ڕۆڵی سەرمایە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا

لەلایەن ستاندار Posted on 472 جار بینراوە

د.خامۆش عمر

لەسەرەتادا هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ئەمریکا جێگەی بایەخ نەبوو، بۆ نمونە بنجامین فرانکلین پێشنیاری ئەوەی کرد، وەرگرتنی پۆستە گشتیەکان بێ بەرامبەر بێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نیە، هەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا جۆرج واشنتۆن بێ بوونی هیچ پڕوپاگندەیەک بوو، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی حیزبە سیاسیەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، گرنگی دارایی سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن هاتە کایەوە.
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سەرمایە ڕۆلێکی گرنگ لە هەڵبژاردنەکانەکانیدا دەبینێ، کاریگەری پارەش لە ئامرازەکانی پڕوپاگندە زیاتر دەردەکەوێت، تەنانەت سەرمایە خودی سیستەمی ئەمریکیشی خستۆتە بەردەم هەڕەشەی داڕووخان، ئەوەش بەهۆی باڵادەستی پارە بەسەر ژیانی سیاسیدا، واقیعی ئەمریکیش زۆرێک لە پێشێلکاری و کردەوەی ئابڕوبەری بەخۆوە بینیووە.
لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکی سەرمایە ڕۆڵێکی گرنگ لە ململانێی هەڵبژاردنەکان دەبینێ، وەک ئەوەی یەکێک لە سیاسیە ئەمریکیە دیارەکان جارێکیان ووتی “سەبارەت بە سیاسەت سەرمایە وەک شیری دایک وایە”، یەکێکی تریشیان ووتی “پارە دەتوانێت هەموو شتێک بکڕێت  تەنانەت دەتوانێت کۆشکی سپیش لە ئەمریکا بکڕێت”.
خەرجی سەرسوڕێنەرهێنەری هەڵبژاردن ئەوە دەردەخات کە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، ناتوانین سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی هزرێکی سیاسی بەسەر باڵێکی سیاسی تردا بزانین، بەڵکو ئەم سەرکەوتنە بۆ کەسێکە کە بتوانێ دۆلاری زیاتر بۆ ئەم مەبەستە خەرج بکات، نابێ ڕکابەری هەڵبژاردن بە ڕکابەری کۆماریخوازان و دیموکراتەکان بزانین، بەڵکو ڕکابەری خاوەن پلەو سەرمایەکانە.
ئامارەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی خەرجی پاڵێوراوە سەرکەوتوەکان زۆر زیاتر بووە لە قەبارەی خەرجی پاڵێوراوە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
-تێچووی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پاڵێوراو (Eisenhower) (ئایزنهاور) لە ساڵی 1952 تەنها نزیکەی (5ر2) ملیۆن دۆلار بوو.
-لە ساڵی 1960 بەشێوەیەکی ڕەسمی ڕاگەیەنرا کە تێچووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گەیشتە (22) ملیۆن دۆلار، کۆماریەکان نزیکەی (55%)یان خەرج کردبوو، دیموکراتەکانیش نزیکەی (45%)، بەڵام بڕی ڕاستەقینەی تێچونەکە زۆر لەوە زیاتر بوو، بۆیە دەتوانرێت نزیکەی دە ملیۆنی تر بخرێتە سەر ئەو ژمارەی سەرەوە کە لە خولی بەرایی (تمهیدی) خەرج کراوە.
-لە ساڵی 1968 کۆماریەکان ڕایانگەیاند کە تەنها (20) ملیۆن دۆلاریان لە پێناو هەڵبژاردنی سەرۆک (نیکسۆن) خەرج کردووە، بەڵام دیموکراتەکان ڕایانگەیاند ئەو ژمارەیە ڕاست نیە، بەڵکو (40) ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاش لە ساڵی (2000) ژماریەکی پێوانەیی شکاند، بەجۆرێک زیاتر لە (3) ملیار دۆلار لە پێناو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کۆکرایەوە.
لە ساڵی 2016 خەرجی هەڵمەتی هەڵبژاردن گەیشتە (7) ملیار دۆلار، هەرچی خەرجی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 ئەوا بە گەورەترین خەرجی ئەژماردەکرێت لە میژووی ئەمریکا، چونکە تێچوەکەی گەیشتۆتە (8ر10) نزیک بە یانزە ملیار دۆلار.
سەرەڕای ئەوەی زۆر بە ئەستەم یاسای تەمویلی گشتی بڕیاری لەسەر درا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پارەیە سەرچاوەکەی ئەو باجەیە کە خەڵک بەحکومەتی دەدات. بەڵام ئەو یاسایە سەقفی بۆ خەرجکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن دیاریکردبوو. بۆیە جۆرج دەبلیو بۆش، لە هەڵبژاردنی بەرایی ساڵی 2000 یەکەم پاڵێوراوی سەرۆکایەتی بوو تەنازوولی لە تەمویلی گشتی کرد، دوای چوار ساڵ سەرۆک بۆشی کۆماری و پاڵێوراوانی دیموکراتی سیناتۆر جۆن کیری و حاکم هوارد دین بۆ هەڵبژاردنی بەرایی بڕیاری وەرنەگرتنی تەمویلی گشتیاندا.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا دەرفەتی یەکسان لە خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی ئەمریکا ماوەتەوە بۆ هاوڵاتیان؟ بێگومان نەخێر، لەگەڵ ئەوەشدا ئایا سەرمایە تا چەند ڕۆڵی یەکلایکەرەوە دەبینێ لە سەرکەوتن و شکستی کاندیدەکان؟ ئەو داتایانەی سەرەوە پێمان دەڵێین ڕۆلی سەرمایە ڕوو لە زیادبوونە، و بەڵام ناتوانین بڵێین تاکە فاکتیشە بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.