داود ئۆغلۆ چەندین نهێنی ئاشكرا دەكات “ویستمان لە سلێمانیەوە دەستپێبكەین”

لەلایەن ستاندار Posted on 362 جار بینراوە

ستاندەر

ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەو سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بۆ یەکەمجار زانیاری هەستیار ئاشکرا دەکات لەسەر پلانی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لەساڵی 2011 کاتێک بۆیەکەمجار شارە کوردییەکان کەوتنە دەست پەیەدە.

کاتێک نۆ ساڵ و نیو لەمەوبەر بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریا، ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوە بووە، بەوتەی خۆی پیشنیاری کردووە سنووری باشووری تورکیا بپارێزن لەپارێزگای سلێمانییەوە هەتاوەکو حەلەب، دەڵێت بەڵام گولەنیەکان رێگربوون چونکە دەستیان بەسەر سوپادا گرتبوو.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی خەبەر تورک، رایگەیاند کە رێکخراوی خزمەتی سەر بە فەتحولا گولەن هۆکاری دواخستنی هێرشکردنە سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بوون.

داود ئۆغلۆ وتی «ئەگەر رێکخراوی گولەن لەوکاتەدا دەستیان نەگرتایە بەسەر سوپادا، ئەمڕۆ دۆخی سوریا تەواو جیاواز دەبوو لەواقعی ئێستا».

داود ئۆغلۆ باسی لەوەکرد کە لەساڵی 2011 لەسەرەتای سەرهەڵدانی هەڵگەڕانەوەکان لەشارەکانی سوردیا دژ بەبەشار ئەسەد، حکومەتی تورکی پلانی داناوە دەستتێوەردانی سەربازیی بکات بۆ سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)، بەڵام رێکخراوی گولەن کە لەوکاتەدا دەستیان بەسەر سوپادا گرت و رێگربوون لەپلانەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد کەئەگەر رێگرییەکانی گولەنییەکان نەبوایە رێگەیان نەدەدا پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کە باڵی سیاسی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە، دەستبگرن بەسەر باکوری سوریادا.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە سوریادا لەبەهاری 2011 ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران.

داود ئۆغلۆ رایگەیاند کە بە سیفەتی وەزیری دەرەوە لەوکاتەدا داوای خێرا دەستێوەردانی سەربازیی کردووە لە سوریادا، وتی بەڵام فەرماندەی سوپا رەتیکردەوە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ بزووتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتحولا گولەن.

داود ئۆغلۆ وردەکاریی زیاتری باس کردووە لەسەر پلانەکانی تورکیا لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا، بەجۆرێک پلانیان هەبووە لەسنووری پارێزگای سلێمانییەوە هەتاوەکو عەفرین کردەی سەربازیی ئەنجامبدەن، راشیگەیاند کە دەزگای هەواڵگری میت و سوپاسالار ئاگاداری وردەکاری پلانەکە بوون.

داود ئۆغلۆ وتی «پلانێکمان داڕشت لەسەر سنووری باشوری تورکیا، کە لەسلێمانییەوە دەستی پێدەکرد هەتا باشوری حەلەب و باکوری حیمس، هەتا دەگاتە لازقیە و تەڕتووس».

ئەو قسانەی داود ئۆغلۆ لەکاتێکدایە کەسلێمانی هیچ سنوورێکی لەگەڵ تورکیادا نیە، جگە لەوەی زنجیرە چیاکانی قەندیل کە شۆڕدەبێتەوە بۆ ناوچەی سەنگەسەر لەسنووری قەڵادزێ لەپاریزگای سلێمانی.

داود ئۆغلۆ ساڵێک لەمەوبەر دەستی کشاندەوە لەپارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیاو رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت بەهۆی گۆڕینی سیستمی حوکم لەتورکیا بۆ سەرۆکایەتی لەبەرژەوەندی خۆیدا.

داود ئۆغلۆ ئەمساڵ پارتێکی نوێی دامەزراند بەناوی پارتی ئایندە بەمەبەستی بەشداریکردن لەپرۆسەی هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان. هاوکات عەلی باباجانی وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا هەمان هەڵویستی داود ئۆغلۆی راگەیاند.

داود ئۆغلۆ ئەم قسانەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سلێمانی لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارەتەکەی ئەردۆغان رەخنەیان لێگرتووە کاتێک وەزیری دەرەوە بووە هیچی بۆ وڵاتەکە نەکردووە، ئەویش باسی پلانی خۆی کردووە لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی باشووری تورکیا لەسلێمانیەوە هەتا حەلەب.

ئەمە یەکەم بەرپرسی تورکیا نیە باسی سلێمانی دەکات، مەولود چاوشئۆغلۆ لەمانگەکانی شەش و نۆی ئەمساڵدا دوو جار ناوی سلێمانی هێناوەو رایگەیاندووە سلێمانی لەژێر کاریگەری پەکەکەدایە.

دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لەو پلانەی کە داود ئۆغلۆ باسی دەکات، تورکیا چەندین جار سنوری ئاسمانی پارێزگای سلێمانی بەزاندووە بەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

 داود ئۆغلۆ باسی ئەوەدەکات کەئەمریکا یارمەتی پەیەدەی داوەو بەهێزبووە لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە رەخنە لەگروپی خزمەتی گولەن دەگرێت لەوەی نەیانهێشتووە دەستتێوەردانی سەربازیی بکەن، کەئەو پێی وایە ئەگەر ئەوەیان بکردایە ئیستا لەجێگەی پەیەدەدا سوپای سوریای ئازادی نزیک لەتورکیا لەو ناوچەیە باڵادەست بوو.

ھاوڵاتی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.