ئاژاوەگێڕ و تاڵانچیەکان کێن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 399 جار بینراوە
حوسەین عەلی شەریف

ئەو کاتانەی کە ڕقی کۆمەڵێک گەنجی بێپارە و بێکار ئەگاتە ترۆپک و ڕقی خۆیان بەسەر فەرمانگە و بارەگا حیزبیەکانتانا ئەڕێژن، ئێوە وەک ئەوەی هەنگوینتان لە دارا دۆزیبێتەوە، لە ڕێگای زوڕناژەنەکانی فەیسبوکتانەوە، وێنەی تاڵانکردنی فەرمانگەیەک و بارەگایەکی حیزب بەکار ئەهێنن بۆ ناشیرین کردنی دەنگی ناڕازی خەڵکی.

ئەگەرچی ئەم کار و کردەوانە زۆرجار موخبیرە نهێنیەکانی خۆتان لە ژێر دەمامکەوە ئەنجامی ئەدەن، هەوڵێکە بۆ ناشیڕینكردنی ئەو ڕقە پیرۆزە جوانەی خەڵکی. بەڵام ئەگەر کاری لەمجۆرەش ڕوبدەن، ئەبێت بزانین کێ ئەندازیاری فەرهود و تاڵانی فەرمانگەکانە و کێ داهێنەری ئەم کەلتورەیە؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون کە سوتاندنی ئەو شۆفڵ و گرێدەرانەی کە جادەیان بۆ گوندەکان ڕائەکێشا، ئەکرد بە داستان؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون بۆ کوشتنی جاشێک ، ڕومانەیەکتان ئەخستە سەر سفرەی ماڵەکە و منداڵی سکی ژنی کابرای جاشتان ئەکوشت!

ئەی مەگەر ئێوە نەبوون شانازیتان بە سوتاندنی کارگەی قیرەکەی چەمچەماڵەوە ئەکرد؟ ئەی ئێوە نەبوون تەقەتان لە کارگەی ئاوی کانزایی بانیخێڵان ئەکرد و کرێکارە بوڵگاریەکانتان بە بارمتە ئەبرد و بە پارە ئەتانگۆڕیەوە؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون ئاربیجیتان ئەنا بە محاوەلەی کارەبای گەڕەکی کانی توو، ئاربیجاتان ئەکرد بە ماڵی ئەو کەسەی کە ئەتانویست بیکوژن و گوێتان بە ژن و مناڵی ماڵەکە نەئەدا؟ ئەی ئێوە نەبوون هەرچی فەرمانگە و بینای حکومی هەبوو تاڵانتان کرد، ئێوە نەبوون تەل و سیمی کارەبا و تەلەفۆنی دفنکراوی دیجیتاڵی شارەکانتان هەر هەموی دەرکرد و ئاودویتان کرد.

ئێوە نەبوون ویستگەی کارەبای دەربەندیخانتان تەقاندەوە؟ ئێوە نەبوون ویستان هەمو ئەو پردانەی کە ئەوبەری سیروانی ئەبەستەوە بە ئەمبەری سیراوەنەوە ، بە تی ئێن تی بتەقێننەوە، بەڵام فریا نەکەوتن؟ ئێوە نەبوون هەرچی مومتەلەکاتی فەرمانگەکان هەیە بە شۆفڵ و ئامێری کارەبا و ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەشەوە، تاڵانتان کرد و ئاودیوتان کرد. هەر ئێوە نەبوون لە شەڕی براکوژیدا مقەڕەکانی یەکترتان تاڵان ئەکرد و ئەسوتاند.

ئێوە خۆتان کەلتوری مقەڕ سوتاندنتان دانەهێنا، کەلتوری بینا ڕوخاندن و تاڵانیتان دانەهێنا؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون بەرۆژی نیوەڕۆ هەڵەبجەتان تەسلیم کردوو دواتر لە بری ڕزگار کردنی خەڵکە داماوەکەی، بانقی شارەکەتان بڕی و تەنانەت دەستیشتان چوە گوارە و ملوانکەی ملی ژنە شەهیدەکان! ئەی ئێوە نەبوون ، خۆتان گوتەنی لە داستانی ئازادکردنی بێتواتەدا، تەنانەت قەل و قاز و مراوی بێتواتەشتان تاڵانکرد و پشتان لەژێر باری سەلاجە و موجەمیدەی دزراودا چەمابویەوە؟

ئێوە نەبوون دەیان کوڕی هەژار و پێشمەرگەی قوڕبەسەری ئەم میلەتەتان لە جەلەولا دابەکوشت و دواتر خۆتان بانقەکەتان بڕی و ڕاتان کرد؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون ماڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخانتان برد بۆ قەلاچوالان و لەوڕۆژە بە دواوە بەهۆی ئاوی پیسەوە، ماڵ نیە مردویەکی سەرەتانی نەبێت؟ ئەی ئێوە نەبوون لە تاڵانکردنی ناوچەی سورچیەکاندا بە سوپای ڕزگاریتان گووت سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە!

خۆ ئەمە قسەی ئێمە نیە، ئەمە لە یاداشت و بیرەوەری کادیرە باڵاکانی خۆتاندا لە ناو کتێبەکاندا تۆمار کراوە. ئێوە دواهەمین کەسن لەسەر ئەم زەویە کە بۆتان هەبێت باسی فەرهود و تاڵانی بکەن، چونکە ئێوە لەسەرەتای دروستبونتانەوە هەتا ئێستا مامۆستای ئەم کارانە بوون و داهێنەر و ئەندازیاری کەلتوری فەرهود و ڕاوڕوتن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.