ستاندەر
بە بۆچونی چاودێران لە ئێستادا خەریكە دەسپێشخەری چارەسەریەكی نوێ بۆ كێشەكانی هەرێم لە دایك دەبێـت، كە كارەكتەرە سەرەكیەكانی مستەفا كازمی، بەرهەم سالح و بنەماڵەی بارزانین، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی ئەلیكترۆنی ئەلعەرەب.
پێگەكە لە راپۆرتێكدا لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا نوسیویەتی:” وا چاوەرێدەكرێت ململانێى چەند ساڵی پێشوی نێوان حكومەتی بەغداو هەرێم بەرەو خاوبونەوە بچێت كە لەسەر كۆمەلێك پرس ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە، مستەفا كازمیو د.بەرهەم ساڵحو بنەماڵەی بارزانیش كارەكتەری سەرەكی ئەو هاوپەیمانییە تازەیەن كە خەریكە گەڵاڵە دەبێت.
پێگەكە بۆچونی سیاسیەكی عێرقی لەمبارەیەوە وەرگرتووە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە باشبونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدا ئاماژەیە بۆ هاتنە كایەی هاوپەیمانییەكی سیاسی نوێ بۆ تێپەراندنی گرفتە جۆراوجۆرەكان، مستەفا كازمی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەحوكمڕانیدا دەكات بو ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی كە لایەنە شیعە پرۆ ئێرانیەكان حەزی پێناكەن، پێویستی زۆری بەو هاوپەیمانییە سیاسییە هەیە.
ئەوەشی راگەیاندووە ، واشنتۆن لەئێستادا ههوڵى ئەوە دهدات بەغداو هەولێر لێكنزیك كاتەوە، چونكە پێویستی بەعێراقێكى ئارام هەیە.
لە روی ئەمنیشەوە رایگەیاندووە سەركردە ئەمنیو سەربازییەكانی هەردولا لەسەرئەوە ڕێكەوتون دوو بنكەی هاوبەشی سەرەكی هەماهەنگی نێوانیان لەبەغداو هەولێر بكەنەوە.
لەبارەی رۆڵی ئێران نوسیویەتی ئەو هەنگاوانەی نێوان هەرێمو بەغدا بەدڵی هەندێك لەسەركردەو هاوپەیمانەكانی ئێران نییە، چونكە پێیانوایە، ئەم لێكنزیكبونەوەیهى كازمیو سەرانی هەرێم لەسەر حیسابی بەرژەوەندی ئەوانەو لەبەرژەوەندی ئەمریكادایەو دژ بەهەژمونی ئێرانە لەعێراقدا.