یەکێتی و هەولێر موفاجەئەی هەڵبژاردن

لەلایەن ستاندار Posted on 302 جار بینراوە

هاوکار گۆمەشینی / چاودێری هەڵبژاردن

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدوای کۆنگرەوە شیعاری نوێ بونەوەی هەڵگرتووەو بڕیار وایە یەکێتی خۆی لەبەرگێکی تر تازە بکاتەوە کە بگونجێ لەگەڵ داخوازی جەماوەرو کۆتایی بینێت بەو بارودۆخە چەق بەستوە سیاسیەی هەرێم وناوخۆی ، کە یەکێتی خۆشی بەشێک بووە لە هاتنە ئاراوەی ئەو زارودۆخانە وەک هێزێکی سیاسی کاریگەرو خاوەن نفوز.

هەرچەند تا ئەو ساتەش و ودوای زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر کۆنگرە وەک پێویست لەئەرزی واقع هیچ شتێکی تازە نابینرێ لە هەڵوێست و ئەدای یەکێتی کە جیاواز بێت لەیەکێتی پێش کۆنگرە، جگە لە هاتنە پێشەوەی دوو سەرکردەی بەهێزی خاوەن پێگەو جەماوەر کە بریتین لە هاوسەرۆکانی یەکێتی ( لاهور تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ) کە بە ئەندازەیەک جۆش و خڕۆش و گەرم و گوڕیان بەخشیتەوە بەیەکێتی و هەندێ جاریش هەڵوێستەکانیان بەلای جەماوەرەو یان بڵێین بەدڵی جەماوەرو شەقامە کە بەتایبەت پەیام و جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی، وە هاوکات گۆڕانکاری لە ناوی هەندێ لە ئۆرگانەکانی حیزب کراوە و هێنانە پێشی هەندێ کەس و دەم وچاوی تازە بۆ سەرکردایەتی، بەڵام وەک پڕۆژەو هەڵوێست یەکێتی تا ئێستا هەر لەناو بازنەدا دەخولێتەوەو هێشتا بەروبومی ئەو ماوە کورتەی دوای کۆنگرە نەدوراوەتەوە.

ئەگەرچی لەسەر ئاستی هەندێ شوێن و مەڵبەندیش هەست بە چالاکی و گۆڕانکاری نوعی دەکرێ بەتایبەت لە زۆنی زەرد کە ئەوە مەبەستەکەیە، بۆ نمونە هەڵوێست و جوڵەکانی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر دەرخەی ئەو ڕاستیەن کاتێک پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانی کرد ، ئەویش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم پارێزگارو کەناڵەکان ووتی یەکێتی لە هەولێر هێزی دووەمەو لە حکومەت و پەرلەمانەو خاوەنی مێژوو قوربانی دانە ناکرێ لە ئیدارەی حوکمڕانی هەولێر بێ بەش بێت و نەدەسەڵات بێت و نەئۆپۆزسیۆن.

یەکێتی ئێستا لەقۆناغێکی زۆر هەستیار دایە کە بەرەو هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێڕاق دەچین لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ویەکەم تاقی کردنەوەیە بۆ سەرکردایەتی دوای کۆنگرە، بۆیە ئەو هەڵبژارنە لە دوو لایەوە بۆ یەکێتی موفاجەئە دەبێ.

موفاجەئەی یەکەم:

ئەم حاڵەتە بریتی دەبێت لە پلان و بەرنامە و ستراتیژی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکان و چۆنیەتی خۆئامادەکردن و دیاریکردنی ڕوئیای یەکێتی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و ڕۆڵی یەکێتی لە چارەسەری ئەم بابەتانە و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و موچەو ژیانی خەلک و سیستەی حوکمڕانی، جیا لەمەش مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ کادیرو جەماوەری خۆی وە ئاوڕدانەوە لە دەنگدەرانی خۆی لە ڕابردو وەک خۆیان دەڵێن گەڕانەوە بۆ خانوە قوڕەکان و هێنانە پێشەوەی خوێنی تازەو کادیرانی پێگەیشتوو تێگەیشتوو بۆ پۆستە حکومی و حیزبیەکان خاڵی پۆزەتیف و پڕشنگدار دەبن بۆ یەکێتی وە چانسی هەڵسانەوەی باشتر دەبێت لەچاو هەڵبژاردەکانی ڕابردوو، ئەم گریمانە ئەگەر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ڕاستبێت ئەوە بۆ شاری هەولێر دووجار ڕاستە چونکە لە ڕابردوو یەکێتی بەتەوای هەولێری پشتگوێ خستبوو بەتایبەت کادیرو خەڵکی خۆی ئەوەش تەنها بە قسەنا بەڵکو بە پێوەری ژمارەی دەنگ و کورسی لە هەڵبژاردنەکان کە هەر بۆ نموونە لە دوا هەڵبژاردن دەنگی یەکێتی لە شاری هەولێر لەگەڵ هێزێکی وەک نەوەی نوێ کە تازە خۆی ڕاگەیاندبوو تەنها چەند هەزار دەنگێک جیاوازیان هەبوو ، بۆیە ئێستا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە یەکێتی لە دەرەوەی زۆنی ژێر دەسەڵاتی هێزی خۆی ، چۆن خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پلان ، بەرنامە ، پڕۆژە ، هەڵوێست ، …هتد…. چیدەبێت لەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان و عێراق کە تێیدا تێپەڕ دەبێت و لەبانگەشەی هەڵبژاردن خیتابی چیەو چدەڵێ ، ئەوە لەو گریمانەی یەکەم یەکێتی ئەگەری موفاجەیەکی بەهێزی هەیە بۆ هەڵسانەوەو جەماوەری بوون و گەڕانەوەی متمانەی دەنگدەر.

موفاجەئەی دووەم :

ئەوئەگەرە ئەوەیە کە یەکێتی وەک جاران بە هەمان کەرستەو بیرکردنەوەی پێش کۆنگرەوە بێتەوە مەیدانەکەو بە هەمان خیتابە کۆنەکە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و هیچ پلان و بەرنامەی تازەی نەبێت و نەتوانی سود لە کەرستە مرۆییە بەهێزەکانی ئێستای ببینێ بەتایبەت لە هەولێرو زۆنی زەرد ، ئەوە یەکێتی لەو ئەگەرەیان توشی موفاجەئەیەک دەبێت لە پاشەکشە کە تەنانەت ناتوانێ پاڕێزگاری لەدەنگە لاوازەکەی خۆشی بکات لە هەولێرو بادینان ، بەوەش یەکێتی هەمان گورزی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ دەکەوێ کە لەدوا هەڵبژاردن کورسیەکانی لە ٢٤ کورسیەوە دابەزی بۆ ١٢ٓکورسی و ڕەنگە بۆ یەکێتی هەڵسانەوە زۆر قوڕس بێت و یان بڵێین هیچ کارتێکی بەهێزی نەمینێ بەکاری بهێنی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو . بۆیە وەک دەڵێن هەڵبژاردن سەنگی مەحەکەو دەنگ و سەنگیش یەکسانە بە هەڵوێست و کارو بەرنامەکان و بەشێکیش مێژوو، بەکورتیش هەڵبژاردن موفاجەئەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.