كه‌ركوك و داعش

لەلایەن ستاندار Posted on 261 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوك ودیاله‌ خۆی رێكبخاته‌وه‌ ،ئه‌م هه‌وڵه‌ هه‌ر هه‌وڵی ده‌سته‌و گروپه‌ بچوكه‌كانی داعش نیه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ هاوكاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌ حه‌ویجه‌و حه‌مرین و ده‌وروبه‌ری شاره‌بان و خاڵس و عوزێم ماون و جم و جۆڵیان هه‌یه‌ ، هه‌وڵه‌كه‌ پێده‌چێت ده‌ستی ده‌ره‌كیشی تیا بێت ، ئێمه‌ هه‌ر زوو گومانی هاوكاری ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغانمان به‌ نووسین بڵاو كرده‌وه‌و دواتریش له‌ زۆر ناوه‌ندی میدیای دنیا  زانیاری ورد له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ ، هه‌ر ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان نا، هه‌ڵبه‌ت ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكانی دیكه‌ش هه‌ن كارتی داعش به‌ كاردێنن .
به‌ر له‌ له‌ نزیكه‌ی سیازده‌ ساڵ گروپێكی رۆژنامه‌نووس كه‌ شه‌هید سۆرانی مامه‌حه‌مه‌شی تیابوو له‌ گه‌ڵ پۆلیسی قه‌زاو ناحێكان كه‌ ئه‌و كات سه‌رحه‌د قادر به‌رپرسی بوو شه‌وێكی چووینه‌ چه‌ند شوێن و گوندو ناوچه‌یه‌كی حه‌ویجه‌ ، به‌ره‌به‌یان  له‌و گونده‌ی لێیبووین كه‌سێك گیرا كه‌ هه‌ر به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ عیزه‌ت دوری بوو ، له‌ نێوان هه‌راو زه‌نای ئه‌وه‌و ئه‌و نیه‌و ئه‌و گفت و گۆیه‌دا ئه‌مه‌ریكیه‌كان بردیان ، ئێستا دوای سیانزه‌ ساڵ له‌و دیرۆكه‌ عیزه‌ت دوری ناوی هاتوه‌ته‌وه‌ ناوان و خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ی به‌عسیه‌كانه‌ ، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ دوری هه‌رماوه‌و ئه‌وانی دیكه‌ یه‌ك یه‌ك كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ .
له‌ ته‌واوی عیراقدا جگه‌ له‌ موسڵ داعش له‌ كه‌ركوك له‌ هه‌موو شوێنێكی تر پڕ جوڵه‌ تر بوو ، گه‌رچی هه‌رگیز وه‌ك موسڵ و تكریت و ئه‌نبار نه‌یتوانی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت ، جگه‌ له‌ حه‌ویجه‌و ناحێكانی ئه‌و قه‌زایه‌ كه‌ زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كان هاوكارو پشت و په‌نای داعش بوون ، ئه‌وه‌ی كه‌ داعش نه‌بوو ، یان داعشی نه‌بوو ، رووبه‌ڕووی زه‌برو زه‌نگ و كوشتن بوه‌وه‌ ، به‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانی داعشیش سه‌دان ماڵی كورد و توركمانیش له‌و ناوچانه‌ دورخرانه‌وه‌ ” لیستی ته‌واوی خانه‌واده‌و خێزانه‌كانم لایه‌ ”  ، دوای تێكشكانی داعشیش له‌ هه‌موو عیراق كه‌ركوك  به‌تایبه‌ت حه‌ویجه‌و حه‌وزی حه‌مرین داعشی لێنه‌بڕا .
ئێستا كه‌ كه‌متر له‌ مانگێك ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌ ئه‌مه‌ریكا ، له‌ سنوری كه‌ركوك داعش سه‌ره‌ تاتكێیه‌تی ، توركیاش دیسان گیرو گازی كه‌ركوكی هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ر باس ، له‌م بارو دۆخه‌دا ده‌بێت چاوه‌ڕێی هه‌ر گۆڕانكاری و روداوێك بكه‌ین ، بۆ كوردی كه‌ركوك و بۆ كه‌ركوكیه‌كان به‌ گشتی زۆر پێویسته‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ بارو دۆخه‌كه‌و گۆڕانكاریه‌كان بكه‌ن ، له‌ زۆر لاوه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ كه‌ركوكیه‌كان توشی ره‌وشێكی نه‌خوازراو بكرێن ، بۆ ئه‌مه‌ش بوونی داعش و بیانووی داعش هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌سته‌ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.