ستاندەر
بۆ پڕ كردنەوەی پۆستە باڵاکانی خۆی لەکابینەی نۆ یەكێتی لیژنەیەکی باڵای لە مەکتەبی سیاسی پێکهێناوەو لەسەر ئاستی مەڵبەندەکانیش لیژنەی تایبەتی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی cv یەکانی کاندیدی پۆستەکان بۆ ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی لەبەشی یەکێتی کە بەنزیکەی ٥٠ پۆست مەزندە دەکرێ.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی یەكێتی لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو چەند کەسێك لە پشكی یەكێتی وەک ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی دانراون لەدەرەوەی کاری لیژنەو فلتەرو cv و مەڵبەندەکان، ئەوەش نیگەرانی دروست کردوە لای ئەو کادیرانەی یەکێتی کە خۆیان پاڵاوتوە بۆ پۆستەکانی یەکێتی.
یەکێک لەوکادیرانەی یەکێتی کە cv پڕکردۆتەوە لە سنوری مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاند:” کە بڕیار وابوو دوای کۆنگرە چیتر دانان وپڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لەسەربنەمای میزاجی بەرپرسان نەبێت کە ٢٨ ساڵە کوڕو کچ وبرازاو کەس وکاری خۆیان لە پۆستەکان دادەنێن و بەڵکو لەسەر بنەمای لێهاتوویی و cv بێت و ئیتر بەپێوەرو پرەنسیپی حیزبی بێت ویەکێتی ڕزگاری بێ لە خەڵکی بەرژەوەندخوازو نایەکێتی و نەشایستە ، بۆیە ئێمە ئەوکادیرانە متمانەی تەواومان بە هەڤاڵانی هاوسەرۆک هەیە کە ڕێگە نەدەن چیتر بەرپرسانی یەکێتی هەریەکەو ناوێکی لەگیرفان بێت و دایبنێن و تەنها بۆخۆیان کاربکەن ، ئێمەش وەک کادیرانی یەکێتی چیتر ئامادەنین ناهەقی قبوڵ بکەین و دەستی دەستیمان پێ بکرێ”.
وتیشی:”بەیاداشت لەگەڵ هەڤاڵانی هەولێرو هەندێ شوێنی تر داوامان کردوە لە هەڤاڵانی هاوسەرۆکان ( کاک شێخ لاهورو کاک بافڵ تاڵەبانی ) و مەکتەبی سیاسی کە ئەو پڕۆسەیە بە دادپەوەری و ڕێکارە حیزبی و حکومیەکان بڕواو دووربێت لە دەست تێوەردان و پۆستیش نەبەخشرێتەوە چیتر ، وە ئەو حاڵەتانەش تەواو نیگەرانی دروست کردوە لای کادیران و چاوەڕێ ی چارەسەرکردنی دەکەن لە هەڤاڵانی هاوسەرۆکان و داوا دەکەن ئەو کارە بەلیژنەکان بدرێتەوەو لەڕێگەی cv بێت”.