ستاندەر
سەرچاوەیەكی لۆكاڵی پارێزگای دهۆك رایدەگەنێت دوێنێ پێنج شەممە سوپای توركیا هەڵمەتێكی كێوماڵی (تەفتیش)ی مال بە ماڵی لە گوندێكی سنوری دهۆك ئەنجامداوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (ئەلمەعلومە) هێزەكەی توركیا كە لە 200 سەرباز پێكهاتووە لە بنكەیەكی سەربازی توركیا لە سنوری دهۆك هەستاون بە كێوماڵ كردنی ماڵەكانی چەندین گوند و ناحیە لە ناحیەی كانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی، سەرچاوەكە راشیگەیاندووە بۆ شەوی هەمان رۆژ لە گونی رێسێ لە ناحیەی باتیفای قەزای زاخۆ 15 ماڵیان كێوماڵ كردووە و شێواندوویانە.
جێی باسە چاودێران ئەوە بە بەرەو پێشچوونێكی مەترسیدار دادەنێن لەلایەن سوپای توركیا كە هێرشدەكاتە سەر ماڵی هاوڵاتیان و بەبێ ئەوەی گوێ بە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و هێزە ئەمنیەكان بدەن، تا ئێستا حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ناوچەیی ئەو ناوچانەی سوپای توركیا هێرشی كردۆتە سەر هاوڵاتیان هیچ هەڵوێستێكیان نەبوە، بەشێكی چاودێرانیش رەخنە لە بەرپرسانی هەرێم دەگرن كە نەك لێدوان و هەڵوێست دژی ئەو دەستدرێژیانەی سوپای توركیا وەرناگرن بەلكو ئاسانكاریشیان بۆ دەكەن.