سه‌نگه‌ر رسول
جۆن كه‌ندی سه‌رۆكی پێشووی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی قه‌یرانه‌وه ده‌ڵێت: چاینییه‌كان دوو فڵچه‌ی جیاوازی نووسین به‌كارده‌هێنن بۆ ووشه‌ی قه‌یران، یه‌كێككیان بۆ مه‌ترسییه‌و دووه‌میشیان بۆ ده‌رفه‌ته! بۆیه ده‌بێت، ئێمه ووریای مه‌ترسییه‌كان بین و هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ته‌كانیش دیاری بكه‌ین و بناسیینه‌وه! ئه‌م شێوه شیكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی كه‌نه‌دی یه‌كێكه له‌میتۆده هه‌ره پێویستییه‌كان بۆ گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، چونكه له‌هه‌ردوو باردا نه ئاماده‌ییان هه‌بووه بۆ مه‌ترسییه‌كان و نه‌كاریش له‌سه‌ر به‌ده‌ستخستنی ده‌رفه‌ته‌كان كراوه.
عیراق، بۆ نموونه؛ له‌ساڵی 2003 دا جه‌نگ كه هاته‌پێشه‌وه و دیكتاتۆرییه‌ت رووخا، گه‌لانی عیراق نه‌یانتوانی ته‌رجومه‌ی ئه‌و ئازادییه بكه‌ن بۆ پێشخستن و ئاشتی زیاتر، ئه‌میش له‌به‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی: یه‌كه‌مییان یه‌كنه‌بوون ومه‌یلی نوخبه‌ی سیاسی عیراقی بۆ نیشتیمانی بوون و دووه‌میشییان ده‌ستی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌ت رۆڵی ئێران و به‌گشتی توركیا‌و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كانی دیكه به‌گشتی.
له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ك له‌ده‌وڵه‌تانی خه‌لیجی عه‌ره‌بی رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-ی دوژمنی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك مۆركردووه. ئه‌م هه‌نگاوه به‌شێك له‌ئارامی و ئیستقرار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناوچه‌كه به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌گه‌ر كویت و سعودیه‌شی به‌دوا دابێت به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسیاری رۆڵی ئێران له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دا ئه‌وا ئیستقرارو ئارامی ته‌واوه‌تی بۆ ناوچه‌كه نایه‌ته بوون. ئایا ململانێكانی نێوان هه‌ردوو بلۆكی ئێرانی به‌رامبه‌ر بلۆكی ئیسرائیلی-ده‌وڵه‌تانی خه‌لیجی عه‌ره‌بی چۆن ده‌بێت؟
به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه به‌هۆی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه ته‌واو كۆماری ئیسلامی ئێران لاواز كراوه. ئه‌گه‌ر فشاره‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام نه‌بن، ئه‌وا جارێكی دیكه كۆماری ئیسلامی ئێران زیندوو بێته‌وه، بێگومان دیسان له‌سه‌ر حسابی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ململانێكان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه. له‌كاتێكدا كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی دیكه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌رێوه‌ده‌چێت، ئه‌گه‌ری زۆره له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی جۆ بایدن ئه‌وا ئه‌مریكا بگه‌رێته‌وه بۆ دانووستان. جۆ بایدن ئومێدی هه‌ركه‌سێكه پشتیوانی له‌پاراستن و به‌هێزهێشتنه‌وه‌ی پایه دیموكراسییه‌كان بكات به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا، دۆناڵد تره‌مپ ده‌كرێت هیوایه‌ك بێت به‌كۆتاییهێنان به‌هه‌ژموونی سه‌ربازییانه‌ی ئێران له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، چونكه به‌هه‌بوونی ئێرانێك كه سیاسه‌تی فراوانخوازی و شه‌ری به‌وه‌كاله‌ت پێش ده‌خات ئه‌وا مه‌حاڵه خه‌ون به‌ئاشتی و ئارامی ناوچه‌كه ببینین.
له‌هه‌مانكاتیشدا، زۆر ئه‌سته‌مه پێشبینی رێككه‌وتنی راسته‌وخۆی ئاشتی بكه‌ین له‌نێوان ئیسرائیل و ئێران، كه ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاو ببێته حه‌قیقه‌ت ئه‌وا گه‌لانی ناوچه‌كه سوودمه‌ندو براوه‌ی یه‌كه‌می ئاشتی و بوژانه‌وه‌ی ئابووری ده‌بن له‌ساڵه‌كانی داهاتووی دوای رێككه‌وتنه‌كه. بۆیه ره‌سمی ئاشتی نێوان ئیسرائیل-عه‌ره‌بی كه‌نداو ره‌سمێكی ناته‌واو ده‌بێت به‌بێ ئێران.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ره‌و ئیستقرارییه‌ت و ئارامی و پێشخستنی ئابووری بچێت دوو رێگه هه‌یه تا ئه‌م ئامانجه بێته‌دی. یان ئه‌وه‌تا كرانه‌وه‌ی زیاتری ئێران به‌رووی دیموكراسییه‌ت و ئاشتی كردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل یاخود بینینی تێك‌شكان و رووخانی ئێرانه، چونكه به‌بێ جێبه‌جێكردنی یه‌كێك له‌م دوو هه‌نگاوه ئه‌وا مه‌حاڵه گه‌لانی ناوچه‌كه بتوانن په‌یوه‌ندی ئاشتییانه‌ی نێوانییان پێشبخه‌ن و هه‌میشه‌ش مه‌ترسی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و پاڵپشتیكردن له‌سیاسیی و هێزه میلیشیاییه‌كان به‌رده‌وامی ده‌بێت.
له‌ئێستادا ئێران به‌پله‌ی یه‌كه‌م و توركیا به‌پله‌ی دووه‌م، به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م دروستبوونی یه‌كێتیه‌ك له‌نێوان سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئێرانیش به‌تایبه‌ت به‌ربه‌ستی گه‌وره‌یه. بۆیه ده‌بێت سنووری كۆتایی و یه‌كجاره‌كی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ ئێران دابنرێت ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سووربێت له‌سه‌ر به‌دیموكراتیزه‌كردنی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و تائێره‌و ووزه‌ی زۆر خه‌رجكراوه‌و هه‌ق نییه پاشه‌كشه له‌و سیاسه‌ته هه‌بێت، چونكه به‌هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئێران دیسان گه‌مه قێزه‌وه‌نه‌كانی شه‌ری به‌وه‌كاله‌ت و حكومه‌تداری به‌وه‌كاله‌ت دیسان ده‌ست پێده‌كاته‌وه.