ستاندەر
لە ئامەدی باکوری کوردستان، هەشت پارتی كوردی کە ئەندامن لە پلاتفۆرمی (یەکڕیزیی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان)، لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) کۆبونەوە و بڕیاریاندا ئەو رێككەوتنەی پێشتر بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجامیاندابو، بکرێتە هەمیشەیی.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، كە خەندان وەریگرتووە، نوێنەری ئەو پارتە كوردییانە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ناوەرۆكی كۆبونەوەكەیان ئاشكراكرد و رایانگەیاند، بۆ ئەوەی هێڵی سیاسەتی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ستراتیژیی لە باکور بکەین بە هەمیشەیی، کۆبوینەوە، موژدەیەکی خۆشمان بۆ گەلی کورد هەیە؛ ئێمە هێڵی نەتەوەییمان لە باکور دروستکرد، هێز و لایەنە کوردستانییەکان پێکەوەن و یەکێتییەک لە مەیدانی سیاسەتی نەتەوەیی بەرز دەکەنەوە، کۆبونەوەی ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردن نییە، بۆ پێکەوە کارکردنە”
ئاماژە بەوەشكرا كە كۆبونەوەكان بەردەوامیان دەبێـت و كوردانی باكوری كوردستانیان دڵنیاكردەوە كە “ڕایان یەکێکە و پێکەوە دەجوڵێنەوە.”
ئەو هەشت حزبەی رێككەوتنی هەمیشەییان ئەنجامدا ئەمانەن:
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپ
پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان-بەدەپە
تەڤگەری ئیسلامی کوردستان- ئازادی
کۆمەڵەکانی کوردی دیموکرات و شۆرشگێڕ (DDKD)
پارتی ئازادی و مرۆڤایەتی (PIA)
پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP)
پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان (PDK)
پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا (PDK-T)