بۆردی توێژینەوەی ستاندەر: دەرچونی بایدن لە بەرژەوەندی پرسی كورد دەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 372 جار بینراوە

ستاندەر

بۆردی توێژینەوەی ستاندەر رایدەگەیەنێت دەرچونی بایدن لە هەڵبژاردنەکان بۆ کورد بە باشترە دەزانین، بەتایبەتی کە دژی فراوانخوازیەکانی تورکیایە لە ناوچەکە،

د. كامەران عزیز، سەرۆكی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر لە راپۆرتێك لە ژێر ناونیشانی ( کورد لە نێوان هەڵبژاردنی ترامپ و   بایدن) رونی كردۆتەوە ئەمریکا لەسەردەمی تڕمپ دژی ڕیفراندمەکەی ساڵی 2017 وەستایەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵکرد بۆ هاتنەوەی جێگە ناکۆکەکان و دواتر ڕێگەی بە تورکیادا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە:” (پیتەر گاڵبرێس)ی کونسڵی ئەمریکا دەڵێت: (بایدن) کورد بەباشی دەناسێت و پاڵپشتی کوردە بۆیە ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا لە نێو دانشتوانی جیهان بۆ کورد لە هەموان گرنگترە و تڕەمپ زەرەر و زیانی زۆری لە کورد داوە)”.

دەقی راپۆرتەكە بخوێنەوە:

 کورد لە نێوان هەڵبژاردنی ترامپ و   بایدن

نوسینی: پ.ی. د. کامران عزیز

 

بەسـەرپەرشتى

بـۆردى توێژینەوەى دەزگــاى ســتاندەر

 

تشرینی دووەم 2020/ هەولێر

 

لەڕاستیدا دەتوانین بلێن پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا میژوویەکی قولی نییە بە بەراورد لەگەڵ زلهێزەکانی تری وەک رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا،چونکە ئەمریکا بەژدار نەبووە لەو رێکەوتنە نێودەوڵەتیانەی وەک سایکس بیکۆ و لۆزان کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم(١٩١٤_١٩١٨)کوردستانیان دابەشکرد بەسەرچوار پارچە ، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەمریکا لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ڕۆڵی کارای گێڕاوە لەرووداوەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست لەنێوانیشیاندا پرسی کورد،بەڵام تا نەوەدەکانی سەدەی رابردوو کورد هەمیشە پشتلێکراو بوو لە دەروەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو وبەردەوام پاڵپشتی ئەو دەوڵەتانەی دەکرد کە کوردیان بەسەر دابەشکرابوو باشترین بەڵگەش ئاگاداربوون و سەرپەرشتی کردنی ڕێکەوتننامەی جەزایری ساڵی(١٩٧٥)کە تێیدا شۆڕشی کوردی لە باربرد.

دوابەدوای لێدانی دەوڵەتی عێراق لە لایەن ئەمریکا و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١باشوری کوردستان بوو بە هەرێمێکی پارێزراو و پاڵپشتیکراو کە ئەمریکا ڕۆڵی تێدا هەبوو لە پارێزگاریکردنی و هێشتنەوەی ئەم هەرێمە لە چواچێوەی  عێراقدا.

ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا بڵێین ئەوەیە کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا لەسەردەمی حوکمڕانی تڕمپ، كورد پرسی نەتەوەیی  و خەونی دەوڵەتداری بەرەو پێشەوە نەچووە، لێرەدا باس لە هۆکارە ناوخۆییەکانی ناکەین کە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە بەرەو پاش بردنی پرسی سەربەخۆیی بەتایبەتی پەرەسەندنی گەندەڵی و نادادوەری و ناکۆکی ناوخۆیی، بەڵام هاوکات پرسی کورد لە دیدی تڕامپ بایەخ پێدراو نەبووە و هیچ پڕۆژەیەکی نەبووە بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی.

بە پێچەوانەوە ئەمریکا لەسەردەمی تڕمپ دژی ڕیفراندمەکەی ساڵی 2017 وەستایەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵکرد بۆ هاتنەوەی جێگە ناکۆکەکان و دواتر ڕێگەی بە تورکیادا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، تەنانەت تڕەمپ زانیاری لەسەر کارێکتەرە سیاسیەکانی کوردستان نەبووە، بۆنموونە لەکاتی چاوپێکەوتنی نێچیروان بارزانی باسی ڕۆژئاوای دەکرد، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژاردنەوەی تڕەمپ بەباش نابینین بۆ کورد لە چوار ساڵی ئایندە، هاوکات بایدن بەشێوەیەکی بەرفراوانتر و وردتر شارەزایی لە پرسی کورد هەیە و لەسەردەمی ئۆبامادا کە جێگری سەرۆک بووە و تێگەیشتنی بۆ نەتەوەکی بێ دەوڵەت زیاترە، وەک (پیتەر گاڵبرێس)ی کونسڵی ئەمریکا دەڵێت: (بایدن) کورد بەباشی دەناسێت و پاڵپشتی کوردە بۆیە ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا لە نێو دانشتوانی جیهان بۆ کورد لە هەموان گرنگترە و تڕەمپ زەرەر و زیانی زۆری لە کورد داوە) هاوکات دەرچونەوەی تڕەمپ لەبەرژەوەندی کورد نییە لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی:

یەکەم: پێوەرەکانی تەواو پێوەری ئابوورین وەک دەیگوت پارەمان بە کورد داوە بەرامبەر شەڕی داعش.

دووەم: تڕەمپ نزیکە لە ئۆردگان ئەمەش بۆ کورد باش نییە.

سێیەم: بیروباوەڕەکانی جێگر نییە و هەڵوێستی زوو دەگۆڕێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەرچونی بایدن لە هەڵبژاردنەکان بۆ کورد بە باشترە دەزانین، بەتایبەتی کە دژی فراوانخوازیەکانی تورکیایە لە ناوچەکە، ئەگەر کورد خۆی لە ئاست گۆڕانکاریەکان دابێت باوەش بۆ تورک نەکاتەوە پێچەوانەی ویستی بایدن یاریەکە پێچەوانە نەکاتەوە و پارێزەرێکی بە ئاگایی مافەڕەواکانی خۆی بێت .

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.