دادگاییکردنی قومارێکی دۆڕاو…  ساڵیک دوای ریفراندۆم 

لەلایەن ستاندار Posted on 353 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

“بای بای عێڕاق، بای بای سایکس پیکۆت،” “یەکەم وڵات سەردانی بۆ دەکەیت بە پاسپۆرتی کوردستان کام وڵات دەبێت،” “ئەوانەی دژی ریفراندۆمن دەبێت ناسنامەی دەوڵەتی کوردستانیان پێ نەدرێت،” “دەمانەوێت لەگەڵ عێڕاق جیرانێکی باش بین،” و دەیان پڕۆپاگاندەی تری پڕ لە هیوا و ترس، پڕ لە پەیمانی خۆشبەختیی و گەشبینیی، دەیان گوتەی پڕ لە ئینساندۆستیی و فاشیزم، کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی عێڕاقییان تەنیبو. ساڵێک لەمەوبەر گروپێک لە سیاسیی پێنەگەیشتوی کورد بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە لە دیوەخانی مەسعود بارزانیی لە سەری بڵند کۆبونەوە.
ساڵێک لەمەوبەر لە رۆژی ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧دا، پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە سەرکردایەتیی مەسعود بارزانیی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدا. ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ قومارێکی گەورە بو بە خەونێکی لەمێژینەی کوردیی کرا، قومارێک کە دۆڕانەکەی وەک مانگی چواردە هاواری دەکرد. پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆ ٢٠١٧ خەونێکی نەتەوەیی کورد بو، بەڵام لە ناوەڕاستی ٢٠١٧ بوە خەونێکی کەسیی و بۆ ئامانجی تر. ئەنجامدانیشی بوە هۆی بەپاشەوەچونی پڕۆژەی کوردیی لە عێڕاقدا. دوای ساڵێک، هەوڵدەدەم ئەو بڕیارە مێژویییە جارێکی تر هەندێک هەڵبسەنگێنمەوە بەوپێیەی لە نزیکەوە نەک وەک هەر رۆژنامەوان و شیکەرەوەیەکی سیاسیی لەسەر ئەو پرسە چالاک بوم، بەڵکو وەک چالاکێکی سیاسییش هەم دژایەتییم کرد، هەمیش لە چەندان کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوە بەشدار بوم، کە زۆر قسەی تایبەت و نهێنیی تێدا دەکرا. ئەو چەند وشەیە، تەنها بەشێکی کەمی ئەو روداوانەیە کە تۆمارکراون، بەڵام بۆ ئەمڕۆ هەر هێندە بەسە کە باسیبکەین.

كەمال چۆمانی: ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ قومارێکی گەورە بو بە خەونێکی لەمێژینەی کوردیی کرا، قومارێک کە دۆڕانەکەی وەک مانگی چواردە هاواری دەکرد

چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئەوڕوپیی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر دانیشتین. دوای نان خواردن و گفتوگۆیەکی گەرم، بە دەم قاوە خواردنەوە، پرسیارێکی سەرنجڕاکێشی کرد. ئەو پرسیارە باشتر تێیگەیاندم کە ساویلکەیی و کورتبینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و تێنەگەیشتنیان لە زمانی دیپلۆماسیی و پەیوەندییە ناودەوڵەتیی و هەرێمییەکان و ململانێکانی ناوچەکە، بەتایبەتییش مەسعود بارزانیی، لە چ ئاستێکی شەرمەزارکەر دایە.
“دەمەوێت پێم بڵێن چۆن لە مەسعود بارزانیی بگەیەنین کە ئێمە، کە دەڵێم ئێمە واتا ئەمریکاش، جدیین لە دژایەتیی کردنی ریفراندۆم،” دیپلۆماتە ئەوڕوپییەکە پرسیاریکرد. تێنەگەیشتنی بارزانیی و سەرکردایەتیی کورد لەو دژایەتییەی دونیا لە ریفراندۆم، وای کرد چەندان بەیاننامەی ئەوڕوپا و ئەمریکای بەدودا بێت. یەکێک لە بانگەشەکانی بانگەشەکارانی ریفراندۆم ئەوە بو کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا دژایەتیی ریفراندۆم ناکەن. ئەمە وای کرد ئەمریکا بەیاننامەی توند دەربکا، بە زمانێک بنوسێت کە منداڵێکیش لێی تێبگات، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، بەتایبەتییش بارزانیی، هەرگیز تێنەگەیشتن. ئەوەی جێی سەرنجە، لەو بەرنامەیەی کەناڵی ئەل-جەزیرەی قەتەڕیی لە ساڵیادی ریفراندۆمدا پەخشیکرد، مەسعود بارزانیی سورە لەسەر ئەو لێکدانەوە هەڵانەی هەیبون، تەنانەت هێشتا لەوە تێنەگەیشتوە کە ئەمریکا بەجدیی دژ بو.

کەمال چۆمانی: ساڵێک لەمەوبەر گروپێک لە سیاسیی پێنەگەیشتوی کورد بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە لە دیوەخانی مەسعود بارزانیی لە سەری بڵند کۆبونەوە.

راوێژکارانی ناوخۆ و و دەرەوە ئەوەیان بە بارزانیی دەگوت کە حەزیدەکرد بیبیستێت، نەک ئەوەی کە پێویست بو بیبیستێت. بارزانییش خۆی هێندە ئاگاداریی سیاسەتیی دەرەوە و ململانێ ناوچەیییەکان و جیۆپۆلەتیک و چەمکی دەوڵەت-نەتەوە و رێکخستنی ناودەوڵەتیی نەبو و نییە تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی واقیعیی هەبێت. لەگەڵ یەکێک لەو دەیان راوێژکار و چاودێر بیانییانەی بۆ رۆژی ریفراندۆمەکە لە کوردستان بون و پێشتریش بە نوسین و چالاکیی بەشدارییان دەکرد و لە ئەوڕوپا و ئەمریکا دەردەکەوتن، گفتوگۆیەکی توندمان کرد لەسەر ئایا ئەمریکا دژایەتیی پڕۆسەکە دەکات یا نا. ئەو قسەیەی ئازاری دام کە گوتی: “ئێوە خیانەت لە وڵاتی خۆتان دەکەن.” تەنها ئەوەندەم پێ گوت: “ئێمە وڵاتی خۆمان خۆشدەوێت، نامانەوێت توشی کێشەی گەورەتر بێت. بۆ تۆ یەک شت گرنگە؛ ئەو پارەیەی پێتدراوە، ئەگەریش دەوڵەت دروستبو پارەکەت زیاتر دەبێت، ئەگەریش دروستنەبو، تۆ ئەو بەخشینانەت هەر پێ دەدرێن.”
پێش ریفراندۆم دو جار سەردانی کەرکوکم کرد. لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەریش لەبارەی ئەوەم نوسی کە چۆن کەرکوک و نەوتەکەی دەوری سەرەکیی دەگێڕن لە مەسەلەی ریفراندۆمدا. بۆ من کەرکوک لە خودی ریفراندۆمەکە گرنگتر بو. من جاوەڕێمدەکرد نەک هەر ١٦ی ئۆکتۆبەر روبدات، بەڵکو شەڕ لەنێوان نەتەوەی کورد، تورکمان و عەڕەب روبدات. ئەمە ترسی گەورەی من بو. بۆیە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر رویدا، هێندە نیگەران نەبوم چونکە من چاوەڕێی خراپترم دەکرد. بۆیە هەوڵدەدەم لەو وتارە زیاتر تەرکیزم لەسەر کەرکوک بێت کە بۆچی کەرکوک وای لێ هات.
لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر موسڵ لە ٢٠١٤، سوپای عێڕاق لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کشایەوە. ئەمە دەرفەتێکی دایە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک کۆنترۆڵ بکات. هەرزو حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و دواتریش بەڕاستەوخۆ نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی فرۆشت. دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کەرکوک زیاتر وای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، رونتر وای لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان و خودی سەرۆکی پارتیی مەسعود بارزانیی کرد کە بانگەشەکانی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ توندتر بکات. بارزانی ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بو، برازا و زاواکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بو، کوڕەکەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بو. پارتی ئابوریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەکیی و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کۆنترۆڵکردبو. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە پارتیی بەخشیبو کە بانگەشەکانی دەوڵەت و ریفراندۆم زیاتر بانگەشەی خۆیان بن نەک بانگەشەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

كەمال چۆمانی: سەرکردایەتیی یەکێتییش لە غیابی سەرکردەیەک کە بتوانێت هەموان کۆبکاتەوە، بە هۆی تەماحکاریی بۆ بەرژەوەندیی مادیی زیاتر و پۆست لەژێر سێبەری پارتییدا، توشی دابەشبونێکی گەورە بون

ئەمانە وایان کرد لە سەرەتای جولای ٢٠١٧، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و و یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان و چەند هێزێکی دیکە، رۆژی ریفراندۆم رابگەیەنن، واتا بڕیاردرا لە ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک ئەنجامبدرێت.
ئەمە سەرەتای روداوێک بو کە بوە روداوێکی سیاسیی گەورەی نەک هەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. هەر لە سەرەتاوە، ویست و ئامانج و هۆکاری هەر هێز و گروپ و کەسێک لە پشتیوانییکردن و دژایەتییکردنی ریفراندۆم جیاواز بو، هەر بۆیە؛ کۆمەڵگای کوردیی بەسەر دو بەرەدا دابەشبو؛ بەرەی پشتیوانیی ریفراندۆم و بەرەی دژی ریفراندۆم. هەرچەندە ئێمە بەوە تۆمەتبارکراین کە خیانەت لە نیشتیمان بکەین، بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوڕا و دیموکراتخواز و نیشتیماندۆست، هەڵمەتێکمان دژ بە ریفراندۆم راگەیاند. ئێمە بوینە یەکەم گروپ دژی قومارکردن بە چارەنوسی گەلێکەوە.
ئاسۆ مامەند، بەرپرسی یەکەمی یەکێتیی بو لە کەرکوک. زۆر نهێنیی ریفراندۆمی لان، بەتایبەت لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم و کەرکوک. دواندنی ئەو یارمەتییمان دەدات باشتر لە ریفراندۆم تێبگەین و باشتریش لە چەقی مەسەلەکە بگەین؛ کەرکوک..
ئاسۆ مامەند گوتی: “من ئەندامی حیزبێکم، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە یەکێک لە دروشمەکانی “مافی چارەی خۆنوسین،”ە، بۆیە؛ بڕیاردان بۆ من زۆر ئاسان بو ئەگەر بەڕوکەشیی بڕیارمبدابوایە و بکەوتبومایە ژێر کاریگەریی گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیی و سۆزی حیزبییانەی خۆم بۆ وەدیهێنانی ئەو مافە. هەرزو بۆ هەرێمی کوردستان دەکرا بە بڕیارێکی باشی بزانم، لای کەم بۆ ئەوەی دژ بە بەغداد بەکاریبێنین و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبێنین، بەڵام کاتێک کەرکوک بوە چەقی ململانێکە، من بەجدیی کەوتمە قەناعەتپێهێنانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد تا کەرکوک نەخەنە ناو گۆماوێکی قوڵی لێڵەوە کە خنکان تێیدا ئەگەرێکی زۆر بەهیزتر بو لە پەڕینەوە لێی.”
سەرکردایەتیی یەکێتییش لە غیابی سەرکردەیەک کە بتوانێت هەموان کۆبکاتەوە، بە هۆی تەماحکاریی بۆ بەرژەوەندیی مادیی زیاتر و پۆست لەژێر سێبەری پارتییدا، توشی دابەشبونێکی گەورە بون. سەرکردایەتیی یەکێتیی لە کەرکوک، جگە لە پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک نەجمەدین کەریم، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییش بو، دژایەتییەکی سەرسەختی ریفراندۆمیان کرد. ئەوان جگە لەوەی لە واقیعەکە دەگەیشتن و زۆرتر هەستیان بە مەترسییەکان دەکرد، خۆشیان نەیاندەویست کەرکوک بکەوێتە دەست پارتیی و بارزانیی لەڕێی نەجمەدین کەریمەوە کە پێشتر لە ململانێ بون لەگەڵی.
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی، سەرکردایەتیی یەکێتیی لە کەکرکو زۆر دژایەتیی ریفراندۆم دەکەن، بەتایبەت لە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک. ئاسۆ دەڵێت: “بە سەرکردایەتییم گوت: کە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک و کەرکوک دەبێتە هۆی بەخشینی بەهانە بۆ دژایەتییکردنی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکی کەرکوک کە دواجار وا دەکات کەرکوک لەدەستبدەین. دوابەدوای ئەو کۆبونەوەیە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی کرا کە تێیدا هەمو دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک بەشدارییان کرد. بە تێكڕای دەنگ دژی ئەوە بوین ریفراندم لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. یاداشتێکمان ئامادەکرد بۆ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی. ئینجا دەستمانکرد بە کۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی کەرکوک بۆ ئەوەی باشتر بزانین رای هەموان چییە. دەستمانکرد بە لۆبیکردن دژی ریفراندۆم چونکە هەمومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماڵوێرانیی گەورە بەدوای خۆی دەهێنێت.”
چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم، مەسعود بارزانیی، کۆسرەت رەسول عەلی، حەمەی حاجی مەحمود، سەلاح دەلۆ، کەمال کەرکوکی، لقی کەرکوکی پارتیی و چەند کەسێکی مەڵبەندی یەکێتیی کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاوانە تەواوی مەترسییەکان بە بارزانیی راگەیەنران و باسی دۆخی نالەباری پێشمەرگە و نابەرانبەریی عەسکەریی نێوان سوپای عێڕاق و هێزی پێشمەرگەیان کرد، هەڕەشە جدییەکانی وڵاتانی دەوروبەریان بۆ رونکردنەوە، باسیان لەو هەڵە ستراتیژییە کرد کە پێشنیازەکانی ئەمریکا و ئەوڕوپا رەتبکەنەوە. بەڵام بارزانیی گوێ لە کەسیان ناگرێت. ئەمە وا دەکات لەسەر ئاستی کەسیی بەرپرسانی کەرکوک بکەونە جموجۆڵ،
ئاسۆ مامەند دەڵێت: “دوای ئەمە، خۆم و د نەجمەدین کەریم، کە دۆستایەتییەکی بەتینی لەگەڵ مەسعود بارزانیی دروستکردبو، کۆبونەوەیەکی دو-قۆڵییمان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاویی پێم گوت: “د. نەجمەدین لەبەر خاتری من و یەکێتیی و کەرکوک، تکات لێدەکەم، کاک مەسعود گوێ لە تۆ دەگرێت، تکات لێ دەکەم تکایە هەوڵبدە وا بکەیت ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت، ئەگینا کەرکوک لەدەستدەدەین.” ئەوکات د. نەجمەدین بەڵێنی پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنارێت “بەڵام جارێ ئیعلانی ناکەین تا دو رۆژ پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئۆفەری ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا باشتر بێت و زیاتر بەرژەوەندیی بدەنە کورد.” واتا ئەوان ریفراندۆم وەک کارتێک بۆ گەمەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی باشتر بەکاردێنن.
ئاسۆ بەردەوامدەبێت: “کۆبونەوەیەکی تر لە هەولێر ئەنجامدرا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بو. هەڤاڵانم کاک کۆسرەت و کاک مەلا بەختیار و کاک سەعدی پیرە پەیوەندییان پێوە کردم دڵنیایان کردمەوە کە لە کۆبونەوەکەدا تەئکیدکراوەتەوە کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت “کەرکوکمان لە ریفراندۆم دەرکردوە. بۆ رۆژی دواتر، لە سەری رەش کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامدرا بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، کۆسرەت رەسول، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و سەلاحەدین بەهائەدین و من. لەوێدا نێچیرڤان بارزانیی بە منی گوت: “ئاسۆ پێویست ناکات قسەبکەیت. ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ناکرێت.” منیش بێدەنگ بوم چونکە بەڵێنم پێدرابو کە ریفراندۆم نەکرێت. لەو کۆبونەوەیەدا باسی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسنیش کرا. باس لەوە کرا کە “لە ئێستادا ئەوە راناگەیەنین کە لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنادەین بۆ ئەوەی دەستکەوت و زەمانەتی زیاتر بەدەستبێنین.”
دوای هاتنەکەی مەسعود بارزانییش بۆ سلێمانیی بۆ بانگەشە بۆ ریفراندۆم، لەو کاتەدا دیارە کۆبونەوەیەک ئەنجامدرابو. بۆ شەوەکەی، کەسێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی تەلەفۆنی بۆ ئاسۆ دەکات و پێیدەڵێت: “ئاسۆ ئاگات لێ بێت، دەیانەوێت ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ئەنجامدەدەن.”
ئەمە وای کرد دیسان ئاسۆ دەستبکاتەوە بە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانەی کە پێشبینیی کراوبون لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، رێیان لێ بگیرێت. ئەمجارە کارێکی جدییتریان کرد؛ یاداشتێکیان ئامادەکرد کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک-لیستی یەکێتیی، سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک و یاداشتەکەی مەڵبەندیان هاوپێچ کردن و ناردیان بۆ لیژنەی باڵای ریفراندم.
هەموان بیرمانە خۆپیشاندانێک لەسەر قەڵای کەرکوک رێکخرا. کۆسرەت داوا لە ئاسۆ دەکات کە خۆپیشاندانەکە رێکبخەن. ئەویش داوا لە کۆسرەت دەکات بەو مەرجە خۆپیشاندانەکە رێکدەخەن کە “لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت. ئەویش بەڵێنی پێداین و ئێمەش لەسەر بنەمای بەڵێنەکە خۆپیشاندانەکەمان ئەنجامدا.”
لە ٢٣ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر بەرپرسێکی یەکێتیی بە ناوی رەوەند رادەسپێردرێت کە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان کۆببێتەوە و وا بکەن هەمو لایەک هەوڵبدەن ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت.

كەمال چۆمانی: هەرکەسێک لەناو ئەو گفتوگۆ و ململانێیانە بوایە، داهاتوی گەلێکی نەدەکردە قوربانیی. ئەمە ریفراندۆم نەبو، ئەمە قومارێک بو کە یاریکەرەکە تەنها بردنەوە دەبینێت نەک کارەساتەکانی دۆڕان و ئەنجامەکانی

دوای ئەوەی دڵنیابون کە ئەو بەڵێنانەی پێیان درابون بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە کەرکوک وەک خۆیان جێبەجێناکرێن، شەوی ٢٣/٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوکیان رێکخست کە تەواوی سەرکردەکانی کەرکوکی یەکێتیی بەشداربون جگە لە د. نەجمەدین کەریم. کە دڵنیابون ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەیاننامەیەکیان ئامادەکردبو کە ئەوەیان راگەیاندبو کە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک کە جگە لە د. نەجمەدین کەریم تەواوی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوک، ئەندامانی پارلەمان، کادرانی پێشکەوتوی یەکێتیی و دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک هاوڕا بوین.”
درەنگانی شەو کۆسرەت رەسول تەلەفۆن بۆ ئاسۆ دەکات پێی دەڵێت: “ئێوە دەتانەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێننەوە،” ئەویش بە بەڕاشکاوانە پێیدەڵێت کە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و هیچ ئامانجمان شەڕی براکوژیی نییە.”
هەر هەمان شەو نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆن بۆ ئاسۆ دەکات و داوای لێ دەکات کە ئەو بەیاننامەیە بڵاونەکەنەوە، بە ئاسۆ دەڵێت: “بەیانی [٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧] کۆبونەوەیەک لە سەری رەش ئەنجامدەدەین.” ئاسۆش لەگەڵ هەڤاڵەکانی رێکدەکەون کە بەیاننامەکە دوابخەن.
لە ٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەری رەش ئەنجامدرا. ئاسۆ وەکو لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بەشدار دەبێت کە لێپرسراوی لقی پارتیی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێبوار تاڵەبانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان مامۆستا کاکەڕەش بەشداربون. بۆ چەندەهەمین جار بە بارزانیی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەڵێن کە ئەو ریفراندۆمە نابێت لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. ئاسۆ دەڵێت: “لەوێ بیرمخستنەوە: ئێوە هەموتان بەڵێنتان پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت. کاک نێچیرڤان وەڵامیدامەوە و گوتی: بەڵێ، بەڵێنمان دابو کە ریفراندۆم لە کەرکوک ناکرێت.”
دوای کۆبونەوەکە ئاسۆ دەیەوێت خۆی بگەڕێتەوە لای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و دژایەتیی ریفراندۆم بکەن، بەڵام بارزانیی داوایلێدەکات بمێنێتەوە و نان بخوات. هەرچەندە ئاسۆ دەڵێت نانیخواردوە، بەڵام بەناڕاستەوخۆیی ئاسۆ وەک دەستبەسەرێک لای خۆیان دەهێڵنەوە تا بەرپرسەکانی کە پشتیوانیی ریفراندۆم بون، وەک یەکێتیی پشتیوانیی خۆیان دوبارەدەکەنەوە. بەڵام مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتبو کە ئەوان نایانەوێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، هەر بۆیە بە کۆسرەت رەسول دەڵێت: “تۆ بڕۆ بۆ کەرکوک و سەرپەرشتیی ریفراندۆم لە کەرکوک بکە.” ئاسۆ دەڵێت: “ئەوە بو لەگەڵ کاک کۆسرەت گەڕاینەوە، فشارەکانی ئەوان بەهێزتر بون. ئێمە لەنێوان بژاردەی رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری پێکدادانی عەسکەریی، ناچار بوین هیچیان هەڵنەبژیرین.”
ئەوەی لە کەرکوک رویدا، نە بۆ نیشتیمان بو نە بۆ ریفراندۆم بو. لە کەرکوکدا بەرژەوەندیی گەورە هەن. کەرکوک خاوەنی نەوتێکی زۆرە، کێ بتوانێت کۆنترۆڵی نەوتی کەرکوک بکات، وەک بنەماڵەکانی سعودیە و ئیماڕات و قەتەر بۆ دەیان ساڵ کۆنترۆڵی کوردستان دەکات. پێش ریفراندۆمیش، مەسەلەی پاڵاوتگەیەکی نەوت بۆ کەرکوک ململانێی لەنێوان زۆر لە بەرپرسانی یەکێتیی لە ناوخۆیان و لەگەڵ پارتیی دروستکردبو.
ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارێکی جێناکۆکی وەک کەرکوک بێ ویستی هەمو پێکهاتەکانی شارەکە و ئیعتیرافپێکردنی نێودەوڵەتیی، هەر ئەوە ئەنجامیدەبێت. مەسعود بارزانی دوبارە لە بەرنامەکەی ئەل-جەزیرە دوپاتیکردەوە کە ١٦ی ئۆتۆبەر خیانەت بو، بەڵام خۆشی باس لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییە دەکات کە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا تیلەرسن پێیدەڵێت کە دەبێت بکشێنەوە سنوری ٢٠٠٣. هەرکەسێک لەناو ئەو گفتوگۆ و ململانێیانە بوایە، داهاتوی گەلێکی نەدەکردە قوربانیی. ئەمە ریفراندۆم نەبو، ئەمە قومارێک بو کە یاریکەرەکە تەنها بردنەوە دەبینێت نەک کارەساتەکانی دۆڕان و ئەنجامەکانی. ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبو، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی کەسیی، حیزبیی و بنەماڵەیی بو. لە ماڵێکی پەرتەوازە و لێکتراوازی وەک ماڵی کوردییدا، زۆر خراپتر چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام ئەوە ویستێکی ناودەوڵەتیی بو کە رێیگرت لەوەی تەواوی ئەزمونەکە بڕوخێت. ئەگەر ئەمریکا نەبوایە، ئەوەی لە کەرکوک رویدا لەوانە بو لە هەولێر و سلێمانیی و دهۆکیش رویبدابوایە.
– تێبینی: بەشێکی ئەو وتارە کە دیدارێک بو لەگەڵ ئاسۆ مامەند دەبوایە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڵاوبکرایەتەوە، بەڵام بە هۆی چەند کێشەیەکەوە و دواتر سەفەر و سەرقاڵیی زۆر زۆرەوە، پێم باش بو لە ساڵوەگەری ریفراندۆمدا بە هەندێک دەستکارییەوە بڵاویبکەمەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.