ستاندەر
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی لە پەیامێكدا لە پەراوێزی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەرەکانی حزبەکەی لە حكومەتی خۆجێی دهۆک رایگهیاند، کشانەوەیان لە ئیدارەی خۆجێیی دهۆک مەدالیای فەخرە بۆیان و هەڵمەتە بۆ ئەركی مەبدەئیی ئەخلاقیی گەورەتر.
سەلاحەدیین محەمەد بەهائەدین لە درێژەی پەیامەكەی رایگەیاندووە “فەرمانگە و شوێنی کار و کارمەندەکانی بەردەست و هاوکارانتان بە سەربڵندی و برایەتی و دۆستی و چاوی پڕ حەسرەتەوە بەجێهێشت، هەموویان بۆتان بەحەسرەتن و دوعای سەلامەتی و سەربەرزیتان بۆ دەکەن، گلەیی لە خۆیان دەکەن نەک لە ئێوە”.
دەشلێت “شانازی و سەربڵندییەکی گەورەیە بۆ بنەماڵە و کەسوکارتان و دڵخۆشی و مەدالیایەکی فەخرە بۆ یەکگرتوو کە بەم شێوەیە لە ئەزموونی (کارگێڕی و بەرپرسیارێتی) لە رۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆدا بۆ خۆتان و بۆ کاروانی یەکگرتوو بەدەستتانهێنا”.