ریکاتێرەکەی فەرەنسا دژی ئیسلام بە کوێ گەشت

لەلایەن ستاندار Posted on 482 جار بینراوە

داستان خارگێڵانی

بەسود وەرگرتن لە نوخبەی ڕۆشن فکران و کەسایەتیە ئاینیەکان و کێشە نەتەوەییەکان و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و وڵاتانی ئیسلامی و ململانێ ئابورییەکان دەگەینە ئەم دەرئەنجامانە

🔹کوشتنی ئەو مامۆستا فەڕەنسیە بۆچی وە چ هەڵوێستێکی پێویست بوو ؟

بە پشت بەستن بە مێژووی ئیسلام کە کەسی دژە دین لە سەردەمی پەیام بەردا هاتوە بۆ کوشتنی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ ) بەڵام پەیامبەر رەتی کردوەتەوە کە بکوژرێتەوە ، بۆیە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئاکارەکانی پەیامبەری ئیسلام کوشتنی ئەو هاوڵاتیە فەڕەنسیە کارێکی باش نەبووە ، کەواتە پێویستە موسڵمانان ئەو کارە ئیدانە بکەن و ڕوونی بکەنەوە کە ئەوە ئەجێندایی دینی ئیسلام نییە بەڵکو ئەوە هەڵەی تاکە و بۆچونی دین لەم بوارەدا جیایە

🔹 ئەوروپا بۆچی گرژی هەیە بەرامبەر ئاینی ئیسلام ؟

هەموو ئاینێک کە هاتوە ڕێگەی بە کۆمەڵێک شت داوە وە ڕێگریشی لە کۆمەڵێک شت کردوە ئیتر باش بوو بێت یان خراپ ، تاکی ئەوروپی بە تایبەت و جیهان بە گشتی بۆیان قورسە کۆمەڵێک شتی لێزەوت بکرێت چوارچێوەی بۆ دابنرێت ، وە لە ئەوروپاش خودی کەسە باڵاکانیان دینیان بە جۆرێک پیشانی تاکی ئەوروپی داوە کە بەهەموو جۆرێک تاک لێی ترساوە چ ڕوداوی یازدەی سێپتمبر چ قاعیدە چ داعش چ گروپە توندرەوەکان کە هیچان سروشتی و هەڵقوڵاوی دین نەبوون ئەمانە بونەتە هۆی ئەوەی ئەم حەساسیەتە دروست بێت .

🔹دوای دروست بوونی ئەم حەساسیەتە دژی دین ئەرکی تاکەکانی ئیسلام چییە ؟

بەپێی کۆمەڵگاکان دەبێت موسڵمانان هەڵە تێگەشتنی ئاینەکەیان راست کەنەوە وە هەوڵ بەن ئەو خاڵە لاوازانەی ئەوروپا لەڕێی ئاینەکەوە ڕاست کەنەوە و ئاگاداربن بەکارنەهێنرێن دژی هیچ لایەنێک ، ئەبێت زۆر وریای ئاکارەکانیان بن چونکە خاوەنی ئاینێکن کە ئیستاش کاریگەری هەیە لە بەڕێوەبردن ی بەشێکی جیهاندا ، بەشێک لە وڵاتە
جیهانییەکان ئیستاش رێساکانی ئەوان پەیرەو دەکەن بە دژە دینیەکانیشەوە بۆ نمونە ئەمریکا سیستەمی ویلایەت پەیڕەو دەکات کە لە سەردەمی ئیسلام دا ئەو سیستەمە پەیڕەو کراوە .

🔹دروست کردنی کاریکاتێر چ پەیامێکی گەیاند وە چۆن موسڵمانان بەرەنگاری کاریکاتێرەکە بونەوە ؟

هەموو ڕوداوێک کارو کاردانەوەیی هەیە و بۆ هەردوو لا ڕاستە ، بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە کەسی گەورە تێکەڵی کاردانەوەکان بێت و بەشداربێت لە بەرامبەرکێ دا ، هەڵەی ماکرۆن تەدەخول کردنی ئەو بابەتە بوو کە پەیوەندی نە بە ئەو وە نە بە فەڕەنسا نەبوو ، بە پاڵپشتی کردنی ئەو کارە فەرەنساشی تێکەڵی روداوەکە کرد ، بۆیە پێویست بوو گەر ڕێگری لێنەکردایە بێدەنگ بوایە چونکە ئەم بابەتە نەیارەکانی دەیقۆزنەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەکاریدێنن دژی ، وە کاردانەوەی ئەو کارەیی فەرەنسا لەلایەن موسڵمانەکانەوە کۆمەڵێک ڕێکاری زۆر مەدەنی و جوان و نوێ بوون دەبوایە فەرەنسا دەست خۆشی لە موسڵمانان بکردایە چونکە دەست براوە بۆ یەکێک لە پیرۆزییەکانی ئاینێک کە نزیکەی دوو ملیار شوێنکەوتوی هەیە ، موسڵمانان دەیان توانی کاردانەوەکەیان تەقینەوەیەک بێت کە کوشتنی کۆمەڵێک کەسی لێبکەوێتەوە وە ڕێخۆشبکەن بۆ دروست کردنی فەوزای گەورە ، ئەمانە هیچی نەبوون تا ئیستا تەنها چاڵێنجی سەڵاوات بوو لەسەر پەیامبەرەکەیان کە زۆر لە نەیارەکان چاوەڕێی هەڵەیەک بوون بکرێت لەلایەن موسڵمانەکانەوە کە نەکرا ئیتر کەوتنە رەخنەگرتن لەم ئاڵنگارییە ، کەواتە ڕێکارەکان تا ئیستا زۆر مەدەنی بوون

🔹تاچەند دیموکراسی ڕێگە دەدات بەو کاریکاتێرە ؟

دیموکراسی واتە بۆچونی هەر کەسێک بە هەند وەرگیرێت و ڕێزی لێبگیرێت بەمەرجێک سوکایەتی تێدا نەبێت ، وە هونەری کاریکاتێر لەگەڵ دەرخستنی راستیەکاندایە تاکو ئاستێک کە سوکایەتی تێدانەبێت ، ئەوە هونەر نییە کە تۆ کارێک بکەیت ئازاری بەرامبەرەکەت بدەیت خۆی هونەر شەڕ دەکات بۆ خۆشەویستی یەکتر قبوڵ کردن بەڵام بەهەڵە لە چەند شوێنێک گەیەنداوە کە هونەر دەبێت هەوڵی سست کردنی دابو نەریت و ئاین بدات ، بەهۆی ئەم خاڵەوەیە کە هونەر لە ناو کۆمەڵێک دین و کۆمەڵگا بە نیشانە لەسەر سەیر دەکرێت ، وە بەشێک لە ئەوروپاش نە کار بە پایەکانی دیموکراسی دەکات نە کار بە پایەکانی هونەر بۆیە ئەو کاریکاتێرە هونەر نییە ئەتوانین لە خانەی ڕق یان کاردانەوەدا شوێنی کەینەوە وە نەک بۆ ئیسلام گەر سبەی کاریکاتێرێکیش لەسەر کەسێکی لادینی بکرێت ئەوا هەر هەڵەیە .

🔹 ئایا موسڵمانانی جیهان بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن ؟

خودی بایکۆت خەباتێک و فشارێکی مەدەنییە پەیامێکی شەڕ ئامێز نییە ، بۆ نمونە جاری هەیە باوک بایکۆتی هەست و سۆز دەدات لەگەڵ منداڵ بۆ ڕێک کردنەوەی ئاکارێکی ، کەواتە بایکۆت زیاتر بۆ ڕێکخستنەوە بەکاردێت ، کە گەشتبینە ئەوەی کاریکاتێرەکە هەڵەیە ئەو کات موسڵمان مافی خۆیەتی ڕێکاری مەدەنی بگرێتە بەر واتە تاک سەرپشکە بە بایکۆتکردن یان بایکۆت نەکردن .

🔹ماکرۆن و ئەردۆگان ، یان وا بلێین کێن ئەوانەیی پێ دەخەنە یاریەکەو کۆمەڵێک هاوڵاتی دەخەنە سەر سکەی بەرژەوەندی و بەدەست هێنانی چەند ئامانجێک ؟

گەر کەسێکی ناسراو تۆمەتبار بکرێت بە هەڵەیەک گەر تاوانباریش نەبێت باشترە پۆزش بێنێتەوە و داوای لێبوردن بکات چونکە نەیارەکانی دەیخەن و یاریەکەی بۆ خاوتر دەکەنەوە ، ئەردۆگان کە ناکۆکی بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ ماکرۆندا ئاساییە کە بابەتەکە بقۆزێتەوە و هەستی خەڵک ڕاکێشێت بەلای خۆیدا ، وە دەبێت موسڵمانانی جیهانیش تێبگەن و وشیار بن کوێرانە شوێن ئەردۆگان و چواردەوری نەکەون چونکە ئەوان لەکۆتایدا دەسازێن ، بیریشمان نەچێت ئاردۆگانیش ئەو کەسە پاکە نییە کە پاڵپشتی لە دین بکات بەپێی بەڵگەکانی ئەوکاتی ڕوسیا تورکیا پەیوەندی پتەو وە پاڵپشتی باشی داعش خودی داعش گەورە ترین مەترسی بوە بۆ سەر ئیسلام ، وە بە نسبەت ئیسلامیەکانی کوردستانیشەوە دەبیت بیریان بێت هەر تورکیا یە کوردستانێکی گەورەی داگیرکردووە ئامانجی گرتنی ڕۆژئاوا و باشوریشی هەیە وە ئەوەشمان لەیاد بێت فەرەنساش دەستی هەبوو لە دابەشکردنی کوردستان لە ساڵی١٩١٥ کە ڕێکەوتن نامەی سایکس بیکۆ بەسترا لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیا کوردستان دابەشکرا ، بۆیە با دۆست و دۆژمن بناسین و سود وەرگیرن لەو ڕوداوە مێژوویانە بۆ بڕیاردانی ئەمڕۆ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.