکی لایەنگری خۆی لە شوێن دابنێ کە وەک پیشەی ھەمیشەیی وا دەکاتن؟ وەک ئەوەی لە گواتیمالا و نیکاراگوا و شیلی و پەنەما و ئێرانی سەردەمی موسەدەق … ھتد.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.